رۆژنامەی فیگارۆ: ئەگەر سەرهەڵدانەوەی ململانێی نێوان ئێران و سعوودیە لە ئارادایە

12 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

رۆژێک دوای قسەکانی عەلی خامنەیی رابەری کۆماری ئیسلامی دژی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی نێوان وڵاتانی ناوچەکە و ئیسرائیل، ژمارەیەک لە راگەیاندنەکان پەرژاونەتە سەر قسەکانی رابەری کۆماری ئیسلامی و تاوتوێی هەڵوێستی کۆماری ئیسلامیان کردووە لە بەرامبەر ئەگەری ئاسایی بوونەوەی پەیوەندی نێوان سعوودیە و ئیسرائیل.

رۆژنامەی فیگارۆ چاپی پاریس لە ژمارەی رۆژی چواشەممە ٤ی تشرینی یەکەمدا لە راپۆرتێکدا نووسیویەتی :" کۆماری ئیسلام دوای ماوەیەک کە گرنگی بە هەواڵەکانی تایبەت بە ئاسایی بوونەوەی پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و سعوودیە نەئەدا ئێستا ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکە وەک مەترسییەکی جدی ئەبینێت و لای وایە ئەگەری ئاسایی بوونەوەی ئەم پەیوەندییە زۆرە، هەربۆیە باڵاترین بەرپرسی کۆماری ئیسلامی لەمبارەوە هاتۆتە دەنگ".

فیگارۆ دوای ئاماژەپێدان بە  قسەکانی خامنەیی کە لە رۆژی سێ شەممە ٣ی تشرینی یەکەم لە دیدارێکیدا لەگەڵ باڵیۆزی وڵاتانی ئسیلامیدا کردی و هەروەها دووجار هەڵوێست گرتنی ئیبراهیم رەئیسی ، سەرۆک کۆماری ئێران دژ بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل، ئاماژەی بە قسەکانی چوار مانگ لەوە پێشی وەزیری دەرەوەی ئێران کردووە کە  لە دیدارێکدا لەگەڵ رۆژنامەی فیگارۆ وتوویەتی :" نیشانەیەک نابینرێت بەوە پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و سعوودیە ئاسایی ببێتەوە".

ئەو ڕۆژنامە فەرەنسییە نووسیویەتی :" کۆماری ئیسلامی دەیویست بە ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعوودییە دوای چەند ساڵ ناکۆکی، ئابوورییەکەی زیندوو بێتەوەو لە باری ئابوورییەوە دروستبوونەوەی پەیوەندی لەگەڵ سعوودیە سودی بۆی هەبێت.

هەروەها دیپلۆماتێکی ئەورووپی کە لە تارانە و نەیویستووە ناوی ببرێت بە رۆژنامەی فیگارۆی وتووە، بە هۆی دروستبوونەوەی پەیوەندی نیوان ئێران و سعوودیە، رێبەرانی کۆماری ئیسلامی لایان وابوو ئیسرائیل هێرش ناکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانیان".

فیگارۆ لە بەشێکیتر لە راپۆرتەکەدا باسی لە ئەگەرەکانی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کردووەو وتوویەتی :" بە هۆی نزیکبوونەوەی ئێران و سعوودیە و درستبوونەوەی پەیوەندی نێوانیان دوای ٧ ساڵ، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ئاسان نەبوو، بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیلی لە ساڵانی رابردوودا زۆرجار باسیان لە بەرەوپێش چوونی بەرنامە ناوەکییەکانی ئێران کردووەو نیگەرانی خۆیان لەو بارەوە دەربڕیوەو ئێرانی خاوەن چەکی ئەتۆمیان بە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر خۆیان زانیوە".

رۆژنامەی فیگارۆ ئاماژەی بە  وتەکانی محەممەد بن سەلمان، جێگری پاشای سعوودیە کردووە کە لە وتووێژێکیدا لەگەڵ فاکس نیوزدا وتوویەتی :" ئەگەری هەیە جارێکیتر بەرەیەکی دژە سعوودی لە ئێران دروست بێتەوە"

بن سەلمان لەو وتووێژەدا وتوویەتی وڵاتەکەی و ئیسرائیل رۆژ لەگەڵ رۆژ لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان نزیکتر ئەبنەوە.

ئاماژەی فیگارۆ بۆ شکڵگرتن و دروستبوونی بەرەیەکی دژە سعوودی لە ئیران، لە کاتێکدایە کە پێشتر پەیوەندی دیپلۆماتیکی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە ٢٠١٦ بە هۆی هێرشی ژمارەیەک لە لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر باڵێۆزخانە و کۆنسولییەکانی عەرەبستان لە تاران و مەشهەد پچڕابوو.

هەڵوەشاندنەوەی یاری نێوان الاتحادی سعوودی و سپاهانی ئیسفەهان

هەروەها ئەگەری دروستبوونەوەی ئەم بەرە دژە سعوودییە لە ئێران لە کاتێکدایە کە رۆژی دووشەممە ٢ تشرینی یەکەم، یاری نێوان هەردوو یانەی وەرزشی سپاهانی ئیسفەهان و الاتحادی ریاز، بە هۆی دانانی پەیکەرەی قاسم سلێمانی لە یاریگا هەڵوەشایەوەو یانەی الاتحاد ئامادە نەبوو بچێتە یاریگاوەو ئەمەش ئەگەری ململانێی نێوان تاران و ریاز زیاتر ئەکات.

بە پێی راپۆرتێک کە ماڵپەڕی رادیۆ فەردا بڵاوی کردۆتەوە، دوا بەدوای هەڵوەشانەوەی یاری نێوان الاتحادی سعوودی و سپاهانی ئیسفەهان، ژمارەیەکی زۆر پۆستەری قاسم سلێمانی لە شوێنە جایوازەکانی تاران دانراوەو لە ژمارەیەک لە پۆستەرەکاندا نووسراوە :" لە نیگاکانت ئەترسن".

یانەی الاتحادی سعوودی دانانی پەیکەرەی قاسم سلێمانی لە چەند شوێنی جیاوازی یاریگا بە ناڕەوا  و لادان لە پرەنسیپەکانی فیفای زانی کە دەستێوەردانی سیاسەتە لە یاری تۆپی پێدا.

 

 

جرۆزالێم پۆست: شەڕێکی قورسی تاران دژی ئاساییکردنەوە

رۆژی چوارشەممە ٣ی تشرینی یەکەم، رۆژنامەی ئیسرائیل جرۆزالێم پۆست لە بابەتێکدا لەسەر قسەکانی عەلی خامنەیی رابەری کۆماری ئیسلامی نووسی :" ئێران لە شەڕێکی قورسدایە بۆ ڕێگەگرتن بە ئاسایی بوونەوەی پەیوەندی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ ئیسرائیل".

نووسەری ئەم بابەتە نووسیویەتی :" کۆماری ئیسلامی ئیتر ناتوانێت راپۆرتە بەردەوامەکانی تایبەت بە ئاساییکردبوونەوەی پەیوەندی نێوان سعوودیە و ئیسرائیل ببینێت و وا خۆی دەربخات کە هیچی نەدیوە و هیچ نەبووە".

نووسەری بابەتەکەی جرۆزالێم پۆست نووسیویەتی :" تەنانەت تەلەفیزیۆنی ئەلمەیادین، کە کەناڵێکی تەلەفیزیۆنی لایەنگرانی کۆماری ئیسلامییە لە بەیرووت، رۆژی سێشەممە راپۆرتێکی دەربارەی سەفەری ئەم دواییانەی وەزیرەکانی ئیسرائیل بۆ سعوودیە بڵاو کردەوە".

ئەم رۆژنامە ئیسرائیلییە بە ئاماژە بە هاودەنگبوونی حەسەن نەسروڵڵا رێبەری حیزبوڵای لوبنان لەگەڵ خامنەیی نووسیویەتی :" رەنگە کۆماری ئیسلامی سیاسەتی ناردنی پەیامی هەڕەشە دژی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکان لە ناوچەکە بگرێتە بەر".

ئەم رۆژنامەیە هەروەها نووسیویەتی:" تاران هێشتا نەیتوانیوە رێکارەکانی خۆی لەم بارەوە و بەو شێوەیەکی کە دەیەوێت بگرێتە بەر و جێبەجێیان بکات و تاران ئێستە ئەزانێت لە شەڕێکی قورسدایە لە بەرامبەر ئەو هێزەدا کە لایەنگری ئاسایی بوونەوەی پەیوەین لەگەڵ ئیسرائیل، هەوڵی ئەوەیە ناکۆکی لە ناوچەکە بنێتەوە بەوەی یارییەکە لەبەرژەوەندی خۆیدا بێت".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار