واشنگتۆن پۆست: ئەمریکا و قەتەر رێککەوتوون، ٦ میلیار دۆلارەکەی ئێران بلۆک بکەن

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، کە ئەمریکا و قەتەر رێککەوتون لەسەر ئەوەی ئەو شەش ملیار دۆلارەی ئێران کە لەلایەن ئەمریکاوە لە بانکەکانی کۆریای باشوورەوە ئازادکرا دوبارە لە بانکەکانی قەتەر دەستی بەسەردا بگیرێتەوە.

رۆژنامەی واشنگتۆن پۆست رۆژی ٥ شەممە ١٢ی تشرینی یەکەم، لە راپۆرتێکدا باسی لەوە کرد، ئەمریکا و قەتەر رێککەوتن بەوەی بەر بەوە بگرن ئێران دەستی بەو ٦ میلیار دۆلارە بگات کە دوای رێککەوتنی مانگی رابردووی ئێران و ئەمریکا لە بانکەکانی کۆریای باشوورەوە گوێزرانەوە بۆ بانکەکانی قەتەر، بە مەبەستی ئازاد کردنی بۆ کۆماری ئیسلامی ئیران.

رۆژنامەی واشنگتۆن پۆست،  نووسیویەتی: ڤالی ئادیمۆ، جێگری وەزیری خەزێنەی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەیەک لەگەل نوێنەرانی دیمۆکرات لە پەڕلەمان وتوویەتی بەرپرسانی ئەمریکا و قەتەر رێککەوتوون لەسەر بلۆککردنی پارە ئازادکراوەکانی ئێران.

ئەو رۆژنامەیە بە پشت بەستن بە زانیارییەکانی دوو سەرچاوەی فەرمی و سەرچاوەیەک لە کۆنگرە کە نەیانویستووە ناویان بهێنرێت نووسیویەتی :" ڤالی ئادیمۆ بەڵێنی بە یاساداڕێژەرانی ئەمریکا داوە بەم زوانە ئێران دەستی بەو پارەیە ناگات".

هەر لەم پەیوەندەدا ڕۆژنامەنوسێکی  کەناڵی تەلەفیزیۆنی CBS  لە کۆشکی سپی لە تویتەر نووسیویەتی :" ئەمریکا و قەتەر بە بێدەنگی رێککەوتون لەسەر ئەوەی ئەو ٦ ملیار دۆلارەی پارەی ئێران کە لە بانکەکانی قەتەرە ئازاد نەکرێن."

ئەو بڕە پارەیە بە هۆی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە لە لایەن ئەمریکاوە لە بانکەکانی کۆریای باشوور بلۆک کرابوون، دوای رێککەوتنی مانگی رابردووی ئێران و ئەمریکا، لە بەرامبەر ئازادکردنی ٥ هاوڵاتی ئەمریکی کە لە زیندانەکانی ئێران دەستبەسەر بوون، ئەو بڕە پارەیە گوێزرایەوە بۆ قەتەر بە مەبەستی ئازادکردنی و ناردنی بۆ ئێران .

نانسی کۆردێس، ڕۆژنامەنوسی کەناڵی تەلەفیزیۆنی CBS لە تویتەکەی خۆیدا نووسیویەتی :" ئەم گۆڕانە دوای ئەوە روویداوە کە ئەمریکا و ئیسرائیل  ئێران بە دابینکردنی سەرچاوەی ئابووریی و پەروەردە و راهێنانی هێزەکانی حەماس تۆمەتباردەکەن.

ئەو ڕۆژنامەنوسە  نووسیویەتی :" ڤالی ئادیمۆ جێگری وەزیری خەزێنەداری ئەمریکا، پێش نیوەڕۆی رۆژی پێنج شەممە باسی لەم رێکەوتنە کردووە لە دانیشتنێکدا لەگەڵ ئەندامانی سەر بە حیزبی دیموکراتی پەڕلەمان و پێی وتوون ئەم پارەیە بەمزوانە ئازاد ناکرێت".

بەرپرسانی ئەمریکا تا ئێستە لەم بارەوە هیچیان نەوتووە. ماڵپەڕی (نوورنیوز) کە نزیکە بە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانەوە لەمبارەوە نووسیویەتی :" بە پێچەوانەی بانگەشەی واشنگتۆن پۆست، ئەو بڕە پارەیە کە لە بانکەکانی قەتەرە بە تەواوەتی لە بەردەستماندایە. هیچ گۆڕانێک لە پرسی دەست پێڕاگەیشتنی ئێران بەم بڕە پارەیە لە بانکەکانی قەتەر نەهاتۆتە پێش و رێککەوتنەکە وەک خۆی ماوەتەوە". 

هەر لەم پەیوەندەدا شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆک وەزیرانی قەتەر لە کۆنفرانسێکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ ئانتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی قەتەر وتی :" قەتەر پێبەندە بەم رێککەوتنەوەو ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ ئەکات و بە بێ راوێژ لەگەڵ هاوبەشەکانی خۆی هیچ کارێک ناکات".

نوسینگەی نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامی رۆژنامەی " واشنگتۆن پۆست" دەربارەی بەرگرتن بە دەستپێڕاگەیشتنی ئیران بەو بڕە پارەیەی کە گوێزراوەتەوە بۆ قەتەر وتی:" سیناتۆرەکان ودەوڵەتی ئەمریکا بە باشی ئاگادارن کە ناتوانن ئەو رێککەوتنە تێک بدەن. ئەم بڕە پارەیە مافی خەڵکی ئێران و کۆماری ئیسلامییە و بڕیار وایە ئەو بڕە پارەیە بۆ هاوردەکردنی ئەو کاڵایانەی گەمارۆی ئابووریان لەسەر نییە بە کار بهێنرێن".

هەر لەم پەیوەندەدا، ئانتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی پێنج شەممە لە ئیسرائیل وتی :" ئەمریکا چاودێری وردی ئەو پارەیە دەکات کە گوێزراوەتەوە بۆ بانکەکانی قەتەر و تا ئێستە هیچی لێ سەرف نەکراوەو ئێرانی نەیتوانی دەستی پێی رابگات"

دوا بە دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، ژمارەیەکی زۆر لە نەیارانی جۆبایدن رەخنەی توندیان لە ئازادکردنی ئەو ٦ ملیار دۆلارە گرت و باسیان لەوەکرد حەماس بە پارەی ئێران، ئەو پارەیەی لە لایەن ئەمریکاوە ئازاد کراوە، هێرش ئەکاتە سەر ئیسرائیل.

 

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار