فڕۆكەخانەی دهۆك دوای 11 ساڵ چاوەڕوانی تەنها دیزاینەكەی تەواو بووە و بودجەكەشی كەمكراوەتەوە

12 مانگ لەمەوپێش



عەممار عەزیز

11 ساڵە هاووڵاتیانی پارێزگای دهۆك لەچاوەڕوانی دروستكردنی فڕۆكەخانەیەكدان، یەكێك لەهاووڵاتیانی دهۆك دەڵێت تەواوكردنی ئەو فڕۆكەخانەیە بووە بەخەون، پارێزگاری دهۆكیش باس لەوەدەكات دیزانێكی نوێ بۆ پڕۆژەكە كراوە.

بەردی بناغەی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی دهۆك لە 2012 لەسنوری قەزای سێمێل دانراو ئەوكات وەك پرۆژەیەكی ستراتیژی  گەورە وەسف كرا، بەڵام 11 ساڵە بەتەواونەكراوی ماوەتەوە و تەنها لەسەدا 10%ی  پرۆژەكە جێبەجێ كراوەو هێشتا لەسەدا 90%ی ماوەتەوە، ئەوەی تەواویش كراوە تەنها دیزاینەكەیەتی، لەكاتێكدا بودجەی پرۆژەی فڕۆكەخانەكە لەساڵی 2012 بڕی 450 ملیۆن دۆلار بووەو لەلایەن كۆمپانیایەكی توركییەوە كاری تێداكراوە.

«تەواوكردنی فرۆكەخانەی  دهۆك بووەتە خەون و  بڕواناكەم بەچاوی خۆم ببینم ، چونكە ئەوەندەی  قسەی لەسەركراوە  هیچ هەنگاوێكی كردەییمان نەبینیوە « ئەمە قسەی نەواف میكائیل ، هاووڵاتیەكی شاری دهۆكە.

بەڵام دوای تێپەربوونی 11 ساڵ بەسەر پرۆژەی دانانی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی دهۆك ، هێشتا دیزاینی تازەی فرۆكەخانەی دهۆك تەواوبووە ، جارێ دیارنیە كەی دووبارە دەست بەدروستكردنەوەی دەكرێت .

«بەدڵنیاییەوە تەواوكردنی پرۆژەكە سوودێكی یەكجار گەورە دەگەیەنێتە هەموولایەك، جووڵەیەكی بازرگانی باش لەپارێزگای دهۆك دروستدەكات كەهەموو كەسێك سوودی لێی وەردەگرێـت، لەهەمانكاتیشدا لەجیاتی ئەوەی خەڵكی پارێزگای دهۆك بۆ گەشتكردن بۆ دەرەوە سەردانی فرۆكەخانەكانی هەولێر یان سلێمانی بكەن ئەوە لەشارەكەی خۆیان گەشت دەكەن، هیوادارم چیتر ئەم پرۆژەیە دوانەخەن و بەزووترین كات دەست بەدروستكردنەوەی بكەن». نەواف میكائیل وای وت

بەوتەی قایمقامی سێمێل دوو كێشە لەبەردەم فڕۆكەخانەی دهۆك هەبوون ئەوانیش چارەسەركراون

خەلیل مەحمود ، قایمقامی قەزای سێمێل لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: كێشەیەكی گەورەی بەردەم فرۆكەخانەی دهۆك تەواوبووە ئەویش قەرەبووكردنەوەی زەوی ئەو خەڵكانەیە كە بەر فرۆكەخانەكە كەوتوون، هەموویان قەرەبووی خۆیان وەرگرتووە.

وتیشی: خاڵی دووەم لیژنەكانی تەكنیكی كە لە 2021ەوە پێكهێنراون تائێستا بەردەوامن لەسەر كاری خۆیان، پێش ماوەیەك داوایان لەئێمە كرد لەسنوری ناحیەی باتێل شوێنێكیان بۆ دابین بكەین تائەو خۆڵەی لەشوێنی فرۆكەخانەکە دەردەهێنرێت فڕێبدرێت ئێمەش شوێنێكمان بۆ دابینكرد».

« لەدوایین سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ قەزای سێمێل و شوێنی فرۆكەخانەكە ئەوەی من لێم بینیی زۆر جددیە لەتەواوكردنی پرۆژەكە، هەركاتێك ئیشە تەكنیكیەكان و دیزانەكە تەواو بوو و لەهەمووی گرنگتر پارەی بۆ دابینكرا ئەوا بەدڵنیایی دووبارە دەست بەدروستكردنەوەی دەكرێت». خەلیل مەحمود قایمقامی قەزای سێمێل وای وت.

لەئەیلولی  2021 مەسرور بارزانی ، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوەوو گەیاندن و پارێزگاری دهۆك سەردانی قەزای سێمێل شوێنی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی دهۆكیان كرد، ئەوكات مەسرور بارزانی رایگەیاند: لەكابینەكانی پێشوودا بڕیاری دروستكردنی فرۆكەخانەی دهۆك دەرچووەو بڕێك بودجەی بۆ دابینكراوە كەمێك ئیشی لەسەر كراوە بەداخەوە بەهۆی قەیرانی دارایی نەیانتوانیوە پرۆژەكە تەواو بكەن .

پاش تێپەڕبوونی زیاتر لەدووساڵ لەسەردانەكەی سەرۆكی حكومەت دیزاینی تازەی فرۆكەخانەكە تەواو بووەو وابڕیارە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران بكرێت تاوەكو دووبارە بەپێی دیزانەكە كار لەسەر پرۆژەكە بكرێت .

ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوەو گەیاندنی حكومەتی هەرێم، لەپەراوێزی كوانفرانسێ مێپس كە لەزانكۆی ئەمریكی دهۆك بەڕێوەچوو وتی :» بەخۆشحاڵییەوە دەتوانم ئەوە رابگەیەنم  دیزاینی تازەی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی دهۆك لەو كۆمپانیایەی كەگرێبەستی هەبوو لەگەڵ حكومەت تەواو بووەو لەم رۆژانەدا بەرزدەكرێتەوە بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و دوای دیزاینەكە دەچینە قوناغێكی تر».

پەیامنێری هاوڵاتی زیاترلە 10 رۆژ چاوەڕێی ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی كوردستانی كرد تاوەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە كە لەسەر فڕۆكەخانەكە بۆی ناردووە.

پێشتر عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆك رایگەیاندبوو: لەم رۆژانەدا مزگێنی خۆش دەدەینە هاووڵاتیانی پارێزگای دهۆك، دیزاینێكی نوێ كە لەگەڵ ئەم سەردەمە بگونجێت بۆ فڕۆكەخانەكە كراوەو رەوانەی وەزارەتی گواستنەوە كراوە.

هاوكات دیلان رەشاد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی هەرێم رایگەیاندبوو: پرۆژەكە دوو قۆناغە، قۆناغی یەكەم دیزاینكردنەوەی پڕۆژەكەیەو قۆناغی دووەمیش جێبەجێكردنیەتی كە لەسەر نزیكەی هەزار هێكتار زەوییەو بڕی 12 ملیۆن و 832 هەزار دۆلاری بۆ دابینكراوە.

 لەلایەن خۆشیەوە ماجد سەید، جێگیری پارێزگاری دهۆك بۆ كاروباری هونەری بەهاوڵاتی وت : ئەگەر وەزیری گۆاستنەوەو گەیاندن ئەو قسانەی كردبێت دیارە ئەو زیاتر دەزانێت، من ئاگاداری هیچ شتێك نیم، نازانم كەی دووبارە دەست بەدروستكردنەوەی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی دهۆك دەكرێت».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار