ئەو 41 کرێکارەی لە تونێلێکی هیندستان لە 12ـی ئەم مانگەوە گیریان خواردبوو، رزگارکران

8 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دوای ئەوەی لە هندستان لە کاتی دروستکردنی تونێلێکدا کۆنکریت و داروبەردی شوێنەکە بەسەریاندا رووخا و 41 کەس لە ژێرەوە گیریان خوارد، دوای ١٧ ڕۆژ توانرا ڕزگاربکرێن.

چەند رۆژێک بوو تیمێکی ئەندازیاری خەریکی هەڵکەندنی  تونێلی سیلکیارا لە ویلایەتی ئوترەخان لە هیندستان بوون، بەڵام لە 12-11-2023 کاتێک ویستیان بۆرییەکی ستیل لە قووڵایی 57 مەتر جێگیربکەن، کۆنکریت و داروبەردی شوێنەکە بەسەریاندا رووخا و 41 کەس لە ژێرەوە گیریان خوارد.

ئەو 41 کەسە لە شوێنێکی کراوەدا گیریان خواردبوو؛ خواردن، ئاو، ئۆکسجین و دەرمانیان لە رێگەی بۆرییەکەوە پێدەدرا.

رۆژی سێشەممە 21-11-2023، هێزەکانی بەرگریی شارستانی لە رێگەی بۆرییەکەوە کامێرایەکیان ناردە ژوورەوە و توانییان ئەو 41 کەسە ببینن. لە ڤیدیۆکە دەرکەوت کە هەموویان زیندوون و لە شوێنێکی کراوەدا گیریان خواردووە کە 8.5 مەتر بەرزە و نزیکەی دوو کیلۆمەتر درێژە.

 دوای بەردەوام کارکردنی تیمەکانی رزگارکردن بۆ ماوەی 17 رۆژ بە بەردەوامی  ئەمڕۆ سێشەممە، 28-11-2023، دواجار توانییان یەک بە یەک رزگاریان بکەن.

ئەندازیارانی پرۆژەکە دەڵێن، کێشەی سەرەکی خاویی پرۆسەکە ئەوەبوو، بەهۆی سەختیی شوێنەکە ئامێرە گەورەکانی هەڵکەندن لەکاردەکەوتن. هەندێکجاریش لە ئەنجامی هەڵکەندن، داروبەردی زیاتر بەردەبوونەوە و کارەکەی قورستر دەکرد.

 پرۆژەی ئەو تونێلە یەکێکە لە پلانەکانی نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان بۆ کەمکردنەوەی ماوەی نێوان هەندێک ناوچەی گەشتیاری و زیادکردنی دەستڕاگەیشتن بە هەندێک ناوچەی ستراتیژیی سنووری نێوان هیندستان و چین.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار