په‌رله‌مانى کوردستان؛ دامه‌زراوه‌ى شه‌ڕ و ئاشتى

له‌ماوه‌ى چوار خولى په‌رله‌ماندا 393 یاسا ده‌رکراوه‌ که‌ زۆرترینیان له‌ ساڵى 2005 دا بووه‌

6 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

دامه‌زراوه‌ى په‌رله‌مانى کوردستان که‌ به‌رزترین ده‌سه‌ڵاتى یاسادانانه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى دامه‌زراندنییه‌وه‌ جێگه‌ى مشتومڕ و ناکۆکى زۆرى لایه‌نه‌کان بووه‌، ته‌نانه‌ت هه‌ندێکجار ناکۆکییه‌کان په‌ککه‌وتنى کاره‌کانى په‌رله‌مانى لێکه‌وتووه‌ته‌وه‌.

دواى ڕاپه‌ڕین و کۆڕه‌ ملیۆنییه‌که‌ى دانیشتووانى هه‌رێمى کوردستان له‌سه‌ره‌تاى نه‌وه‌ده‌کانى سه‌ده‌ى ڕابردوودا، ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له‌سه‌ر پێشنیازى فه‌ڕه‌نسا و به‌ پشتیوانى ئه‌مریکا و به‌ریتانیا، بڕیارى 688ى ده‌رکرد، بۆ دروستکردنى ناوچه‌ى دژه‌فڕین له‌ هێڵى 36، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ هێزه‌کانى رژێمى سه‌دام حوسه‌ین له‌ تشرینى یه‌که‌مى ساڵى 1991 له‌ ناوچه‌ کوردییه‌کان کشانه‌وه‌.

ئه‌و بڕیاره‌ و کشانه‌وه‌ى سوپاى عێراق بووه‌ بۆشاییه‌کى ئیدارى له‌ناوچه‌ کوردییه‌کان دروستکرد، بۆیه‌ به‌ره‌ى کوردستانى به‌به‌شدارى حه‌وت حیزب پێکهێنرا که‌ وه‌کو ده‌سه‌ڵاتى دیفاکتۆ ده‌سه‌ڵاتى له‌ پارێزگا کوردنشینه‌کانى هه‌ولێر و سلێمانى و دهۆک گرته‌ ده‌ست.

به‌ره‌ى کوردستانى هه‌ر زوو ده‌ستیکرد به‌ هه‌وڵه‌کانى بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش لیژنه‌یه‌کى تایبه‌تى له‌ (‌15) که‌س له‌ حاکم و پارێزه‌ر و مافپه‌روه‌ران و نوێنه‌رانى لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانى ناو به‌ره‌ى کوردستانى پێکهێنا.

لیژنه‌که‌ دواى چه‌ند دانیشتنێک له‌ماوه‌ى نێوان 23\12\1991 تاوه‌کو 28\1\1992، پڕۆژه‌ یاسایه‌کی پێشکه‌ش به‌سه‌رکردایه‌تى سیاسى به‌ره‌ى کوردستانى کردو له‌رۆژى 28\4\1992 له‌لایه‌ن به‌ره‌ى کوردستانییه‌وه‌ بڕیارى له‌سه‌ردراو به‌ناوى یاساى ژماره‌ (1) بۆ ساڵى 1992 یاساى هه‌ڵبژاردنه‌کانى ئه‌نجومه‌نى نیشتمانى کوردستان – عێراق په‌سه‌ندکرا.

به‌پێی یاساکه‌ په‌رله‌مان له‌ 105 کورسی پێکدێت که‌ پێنج کورسیان بۆ پێکهاته‌کانى مه‌سیحى و تورکمانه‌کان ته‌رخانکرا.

هه‌ڵبژاردنه‌کانى په‌رله‌مان و رابه‌رى گشتى بزووتنه‌وه‌ى رزگاریخوازى کوردستان له‌رێگاى ده‌نگدانى گشتى و نهێنى و راسته‌وخۆ له‌ 19\5\1992 به‌به‌شدارى نزیکه‌ى یه‌ک ملیۆن ده‌نگده‌ر که‌ نوێنه‌رایه‌تى زیاتر له‌ سێ ملیۆن و نیو هاوڵاتیان ده‌کرد ئه‌نجامدرا.

ئه‌نجامى یه‌که‌م هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان ناکۆکى له‌نێوان یه‌کێتى و پارتى دروستکرد، که‌ به‌پێی یاساى هه‌ڵبژاردن و به‌و پێیه‌ى به‌ربه‌ستى له‌سه‌دا حه‌وت دانرابوو بۆ چونه‌ په‌رله‌مان، ته‌نها ئه‌و دوو حزبه‌ توانیان بچنه‌ په‌رله‌مان.

هه‌ریه‌ک له‌و دوو حزبه‌ یه‌کتریان به‌ "ساخته‌کاریی" تۆمه‌تبارده‌کرد و بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌یان ده‌کرد که‌ زۆرینه‌یان هێناوه‌، تا دواجار ڕێککه‌وتن له‌سه‌ر دابه‌شکردنى کورسییه‌کان به‌ ڕێژه‌ى په‌نجا به‌په‌نجا بۆ هه‌ر لایه‌کیان.

په‌رله‌مان له‌ماوه‌ى ساڵى یه‌که‌مى ته‌مه‌نیدا له‌ساڵى 1992دا، 16 یاساى ده‌رکردووه‌ که‌ زیاتر تایبه‌تن به‌ یاساى وه‌زاره‌ته‌کان، به‌گشتى له‌ چوار ساڵى خولى یه‌که‌مدا و تا ساڵى 1994، 42 یاساى ده‌رکردووه‌.

هه‌ڵگیرسانى شه‌ڕى ناوخۆى نێوان پارتى و یه‌کێتى له‌ ساڵى 1994 که‌ دواتر چه‌ند لایه‌نێکى دیکه‌شى تێوه‌گلا، زیانى گه‌وره‌ى به‌په‌رله‌مانى کوردستان گه‌یاند، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ نه‌توانرا هه‌ڵبژاردن بۆ خولى دووه‌م ئه‌نجام بدرێت.

له‌ساڵى 1994 تا 2005 ماوه‌ى چوار جار ته‌مه‌نى خولى یه‌که‌مى په‌رله‌مانى کوردستان درێژکرایه‌وه‌، تا دواجار له‌ ساڵى 2005 هه‌ڵبژاردن بۆ خولى دووه‌مى په‌رله‌مان ئه‌نجامدرا.

به‌و پێیه‌ خولى یه‌که‌مى په‌رله‌مانى کوردستان ماوه‌ى 13 ساڵ درێژه‌ى کێشا، که‌ له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌رێمى کوردستان به‌ دۆخێکى سه‌ختدا تێپه‌ڕى به‌هۆى شه‌ڕى ناوخۆوه‌ و پریشکى ناکۆکییه‌کانیش به‌ر په‌رله‌مانى کوردستان که‌وتن.

باره‌گاى په‌رله‌مانى کوردستان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى دروستبوونیه‌وه‌ له‌شارى هه‌ولێرى پایته‌ختى هه‌رێمى کوردستانه‌، که‌ به‌ته‌نیشت باره‌گاى حکومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌یه‌.

له‌گه‌ڵ ململانێی و شه‌ڕى حزبه‌کان له‌کاتى شه‌ڕى ناوخۆدا له‌سه‌ر په‌رله‌مانى کوردستان، داجار ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ ڕێککه‌وتنى ئاشتى نێوان ئه‌و دوو حزبه‌ى په‌سه‌ندکرد که‌ کۆتایی به‌شه‌ڕى ناوخۆى نێوانیان هێنا.

ڕێککه‌وتنه‌که‌ که‌ به‌ ڕێککه‌وتننامه‌ى واشنتۆن ناسراوه‌، که‌ له‌نێوان مه‌سعود بارزانى و جه‌لال تاڵه‌بانیدا واژۆکرا، رۆژى 16ى تشرینى یه‌که‌مى ساڵى 2002 له‌لایه‌ن په‌رله‌مانى کوردستانه‌وه‌ په‌سه‌ندکراو وه‌کو یاسایه‌ک ده‌رچوێنرا.

دواى هه‌ڵبژاردنى خولى دووه‌مى په‌رله‌مان له‌ ساڵى 2005 و تاڕاده‌یه‌ک بارودۆخى په‌رله‌مان جۆرێک له‌ سه‌قامگیرى به‌خۆوه‌ بینى تا 19ى ئابى 2015 که‌ جارێکى تر به‌هۆى ناکۆکییه‌ سیاسییه‌کانه‌وه‌ دامه‌زراوه‌که‌ بۆ ماوه‌ى دوو ساڵ په‌کیکه‌وت.

ناکۆکییه‌که‌ له‌سه‌ر یاساى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم و گۆڕینى سیستى حوکمڕانى بوو له‌سه‌رۆکایه‌تى یه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مانى، که‌ به‌هۆیه‌وه‌ پارتى رێگرى له‌ یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆکى په‌رله‌مان کرد بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر کاره‌که‌ى له‌ هه‌ولێر، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ کاره‌کانى په‌رله‌مان ڕاوه‌ستا.

دواى ئه‌و ڕووداوه‌ چه‌ندین هه‌وڵى ناوخۆیی و ده‌ره‌کى دران بۆ کاراکردنه‌وه‌ى په‌رله‌مانى کوردستان، به‌ڵام سه‌رجه‌میان بێ ئه‌نجام بوون، تا ئه‌وکاته‌ى له‌ 24ى تشرینى یه‌که‌مى 2017 په‌رله‌مان کاراکرایه‌وه‌ و بڕیاریدا بۆ ماوه‌ى نزیک ساڵێک واده‌ى خۆى درێژبکاته‌وه‌.

به‌پێی ماڵپه‌ڕى فه‌رمى په‌رله‌مانى کوردستان، به‌درێژایی ته‌مه‌نى په‌رله‌مان له‌ ساڵى 1992 تا 2018، ته‌نها ساڵى 2016 په‌رله‌مان نه‌یتوانیوه‌ هیچ یاسایه‌ک ده‌ربکات به‌هۆى په‌ککه‌وتنى کاره‌کانییه‌وه‌ و له‌سه‌رجه‌م ساڵه‌کانى دیکه‌دا یاساى جۆراوجۆر ده‌رکراون. ته‌نانه‌ت له‌ ساڵانى 1994 تا 1999 که‌ گه‌رمه‌ى شه‌ڕى ناوخۆ بوو، په‌رله‌مان 31 یاساى ده‌رکردووه‌.

په‌رله‌مانى کوردستان له‌ ته‌مه‌نى خۆیدا و له‌هه‌ر چوار خوله‌که‌یدا له‌ ساڵانى 1992 بۆ 2018، توانیویه‌تى 393 یاسا ده‌ربکات.

ساڵى 1997 زۆرترین یاسا له‌لایه‌ن په‌رله‌مانى کوردستانه‌وه‌ ده‌رکراوه‌، که‌ 39 یاسا بووه‌، هه‌روه‌ها ساڵى 2016 به‌هۆى په‌ککه‌وتنى په‌رله‌مانه‌وه‌ هیچ یاسایه‌ک ده‌رنه‌کراوه‌، ساڵى 1995یش په‌رله‌مان یه‌ک یاساى ده‌رکردووه‌، که‌ یاساى درێژکردنه‌وه‌ى خولى یه‌که‌مى په‌رله‌مان بوو.

خولى یه‌که‌مى په‌رله‌مانى کوردستان که‌ 13 ساڵى خایاند 173 یاساى ده‌رکردووه‌، له‌ خولى دووه‌مدا 104 یاسا ده‌رکراوه‌، له‌ خولى سێیه‌مدا 64 یاسا و له‌ خولى چواره‌مدا 52 یاسا ده‌رکراوه‌.

به‌پێی یاساى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان که‌ حه‌وت جار هه‌موارکراوه‌ته‌وه‌، ده‌بێت هه‌ر چوار ساڵێک هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت، به‌هۆى شه‌ڕى ناوخۆ و درێژکردنه‌وه‌ى خوله‌کانى په‌رله‌مانه‌وه‌ تا ئێستا چوار خولى په‌رله‌مان ئه‌نجامدراوه‌، له‌کاتێکدا ده‌بوو حه‌وت خولى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان ئه‌نجام بدرایه‌.

یه‌که‌م هه‌ڵبژاردن له‌ئایارى 1992 به‌ڕێوه‌چوو، به‌هۆى هه‌ڵگیرسانى شه‌ڕى ناوخۆوه‌ له‌ساڵى 1994 نه‌توانرا هه‌ڵبژاردنى دیکه‌ى په‌رله‌مان ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام له‌ساڵانى 2005، 2009، 2013 هه‌ڵبژاردنى سێ خولى دیکه‌ى په‌رله‌مان ئه‌نجامدرا.

بڕیاره‌ له‌ 30ى ئه‌م مانگه‌شدا پێنجه‌م خولى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان ئه‌نجام بدرێت که‌ 39 لیست و هاوپه‌یمانى به‌ زیاتر له‌ 700 کاندیده‌وه‌ کێبڕکێ له‌سه‌ر 111 کورسی په‌رله‌مان ده‌که‌ن که‌ 11 کورسیان بۆ پێکهاته‌کانى تورکمان و مه‌سیحى و ئه‌رمه‌ن ته‌رخانکراوه‌.

 

په‌رله‌مان لە 27 ساڵدا 393 یاسای دەرچوواندووە

 

خولى یه‌که‌م:

173 یاسا   13 ساڵ

خولى دوه‌م:

104 یاسا 4 ساڵ

خولى سێیه‌م:

64 یاسا 4 ساڵ

خولى چواره‌م:

52 یاسا 5 ساڵ

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار