ئیسرائیل‌و حەماس چۆن ئامادەکاری دەکەن لەسەروبەندی شەڕی کۆڵان بەکۆڵاندا لەغەززە

کێ دەیباتەوەو زیانەکان چی دەبن؟

11 مانگ لەمەوپێش



راپۆرتی: ئەی بی سی نیوز

وەرگێڕانی: هاوڵاتی

ئۆپەراسیۆنی زەمینی لەغەززە وا لێکدەدرێتەوە کە سیناریۆیەکە باجێکی گەورەی لێبکەوێتەوە بۆ ئیسرائیل. وا چاوەڕواندەکرێت شەڕەکە پەرەبستێنێت و زۆر بخایەنێت، ئەمەش وادەکات بۆ هەردوولا وێرانکەر بێت و قوربانییەکی گەورەی سڤیلی لێبکەوێتەوە.

«هیچ بژاردەیەکی باش نییە بۆ هێرشی زەمینی لەغەززە، زۆر خوێناوی و وێرانکەر» دەبێت، رافایل کۆهین، بەرپرسی پرۆژەی هێزی ئاسمانی لەناوەندی توێژینەوەی راند وای وت.

ئیسرائیل یەکێک لەپێشکەوتووترین سوپای هەیە لەڕووی تەکنەلۆجییاوە لەجیهاندا. چەندین ساڵە پارەی زەبەلاح سەرف دەکات بۆ بەرەوپیشچوونی تواناکانی بەرگری و دەتوانێت دەستی رابگات بەباشترین سیستەمەکانی چەکی ئەمریکا. واشنتنیش ساڵانە نزیکەی چوار ملیار دۆلار لەهاوکاری سەربازی بۆ ئیسرائیل خەرج دەکات.

بەبەراورد لەگەڵ ئەمەدا، چەکدارانی حەماس پڕچەکن و چەک و هاوکاری تەکنەلۆجییان لەئێرانەوە پێدەگات. «بەڵام چەکەکانی حەماس سەرەتایین»، مارکۆس هێڵیەر، بەرپرسی توێژینەوە لەناوەندی شیکردنەوەی ستراتیجی ئوستورالیا وادەڵێت.

بەڵام لەکاتێکدا ئیسرائیل تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو، هەزارەها تانک و فڕۆکەی زیرەکی هەیە، شەڕی ناو شار (کۆڵان بەکۆڵان) بەتەواوی دەتوانێت هاوکێشەکە بگۆڕێت.

«حەماس ئیسرائیل ناچار دەکات بەو شێوەیە شەڕ بکات کەبزوتنەوەکە دەیەوێت»

تائێستا، ئێمە بینیومانە کە حەماس رێگایەکی ناڕێک و نائاسایی بۆ جەنگ هەڵبژاردووە. چاودێران پێیانوایە لەناو غەززەدا خۆگونجاندن رۆڵێکی گەورە دەبینێت و شەڕەکە دەکەوێتەوە سەر شەڕی «خوێناوی» لەنیوان چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل.

بەراوردکردنی ژمارەکان

تائێستا ئیسرائیل راینەگەیاندووە چەند سەرباز بەشداری دەکەن لەئۆپەراسیۆنی زەمینیدا بەڵام دانیاڵ هەگاری، وتەبێژی سوپا، باسی لەوە کرد «وردە وردە چالاکییە زەمینییەکان و قەبارەی هێزەکانمان لەکەرتی غەززە فراوان دەکەین».

پێش ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە، سوپای ئیسرائیل ٣٦٠ هەزار سەربازی یەدەگی بانگکردووە بۆ خزمەت لەسەروو ١٧٠ هەزار سەربازی چالاک کەهەیەتی.

بەبەراورد لەگەڵ هێزی روسیا کاتێک ڤلادمیر پوتین ئۆپەراسیۆنی داگیرکردنی ئۆکرانیای راگەیاند، ١٠٠ هەزار سەربازی لەسەر سنوری ئۆکرانیا جێگیر کرد.

لەسەر سەربازانی حەماسیش، ئیسرائیل دەڵێت، حەماس ٣٠ هەزار چەکداری هەیە. زۆربەی جار ئەم چەکدارانە لەئۆتۆمبێلی سەربازی و ماتۆرسکیلدان بەچەکی بچووک و رەشاشەوە.

ئیسرائیل ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی پڕچەک کردووەو نزیکەی هەزارو ٧٠٠ تانکی ئامادەیە تا پاڵپشتی لەهەر شەڕێکی کۆڵان بەکۆڵان بکەن.

بەڵام لەشارێکی دانیشتوان چڕی وەک غەززەدا کەتێیدا هەڕەشەکاکان قورسترە هەستیان پێبکرێت، رەنگە قەبارەو گەورەییەتی زۆر گرنگ نەبێت.

«یەکێک لەو شتانەی کە دەیبینین لەشەڕی ناو شاردا ئەوەیە بەرگریکارەکان دەتوانن لەناو داروپەردوودا بەردەوامی بەشەڕ بدەن، ئەگەر سەیری هەر شەڕێکی کۆڵان بەکۆڵان بکەیت، دەبینیت کە بەرگریکاران دەتوانن ماوەیەکی زۆر خۆیان رابگرن و گورزی کوشندە بدەن لەبەرامبەر»، هەێڵیەر وای وت.

تانک بەرامبەر درۆن

سوپای ئیسرائیل  بە «مامۆستای شەڕی ئۆتۆمبێلی زرێپۆش» ناسراوە. تانکئ مێرکەڤا بڕبڕەی پشتی سوپای ئیسرائیلەو بەیەکێک لەباشترین تانکی جیهان دادەنریت. تانکی مێرکەڤا بەتانکی لیۆپاردی ئەڵمانی بەراورد دەکرێت کەدوای شەڕی ئۆکرانیا خواستی زۆر لەسەرە.

بەڵام تانک بۆ کاتێک باشە کە لەدووری چەند کیلۆمەترێکەوە لەئامانجەکەی بدات و کاتێک دەیانبەیتە شارێکەوە، هەموو خاسیەتێکی دەکوێتە ژیر مەترسییەوە، بەتایبەت لەلایەن درۆنەوە.

«بەزوویی ئەوە دەبینین کە لەئۆکرانیا بینیمان، ئەوەش ئەوەیە کە حەماس درۆنەکانی پڕچەک دەکات، بەئاسانی دەتوانێ گوللە تۆپێک بکەیت بەدرۆنێکەوەو درۆنەکە بۆ سەر تانکەکە بفڕێت و بۆی هەڵبدات».

پەیمانگەی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی دەڵێت کەچەند ڤیدیۆیەک بڵاوبووەتەوە درۆنێکی بەچەکەوە تانكێکی مێرکەڤای ئیسرائیل تێکدەشکێنێت.

شیکەرەوان دەڵین، بەئەگەرێکی زۆرەوە حەماس ژمارەیەکی زۆری درۆنی لەکۆگاکانیدا هەیە کەخۆی پەرەیان پێدەداو هاوکاریشی لەئێرانەوە پێدەگات بۆ بەرەوپێشچوونیان.

لەڤیدیۆیەکدا دەردەکەوێت کە حەماس لەهێرشەکەی ٧ی مانگی رابردوو بڵاویکردووەتەوە، بزوتنەوەکە درۆنێکی گەورەتریشی هەیە کەهاوشێوەی ئەو درۆنە ئێرانیانەیە لەلایەن هێزەکانی روسیاوە لەشەڕی ئۆکرنیادا بەکارهاتووە.

وەک یەکێک لەپێشەنگەکانی جیهان لەبەرکاهێنانی و بەرهەمهێنانی درۆن، ئیسرائیل ژمارەیەکی زۆری درۆنی هەیە، هەم بۆ چاودێری و هەم بۆ شەڕ. ئیسرائیل تەکنەلۆجیای وردی دژە درۆنیشی هەیە بەڵام ژینگەی شار وادەکات کە بەکارهێنایان قورس بێت.

جیاوازیی مووشەک

لەململانێکانی رابردوودا حەماس بەموشەک و گولەتۆپ و مووشەکی دژەتانک بەرگری لەغەززە کردووە. لە رۆژی یەکشەممەی رابردوو حەماس رایگەیاند، گوللەتۆپی دژی هێزەکانی ئیسرائیل تەقاندووەو بەمووشەکی دژە تانک لەتانکەکانی ئیسرائیلی داوە.

بەخەمڵاندنی هەواڵگری ئیسرائیل، کۆی ژمارەی ئەو موشەکانەی لەغەززە هەیە ژمارەیان ٣٠ هەزار موشەکە کە هەندێکیان دەتوانن ٢٥٠ کیلۆمەتر ببڕن.

هەرچەندە ئێران و سوریا بەقاچاغ چەندین مووشەکیان رەوانەی غەززە کردووە لەماوەی رابردوودا، بەڵام بەشێکی زۆریشی وادەردەکەوێت کە لەناوخۆدا بەرهەمهێندراوە.

عەلی بەرەکە، بەرپرسی پەیوەندییەکانی حەماس لەدەرەوە، لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئاڕ تی رووسی وتی کە حەماس ماوەی دوو ساڵ ئامادەکاری کردووە.

«ئێمە کارگەی ناوخۆمان بۆ هەموو شتێک هەیە، مووشەکمان هەیە کەمەوداکانیان ٢٥٠، ١٦٠، ٨٠، ٤٥، ١٠ کیلۆمەترە، کارگەشمان هەیە بۆ گوللە تۆپ و قاوەنەکانیان لەگەڵ کارگە بۆ دروستکردنی کڵاشینکۆف و فیشەک»، عەلی بەرەکە وای وت.

حەماس بەوەش ناسراوە کەمووشەکی دژە تانکی دوور مەودا بەکاردەهێنێت، بەوانەشەوە کەهی سەردەمی سۆڤیەتین وەک دژو تانی مالیوتکاس و کۆنکروس.

لە رۆژی هێرشەکەدا لە ٧ی تشرینی یەکەم، حەماس وتی کە لەماوەی ٢٠ خولەکدا پێنج هەزار مووشەکی بەرەو ئیسرائیل هەڵداوە، کە ئەمەش لەسەرجەم ژمارەی ئەو مووشەکانە زیاترە کەگروپەکە لەساڵی ٢٠٢١ لە ١١ رۆژی شەڕدا هەڵیدا.

هەرچەندە بەشیکی زۆریان بەرپەرچدرانەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ژمارەیان زۆر بوو سیستەمی بەرگری گومەزی ئاسنینی ئیسرائیل بەرگەی نەگرت و بەشێکیان سیستەمەکەیان تێپەڕاند.

ئەگەر حزبوڵای لوبنان بێتە ناو شەڕەکەوە ئەوا ئیسرائیل رووبەڕووی بۆردومانێکی فراوانتر دەبێتەوە لەگەڵ مووشەکی زیرەکتر. وا دەخەمڵێندرێت کە حزبوڵا ١٠٠ هەزار مووشەکی لەجۆرە جیاوازەکان هەبێت.

تونێلەکانو «قەڵغانی مرۆیی»

لەلایەنی هێزی ئاسمانییەوە، سوپای ئیسرائیل ٣٠٠ فڕۆکەی جەنگی هەیە. پێش ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وتی، «ئاگر بەسەر حەماسدا دەبارێنین».

سوپای ئیسرائیل بانگەشەی ئەوەش دەکات کەفڕۆکە جەنگییەکانی چەندین ناوەندی فەرمانی حەماسیان لەغەززە پێکاوە. ئێستا بۆ ئەوەی بگەن بە چەکدارەکانی حەماس، سەربازی ئیسرائیل دەبێت دەرگا بەدەرگا بڕۆن.

حەماس نزیکەی ١٥ ساڵی پێچووە تا تۆڕێکی تونێل درستبکات لەژێر شاری غەززەوە، کە سەربازانی ئیسرائیل پێی دەڵێن، «میترۆی غەززە».

بەپێی قسەی شارەزایان، ئەگەر ئیسرائیل بیەوێت حەماس لەناوبەرێت ئەوا دەبێت لەناوی تونێلەکانی خۆیاندا ئەو کارە بکات. حەماس ئەمە دەزانێت و رەنگە تونێلەکانی مینڕێژ بکات.

ئیسرائیل چەند بۆمبێکی GBU-28ی هەیە کە سوودیان هەیە بۆ تێکشکانی تونێلەکانی حەماس. ئەو بۆمبانە بۆ ئەوە دروستکراون کە ئەو ئامانجانە بپێکن کەزۆر لەژیر زەویدان و لەلایەن ئەمریکاەوە لەئۆپەراسیۆنەکاندا بەکارهێنراوە دژی قاعیدە لەئەفغانستان.

«پیدەچێت حەماس بارمتەکان بەسەر تونێلەکاندا دابەشبکات و لەشوێنی ستراتیجی گرنگ دایانبنێت و وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاریانبهێنێت»، هێڵیەر وای وت.

دۆخەکە بەرەو چی دەچێت؟

تائێستا نزیکەی نۆ هەزار خەڵکی غەززە گیانیان لەدەستداوە بەهۆی بۆردومانی چڕی ئیسرائیلەوە کە دوای هێرشەکەی حەماس ئەنجامیدا لە ٧ی مانگی رابردوو.

ئیسرائیل دەڵێت هەزارو ٤٠٠ کەس کەزۆربەیان هاووڵاتین لەهێرشەکەی حەماسدا کوژراون و زیاتر لە ٢٢٠ بارمتەش گیراون.

بەناردنی سەرباز بۆ غەززە ناتەنیاهۆ پێیوایە ئیسرائیل دەتوانێت «حەماس ریشەکێش بکات و بارمتەکانیش بگەڕێنێتەوە ئیسرائیل.

بەڵام ریشەکێشکردنی حەماس ئەگەرێکی لاوازەو رەنگە قوربانی زۆری مەدەنی و سەربازی ئیسرائیل زیاتر ئاگری ئەو رەخنانە خۆش بکات کەئێستا ئاراستەی حکومەتی وڵاتەکە دەکرێن.

«باجی سەرکەوتن بەسەر حەماسدا زۆر گەورە دەبێت، هیچ بژاردەیەکی باش بۆ ئیسرائیل نییە جگە لەدەربڕینی توڕەیی»، هێڵیەر وات وت.

ئیسرائیل بۆمبی هێشوویی هەیە کەزیانێکی زۆر بەمەدەنی دەگەیەنێت و تۆمەتبار کراوە بەوەی کەئەو بۆمبە، کەپێشی دەوترێت بۆمبی فسفۆڕی سپی، بەکارهێنابێت لەغەززە. ئەو بۆمبە لەزۆر وڵات قەدەغەیە و بەکارهێنانی دژی مەدەنی بەهیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نییە کە بەپێی قسەی رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ، «سووتانی ئازاربەخش و ئازاری درێژخایەن» دروستدەکات. ئیسرائیل رەتیکردووەتەوە کەئەو بۆمبەی بەکارهێنابێت و دەڵێت ئەو راپۆرتانەی باس لەوە دەکەن «هەڵەن».

هێڵیەر دەڵێت، بەبێ گوێدانە ئەوەی چی لەو ئۆپەراسیۆنەدا بەکاردێت، لەناوچەیەکی بچووک کە جێی دانیشتوانی زیاترە لە دوو ملیۆن، «حەتمەن قوربانی زۆر گەورەی لێدەکەوێتەوە».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار