حەماس بۆ ئیسرائیل: بۆردومانەکانتان بەردەام بێت بارمتە جولەکەکان دەکوژین

12 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

کەتیبەی قەسام، باڵی چەکداری بزوتنەوەی حەماس، هەڕەشە لە ئیسرائل دەکات کە بۆردومانەکانی بەردەوام بێت بۆ سەر غەززە، بارمتە ئیسرائیلییەکان دەکوژن، سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، بەردەامی بە هێرشە ئاسمانییەکانیان دەدەن هەتا ئەگەر ببێتە هەڕەشە لەسەر ژیانی بارمتەکان.

ئەبو عوبەیدە، وتەبێژێکی کەتیبەی قەسام بە کەناڵی جەزیرەی راگەیاندووە، "هەر بەئامانجگرتنێکی خەڵکی سڤیلی بێتاوان بەبێ ئاگادارکردنەوە بە کوشتنی بارمتەکان کۆتایی دێت کە لەژێر دەستماندان و بەناچاری کوشتنیشیان پەخش دەکەین."

وتەبێژەکەی حەماس دەشڵێت، "ئێمە ئەم بڕیارەمان بەلاوە سەختە بەڵام دوژمنی زایۆنی و سەرکردایەتی ئیسرائیل بە بەرپرس دەزانین بۆ ئەم دۆخە."

هاوکات رادیۆی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشەکانیان بۆ سەر غەززە بەردەوام دەبێت تەنانەت ئەگەر مەترسیش بۆ بارمتە ئیسرائیلییەکان دروست ببێت لەژێر دەستی حەماسدا. 

سوپای ئیسرائیل دەڵێت، "هێرش بۆ سەر کەرتی غەززە بە فراوانی و بەهێزی بەردەوام دەبێت تەنانەت ئەگەر بارمتە ئیسرائیلیەکانیش زیانیان بەر بکەوێت لە غەززە."

هەروەها سوپای وڵاتەکە لە رادیۆی فەرمی خۆیەوە باس لەوە دەکات، "ئەگەر زانیاری هەواڵگری دروست هەبێت سەبارەت بە شوێنی بارمتەکان، بەدڵنیاییەوە ئیسرائیل لە بۆردومانکردنی ئەو شوێنانە دەکشێتەوە، بەڵام هەتاوەکو زانیاری لەو جۆرە نەبێت هەموو پێگەیەکی حەماس هێرشی دەکرێتەسەر."

ئیلی کۆهن، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، رایگەیاندووە وڵاتەکەی بڕوایوایە کە 100 بارمتەی ئیسرائیلی لەژێر دەستی حەماسدایە. 

ماوەی سێ رۆژە هێرشی ئاسمانی لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ سەر غەززە بەردەوامە و تەنانەت دوای وتەکانی حەماس فڕۆکەی ئیسرائیلی هێشتا بۆردومانی غەززە دەکات. ئێوارەی ئەمڕۆش وەزیری بەرگری ئیسرائیل گەمارۆی سەرتاسەری بۆ سەر غەززە راگەیاند کە تێیدا ئاو و خۆراک و سوتەمەنی و کارەبا بەتەواوی بۆ غەززە دەبڕن. 

هێرشەکانی ئیسرائیل دوای ئەوە دێت کە بزوتنەوەی حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 ئۆپەراسیۆنیکی شۆکهێنەری دژی ئیسرائیل ئەنجامدا بەناوی "ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا" کە تێیدا هێرشی ئاسمانی و زەمینی کردە سەر وڵاتەکە و هەزار چەکداری دەزەیان کردە ناو ئیسرائیلەوە و دواتر چەندین ئیسرائیلیان دەستگیرکرد. ئەم هێرشە بە هێرشیکی مەترسیدار ناودەبرێت بۆ سەر ئیسرائیل چونکە ماوەی 50 ساڵە هیچ هێزێک نەیتوانیووە دزە بکاتە نێو خاکی ئیسرائیلەوە.

تا ئێستا نزیکەی 900 کەس لە ئیسرائیل و 560 کەسی تریش لە فەڵەستین بەهۆی پێکدادانەکانەوە کوژراون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار