zhyr

سەرکردەیەکی پارتی: زۆربەی دەنگدەرانی کەرکوکی پارتی لەهەولێرن

پارتی لەهەولێرەوە بانگەشە بۆ لیستەكەی كەركوكی دەكات

11 مانگ لەمەوپێش



دلێر عەبدوڵڵا

پارتی دیموكراتی كوردستان، لەهەولێرەوە بانگەشە بۆ لیستەكەی كەركوكی دەكات و جیاواز لەحزبەكانی تر، لەدەرەوەی كەركوكەوە كاندیدەكانی ناساند، سەركردەیەكی ئەو حزبەش رایگەیاند كەزۆرینەی دەنگدەرانی كەركوكی پارتی لەشاری هەولێرن بۆیە ئاهەنگی ناساندنی كاندیدەكانیان لەو شارەدا كردووە، چاودێرێكی سیاسیش پێیوایە كە ئەوە عەیبەیەكی گەورەیە بۆ پارتی و نەدەبوو ئەو كارە بكات.

بانگەشەی لیست و قەوارە سیاسییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق دەستیپێكردو جیاواز لەحزبەكانی تر، پارتی دیموكراتی كوردستان لەشاری هەولێرەوە ئاهەنگی ناساندنی كاندیدەكانی رێكخست و لەبری ئەوەی لەكەركوك كە بەدڵی كوردستان پێناسەی دەكات بانگەشە دەستپێبكات، لەشاری هەولێرەوە خۆی بۆ بەشداریكردن لەو هەڵبژاردنەدا ئامادەكرد.

بڕیارە رۆژی 18ی مانگی كانونی دووەمی داهاتوو، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەڕێوەبچێت، كورد وەك پێكهاتەیەكی سەرەكی و گرنگی پارێزگاكە، بەچەند لیست و قەوارەیەك بەشداری ئەو هەڵبژاردنە دەكات، ئەوەش مەترسی لەسەر كەمبوونەوەی دەنگەكانی كورد دروستكردووەو رەنگە هۆكارێك بێت بۆ پەرتەوازەیی دەنگی كورد لەو هەڵبژاردنەدا.

پارتی دیموكراتی كوردستان، وەك پارتێكی سەرەكی ركابەری لەسەر بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگەكان دەكات، بەڵام پێچەوانەی ئەوەی چاوەڕێ دەكرا. ئاهەنگی ناساندنی كاندیدەكانی لەدەرەوەی كەركوك ئەنجامداو لەشاری هەولێرەوە دەستی بەبانگەشە كرد، لەوبارەیەوە فازیل بەشارەتی سەركردەو كادیری پێشكەوتوی پارتی دیموكراتی كوردستان بەهاوڵاتی وت «بەو حوكمەی هەندێك دەنگدەری كەركوك لەهەولێرە، لەدوای شانزەی ئۆكتۆبەرەوە هاتوونەتە هەولێر لەكاتێكدا لەئەسڵدا كەركوكین و شەرعیەتی دەنگدانیان لەهەولێر هەیە، بۆ ئەوەی كاندیدەكانمان بەمانیش بناسرێن و روونكردنەوەیان پێبدرێت و هانبدرێن و بانگهێشتبكرێن. ئەگەرنا لەبنەڕەتدا مەركەزی بانگەشەكردن لەكەركوكە، بەڵام بەو حوكمەی لەدوای شانزەی ئۆكتۆبەر دەنگدەرێكی زۆرمان هاتووەتە هەولێر بۆیە لەوێ ئەو ئاهەنگە كراوە».

ئەنجامدانی ئاهەنگی ناساندنی كاندیدەكانی پارتی لەهەولێر، ئەو حزبەی رووبەڕووی رەخنەیەكی زۆر كردووەتەوە، چاودێران پێیان وایە كە عەیبەیەكی گەورەیەو نەدەبوو پارتی ئەو كارە بكات، لەوبارەیەوە لەتیف فاتیح فەرەج رۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی بەهاوڵاتی وت «من پێمخۆشە لەكاوێزی مەلا پەروێز ببپرسیت كە لەم ماوەیەدا رەئی خۆی لەسەر سیاسەتی پارتی لەكەركوك خستەڕوو، چونكە زۆر بەڕاشكاوی دەڵێت پارتی وازی لەكەركوك هێناوە. ئەم سیاسەتە هەڵەیە، پارتی كە كەركوك بەدڵی كوردستان دەزانێت بۆ بەجێیهێشتووە؟ بۆیە من باوەڕم وایە ئەمە كارێكی خراپە، دەبوو لەقەڵای كەركوك ئەو ئاهەنگەی بكردایە نەك هەولێر، چونكە ئەوێ هیچ ئەرزشێكی نییە بۆ كەركوك».

لەماوەی رابردوودا پارتی شەڕی گەڕانەوەی دەكرد بۆ كەركوك، بەهۆی داواكردنی بارەگای سەركردایەتی كەركوك كە پاش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 هێزێكی فەرماندەیی هێزە هاوبەشەكانی عێراق دەستی بەسەرداگرت، خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتی ئەندامان و لایەنگرانی ئەو حزبە لەكەركوك ئەنجامدراو بەهۆیەوە چوار كەس كوژران و چەندانی تر برینداربوون، بەڵام دواتر بەبڕیارێكی ئەو حزبە پاشەكشە لەو داوایە كراو بارەگاكەی پێشكەشی زانكۆی كەركوك كرد.

هاوڵاتی ئەوەی زانیوە كە بەهۆی بارودۆخی ئەمنی كەركوكەوە ئەو ئاهەنگە لەهەولێر سازكراوە، بەتایبەت پاش ئەوەی كە رۆژی دووشەممە تەقە لەنوسینگەی شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كرا، كە لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو پۆستەی پێدراوە، لەوبارەیەوە عیسمەت رەجەب بەرپرسی لقی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان بەهاوڵاتی وت «هۆكاری ئەمنی بەشێك بووە لەو بڕیارە، چونكە پارتی هێزێكی كاریگەرەو دوژمنان هەمیشە لەبۆسەدان بۆی، هەنگاوی داهاتوومان لەكەركوك دەبێت و متمانەی تەواومان بەدەنگدەرانی كورد هەیە».

رۆژی دووشەممە 20/11/2023 چەند چەكدارێكی نەناسراو تەقەیان لەنوسینگەی شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كرد لەشاری كەركوك، ناوبراو لەڕوونكردنەوەیەكدا بڵاویكردەوە كەخەڵكی كەركوك لەوە دڵنیادەكەنەوە كەئەم هێرشە هاوشێوەی هێرشەكانی پێشوو لەخزمەتكردنی سەرجەم پێكهاتەكانی كەركوك رایانناگرێت.

پارتی لەم هەڵبژاردنەدا دەیەوێت زۆرینەی دەنگەكان بەدەستبهێنێت، چاوی لەوەیە كورد متمانەی پێبدات و رووداوەكانی شانزەی ئۆكتۆبەر بكاتە دەرفەت بۆ كۆكردنەوەی دەنگی زۆرینەی كەركوكییەكان، لەوبارەیەوە فازیل بەشارەتی بەهاوڵاتی وت «لەدوای رووداوەكانی شانزەی ئۆكتۆبەرەوە، پارتی چەندین هەڵوێستی هەبووە كەخزمەت بووە بەكەركوكییەكان، بۆیە متمانەمان هەیە كەدەنگێكی زۆری كەركوكییەكان بۆ پارتیمان بێت. ئێمە پێمان وایە كورد پێویستی بەوەیە دەنگی یەك بێت، پێش پارتی ئێمە چاومان لەوەیە كورد زۆرینە بهێنێت، بەڵام هەڵوێستەكانی پارتی پاش رووداوەكانی شانزەی ئۆكتۆبەر ئەو راستییەمان بۆ رووندەكاتەوە كە پارتی دەتوانێت زۆرینەی دەنگەكان كۆبكاتەوە».

لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق، كورد بەسێ هاوپەیمانێتی لەپارێزگای كەركوك بەشداری دەكات، هاوپەیمانێتی مەشخەڵی كەركوك، هاوپەیمانێتی پارتی و حزبی ئیسلامی، هاوپەیمانێتی یەكێتی و شیوعی. جگەلەوەش نەوەی نوێ بەجیا بەشداری دەكات. هەروەها هەریەكە لەحزبی زەحمەتكێشان و بزووتنەوەی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاری بایكۆتی هەڵبژاردنەكەیان داوە. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار