پارتی و یەكێتی چاوەڕێی بڕیارێكی دادگای فیدراڵی عێراقن لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان
12 مانگ لەمەوپێش
سەركۆ جەمال
پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان چاوەڕێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراقن سەبارەت بەو سكاڵایانەی لەسەر لیستی تۆماری دەنگدەران هەن، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانیش جەختدەكاتەوە بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ دواخستنی نابن، سەرچاوەیەكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقیش دەڵێت ئەو سكاڵایە تۆماری حزب و هاوپەیمانیەكانی دواخستووە، شارەزایەكی هەڵبژاردنیش باس لەوەدەكات دەنگی ئەوە هەیە لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیش بكرێت.
یەكێتی كێشەی لەگەڵ یاسای هەڵبژاردن هەیە
رزگار حاجی حەمە، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئێمە كێشەمان لەگەڵ یاسای هەڵبژاردن هەیە، یەكێتی نایەوێت هەموو كوردستان یەك بازنەی هەڵبژاردن بێـت و ئەمە داواكاری زۆرێك لەلایەنەكانیشە، بەڵكو دەمانەوێت هەرێمی كوردستان ببێتە چوار بازنەی هەڵبژاردن و هیچ كەسێك لەپارێزگایەك دەنگی نەڕوا بۆ كاندیدی پارێزگایەكی دیكە».
وتیشی:»دەمانەوێت یاسایەكی گونجاو بۆ هەڵبژاردن هەبێت و كۆتاكانیش نەخرێنە خزمەت هیچ لایەنێكی سیاسی و بتوانن نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن، ئەگەرنا كەس وەك یەكێتی بڕوای بەمافی پێكهاتەكان نییەو بگرە چەند جارێكیش داوامانكردووە لیستێكی تۆماری دەنگدەرانی تایبەت بەخۆیان هەبێت».
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی پێی وایە «ئەگەر لیستێكی پاكی دەنگدەران هەبێت ئەوا خەڵك زیاتر متمانەی بەهەڵبژاردن دەبێت».
دەشڵێت:»سكاڵایەكمان لەدادگای فیدراڵی هەیە سەبارەت بەبازنەكانی هەڵبژاردن و لیستی تۆماری دەنگدەران و كۆتاكانیش بڕیارە 19-11-2023 دادگای فیدراڵی عێراق وەڵامی سكاڵاكە بداتەوە».
رزگار حاجی حەمە جەختدەكاتەوە «یەكێتی بەهەموو شێوەیەك ئامادەی هەڵبژاردنەو ئەگەر ئەو سكاڵایەی تۆماریشی كردووە یەكلانەبێتەوە پابەندی ئەوكاتە دەبێت كە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دیاریكردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان».
پارتی: دەبێت هەموو لایەنەكان پابەندی بڕیاری دادگای فیدراڵی بن
بەسام عەلی، بەرپرسی لقی 12ی پارتی دیموكراتی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» هەموو لایەك چاوەڕێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق دەكەین كە 19ی ئەم مانگە دەردەچێت، دواتر كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بڕیاردەدات لەوكاتەی دیاریكراوە هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت یاخود نا».
وتیشی:» ئێمە پێشتریش لەسەر لیستی تۆماری دەنگدەران و كۆتاكان لەگەڵ لایەنەكان لەگفتوگۆدابووین، بەڵام بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بەنایاسایی بوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆكانی هەڵوەشاندەوە، بۆیە دواجار دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاردەدات لەسەر ئەو سكاڵایانەی لەسەر هەڵبژاردنی هەرێم هەن و دواتر دەبێت لایەنەكانی هەرێم پابەندی هەر بڕیارێك بن كە دادگاكە دەیدات».
یەكگرتوو ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن
هەر لەسەر ئەو پرسە، خەلیل ئیبراهیم، كارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەلای ئێمە گرنگە لەكاتی خۆیدا بكرێت، بەداخەوە كاتەكەشی زۆر بەسەرچووە، بەڵام ئەوكاتەی دیاریكراوە كە 25ی شوباتی 2024-ە بەزۆر گرنگی دەبینین، دەبێت كۆتایی بەنەریتی درێژكردنەوە لەكوردستان بهێنرێت، چونكە پێچەوانەی یاساو دەستورو ماف و ئیرادەی خەڵكە».
وتیشی:»خەڵك بۆ چوارساڵ دەنگدەدات، دوای ئەوە خەڵك مافی هەیە هەڵسەنگاندن بكات، ئێمە وەكو یەكگرتوو ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەگرنگ دەبینین، بۆیە كاتێكیش تەمەنی پەرلەمانی كوردستان درێژكرایەوە سەرجەم فراكسیۆنەكەمان دەستیان لەكاركێشایەوە و بە ناشەرعیمان زانی».
كارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دەشڵێت:»سوپاس بۆ خوا زۆر ئامادەین بۆ هەڵبژاردن و بەگەرموگوڕی بەشدار دەبین و لەگەڵ هیچ دواخستنێك نین، هەر هەوڵێكیش هەبێت بۆ دواخستنی ئێمە لەگەڵی نابین».
«سەبارەت بەلیستی تۆماری دەنگدەران كاتی خۆی باسمان كردووە، ئێمە پشت بەلیستەكەی عێراق دەبەستین، ئەویش دەبێت پاكبكرێتەوە، ئەوە زۆر گرنگە بۆمان، كاتی خۆی بۆ یاسای هەڵبژاردنی كوردستان پرۆژەمان هەبوو سەبارەت بەكۆتاو فرە بازنەییش، لەگەڵ چۆنیەتی بژاردنی دەنگەكان، كۆتاكانیش حەزدەكەین خۆیان دەنگ بەخۆیان بدەن، تۆماری دەنگدەرانی خۆیان هەبێت، بۆ خۆشیان و هەرێمی كوردستانیش باش نییە». خەلیل ئیبراهیم وای وت.
ئەو بەرپرسەی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان باس لەوەشدەكات «یەكگرتوو فرەبازنەیی بەگرنگ دەزانێت و زیاتر دادپەروەری تێدایە، بەپێی ژمارەی دانیشتوانی پارێزگایەك، بۆیە داوامان كردووە هەڵبژاردن بەفرە بازنە بێت و لەگەڵ هیچ لایەنێكیش نابین كە ئاستەنگ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دروستبكات».
كۆمسیۆن: ئەگەر سكاڵاكان بڕیاریان لێبدرێت رێنمایی نوێ دەردەچێت
سەرچاوەیەك لەكۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بۆ هاوڵاتی ئەوەی ئاشكراكرد:»لەڕاستیدا كاتی هەڵبژاردن دیاریكراوە بەڵام تائێستا دەست نەكراوە بەتۆماركردنی ناوی حزبەكان و هاوپەیمانی سیاسی ئەوەی پەیوەندی بەتۆماری دەنگدەرانەوە هەبێت كۆتایی هاتووەو لەدایكبوانی 2006 یش تۆماركراون».
وتیشی:»رێوشوێنەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەر ئەوانە دەبن كە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق دەكرێن، بەڵام چەند سكاڵایەك هەن ئەگەر یەكلابنەوە كۆمسیۆن لەدوای ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی عێراق رێنمایی دەردەكات چونكە بڕیارێكی جیاواز هەموو شتێك دەگۆڕێت».
شارەزایەكی هەڵبژاردن: لیستی تۆماری دەنگدەرانی عێراق لەوەی هەرێم پاكترە
سەعید كاكەیی ئەندامی پێشووی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق و شارەزای بواری هەڵبژاردن، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»ئەو لیستەی تۆماری دەنگدەران كە لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە ئامادەكراوە پاكترە لەوەی كە كۆمسیۆنی هەرێم هەیەتی، چونكە پشتبەستە بەو داتایانەی كە بۆ كارتی بایۆمەتری كۆی دەكاتەوە، كارتی بایۆمەتریش هەركەسەو وێنەی خۆی لەسەرەو پەنجەمۆریشی هەیە ئەمە لیستێك دروستدەكات كە زۆر نزیك بێت لەواقیعەوە».
سەعید كاكەیی وتیشی:»لیستی تۆماری هەرێم زۆر دوورە لەواقیعەوە لەیەك بنكە جاری واهەبووە 10 كارت بەشێوازی جیاواز دەرچووە، كەئەمەش رێگایەكە بۆ ساختەكاری و چەندین رێگای تر بەكارهاتووە بۆ ساختەكاری، بەشێوەیەك لە 2018ەوە ناوی مردووان لەلیستی تۆماری دەنگدەران دەرنەهێندراوە».
«هیوادارین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەو وادەیەی خۆی دوانەكەوێت، چونكە بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر ئەو مەسەلەیە روون و ئاشكرایە، ئەنجومەنی پارێزگاكان ناشەرعین بەحوكمی ئەوەی وادەكەیان تەواو بووە، جا ئێستا دەنگی ئەوە هەیە لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیش بكرێت لەهەرێم بۆیە ئەگەر لەیەك كاتیشدا نەكرێ دەكرێت لەكاتێكی دواتر كەزۆر نەبێت ئەنجامبدرێت». سەعید كاكەیی وای وت.
ئەو شارەزایەی هەڵبژاردن دەشڵێت:»تەنها لایەن كەئێستا بتوانێت هەڵبژاردنی هەرێم بكات كۆمسیۆنی عێراقە، بۆیە هیچ چارەسەرێكی دیكە نییە، تەواوبوونی وادەی ئەنجومەنی كۆمسیارانی عێراقیش هیچ كێشەیەك دروستناكات، چونكە كۆمسیۆنی عێراق ئەمینداری گشتی هەیە بۆ بەڕێوەبردنی كاروبارەكان و كارمەندەكانیشی كاری خۆیان دەكەن، پێشموایە بەزوویی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران دەنگیان پێدەدرێت و هیچ گرفتێك دروستنابێت».
وتەكانی ئەو شارەزایەی هەڵبژاردن لەكاتێكدایە، پێشتر عیماد جەمیل بەرپرسی راگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاشكرایكردبوو لەئێستادا تەنها ناوی ئەو كەسانەی كە كارتی بایۆمەترییان هەیە لەلیستی تۆماری دەنگدەراندا هەن.
بڕیارە لە ٢٥ی شوباتی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەژێر چاودێری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەسەرپەرشتی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەڕێوەبچێت.