لەنێو ئیدارەی بایدن ناکۆکی هەیە لەسەر ئاگربەست
زیاتر لە ٤٠٠ کارمەندی باڵاو ئاسایی ئیدارەی بایدن داوا لەسەرۆکی ئەمریکا دەکەن ئاگربەست رابگەیەنێت
12 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لەکاتێکدا نەخۆشخانەکانی غەززە دەورەدراون و نەخۆشخانەی شیفا بووەتە «گۆڕستان»، فشارە نێودەوڵەتییەکان زیاتر بوون بۆ سەر ئیسرائیل تا جەنگ رابگرێت، تەنانەت دۆخەکە گەیشتووەتە ئەوەی کە لەناو ئیدارەی بایدن رەخنە لەسیاسەتی ئیدارەکە بگیرێت و چەندین کارمەندی باڵا داوای ئاگربەست بکەن.
لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە فشارە نیودەوڵەتییەکان زیاتربوون بۆ سەر ئیسرائیل، بەڵام وڵاتەکە سوورە لەسەر هێرشی بەردەوام و لەنوێترین هەنگاویدا چەند «بەڵگەیەکی نیشانداوە تا بیسەلمێنێت کە نەخۆشخانەکان لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە بەکار دەهێندرێن.
بنیامین ناتانیاهۆ گوێ بەفشارە نێودەوڵەتییەکان نادات و دەڵێت، ئەگەر پێویست بکات «رووبەڕووی هەموو جیهان دەبینەوە».
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەوڵاتانی عەرەب دەڵێت ‹بێدەنگ بن›
لە رۆژی شەممەی رابردوو لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بنیامین ناتانیاهۆ لەسەر داواکاری ئاگربەست وتی، «هیچ ئاگربەستێک نابێت هەتا بارمتەکان نەگەڕێنەوە، ئێمە تا ئەرکەکەمان کۆتایی نەیەت ناوەستین، هیچ جێگرەوەیەک بۆ سەرکەوتن نییە، ئێمە حەماس تێکدەشکێنین و بارمتەکانمان دەگەڕێنینەوە.»
هەرچەندە ئەمریکا پشتیوانی سەرسەختی ئیسرائیلە بەڵام هەیینی رابردوو ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، نەیشاردەوە کە «مەدەنی زۆر زۆر لەغەززە کوژراون.»
لە رۆژی شەممەی رابردوو و پێش کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی ناتانیاهۆ، ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، داوای ئاگربەستی لەئیسرائیل کردو رایگەیاند «ئەمڕۆ خەڵکی مەدەنی بۆردومان دەکرێن، ئەم ژن و منداڵ و خەڵکە بەتەمەنانە بۆردومان دەکرێن و دەکوژرێن، ئەمە هیچ هۆکارو شەرعیەتێکی نییە.»
هەمان رۆژ لەلوتکەی وڵاتانی ئیسلامی-عەرەب لە ریازی پایتەختی سعودیە کە بەبەشداری 57 وڵات بەڕێوەچوو بەیاننامەیەکی هاوبەش بڵاوکرایەوەو تێیدا داوای کۆتایهێنان بە بۆردومان و گەمارۆدانی غەززە کرا لەگەڵ گەمارۆ خستەنەسەر فرۆشتنی چەک بەئیسرائیل و راگەیاندنی ئاگربەست.
ناتانیاهۆ لەکۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا وەڵامی وڵاتانی ئیسلامی-عەرەبی دایەوەو وتی، «دەبێت دژی حەماس بوەستن، ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە تەنها کارەسات و خوێنڕشتن و هەژاری بۆ غەززە دەستەبەر کردووە.»
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وەڵامی سەرۆکی فەرەنساشی دایەوەو رایگەیاند کە ماکرۆن «هەڵەیەکی ئەخلاقی» کردووەو هیچ فشارێکی نێودەوڵەتی و بەڵگەی هەڵە لەسەر سەربازانی ئیسرائیل کاریگەری ناخاتە سەر مافی ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن لەخۆی.
لەبەشێکی تری قسەکانیدا بنیامین ناتانیاهۆ وتی، «ئەگەر پێویست بکات دژی هەموو جیهان دەوەستینەوە» لەپێناو لەناوبردنی حەماس و داوای لەسەرکردە عەرەبەکان کرد کە «بێدەنگبن» ئەگەر بیانەوێت «داهاتووی خۆیان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پارێزراو بێت».
دۆخی نەخۆشخانەکانی غەززە
لە رۆژی سێشەممەی رابردووەوە تانکی ئیسرائیل گەمارۆی دەروازەکانی نەخۆشخانەی شیفاو چەند نەخۆشخانەیەکی تریان داوەو بەرپرسانی تەندروستی دەڵێن، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری لەزۆربەی نەخۆشخانەکان نەماوە بەهۆی بێ کارەبایی و بەردەوامی شەڕ.
ئۆفیسی کاروباری مرۆیی نەتەوەیەگرتووەکانیش رایگەیاندووە لەئێستادا تەنها یەک نەخۆشخانە لەتەواوی غەززەدا لەکاردایەو ئەوانی تر کارەکانیان پەکی کەوتووە بەهۆی نەمانی خواردن، ئاو، ئۆکسجین و کارەباوە.
پیشتر محەممەد ئەبو سەلمییە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شیفا لەغەززە باسی لە دۆخی خراپی نەخۆشخانەکەی کردو وتی، نەخۆشخانەی شیفا دەورە دراوە بەسەربازی ئیسرائیلیی و ناهێڵن کەس بجوڵێت، تەنانەت ئەگەر هەر کەسێک بجوڵێت تەقەی لیدەکرێت.
«خەڵک لەناو نەخۆشخانەکە دەمرن، نەخۆشەکان خولەک لەدوای خولەک دەمرن و قوربانی و بریندارەکانیش لەسەرەمەرگدان، تەنانەت منداڵانی ناو شووشەش»، محەممەد ئەبو سەلیمە وای وت.
دوێنێ سێشەممە وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند، ستافی نەخۆشخانەی شیفا گۆڕێکی بەکۆڵ لەنێو حەوشەی نەخۆشخانەکە هەڵدەکەنن بۆ ١٥٠ تەرم بەهۆی ئەوەی ناتوانن بیانبەنە دەرەوە.
لەچاوپێکەوتنیکیدا لەگەڵ کەناڵی فرانس ٢٤، محەممەد ئەبو سەلیمە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شیفا لەسەر دۆخی ناو نەخۆشخانەکە وتی، «نەخۆشخانەکە تەنها چوار دیوارێکە بۆ ئەوەی خەڵک تێیدا بمرن چونکە چارەسەر ناکرێن، بووەتە گۆڕێکی بەکۆمەڵ، هەر ئەم بەیانییە حەوت کەس تر بەهۆی نەمانی ئۆکسجینەوە مردن، هەر خولەکێک بڕوات مەترسی بەرزبوونەوەی مردنی زیاتر هەیە».
نارەزایی لەنێو ئیدارەی بایدن
ناڕەزایەتییەکان تەنها وڵاتانی ئیسلامی-عەرەبی نەگرتووەتەوە، بەڵکو لەنیو خودی ئیدارەی بایدنیشدا ناکۆکی هەیە لەسەر هەڵوێستی ئیدارەکەو پاڵپشتی لەئیسرائیل بۆ هێرشکردنەسەر غەززە.
هەفتەی رابردوو جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، فشاری لەئیسرائیل کرد کە بۆردومانی نەخۆشخانەی شیفا نەکات بەهۆی ئەو هەموو راپۆرتانەی باسی مردنی منداڵانی ناو شووشەیان دەکرد کە ئۆکسجینیان لێبڕاوە لەبەر نەمانی کارەبا.
کەناڵی ئێن بی سی ئەمریکی لە راپۆرتێکیدا ئاشکرایکرد کە زیاتر لە ٤٠٠ کارمەندی ئیدارەی بایدن نامەیەکی کراوەیان واژۆ کردووە کە داوا لەسەرۆکی ئەمریکا دەکەن ئاگربەست لەجەنگی حەماس-ئیسرائیل رابگەیەنێت کە بووەتەهۆی کوژرانی زیاتر لە ١١ هەزار فەڵەستینی و هەزارو ٢٠٠ ئیسرائیلی.
لەنامەکە هاتووە، «ئێمە نوێنەرایەتی هاوپەیمانیەتییەک دەکەین لەئیدارەی بایدن کە پێکهاتووین لەهەڵبژێردراوانی ساسیی و کارمەندی مەدەنی لەبەشەکانی دەرەوەو ناوخۆی ئیدارەکە، وەزارەتەکان، ئاژانسە سەربەخۆکان، هەروەها لەنێو کۆشکی سپی».
«داوا لەسەرۆک بایدن دەکەین بەزوویی داوای ئاگربەست و هێورکردنەوەی دۆخەکە بکات بەزامنکردنی ئەوەی بارمتە ئیسرائیلییەکان دەستبەجێ ئازاد بکرێن و لەگەڵ رەشبگیری فەڵەستینییەکان و ناردنەوەی، ئاو، سوتەمەنی، کارەبا و خزماتگوزارییە سەرەتاییەکانی تر، لەگەڵ کردنەوەی رێڕەو بۆ گەیشتنی هاوکاری مرۆیی بۆ غەززە».
دوو بەرپرسی ئیدارەی بایدن کە بەشداربوون لەهەوڵەکەدا بە ئین بی سییان راگەیاندووە کە لەسەرەتاوە تا ئێستا نامەکە پێشوازییەکی باشی لێکراوەو واژۆی کارمەندی باڵاو نیزامی ئیدارەی بایدنی تێدایە لەناوخۆی حکومەت و دامەزراوەکانی دەرەوەی ئەمریکا کە بەشێکیان بریتین لەکارمەندی وەزارەتی بازرگانی، بەرگری، ناوخۆ، ئاسایشی نیشتمانی و تەنانەت ئۆفیسی راپەڕاندنی کارەکانی خودی بایدن.
لەلایەکی ترەوە، رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی ئاشکرایکردووە کە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نامەیەکی بۆ هەموو ئەو ستافانەی وەزارەتی دەرەوە ناردووە کە ناڕازین و گومانیان هەیە لەسیاسەتی ئەمریکا لەبەرامبەر پشتگیرییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل.
بەپێی رۆژنامەکە، لەنامەکەدا بلینکن دانی بەوەداناوە کە هەندێک دیپلۆماتکاری ئەمریکی ناڕەزایەتییان دەربڕیوە سەبارەت بەپشتگیری ئەمریکا بۆ ئیسرائیل لەگەڵ ئەوەی ئیسرائیل بەردەوامە لەهێرشەکانی و زیاتر لە ١١ هەزار کەس لەغەززە کوژراون.
چەند بەرپرسێکی ئەمریکا بەواشنتن پۆستیان راگەیاند، بلینکن چەندین بروسکەی لەسیستەمی ناڕەزایەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێگەیشتووە کە ئەو سیستەمە لەکاتی جەنگی ڤێتنامدا دامەزراوە تا رێ بەدیپلۆماتکارانی وڵاتەکە بدات ناڕەزایەتی خۆیان لەسەر سیاسەتی ئەمریکا دەرببڕن بەبێ ئەوەی ناویان ئاشکرا ببێت.
نامەکەی بلینکن دوای سەردانێکی نۆ رۆژی دێت بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و تێیدا دەڵێت، «دەزانم کە بۆ بەشێکی زۆر لە ئێوە ئەو ئازارەی کە بەهۆی ئەم قەیرانەوە دروستبووە کاریگەرییەکی شەخسی دەکاتە سەرتان».
«ئەوەش دەزانم کە هەندێک کەس لەناو وەزارەت رەنگە هاوڕا نەبن لەگەڵ ئەو رێگەیەی ئێمە گرتومانەتەبەر. ئێمە چەندین لوتکەمان راگەیاندووە کەگوێبیستی ئێوە بین و داوامان لەبەڕێوبەرکان و تیمەکان کردووە تا گفتوگۆ رێکبخەن لەسەرتاسەری جیهاندا تا بتوانین بۆچوونەکانتان ببیستین، ئەوەی ئێوە دەیڵێن سیاسەتەکانی ئێمە دوڵەمەندتر دەکات بەزانیاری.
ئەو نامەیەی بلینکن بۆ «ئاژانسی نێودەوڵەتی ئەمریکا بۆ پەرەپێدان»یش (USAID) نێردراوە کە زیاتر لەهەزار کارمەندی رێکخراوەکە نامەیەکی کراوەیان ناردووە بۆ بایدن تا داوای ئاگربەست بکات.
ئیسرائیل بەڵگەکانی چین؟
لەدووشەممەی رابردوو دانیاڵ هەگاری، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل، بەجلوبەرگی سەربازییەوە زانیاری نوێی لەسەر جەنگدا لەشوێنیکی نوێوە کەپیشتر بەو شێوەیەی نەکردووەو ئەو شوێنەش ژورێک بوو لەنەخۆشخانەی رانتیسی لە غەززە.
هەگاری لەژوورەکەدا دەستی بۆ هێلەکی خۆکوژی، رومانەو موشەکی دژە تانک درێژ دەکردو وتی کە ئەو بارمتانەی لەلایەن حەماسەوە لە ٧ی مانگی رابردوو رفێنراون بەئەگەرێکی زۆرەوە لەم ژێرزەمینەدا بوون. لەکاتی قسەکردنیدا وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رۆژژمێرێکی پیشاندا کە وتی ئەمە چەکدارانی حەماس بەکاریانهێناوە تا هاتن و چوونی خۆیانی پی دیاریبکەن و بە نۆرە چاودێری بارمتەکان بکەن. بەپێی ئاماری سوپای ئسیرائیل، زیاد لە ٢٤٠ بارمتەی ئیسرائیل لای حەماس بوونیان هەیەو حەماس رایگەیاندووە تائێستا بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە ٥٠ کەسیان کوژراون.
ئەو زانیارییانەی دانیاڵ هەگاری لەگرتە ڤیدیۆیەکدا بەشێک بوو لەو هەوڵانەی حکومەتی ئیسرائیل تا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی قایل بکات بەوەی هێرشەکانی بۆ سەر نەخۆشخانەکان بەئامانجگرتنی خەڵكی مەدەنی نییە وەک ئەوەی دەڵێن، بەڵکو بۆ ئەوەیە ژێرخانی حەماس بەئامانج بگرن.
ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ دەڵێت، کارێکی ئاسان نییە ئیسرائیل بەڵگەکانی بسەلمێنێت چونکە قسەکانی وتەبێژی سوپای ئیسرائیل قایلکەر نەبووە و پیشاندانی چەند چەکێک و خۆحەشاردانی چەند کەسێک لەژێرزمینێکدا وەک ئەوە نییە کە دەست بگریت بەسەر ناوەندێکی فەرماندەیی حەماسدا کە لەوکاتەدا دەتوانیت بڵێیت نەخۆشخانەکە ئامانجێکی سەرەکی سەربازییە.
گای شالیڤ، بەڕێوەبەری پزیشکانی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لەئیسرائیل بەئاژانسی بلومبێرگی وتووە، «وەستانی وتەبێژی سوپا لەشوێنێک و بڵێت من لەژێرزەمینێکی نەخۆشخانەکەم بەس نییە، دەبێت ئەوە پشتڕاست بکرێتەوەو تەنانەت ئەگەر هەڵسەنگاندنەکەشی راست بێت، بە لەبەرچاوگرتنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و ئەخلاقی سەرەتایی، نەخۆش و خەڵکی مەدەنی نابێت بەئامانج بگیرێن».