پارێزگاكانی هەرێم ئامادەكاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی لافاو دەكەن

یەک ساڵ لەمەوپێش



شەنای فاتیح

لەگەڵ دەستپێكی وەرزی پایزدا، بارانبارین لەهەرێمی كوردستاندا دەستپێدەكات و هەندێكجاریش دەبێتەهۆی روودانی لافاو، بۆ ئەم مەبەستەش تیمەكانی بەرگری شارستانی هەرسێ پارێزگاكەی هەرێم لەئامادەباشیدان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر رووداوێكی نەخوازراو.

كاروان میراودەلی، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ساڵانە لە ١٥ی ئەیلوولەوە بەنووسراوی فەرمی داوا لەشارەوانی و یەكە ئیدارییەكان دەكەین كەهەرچی زووە رێڕەوی ئاوو مەنهۆڵەكان خاوێن بكەنەوە، چونكە مەترسی گیربوون و پەنگخواردنەوە درووستدەبێت.

وتیشی: «لەبارانبارینی رۆژی هەینی رابردوودا لەسنوری بەڕێوەبەرایەتیمان كەزیاتر لە نۆ شوێن كێشەی پەنگخواردنەوەی ئاو هەبووەو لەدوو شوێنیشدا بەئەندازەیەك لافاو دروستبوو مەترسی و گرفتی بۆ هاووڵاتیان درووستكرد، بۆ ئەم مەبەستە ١٣تیم لەحەوت بنكە لەبنكەكانی بەرگری شارستانیمان دەرچوون بۆ شوێنی رووداوەكان بەمەبەستی بەهاناوەچوون».

«ساڵانی رابردوو بەهۆی لافاوەوە زیانێكی زۆری ماددی درووستبوو، هەروەها چەند زیانێكی گیانیش لەسنووری هەولێردا هەبوون كەبریتیبوون لە ١٢رووداوی خنكان، ئەمەش بووەهۆی درووستبوونی ئەركێكی قورس بۆ كارمەندان و ئەفسەرانمان لەگەڕان و دۆزینەوەی چارەنووسی دوو لەقوربانیەكان لەسنووری ناحیەی قوشتەپەو ناحیەی دارەتوو كە بۆ ماوەی ٥٤رۆژ پڕۆسەی گەڕان بەدوای تەرمەكان بەردەوام بوو»، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر وای وت.

 هاوكات ئارام عەلی، وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «هەر لەسەرەتای هاتنی وەرزی پایزدا بەڕێوبەرایەتییەكەمان نووسراوێكی ئاڕاستەی پارێزگای سلێمانی كرد بەمەبەستی ئەوەی سەرۆكایەتی شارەوانی و سەرجەم شارەوانییەكان ئاگاداربكاتەوە كەهەستن بەپاككردنەوەی مەنهۆڵ و ئاوەڕۆی ئەو شوێنانەی كەئاویان كۆدەبێتەوە، جگە لەوەش سەرجەم تیمەكانمان لەئامادەباشیدان بۆ هەر رووداوێكی نەخوازراو «.

وتیشی:» لەبارانبارینەكەی رۆژی هەینی رابردوو لەیەك دوو شوێن گرفتی لافاو دروستبوو، بەڵام خۆشبەختانە چارەسەرمان كرد، لەساڵانی رابردووشدا هیچ زیانێكی گیانی نەبووەو تەنها زیانی ماددی هەبووە».

ساڵانە بەهۆی زۆر بارانبارینەوە لافاو لەچەند شارو شارۆچكەیەكی هەرێمی كوردستاندا دروستدەبێت بەتایبەت ئەو ناوچانەی كەشاخاوی نین، كۆتایی ساڵی ٢٠٢١ یەكێك لەگەورەترین لافاوەكان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان لەشاری هەولێر روویداو  12 كەس گیانیان لەدەستدا، نزیكەی 200 ماڵ و 50 دووكان ژێرئاو كەوتن و سەدان ئۆتۆمبێلیش زیانیان بەركەوت، یەكێك لەقوربانییەكانیش منداڵێكی تەمەن ١٠ مانگ بوو بەناوی دانەر نەبەز كەتەرمەكەی پاش دوو مانگ دۆزرایەوە.

جەوهەر عەلی، قایمقامی  قەزای ناوەندی دهۆك لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: « ساڵانە لەكۆتایی وەرزی پایزداو دەستپێكی بارانباریندا پێشوەختە كۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێوبەرایەتییەكانی شارەوانی، رێگاوبان، ئاو، كارەبا، بەرگری شارستانی و بەڕێوبەرایەتی ئاوەڕۆ، ئەنجامدەدەین، هەر یەكێك لەمانە بەرنامەی خۆی هەیە بۆ وەرزی زستان و لەئێستاشدا زۆرجار لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی كەشناسییەوە ئاگادار دەكرێینەوە ئەگەربێت و بارانبارینێكی زۆر ببێت، بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا هەندێكجار رووداوی لەناكاو روودەدات».

وتیشی: «ئێمە لەدهۆك رووبارێكمان هەیە پێی دەڵێن هشكەڕۆ، ساڵانە بەڕێوەبەرایەتی ئاوەڕۆ رووبارەكە پاكدەكاتەوە، ئەمساڵیش پاككراوەتەوە بۆ ئەوەی بەرگەی لافاو بگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا سەرجەم ئاوەڕۆكان پاكدەكرێنەوە».

«بەڕێوەبەراتی رێگاوبانیش تیمەكانیان لەئامادەباشیدان بۆ راماڵینی بەفر، هەروەها خەڵكیش هاوكارمانن داواكارین بەردەوام بن لەهاوكاریكردنمان و خۆبەخشیشمان هەیە، بارانبارینیش لەسەرەتادا بەدەگمەن دەبێتە لافاو  مەگەر لەو شوێنەدا ئاوەڕۆكان كارنەكەن یان رێڕەوەكان گیرابن، واتە دەستی مرۆڤی تێدابێت» قایمقامی قەزای ناوەندی دهۆك وای وت.

بێوار عەبدولعەزیز، وتەبێژی بەرگری شارستانی دهۆك لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «تیمەكانمان لەبەرگری شارستانی هەماهەنگن لەگەڵ تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی و ئاوو ئاوەڕۆ، هەر رووداوێكی لافاو رووبدات پێكەوە كاردەكەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی».

وتیشی: «ئەمساڵ لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەكان كۆبوونەوەیەكمان ئەنجامداوە بۆ هەماهەنگی زیاترو رووبەڕوبوونەوەی هەر رووداوێكی نەخوازراو هەروەها لەیەكی كانوونی دووەمی ئەمساڵەوە تائێستا ٦١ رووداوی لافاو لەسنووری پارێزگای دهۆكدا روویانداوە».

لافاو دیاردەیەكی سروشتییەو بریتیە لەهاتن و داپۆشینی ناوچەیەك بەئاوێكی زۆرو بەگشتی بەخێرایی كەئەو بڕە ئاوە زیادە لەتوانای هەڵگرتن و تێپەڕبوونی سروشتی بەناوچەیەكدا زیاترە، كە لەوانەیە لەچەند سانتیمەترێك تاڕادەی داپۆشین و راماڵینی بیناكان بێت یاخود بریتیە لەنوقومبوونی ناوچەیەك بەئاو.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار