"ئیسرائیل بەدەستی خەڵکی فەڵەستین لەناودەچێت"؛ چۆن پێش هەڵگیرسانی جەنگ عەلی خامنەیی زەنگی جەنگی لێدا

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

رۆژی ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، عەلی خامنەیی رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ باڵیۆزی وڵاتانی ئیسلامی و بەرپرسانی باڵای حکومەتی ئێران کۆبووەوە. لەو دیدارەدا عەلی خامنەیی رەخنەی توندی لەو وڵاتە ئیسلامییانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرت کەدەیانەوێت پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکەنەوە. ئەم نیگەرانیانەی خامنەیی دوای ئەوە هات کەچەندین وەزیری ئیسرائیل سەردانی سعودیەیان کردو نزیکبوونەوەی پەیوەندی نێوان سعودیەو ئیسرائیل بەسەرکردایەتی ئەمریکا چووە قۆناغێکی نوێوەو ئەگەری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان زۆرتر بوو.

خامنەیی لەدیدارەکەدا هێرشی تووندی کردەسەر ئەو وڵاتە ئیسلامییانەی کەهەوڵی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییان دەدەن لەگەڵ ئیسرائیل و بە «قومار لەسەر گای دۆڕاو» وەسفیکردو وتی کەئەم پەیوەندییە سەرکەوتوو نابێت.

«لاوانی فەلەستینی و بزووتنەوەی دژە داگیرکاری و دژە زوڵم لەفەلەستین ئەمڕۆ لەهەموو رۆژێک زیندووتر و ئامادەترن. بەئومێدی خوا ئەم بزووتنەوەیە بەئەنجام دەگات و وەک چۆن ئیمامی گەورەمان (خومەینی) رژێمی داگیرکەری ئیسرائیلی بەشێرپەنجە ناوبردبوو، ئەم رژێمە بەدەستی خودی خەڵکی فەلەستین و هێزەکانی بەرگری لەناوچەکە لەناودەچێت».

دوای چوار رۆژ لەم قسەیە ، لەڕۆژی ٧ی تشرینی یەکەم، بزووتنەوەی حەماس وەک بزووتنەوەیەکی نزیک لەئێران، هێرشی کردەسەر ئیسرائیل و کۆنسێرتێکی میوزیک لەنزیک سنورەکانی غەزەو بەهۆیەوە زیاتر لەهەزارو ٤٠٠ کەس کوژران و بەوتەی بەرپرسانی ئیسرائیلی ٢٣٠ کەس بەبارمتەگیراون.

هەرچەند چوار کەس لەبارمتەگیراوەکان دواتر ئازادکران و حەماسیش رایگەیاندووە نزیک بە ٦٠ کەس لەوانەی بەبارمتە گیراون بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر غەزە کوژراون.

لەدوای هێرشەکەی حەماس، بەرپرسانی ئیسرائیل توڕەییان گەیشتە ترۆپک و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند «دۆزەخیان بەسەردا دەبارێنین.» دوای مانگێک لەم رووداوانە، بەهۆی بۆردومانی بەردەوامی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە، زیاتر لە ١٠ هەزار کەس کوژراون کەنزیکەی چوار هەزار کەسیان منداڵن.

رێکخراوە مرۆییەکان ئەم هێرشانەی ئیسرائیل بە «تاوان» وەسف دەکەن و دەڵێن پیویستە دەستبەجێ ئاگربەست رابگەیەنرێت و هاوکاری مرۆیی بنێردرێت بۆ غەزە، ئەمە سەرەڕای هەڵگرتنی ئەو ئابڵوقەیەی لەسەر ئاوو کارەبا و سووتەمەنی غەزە دانراوە لەلایەن ئیسرائیلەوە. هاوکات وڵاتە عەرەبییەکانیش داوای ئاگربەست دەکەن و هێرشەکانی ئیسرائیل بە «کۆمەڵکوژی» ناودەبەن، بەڵام ئیسرائیل سوورە لەسەر ئامانجەکەی خۆی کەوەک ناتانیاهۆ دەڵێت دەبێت حەماس «لەناو ببەین».

رۆژێک پێش هێرشە گەورەکەی حەماس لە ٧ی مانگی رابردوو، ماڵپەڕی تابناک سەر بەسوپای پاسداران، پۆستەرێکی بڵاوکردەوە بەئاڵای حەماس و حزبوڵڵای لوبنانەوەو نووسی، «نصر من اللە و فتح قریب – سەرکەوتن لەخواوەیەو نزیکە».

پێش بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە لەماڵپەڕو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی سەر بەحەماس، ماڵپەڕی تەسنیم سەر بەسوپای پاسداران هەواڵی ئەم هێرشەی بڵاوکردەوە. ئێوارەی ئەو رۆژەی کە هێرشەکە کرایەسەر ئیسرائیل، لەزۆربەی گۆڕەپان و شارە گەورەکانی ئێران وەک ئیسفەهان و تاران و شیراز، ئاگری خۆشی کرایەوەو سروودی خۆشی لێدراو لەتەلەفیزیۆنە فەرمییەکانی ئێرانەوە وەک سەرکەوتنی گەورە باسی لێکرا. تەلەفیزیۆنەکان بەشێکی زۆر لەبەرنامە ئاساییەکانی خۆیان راگرت و خەریکی شادی و خۆشی بوون و وەک سەرکەوتنی گەورە باسیان کرد.

 رۆژی ٩ی تشرینی یەکەم، حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئەوەی پشتیوانی خۆی بۆ بزووتنەوەی حەماس و هێرشی ئەو بزووتنەوەیە بۆ سەر ئیسرائیل دەربڕی، رایگەیاند ئەوان ئاگاداری هێرش بۆ سەر ئیسرائیل نەبوون و حەماس سەربەخۆیانە ئەو کارەی کردووە.

رۆژی ١٧ی تشرینی یەکەم، ماڵپەڕی بی بی سی فارسی راپۆرتێکی دەربارەی یارمەتییە ئابوورییەکانی ئێران بۆ حەماس بڵاوکردەوە. لەو راپۆرتەدا کۆماری ئیسلامی وەک گەورەترین پشتیوانی ئابووری حەماس ئاماژەی پێدراوەو قەتەر وەک دووەم پشتیوانی ئابووری ئەو بزووتنەوەیە ناوی براوە.

لەو راپۆرتەی بی بی سی-دا ئاماژە بەلێدوانەکانی پێشتری  کۆماری ئیسلامی دراوە سەبارەت بەپشتیوانیکردن لەحەماس و ئەو بزووتنەوەیە.

بی بی سی ئاماژەی بەم وتەیەی عەلی خامنەیی داوە کە رۆژی ٣/٢/٢٠١٢ لەوتاری نوێژی هەینیدا وتوویەتی، «لەپرسی پەیوەند بەدژایەتیکردنی ئیسرائیلدا ئێمە شوێن پەنجەمان دیاربوو، ئەنجامەکەشی سەرکەوتن بوو لە جەنگی ٣٣ رۆژەو سەرکەوتنی جەنگی ٢٢ رۆژە بوو. لە ئێستا بەدواوەش، لەهەرکوێ، هەر نەتەوەیەک، یان گروپێک دژی رژیمی زایۆنیستی بێت و دژیان بوەستێتەوە، ئێمە لەپشتیان دەبین و یارمەتییان دەدەین و لەکەسیش ناترسین بەئاشكرا پشتیوانی دەکەین و ئەمەش قسەی ئێمەیە».

عەلی خامنەیی چەند ساڵ دواترو رۆژی ١٥ی تشرینی دووهەمی ٢٠١٩، لەپەیوەند لەگەڵ یارمەتی گەیاندن بەفەلەستین و دژایەتی لەگەڵ ئیسرائیل لەوتاری نوێژی هەینیدا وتی، «ئێمە پشتیوانیمان لەفەلەستین کردووە، یارمەتیمان داون. هەر بەردەوامین لەیارمەتی گەیاندن پێیان، لەکەس شەرم ناکەین و نایشارینەوە. دەبێ هەموو وڵاتانی ئیسلامی و هەموو دونیای ئیسلام یارمەتی فەلەستین بدەن».

ئەم یارمەتی گەیاندنە بەحەماس هیچکات شاراوە نەبووەو ماوەیەک لەمەوپێش و دوای رووداوەکانی ئەم دواییانە، بەرپرسی لیژنەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا رایگەیاند :» ئێران لەمێژەو چەندین ساڵە یارمەتی حەماس دەدات و هێزەکانیان لەلایەن ئێرانەوە راهێنانیان پێدەکرێت».

رۆژی ١٤ی تشرینی یەکەم، واتە دوای هەفتەیەک لەهێرشە چاوەڕواننەکراوەکەی حەماس، حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئیران، هەڕەشەی لەئیسرائیل کردو وتی :» ئەگەر ئیسرائیل هێرشەکانی خۆی بۆ سەر کەرتی غەزە رانەگرێت، دەستمان لەسەر پەلەپیتکەی چەکەکانمانە».

بەڵام چەند کاتژمێر دواتر، نوێنەری ئیران لەنەتەوەیەکگرتووەکان، زمانی جەنگخوازانەی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی نەرمتر کردەوەو دڵنیاییدا بەوڵاتان کەهێزی سەربازی وڵاتەکەی تەنها ئەو کاتە دەست وەردەدات لەناکۆکییەکانی کەرتی غەزە کە ئیسرائیل هێرش بکاتەسەر بەرژەوەندی یان هاووڵاتیانی ئێرانی.

ئەمە وەک پاشەکشەی بەرپرسانی ئێران لێکدرایەوەو ژمارەیەک لەبەرپرسانی ئێرانی لەگفتوگۆ لەگەڵ رویتەرز ئەم جیاوازی رادەربڕینەیان وەک سەرلێشێواوی بەرپرسانی ئێران لێکداوەتەوە.

بەرپرسانی فەرمی ئێران، بەمەرجێک ناویان نەبرێت لەڕاپۆرتێکی رۆیتەرز دەڵێن، ئەم خۆبەدوورگرتنەی ئێران لەجەنگ، دەتوانیت زیان بەستراتیژی ٤٠ ساڵەی ئێران بگەیەنێت بەوەی دەیەوێت ببێت بەگەورەترین هێزی ناوچەکەو سەرکەوتنەکەیان بۆ گەیشتن بەم ئامانجە بخاتە دواوە.

ئەو بەرپرسانە هەروەها باس لەوە دەکەن، ئەگەر ئێران راستەوخۆ بچێتە ئەم جەنگەوە کێشەی گەورەی بۆ دروست دەبێت، لەبەرئەوەی هەرچەشنە هێرشێکی سەربازی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، ئەو وڵاتەی کە لەلایەن ئەمریکاو ئەوروپاوە پشتیوانی لێدەکرێت، زیانی گەورە بەئێران دەگەیەنێت و بەلەبەرچاوگرتنی قەیرانی ئابووری قووڵ لەئێران، ئەمە سەردەکێشێت بۆ ئەوەی ناڕەزایەتییەکان لەئێران دژ بەدەسەڵات پەرە بستێنێت.

سێ بەرپرسی باڵای ئەمنی و ئاسایشی ئێران وتوویانە، لەئێستادا بەرپرسان و بڕیاردەرانی باڵای ئێران کۆکن لەسەر ئەوەی خۆیان دووربگرن لەوەی جەنگەکە زیاتر پەرەبستێنێ و هەوڵیان ئەوەیە لەڕێگای هێرشی زەمینی سنووردارەوە لەلایەن حزبوڵای لوبنانەوە بۆ سەر بنکەو شوێنە سەربازییەکانی ئیسرائیل و هێرشی بچووک و سنووردار بۆ سەر بنکەو بارەگاکانی ئەمریکا لەلایەن ئەو هێزو میلیشیایانەوە کەسەر بەئێرانن، زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بگەیەنن و لەئێستادا هەر بەوە رازی بن.

لەدوای دەستپێکی جەنگی حەماس – ئیسرائیل پاش ٧ی تشرینی یەکەم، هێرشی هێزو میلیشیا چەکدارەکانی سەر بەکۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکەو بارەگاکانی ئەمریکا لەعێراق و سووریا زیاتر بووەو ئەمریکاش لەوەڵامدا چەند جار هێرشی کردووەتەسەر بنکەکانی ئەو هێزانەی سەر بەکۆماری ئیسلامین.  بەپێی وتەی پاتریک رایدەر، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، لە ١٧ مانگی رابردووەوە ٣٨ جار هێرش کراوەتەسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەسوریاو عێراق کەتێیدا ٤٥ کارمەندی ئەمریکی برینداربوون.

لەسەردانەکەیدا بۆ عێراق لەڕۆژی یەکشەممەی رابردوو ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لەکۆبوونەوەیدا لەگەڵ سوودانی رایگەیاند کەئەمریکا بەهیچ شێوەیەک بێدەنگ نابێت بەرامبەر هەر هێرشێک بکرێتە سەر بنکەو بەرژەوەندییەکانی لە عێراق  و سوریا.

پیشتر و لەهەمان رۆژدا، نووسینگەی رابەری باڵای ئێران رایگەیاند، کە ئیسماعیل هەنییە، کەسی یەکەمی حەماس  و وەفدەکەی لەگەڵ خامنەیی کۆبوونەتەوە.

نووسینگەی عەلی خامنەیی بەبڵاوکردنەوەی چەند وێنەیەک لەکۆبوونەوەکە نووسیویەتی، «ئیسماعیل هەنییە لەم دیدارەدا راپۆرتی دوایین ئاڵووگۆڕەکانی غەزەو تاوانەکانی ئیسرائیل و هەروەها ئاڵوگۆڕەکانی کەرتی رۆژئاوای پێشکەش بە رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی کرد. بەپێی ئەم راپۆرتە، عەلی خامنەییش جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کۆماری ئیسلامی سوورە لەسەر ئەوەی وەک هەمووکات یارمەتی بزووتنەوەی بەرگری فەلەستین دەدات.

شارەزایانی سیاسی باس لەوە دەکەن، بە لەبەرچاوگرتنی هەڵوێستەکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و هەڵوێستی دژە ئیسرائیلی بوونی تاران، دژوارە بڕوا بەوە بکرێت ئێران دەستی نییە لەم جەنگەداو حەماس سەربەخۆیانە ئەم هێرشەی کردبێت، بەتایبەت دەرئەنجامی ئەم جەنگە لەئێستادا لانیکەم لەماوەیەکی کورتخایەندا، سعوودیەو ئیسرائیل لەیەکتر دووردەخاتەوە و ئەگەری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لاواز دەبێت.

ئیهۆد ئیلمێرت سەرۆک وەزیرانی پێشتری ئیسرائیل لەگفتوگۆیەکیدا لەگەڵ رادیۆ فەردا، کەوەرگێڕانی ئەم گفتوگۆیە پێشتر لەهاوڵاتی بڵاوکراوەتەوە، دەربارەی پلان و دەستتێوەردانی ئێران لەجەنگ و پشتیوانیکردنی حەماس لەوەڵامی پەیامنێری رادیۆ فەردادا وتی، «پێموایە تەنها پەیامێک کەدەتوانم بۆ ئەوانم هەبێت ئەوەیە نالۆژیکیانە ئەو کارتانەی بەدەستتانەوەیە بەکارینەهێنن. شەممەی رابردوو [مەبەست لێی ٧ی تشرینی یەکەمە] سەرکەوتنێکتان هەبوو. بەڵام ئێستا وەڵامی قورس دەبینن لەلایەن ئیسرائیلەوە. دۆخەکە لەوەی کەهەیە خراپتر مەکەن. لەبەرئەوەی ئەنجامێکی زۆر خراپ و تراژیدی و خوێناوی دەبێت بۆ هەر کەس کەبیەوێت دۆخەکە خراپتر بکات».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار