«لەسەر داواکردنی مووچەکەم دەرکرام»؛ لەدهۆك دوورخستنەوەی كرێكاران لەحاڵەتەوە بووەتە دیاردە
12 مانگ لەمەوپێش
عەممار عەزیز
«تەنها لەدەزگایەكی راگەیاندن داوای مووچەی خۆم كرد كەچەند مانگێك وەرماننەگرتبوو، كۆمپانیاكەم دەریکردم»، ئەمە قسەی ژینگەپارێزێكی ئاکرێیە کە بۆ داوای مووچەکەی ماوەی دوو مانگ لەلایەن بەڕێوەبەری ئەو کۆمپانیایەی کاری لێدەکات لەسەر کار لابراوەو بەمەرجی ئەوەی جارێکی تر قسە نەکات وەریدەگرنەوە.
ئەمە تاکە نموونە نییەو هەر ماوە ماوە كرێكاران بە بیانووی جۆراوجۆر لەسنوری پارێزگای دهۆك دەردەكرێن. تەنها لەسنوری قەزای ئاكرێ نزیكەی 10 كرێكار لادراون و كەسانی تر لە شوێنەكانیان دانراون .
(ب، ك) ناوی ژینگەپارێزێكی قەزای ئاكرێیە كە لەساڵی 2013وە لەگەڵ كۆمپانیای ئێم ئار ئێف كاری پاكکردنەوەی شەقام و شوێنە گشتییەكان دەكات و بەهۆی دواكەوتنی مووچەكەی لە دەزگایەكی راگەیاندن داوای كردبوو كە مووچەكەی پێبدەن، بەڵام كۆمپانیەكە بۆ ماوەی دوو مانگ سزای دەدات و رێگەی پێنادەن بگەرێتەوە سەر كار.
«لەمانگی تەمموزی ئەمساڵ جارێك قسەم بۆ دەزگایەكی راگەیاندن كرد لەسەر دواكەوتنی مووچە كە ئەوكات مووچەی دوو مانگمان وەرنەگرتبوو، تەنیا وتم داوا لەكۆمپانیاكە دەكەم مووچەكەمان دابەش بكات و چیتر ناتوانین بەبێ مووچە دەوام بكەین ، دوای چەند رۆژێك بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە دەریكردم»، ب.ک وای وت.
ئەو ژینگەپارێزە دەڵێت، «مووچەكەم 410 هەزار دینارەو بۆ ئەو دوو مانگە تەنها 72 هەزار دیناریان پیداوم، پێش سێ هەفتە بەهەزار تكاو پارانەوە و بەكۆمەڵێك مەرجی تازە لەوانە جارێكی تر گلەیی نەكەم لەسەر دواكەوتنی مووچە ، ئەمە لەكاتێكدایە كە ئەمە سەرەتاییترین مافی خۆمانە، نەك من چەند كەسێكی تر بەهەمانشێوە بۆماوەیەك لەكار دەرکران «.
کرێکارێکی تر کە بۆ هاوڵاتی قسەی کردووە باس لەوە دەکات تەنها لەسەر ئەوەی دایکی قسەی لەسەر پاڵاوگەکانی قەزای سێمێڵ کردووە لەکارەکەی دووریانخستووەتەوە.
ج. ر تەمەن 25 ساڵ كرێكاری یەكێك لەكارگەكانی دروستكردنی زەیت بووە لە كۆمەڵگای كواشێ سەر بەقەزای سێمێل و رۆژانە بەشێوەیەكی رێكوپێك دەوامی خۆی کردووە، بەڵام لەناكاو لەسەر كارەكەی دەرکراوە.
لەسەر دوورخستنەوەی ج.ر بەهاوڵاتی وت، «پێش چەند مانگێك یەكێك لە تەلەفزیونەكان راپۆرتێكیان هەبوو لەسەر پیسبوونی ژینگە کەناوچەی كۆاشی زیاتر لە 20 كارگەو پاڵاوگە هەن و دایكم قسە بۆ تەلەفزیۆنەكە دەكات و دەڵێت رۆژانە رووبەڕووی بۆنێكی پیس و دۆكەڵێكی رەش دەبینەوە هەمووشی لەڕێگای ئەو كارگە و پاڵاوگانەیە، لەسەر ئەم قسانە دوای چەند رۆژێك منیان لەكار دەركرد ، بیانوەكەی ئەوان ئەوەبوو كە ئیش كەمبووتەوە بەڵام هۆكارە سەرەكیەكە ئەوە بوو كە دایكم قسەی كردبوو».
بەپێی ئاماری لقی دهۆکی سەندیکاری کرێکاران، لەسنوری پارێزگای دهۆك نزیكەی 125 هەزار كرێكار هەن بەئاوارەكانیشەوە، لەم ژمارەیە لەسەدا 20 ئاوارە و خەڵكی بیانییە ئەوەی تر كرێكاری ناوخۆیییە ، لە 10 مانگی رابوردوودا شەش كرێكار لەسنوری پارێزگای دهۆك گیانییان لەدەستداوە هەشت كەس برینداربوون.
سەندیکای کرێکاران لەدهۆک باس لەوە دەکات کە زۆربوونی سەرپێچییەکان بەرامبەر کرێکاران بەشێکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کرێکاران سکاڵا تۆمارناکەن.
«كرێكاران كەمتەرخەمن چونكە سكاڵا تۆمارناكەن، تەنها ئەمساڵ زیاتر لە 100 حاڵەتی پێشیلكردنی مافی كرێكاران هەبووە بەهەموو جۆرەكانیەوە تەنیا سێ كەس بە رەسمی سكاڵای تۆماركردووە»، وەڵات ئوزمانی، بەرپەرسی لقی دهۆكی سەندیكای كرێكاران لەشاری دهۆك وای وت.
وەڵات ئوزمانی دەشڵێت، «سکاڵایەکمان بردووەتەوە وەكو سەندیكا دووانەكەی هێشتا ماون ، هەروەها هەندێك كەس هەبووە دوای تۆماركردنی سكاڵای خۆی جارێكی تر پەشیمان بووەتەوەو سكاڵاكەی كشاندوەتەوە ، تەنیا خۆم زیاتر لە 100 حاڵەتمان چارەسەركردووە، ئەگەر ئەوان داوای مافی خۆیان نەكەن ئێمە چۆن مافیان بپارێزین».
وەڵات ئۆزمانی باس لەوە دەکات تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن کرێکارانەوە کارێکی «بەرهەم بەخش» دەبێت چونکە ئەوان دەتوانن لەڕێگای یاساوە دواتر مافەکانیان بۆ بگەڕێنینەوە، «بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ئەو هۆشیاریە لای كرێكاران دروست نەبووە لەهەمان كاتیشدا ترسیان لە دەستەڵاتی خاوەن كاریان هەیە».
عەبدولكەریم حەماد، بەرێوەبەری كار لەپارێزگای دهۆك بە هاوڵاتی وت، «دەركردنی كرێكار لەلایەن خاوەن كارەوە هەیە بەڵام هیچ داتایەكی رەسمی نیە چونكە لای ئێمە تۆمارناكرێن، ئەگەركرێكارێك دەركرابێت و پێشتر گرێبەستی هەبێت لای خاوەن كارو داوامان لێبكات بەدواداچوون بۆ سكاڵاكەی بكەین ئێمە ئامادەین بەرگری لەو كرێكارەیە بكەین».
عەبدولكەریم حەماد وتیشی : پێش هەموو شتێك دەبێت بزانین ئەو كرێكارەی سكاڵای تۆماركردووە لای ئێمە بەفەرمی تۆماركراوە گرێبەستی ئەو لەگەڵ خاوەن كار هەیە یان بەپێچەوانەوە، ئەمانەو كۆمەڵێك رێكاری تر هەن كە پێویستە كرێكار بیكات ، ئەگەر هەموو ئەمانەش نەبوو ئەگەر داوامان لێكرا ئەوەندەی لەتواناماندا بیت بەرگری لەكرێكاران دەكەین «.