لە چیاکانی قەندیلی کوردستان ئەکادیمیایەکی پزیشکی دەکرێتەوە

6 ساڵ لەمەوپێش



یاد قوربانی

لە چیاکانی قەندیلی کوردستان، گەریلاکانی پەکەکە لە هەردوو هێزەکانی هەپەگە (هێزەکانی پاراستنی گەل) و یەژا ستار (یەکێتی ژنانی ئازاد – ستار) شانبەشانی چالاکی سەربازی بەشدارن لە چەند ئەکادیمیایەکی فێرکاری و هۆشیاریدا لە چەند بوارێکی جیاوازدا. لە ئێستادا ئەکادیمیەکی پزیشکی لە چیاکانی قەندیل کراوەتەوە و گەریلاکانی بەشدار لەو ئەکادیمیایە ڕاهێنانی پزیشکیان پێدەکرێت.
بە پێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی فورات نیوزی سەر بە پەکەکە، ئەکادیمیا پزیشکیەکە بە ناوی دکتۆر (مێهمەت هایری دورموش)ەوە ناونراوە کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی پەکەکە. 

"بۆ کەرتی تەندروستیمان ئەکادیمیاکە هەنگاوێکی گەورەیە"
(ئاڤاشین دەلیلا) یەکێکە لە گەریلاکانی لە ئەکادیمیا پزیشکیەکە دەخوێنێت، ئەو بە دەزگای فورات نیوز دەڵێت  "دانیشتن لەسەر کورسیەکانی ئەم ئەکادیمیایە لای من بەرپرسیارێتیەکی گەورەیە. مێهمەت هایریی کۆچکردوو دکتۆر بووە و ئێمەش هەوڵ دەدەین جێ پێیکانی ئەو پڕبکەینەوە. لە ڕووی تەندروستیشەوە، کردنەوەی ئەم ئەکادیمیایە هەلێکی نایابە. لە داهاتوودا ئێمە فێردەبین چۆن بتوانین یارمەتی هەڤالەکانمان بدەین لە چیاکان، ئەم کارە زۆر نایاب و پڕبەهایە، هەر بۆیە من دەمەوێت گەشە بە تواناکانم بدەم لەم ئەکادیمیایە."
ئەو بە شانازیەوە باسی دکتۆرە کۆچکردوەکەی دامەزرێنەری پارتەکەیان دەکات و دەڵێت خەبات ئەو وایکردوە ئەم ئەکادیمیایەی بەناوەوە بکرێت. خوێندن و خەباتی گەریلاییش بە تەواوکەری خەباتی زیندانەکان لەقەڵەمدەدات. 

جیاوازی نێوان سیستەمی پەروەردەی پەکەکە و سیستەمی وڵاتان
گەریلاکانی پەکەکە لەسەر پرینسیپ و بیر و باوەڕێکی جیاواز کەرتی پەروەردەیان بەڕێوە دەبەن و سیستەمی زۆرێک لە وڵاتان بە کاریگەر بە سیستەمی سەرمایەداریی لەقەڵەم دەدەن. ئازێ سەرحەد یەکێکی ترە لە گەریلا ژنەکانی لەم ئەکادیمیا پزیشکیەدا بەشدارە، ئەو پێش پەیوەندی کردن بە پەکەکەوە بڕوانامەی پزیشکی بەدەستهێناوە و وەک دکتۆر کاری کردوە. ئازێ جیاوازیەکانی شێوازی خوێندنی سیستەمی سەرمایەداری و پەکەکە بۆ ئاژانسی فورات نیوز باس دەکات. ئەو دەڵێت: "من لە ئەڵمانیا کۆلێجی پزیشکیم تەواوکردوە و لەوێ لە چەقی سیستەمی سەرمایەداریدا وەک پزیشک کارم کردوە. ئێستا لە ئەکادیمیا پزیشکیەکەی ئێرە لە چیاکانی کوردستان دەخوێنم." 
ئەو دەڵێت کە هۆکاری بوون بە پزیشک لای ئەو ئەوە بوە کە پزیشک پارەی زۆر پەیدا دەکات و ئەوەش لە سیستەمی سەرمایەداریدا پێویستییە. بەڵام کارکردن لە تەندروستیدا لە قەندیل بە جیاواز دەبینێت و دەڵێت: "لە کۆمەڵگادا پزیشک بەس دەرمان بەکار دێنێت، گەر نەخۆشبکەویت ڕەنگە دەرزیەکت لێبدات. بەڵام لێرە کاتێک یەکێک لە ئێمە بریندار دەبێت و ئازاری هەیە بە ڕۆحیەتی پێکەوەیی و هەرەوەزی خزمەتی تەندروستی دەکرێت."

"لە ڕیزەکانی پەکەکەدا باشترین دەرمان هەبوونی کۆمەڵگای هاوخەم و هاوکارە" 
لە میانەی وتەکانیدا دکتۆرە گەریلاکە دەڵێت: "جیاوازی ئێرە و ئەوێ ڕوونە. لەوێ مرۆڤەکان وەک مەکینەیەک تەماشادەکرێن. تەنها لایەنە فیزیاییەکە لێکدەدرێتەوە و وەک تاکێک تەماشادەکرێت و شیکاری بۆ دەکرێت بێ گوێدانە ڕۆحیەت و هەستی ئەو مرۆڤە. بەڵام لێرە لە پەروەردەدا، جا لە هەر بوارێکدا بێت، فێرخواز فێردەکرێت کە هاوکاریی و پێکەوەبوون لە سەروو هەموو شتێکەوەیە."
ئەو پێی وایە کە لە چیاکان گەر گەریلایەک بریندارببێت و ئازاری هەبێت ئەوا وە مەکینەیەک یان کەرەستەیەک تەماشا ناکرێت و بە وتەی دکتۆرە گەریلاکە "ئێمە زامەکانیان لەگەڵیاندا هەست پێدەکەین و گرنگە بەلامانەوە کە هاوخەمیان بۆ دەربڕین." هەر بەم بیرکردنەوەیەشدەوە، ئازێ پێی وایە، دەبێت خزمەتی تەواوی گەلبکرێت و هەست بە ئازار و زامەکانیان بکرێت. 

ئەکادیمیای پزیشکیی (مێهمەت هایری دورموش) یەکێکە لە چەندین ئەکادیمیا فێرکاریەکان کە لە لایەن پەکەکەوە لە میانەی پرۆسەی پەروەردە و ڕۆشنبیری حیزبیدا شانبەشانی ڕاهێنانی سەربازی بۆ گەریلاکانی ئەو حیزبە دانراون. 
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار