ئیسرائیل بەپلانێکی نوێ دەیەوێت چەکدارانی حەماس لەنێو تونێلەکان بهێنێتە دەرەوە
12 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لەکاتێکدا ئیسرائیل قۆناغی دووەمی جەنگی دەستپێکردووە بە بۆردومانکردنی چڕتری کەرتی غەززە بەتایبەتی بەشی باشوری کەرتەکە، سوپای وڵاتەکە دەیەوێت بەئاو تونێلەکانی غەززە پڕبکات و حەماس ناچاربکات لەتونێلەکانیان بێنە دەرەوە.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی واڵ ستریت جێرناڵی ئەمریکی، ئیسرائیل سیستەمێکی گەورەی پەمپی ئاوی ئامادەکردووە تابەکاریبهێنێت بۆ لافاو دروستکردن لەنێو تونێلەکانی حەماس، ئەمەش بۆ ئەوەی چەکدارانی حەماس ناچاربکات لەتونێلەکان بێنە دەرەوە، بەڵام رەنگە ئەم پلانە ببێتە هەڕەشە بۆ سەرچاوی ئاوی غەززەو دروستکردنی قەیرانێکی تری مرۆیی و ژینگەیی.
بەپێی رۆژنامەکە، سوپای ئیسرائیل لەپێکەوەبەستی سیستەمێکی پەمپی ئاو تەواو بووە کەزیاتر لەکیلۆمترێکی لەکەمپی ئاوارەکانی شاتی لەغەززەوە دوورە. ئەم سیستەمە ئاوی دەریای سپی ناوەڕاست رادەکێشیت و لەکاتژمیرێکدا دەتوانێت هەزارە مەتر چوارگۆشە بەرەو غەززە بنێرێت.
هاوکات چەند بەرپرسێکی ئەمریکی کەناویان نەهاتووە باس لەوەدەکەن کەئیسرائیل مانگی رابردوو واشنتنی لەم پلانە ئاگادارکردووەتەوەو ئەمەش بووەتە جێی مشتومڕی بەرپرسانی وڵاتەکە لەسەر کاریگەری و گونجانی پلانەکەو سوودی سەربازی پلانەکە لەبەرامبەر ئەو زیانە ژینگەییەی کە دروستی دەکات.
رۆژنامەکە دەڵێت، بەرپرسانی ئەمریکی نازانن کەحکومەتی ئیسرائیل چەنێک نزیکە لەئەنجامدانی پلانەکەو بڕیاری کۆتایشی لەسەر نەدراوە.
سوپای ئیسرائیل تائێستا ٨٠٠ تونێلی دۆزیوەتەوەو دەشڵێت کە ٥٠٠ دانەی لەناوبردووە. تونێلەکان بەقوڵایی ٣٠ مەتر دروستکراون و زیاتر لە ٣٠٠ کیلۆمتر دەبن لەڕووی درێژییەوە.
واڵ ستریت جێرناڵ ئاماژەی بەوە کردووە کەبەرپرسانی ئەمریکا رایان جیاوازە لەسەر پلانەکە، بەشێکیان بەنهێنی نیگەرانی خۆیان لەسەر پلانەکە دەربڕیوە، بەڵام هەندێکی تر پشتگیری لەناوبردنی تونێلەکانیان کردووەو وتوویانە کەهیچ لارییەک لەلایەن ئەمریکاوە نییە لەسەر پلانەکە.
بەرپرسێک کە ناوی نەهاتووەو ئاگای لەپلانەکەیە وتوویەتی، ئەو پرۆسەیە چەند هەفتەیەکی پیدەچێت و وادەکات کەچەکدارانی حەماس ناچاربن لەتونێلەکان بێنە دەرەوە کەدەشوترێت ئەو بارمتانەی ماون لەهەمان ئەو تونێلانەدان.
تائێستا نزیکەی ٦٠ بارمتەی ئیسرائیلی لەبەرامبەر ١٨٠ زیندانی فەڵەستینی ئازادکراون لەئاگربەستێکدا کەهەفتەی پێشوو کۆتای هاتوو و ماوەی هەفتەیەکی خایاند. سوپای ئسیرائیل رایگەیاندووە کە تائێستا نزیکەی ٢٠٠ بارمتە لات حەماس ماون.
هێشتا دیار نییە کەئیسرائیل پێش ئەوەی هەموو بارمتەکان ئازادبکرێن ئەم پلانە جێبەجێدەکات یاخود دواتر.
ئەو بەرپرسەی کەئاگاداری پلانەکەیە باسی لەوە کردووە کە «نازانین چەنێک هەڵدانی ئاو بۆ نیو تونێلەکان سەرکەوتوو دەبێت چونکە کەس وردەکاری تونێلەکان و دەوروبەری نازانێت، مەحاڵە بزانرێت کەپلانەکە کاریگەر دەبێت بەهۆی ئەوەی نازانین ئەو ئاوەی دەریا چۆن لەناو تونێلەکان کۆتاییان دێت و بەرەو کوێ دەچن».
بەرپرسێکی سوپای ئیسرائیل کەنەیویستووە ناوی بهێنرێت و رەتیکردووەتەوە قسە لەسەر پلانەکە بکات، وتوویەتی، «سوپای ئیسرائیل کاردەکات بۆ لەناوبردنی توانستە تیرۆرییەکانی حەماس بەشێوازی جیاواز بەبەکارهێنانی ئامرازی سەربازی تەکنەلۆجی».
حەماس ئەو تونێلانە بۆ خۆحەشاردانی، جوڵەی شاراوە و شاردنەوەی بارمتەکان بەکاردەهێنێت، ئەمە جگە لەوەی کەتێیدا چەک بەرهەمدەهێننێت و سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، بەشێکیان ناوەندی فەرماندەیی تێدایە کەبەرپرسە باڵاکانی تێدان. بەشێکیان بەشێوەیەکی ورد دروستکراون بەبەکارهێنانی کۆنکرێتی بەهێز، هەروەها هێڵی پەیوەندیش لەخۆدەگرێت.
لەئێستادا بەهۆی گەمارۆی ئیسرائیلەوە، بەشێکی زۆری خەڵکی غەززە دەستیان ناگات بەئاوی سازگار بۆ خواردنەوە. پێش ٧ی ئۆکتۆبەر، چوار هێڵی بۆری لەئیسرائیلەوە راکێشراوبوون بۆ نیو غەززە، بەڵام دوای جەنگ یەکێکیان بەتەواوی گیراوەتەوەو دوانەکەی تریش زۆر کەم ئاویان پێدا دەڕوات.
بەپێی ئاماری نەتەوەیەکگرتووەکان پیشتر ٨٣ لیتر بۆ هەر کەسێک لەغەززە دەنێردرا بەڵام ئێستا هەر فەڵەستینییەک رۆژانە سێ لیتر ئاوی پێدەگات.
جۆن ئاڵترمان، جێگری بەرپرسی ناوەندی ستراتیجی و نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە دەڵێت، لەبەرئەوەی نازانرێت تونێلەکان چۆنن و چەنێک ئاو دزە دەکاتە ناو خاکی غەززەو کاریگەری چی دەبێت، قورسە کاریگەری ئەو هەموو ئاوە هەڵبسەنگێرێت کەزیانی چی دەبێت، بەتایبەتی «بۆ ژێرخانی ئاوو سیستەمی زێراب و ئاوی خەزانەکان، تەنانەت کارخستنەسەر جێگیریی باڵەخانەکانی نزیکی تونێلەکان».
چەند بەرپرسێکی پێشووی ئەمریکا ئەوەیان بە واڵ ستریت جێرناڵ وتووە کەپلانێکی لەوجۆرە ئیدارەی بایدن دەخاتە پێگەیەکی سەختەوەو رەنگە رووبەڕووی ئیدانەی جیهانی ببنەوە، بەڵام ئەوەشیان نەشاردووەتەوە کەئەو پلانە یەکێکە لەو رێگەشێوازە کەمانەی کە کاریگەری دروستدەکەن بۆ لەناوبردنی تونێلەکان.
لەسەر کاریگەری پلانەکەو سەرکەوتنی، پرۆفیسۆر مایکڵ کلارک، کە شیکەرەوەیەکی سەربازییە، بەکەناڵی سکای نیوزی راگەیاندووە کە «بەڵێ دەتوانرێت ئەنجامبدرێت و سەردەگرێت».
بەڵام ئەو پرۆفیسۆرە باسی لەوەش کردووە کەپلانە دوو مەترسی دروستدەکات کە یەکێکیان ئەوەیە «ئیسرائیل نازانێت ئاخۆ بارمتەکان لەناو تونێلەکاندان یان نا».
یەکێتی تر لەمەترسییەکان ئەوەیە کە بەناردنی ئاو بۆ نیو تونێلەکان رەنگە سوپای ئیسرائیل خۆی لەحاڵەتێکدا ببینێتەوە کەسەرچاوی ئاوی غەززەش پیس بکات کەئەوەش دەبێتە «خراپەکارییەکی ژینگەیی کەتەواوی جیهان لەئیسرائیل خۆشنابن بۆ ئەو کارە».
ئەم پلانەی ئیسرائیل لەکاتێکدایە کەوڵاتەکە دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەست چووەتە قۆناغی دووەمی جەنگەوەو بۆردومانەکانی چڕتر کردووەتەوە بەتایبەتی لەدووەمین گەورەترین شاری غەززە کەئەویش خان یونسە.
لەژێر فشاری ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی قوربانی مەدەنی، ئیسرائیل دەڵێت لەهێرشەکانیدا وردتر بووەو قوربانی کەمکردووەتەوە، بەڵام خەڵکی فەڵەستین دەڵێن لەغەززە هیچ شوێنێک بەئارامی نەماوەو بەشێکی زۆریان لەوە دەترسن کەئەگەر ماڵەکانیان بەجێبهێڵن هەرگیز نەتوانن بگەڕێنەوە.
تائێستا بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیل سێ بەشی دانیشتوانی غەززە کەژمارەیان دوو ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەسە بەناجاری ناوچەکانی خۆیان بەجێهێشتووە.
حەمزە ئەلبورش، کەدانیشتوویەکی شاری خان یونەسە بەئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێسی راگەیاندووە «ئەوەی روودەدات باوەڕپێنەکراوە، ئەوانە بەشێوەیەکی هەڕەمەکی بۆردومان دەکەن».
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاندووە کە تائێستا نزیکەی ١٦ هەزار کەس لەغەززە بەهۆی بۆردومانەکانی ئسیرائیلەوە کوژراون کە ٧٠%یان منداڵ و ژنن.
بەپێی ئاماری وەزارەتەکە، لەڕۆژی هەینییەوە کەئاگربەست کۆتایی هاتووە نزیکەی 900 کەس لەهێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کوژراون و چەندین جار بەرپرسانی ئەمریکا داوایان لەئیسرائیل کردووە کەقوربانی مەدەنی لەهێرشەکانیدا کەمبکاتەوە.
لەدوای چڕکردنەوەی بۆردومانەکان و نزیکەی دوو مانگ جەنگ، ئەمریکا دەڵێت هێشتا بەڵگەیان لانییە کەئیسرائیل بەئەنقەست خەڵکی مەدەنی لەغەززە بکاتە ئامانج.
ماتیو میڵەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەسەر هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ کەمکردنەوەی قوربانی مەدەنی لەهێرشەکانیدا رایگەیاند، «هێشتا زۆر زووە کەهەڵسەنگاندنێکی یەکلاکەرەوە بکەین، ئیسرائیل داوای لەملیۆنەها خەڵک کردووە کەناوچەیەکی تایبەتی چۆڵ بکەن و رێنمایی تایبەتی دەرکردووە بۆ خەڵکی مەدەنی کەبگوازنەوە نەک تەواوی شارێک چۆڵی بکەن، بۆیە ئەمەش بەرەوپێشچوونەو لەپێش ئەوەی روویداوە باشترە.»
میڵەر لەدرێژەی قسەکانیدا باسی لەوەشکرد، واشنتن هیچ بەڵگەیەکی بەردەست نەکەوتووە کەبیسەلمێنێت ئیسرائیل بەئەنقەست مەدەنی دەکوژێت، بەڵام وتیشی کەئەوان چاوەڕێی مردنی خەڵکی مەدەنیش دەکەن چونکە «بەداخەوە ئەوە بۆ هەموو جەنگێک راستە.»