"غەززە خەریکە دەبێتە گۆڕستان بۆ منداڵان"؛ دوای مانگێک لەجەنگ هیچ هیوایەک بۆ ئاگربەست نییە

ئەمریکا داوای راگرتنی شەڕ دەکات‌و لەهەمانکاتدا بەملیۆن دۆلار چەک بۆ ئیسرائیل دەنێرێت

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

جەنگی حەماس-ئیسرائیل مانگێکی تێپەڕاندو هیچ ئاسۆیەکی روون نییە بۆ وەستانی شەڕ لەکاتێکدا نەتەوەیەکگرتووەکان جەنگەکە بە«گۆڕستان بۆ منداڵانی غەززە» وەسف دەکات.

ئیدرەی جۆ بایدن داوای راگرتنی شەڕ دەکات بەشێوەیەکی کاتی تاهاوکاری زیاتری مرۆیی بنێردرێت بۆ غەززە، بەڵام بەنهێنی لەهەوڵی ئەوەدایە بەبەهای زیاتر لە ٣٠٠ ملیۆن دۆلار بۆمب بۆ ئیسرائیل بنێرێت.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاندووە بەهیچ شێوەیەک ئاگربەست راناگەیەنێت و دەڵێت، دەیەوێت کۆنتڕۆڵی غەززە بکات تاکاتێکی نادیار.

"کۆنتڕۆڵی نادیاری غەززە"

لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەی بی سی نیوزی ئەمریکی، ناتانیاهۆ باسی لەوەکرد کەئیسرائیل بۆ کاتێکی نادیارو ماوە دیارینەکراو کۆنتڕۆلێ غەززە دەکات بۆ زامنکردنی ئاسایشی خۆی.

کەرتی غەززە دەبێت «لەلایەن ئەوانەوە» بەڕێوەببرێت کە «نایانەوێت وەک حەماس بەردەوام بن»، ناتانیاهۆ وای وت بەبێ ئەوەی روونکردنەوە بدات لەسەر ئەوەی ئاخۆ مەبەستی دەسەڵاتی فەڵەستینە یاخود هێزێكی نێودەوڵەتی.

«پێموایە ئیسرائیل بۆ ماوەیەکی دیارینەکراو بەرپرسیاریەتی تەواوەتی ئاسایشی [غەززە]ی لەئەستۆ دەبێت چونکە پێشتر بینیومانە چی روودەدات ئەگەر وانەبێت».

وتەکانی ناتانیاهۆ یەکەمین نیازی ئیسرائیل دەردەخات دوای ئەوەی کەوڵاتەکە غەززە داگیردەکات.

ئەمە لەکاتێکدایە کەپێشتر لەمانگی رابردوو، یۆف گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل باسی لەوەکرد وڵاتەکەی «بەرپرسیارییەتی ژیانی خەڵکی غەززەی لەئەستۆ نابێت».

ناتانیاهۆ لە ٧ی مانگی رابردوو جەنگی دژی حەماس راگەیاند، دوای ئەوەی بزوتنەوەکە هێرشی کردەسەر ئیسرائیل و هەزاو ٤٠٠ ئیسرائیلی کوشت لەسەربازو مەدەنی، ئەمە جگەلەوەی زیاتر لە ٢٤٠ بارمتە لای حەماس بوونیان هەیە.

"غەززە بووەتە گۆڕستان بۆ منداڵان"

ماوەی مانگێکە ئیسرائیل بەخەستی بۆردومانی کەرتی غەززە دەکات و بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، زیاتر لە ١٠ هەزار کەس کوژراون کەزیاد لەچوار هەزاریان منداڵن.

رۆژنامەنی فاینانشڵ تایمزی بەریتانی دەڵێت، ئیسرائیل بەشێوەیەکی توند رێگری لەهاوکاری مرۆیی دەکات بۆ نێو غەززە بەجۆرێک لەپێش جەنگەوە رۆژانە ٤٠٠ بارهەڵگری هاوکاری مرۆیی دەڕۆشتن بۆ کەرتەکە بەڵام لەدوای جەنگ تەنها ٢٠ بارهەڵگرێک رۆژانە رێگەیان پێدەدرێت. رێکخراوە مرۆییە نیودەوڵەتییەکان هۆشداری ئەوەیان داوە کەئەم رێگرتنە قەیرانی مرۆیی لەغەززە قووڵتر دەکاتەوە دوای ئەوەی زیاتر لەیەک ملیۆن خەڵکی غەززە ئاوارە بوون.

فاینانشڵ تایمز باس لەوەدەکات کە لەدەستپێکی جەنگەوە، تەنها ٥٠٠ بارهەلگری هاوکاری مرۆیی چوونەتە نێو غەززە.

دوای ئەوەی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند کوژراوانی غەززە بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە ١٠ هەزار کەسی تێپەڕاندووە، ئەنتۆنیۆ گوتێرس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای ئاگربەستی بەپەلەی کرد.

ئیسرائیل دەڵێت تا بارمەتەکان ئازاد نەکرێن ئاگربەست راناگەیەنێت و حەماسیش باس لەوەدەکات بارمتەکان ئازاد ناکات لەکاتێکدا غەززە هێرشی لەسەرە.

«ئۆپەراسیۆنی زەمینی سوپای ئیسرائیل و بۆردومانە بەردەوامەکان لەمەدەنی، نەخۆشخانەکان، کەمپی ئاوارەکان، مزگەوتەکان و کەنیسەکان دەدات»، گوتێرس وای وت.

سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان وتیشی، «لەهەمان کاتدا حەماس و گروپەکانی تر خەڵکی مەدەنی وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنن و بەردەوامن لەهەڵدانی مووشەک بەئاراستەی ئیسرائیل».

ئیسرائیل باس لەوەدەکات کە حەماس لەژێر نەخۆشخانە و باڵەخانە مەدەنییەکانی تردا خۆی حەشارداوە بۆیە بۆردومانی ئەو شوێنانە دەکات، بەڵام حەماس رەتیدەکاتەوە دەڵێت، ئەوە قسەیەکی «بێ بەڵگەیە» و دەبێت نەتەوەیەکگرتووەکان هەوڵی پشتڕاستکردنەوەی بدات.

«غەززە خەریکە دەبێتە گۆڕستان بۆ منداڵان، سەدەها کچ و کوڕ رۆژانە دەکوژرێن یان بریندار دەبن، پیوستمان بە ئاگربەستێکی دەستبەجێ هەیە، ئیتر بەسە دەبێت ئەم جەنگە بوەستێت»، گوتێرس وای وت.

ئەمریکا نیازی هەیە بۆمب بۆ ئیسرائیل بنێرێت

واشنتن دژی ئاگربەستی تەواوەتییە بەڵام دەیەوێت راگرتنێکی کاتی شەڕ رابگەیەنرێت بەهۆی ئەوەی پێیوایە حەماس سوود لەئاگربەست دەبینێت.

کۆشکی سپی دووشەممەی رابردوو رایگەیاند، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەپەیوەندییەکی تەلەفونیدا داوای لەناتانیاهۆ کردووە شەڕ بەشێوەیەکی کاتی رابگرێت.

هاوکات ناتانیاهۆش لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ کەناڵی ئەی بی سی، رایگەیاند کەهاوڕای راگرتنی شەڕە بەشێوەی کاتی بۆ کاتژمێرێک یان دوو کاتژمێر بەڵام لەگەڵ وەستاندنی تەواوەتی شەڕ نییە، هەرچەندە تائێستا شەڕ بەردەوامەو بەشێوەیەکی کاتیش رانەگیراوە.

بەپێی راپۆرتێکی ئەی بی سی نیوز، ساڵانە ئەمریکا بەبەهای نزیکەی چوار ملیار دۆلار هاوکاری سەربازی بۆ ئیسرائیل دەنێرێت.

رۆژنامەی واڵ ستریت جێرناڵ ئەمریکی لەراپۆرتێکیدا باس لەوەدەکات ئیدارەی بایدن نیازی هەیە بەبەهای ٣٢٠ ملیۆن دۆلار بۆمبی ورد [ئەو بۆمبانەی تەکنەلۆجیای پێشکەوتوویان هەیەو  بەوردی ئامانجەکانیان دەستنیشان دەکەن و دەیپێکن] بۆ ئیسرائیل بنێرێت.

بەپێی راپۆرتەکە، ئیدارەی بایدن بەفەرمی سەرکردەکانی کۆنگرێسی لە ٣١ی مانگی رابردوو لەبڕیارەکە ئاگادارکردووەتەوەو ئەو بۆمبانەی دەنێردرێت تایبەتە بەفڕۆکە جەنگی.

واڵ ستریت جێرناڵ دەڵێت، لەچەند رۆژی رابردوودا بەهۆی زۆربوونی قوربانییەکان لەغەززە، بەرپرسانی باڵای ئەمریکی داوایان لەئیسرائیل کردووە بۆردومانەکانی هێوربکاتەوە تاقەیرانی مۆریی زیاتر نەبێت.

بەشێک لەشیکەرەوانی ئەمنی باس لەوە دەکەن کەناردنی چەک بۆ ئیسرائیل لەلایەن ئەمریکاوە وادەکات کەشەڕ رانەگیرێت و هێرشەکانی ئیسرائیل بەردەوام بێت.

«ئیدارەی بایدن داوا لەحکومەتی ئیسرائیل دەکات شەڕ بەکاتی رابگرێت، بەڵام ناردنی چەک و هاوکاری سەربازی هاوشێوەی کە بۆ ئیسرائیل دەنێردرێت وادەکات کە ئەم هەوڵە پەکی بکەوێت، ئیدارەی بایدن داوادەکات بۆ راگرتنی شەڕ، بەڵام کارەکانی پێمان دەڵێت کەپشتگیری لەکەمپینی بۆردومانەکە دەکات»، سێس بیندەر، شارەزایەکی فرۆشی چەک لەناوەندی لێکۆڵینەوەی میدڵ ئیست دیمۆکرەسی.

رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی بەناوی کالکالیست لەراپۆرتێکیدا ئاشکرایکردووە کەتێچووی جەنگی ئیسرائیل ٥١ ملیار دۆلار دەبێت بۆ حکومەتی ئیسرائیل ئەگەر جەنگەکە بۆ ماوەی هەشت بۆ ١٠ مانگ بەردەوام بێت. رۆژنامەکە داتای وەزارەتی بەرگری ئیسرائیلی دەستکەوتووەو دەڵێت ئەو ژمارەیە تەنها بۆ کاتێکە ئەگەر جەنگەکە تەنها لەغەززەدا بمێنێتەوەو لایەنی تر دەستوەردان نەکات وەک حزبوڵای لوبنانی، ئێران یان حوسییەکانی یەمەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار