دوای ٣٢ ساڵ وەزارەتی کارەبای هەرێم بەرچاوی روون نییە بۆ پێدانی کارەبا لەوەرزی زستاندا

یەک ساڵ لەمەوپێش



شەنای فاتیح

حكومەتی هەرێمی كوردستان، پاش 32 ساڵ هێشتا نەیتوانیوە كارەبای 24 كاتژمێری بۆ هاوڵاتیان دابین بكات، لەكاتێكدا سیستەمی پریپەید و پێوەری زیرەكی خستووەتەكار، وتەبێژی وەزارەتی كارەبا دەڵێت لەدۆخێكی خراپی داراییدان و بەرچاویان ڕوون نییە ئەم زستانە خواست لەسەر كارەبا چۆن دەبێت.

لەگەڵ هاتنی وەرزی پایزو نزیكبوونەوەی زستان، خواستی هاووڵاتیان لەسەر كارەبا زیاد دەكات و كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتیمانیش كەمدەبێتەوە،  وتەبێژی وەزارەتی كارەبا دەڵێت بەپێی خواست جیاوازی لەپێدانی كارەبای شارەكاندا هەیە 

ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبا لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای شارەكان بەپێی خواست جیاوازی هەیەو لە ٤٨ كاتژمێری رابردوودا لەسلێمانی و گەرمیان زۆرترین و لەهەولێریش كەمترین كارەبای نیشتیمانی دراوەتە هاووڵاتیان».

وتیشی: »كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتیمانیی لە٤٨ كاتژمێری رابردوودا بەم شێوەیە بووە:  لەسلێمانی ١٨ كاتژمێرو ١٥ خولەك، لەگەرمیان ١٧ كاتژمێرو ٢٠ خولەك، لەدهۆك ١٥ كاتژمێرو ٣٠ خولەك و لەهەولێریش ١٤ كاتژمێر».

سەبارەت بە پێدانی كارەبای نیشتیمانیی لەوەرزی زستاندا، ئومێد محەمەد وتی: «ئێمە پێشبینی ناكەین و بەداتاو زانیارییەوە قسەدەكەین، هەرچەندە هێشتا زووە بۆ وەزری زستان و مانگێكمان لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی بزانین كەئیمكانییەتمان چەندە بۆ پێدانی كارەبا تا بیدەینە هاوبەشەكانمان، بۆیە ناشزانین خواستی كارەبا بۆ وەرزی زستان چۆن دەبێت».

«هەروەها بەرهەممان دیار نییەو ئێمە چاوەڕێی سوتەمەنی و پارەین، چونكە لەئێستادا بارودۆخێكی دارایی خراپ هەیە، وەزارەتی كارەبا لەئێستادا لەسەر خەتە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ ئەوەی بارودۆخی سوتەمەنی باشتربێت، هەروەها پارەش دیار نییە كەئێمە بودجەمان دەبێت یان نا، بۆیە نامانەوێت زانیاری هەڵە بدەین، دەمانەوێت شتێك بڵێین ئەگەر لەوە زیاترمان پێنەكرێت كەمترمان پێنەكرێت». وتەبێژی وەزارەتی كارەبا وای وت.

ئومێد محەمەد باسی لەوەشكرد «پێوەری زیرەكی كارەبا دانراوە كۆمەڵێك خەسڵەتی هەیە، ئەوانیش پریپەیدو سنورداركردن و خوێندنەوەی وردو كۆتایی هێنان بەسەرپێچییەكان، هەندێ شوێنیش وەك نموونەی ئەزموونی هەڵبژێردراوە بۆ ئەوەی دەربكەوێت كەئایا دەتوانرێت بەو شێوازە خزمەتگوزارییەكانی كارەبا بەرزبكرێتەوە، پاشان فیدباك وەردەگیرێتەوەو بەپێی فیدباكەكە هەنگاوی دواتر دەنرێت بۆ ئەوەی ئایا فراوان بكرێت یاخود نا».

وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێم وتیشی:»ئەو شوێنانەش كە ئەم سیستەمەیان تێدا جێبەجێكراوە تێیدا كۆتایی بەسەرپێچی هاتووەو راستی و دروستی لەخوێندنەوەدا تۆماركراوە، هەروەها جۆرێك لەپابەندبوون بەپێدانی كارەبا لەلایەنی داهات و ئابوورییەوە بارودۆخەكەی باشتر كردووە، شارۆچكەی ئامێدیش كەبووەتە ٢٤ كاتژمێر جیاوازە،  پریپەید لەگەڵ ٢٤ كاتژمێریی جیاوازەو جیاوازییەكەش ئەوەیە كە پریپەید ٢٤ كاتژمێری نییەو بەپێی بەرنامەی كاری هاووڵاتییەو مەرج نییە ٢٤ كاتژمێر بێت».

بەوتەی ئومێد ئەحمەد « هەر یەكەیەكی كارەبا  ١٠٠ دینارەو جێگیرە لەتەواوی ئەو سیستەمانەی كە پریپەیدە، جگە لەهایكۆستەكان نەبێت كە لەڕابردوودا بۆ یەكە نیشتەجێبوونەكان كرا بە ١٥٦ دینار، دواتر ئێمە لەوەزارەتی كارەبا لەڕۆژی ٢١ی ئەیلوول بەتێكڕای دەنگی ئەنجومەنی وەزارەت بڕیارماندا بەكەمكردنەوەی بۆ ١٠٠ دینارو لەئێستادا نێردراوەتە ئەنجومەنی وەزیران و چاوەڕێی رەزامەندین كەگەڕایەوە نرخەكە دادەبەزێت».

لە٢٢ی تشرینی یەكەمەوە  قەزای ئامێدی وەك یەكەمین قەزا لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان سیستەمی كارەبای پریپەید تێێدا كەوتەكارو كاركردن بەمۆلیدەكان لەقەزاكەدا راگیراوە، بەڵام هێشتا لەسەرجەم ماڵەكانی ئامێدیدا پێوەرەكە نەبەستراوە.

فرۆشیارێكی كەلوپەلی كارەبایی لەبازاڕی شاری سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» تاڕادەیەك زۆربەی دوكانەكانی بازاڕ كراون بەسیستەمی پریپەید، بەڕای من شتێكی زۆرباشەو پارەی كەمتر دەدەم بەكارەبا لەو كاتەوەی ئەم سیستەمە دانراوە.»

وتیشی:» مانگانە بڕی ٨٠ هەزار دینار كارەبا سەرف دەكەم كەزۆر كەمترە لەو بڕە پارەیەی كەپێشتر بۆم دەهاتەوە، ئەگەر بێت و سیستەمە كۆنەكە بوایە  من بۆ كارەبای نیشتیمانی و مۆلیدە مانگانە ٣٠٠ هەزار دینارم بەكارەبا دەدا».

لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی زستان خواستی هاووڵاتیان لەسەر كارەبا زیاد دەبێت و بەمەش كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای مۆلیدە زیاد دەبن و لەئێستادا بەشێوەیەكی گشتی نزیكەی١٠ كاتژمێر كارەبای مۆلیدە بەهاووڵاتیان دەدرێت.

قارەمان مەولود، سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوونی كاری مۆلیدە ئەهلییەكانی هەولێر لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:  «بۆ ئەم مانگە دیار نییە كەچەندێك كارەبا دەدرێتە هاووڵاتیان، بەڵام  مانگی رابردوو رۆژانە ١٠ كاتژمێر كارەبای مۆلیدە دراوەتە هاووڵاتیان و نرخی ئەمپێرێك كارەبای مۆلیدە لەشاری هەولێردا لە ١٠ هەزارو ٥٠٠ دینار بۆ ١٣ هەزارو ٧٥٠ دینار بووە.»

هاوكات، تاریق سەمین، سەرۆكی كۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەكانی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئێمە هەموو ساڵێك دوو جۆر بەرنامەمان هەیە، بەرنامەی هاوینەو بەرنامەی زستانە، ئەمساڵ بەرنامەكە لەیەكی تشرینی دووەمەوە بەم شێوازەیە: ٦:٣٠ خولەك بۆ هەشتی بەیانی، پاشان دوانزەی نیوەڕۆ بۆ یەكی شەو هەركاتێك كارەبای نیشتیمانی ببڕێت كارەبای مۆلیدە دەدرێتە هاووڵاتیان.»

تاریق سەمین وتیشی:» بۆ مانگی تشرینی یەكەمیش بۆ هەر ئەمپێرێك كارەبا  شەش تا حەوت هەزار دینار لەهاووڵاتیان وەرگیراوە، شوێنیش هەیە كارەبای كەم بڕاوە دوو هەزار دیناریان لێوەرگیراوە».

لەلایەكی دیكەوە هەكار هروری، وتەبێژی كۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەكانی دهۆك لەلێدوانكدا بەهاوڵاتی وت: « لەیەكی تشرینی دووەمەوە كاتژمێرەكانی كارەبای مۆلیدە زیادیان كردووە، لەشاری دهۆكدا رۆژانە نزیكەی ١١ كاتژمێر كارەبا دەدرێتە هاووڵاتیان».

وتەبێژی كۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەكانی دهۆك وتیشی: «مانگی تشرینی یەكەم ٢٠٠ كاتژمێر كارەبای مۆلیدە بەهاووڵاتیان دراوەو بۆ هەر ئەمپێرێكیش  نۆ هەزارو ٥٠٠ دیناریان لێوەرگیراوە.»

وەزارەتی كارەبا لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا دەستیكرد بەدانانی پێوەری زیرەك بۆ هاوبەشانی كارەبا تا بەوتەی خۆیان دادپەروەری لەدابەشكردنی كارەبادا بێتەدی، جیا لەوەی بەردەوام وەزارەتی كارەبا ناوبەناو هەڵمەتی بڕینی كارەبای زیادەڕەو لەناوچە جیاوازەكان ئەنجامدەدەن كە بەوتەی خۆیان بۆ ئەوەیە زیادەڕەویەكانی سەر كارەبای نیشتیمانی كەمبكەنەوە، بەڵام تائێستا ئەو هەنگاوانە نەبووەتە هۆی زیادكردنی كاتەكانی پێدانی كارەبا، لەكاتێكدا بەوتەی بەرپرسانی وەزارەتی كارەبا زیاتر لە 90٪ی هاوبەشانی كارەبا پێوەری زیرەكیان بۆ بەستراوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار