ئێران‌و قەتەر؛ دوو پشتیوانەكەی حەماس

میدیا جیهانییەكان بەوردەكارییەوە باس لەهاوكارییە سەربازی و ماددیەكانی ئێران بۆ حەماس دەكەن

8 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لەگەڵ بەردەوامیی شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی لەكەرتی غەززە، تادێت پرسی پشتیوانی ماددی و سەربازی ئێران بۆ ئەو بزوتنەوەیە زیاتر دێتە بەرباس، ئێرانیش ئەوە ناشارێتەوەو بەئاشكرا پشتیوانی خۆی بۆحەماس و بەشێك لەگروپە چەكداریەكانی فەلەستین دەربڕیوە.

چەكدارانی بزوتنەوەی حەماس، لەحەوتی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ هێرشێكی لەناكاویان كردەسەر ئیسرائیل، هێرشەكەش بووەهۆی كوژرانی زیاتر لەهەزارو ٢٠٠ هاوڵاتی و سەربازی ئیسرائیلی و بەبارمتەگرتنی زیاتر لە ٢٤٠ کەس لەلایەن حەماسەوە.

تاپێش راگرتنی کاتیی جەنگ لانیکەم ١٤ هەزار کەس لەكەرتی غەززە کوژراون کەبەشی زۆریان ژن و منداڵن، لەگەڵ دەستپێکردنەوەی شەڕو ئاڵۆزیەکانیش ژمارەی کوژراوانی فەلەستینی بۆ زیاتر لە ١٥ هەزارو ٥٠٠ کەس بەرزبووەتەوە، لەئیسرائیلیش زۆربەی كوژراوان مەدەنیین.

بەڵام جگە لەپرسی جەنگ لەڕای گشتی جیهان پرسێكی دیكەش جێی باسە، ئەویش پرسی پەیوەندی نێوان ئێران و حەماس، ئیسرائیل بەردەوام کۆماری ئیسلامی ئێران وەک گەورەترین پشتیوانی حەماس پێناسە دەکات، بەرپرسانی ئێرانیش راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ پشتیوانی خۆیان لەحەماس دەردەبڕن و وەک بەرەی بەرگری، پێناسەی دەکەن.

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران هیچکات نەیانشاردووەتەوە کە پشتیوانی لەو رەوتە  دەکەن کە خۆیان بە «بەرەی بەرگری» دەیناسێنن و حەماس و جیهادی ئیسلامی لەفەلەستین و  حزبوڵڵای لوبنان و حووسییەکانی یەمەن و گرووپە میلیشیاکانی عێراق و فاتیمیون لەئەفغانستان و زەینەبیون لەپاکستان لەو گرووپانەن پشتیوانی ماددی و مەعنەوییان دەکات.

بەپێی هەواڵی میدیاكانی جیهان و بەتایبەتیش رۆژئاوا، کۆماری ئیسلامی ئێران وەک گەورەترین پشتیوانی ماددی حەماس پێناسە دەکرێت و قەتەر بەدووهەمین پشتیوانی ماددی ئەم گرووپە دەناسرێت، بەڵام هەموو سەرنجەکان لەئێستادا لەسەر پەیوەندی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و حەماسە چونكە بەرپرسانی قەتەر هیچ كات ئەوەیان بەئاشكرا نەوتووە.

رۆژی ٣ی شوباتی ٢٠١٢، عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران لەوتاری نوێژی هەینیدا رایگەیاند :» ئێمە لەپرسی دژایەتی لەگەڵ ئیسرائیل بێدەنگ نین و دەستتێوەردان دەکەین، ئەنجامەکەشی سەرکەوتنە لەجەنگی ٣٣ رۆژەو سەرکەوتنە لەجەنگی ٢٢ رۆژە. دوای ئەمەش لەهەرکوێ، هەر نەتەوەیەک، هەر گرووپێک دژی ئیسرائیل بوەستێتەوەو خەبات بکات، ئێمە پشتیوانی لێدەکەین و یارمەتییان دەدەین و یارمەتی گەیاندنمان ناشارینەوە.

رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران هەروەها رۆژی ١٥ی تشرینی دووهەمی ٢٠١٩ لەوتاری نوێژی هەینیدا وتی :» ئێمە پشتیوانیمان لەفەلەستین کردووەو دەیکەین، لەکەسیش ناترسین و نایشارینەوە پشتیوانیمان کردووە، دەبێ هەموو دونیای ئیسلام پشتیوانی لەفەلەستین بکەن».

ئێد رۆیس بەرپرسی کۆمیتەی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دوای رووداوی ٧ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ لەئیسرائیل وتی :» ئێران لەمێژ ساڵە پشتیوانی ماددی حەماسەو چەکیان پێدەگەیەنێت و راهێنانی سەربازییان پێدەکات».

تائێستا بەڕوونی نازانرێت ئاستی پشتیوانی ماددی و سەربازیی ئێران لەحەماس لەچی ئاستێكدایەو بەشێکی زۆر لەو زانیاریانەی لەمیدیاکان بڵاودەکرێنەوە، تەنها گومان و بەراوردکاری دامەزراوە ئەمنیی و هەواڵگریەكانی رۆژئاوایە.

کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لەسەرەتای دەسەڵاتەكەیەوە، دروشمی « مەرگ بۆ ئیسرائیل»ی هەڵگرتووە، بەشێک لەدۆستایەتی و دوژمنایەتییەکانی بەستووەتەوە بەم دروشمەوە، بۆ نموونە پشتیوانی لەجیهادی ئیسلامی میسر کردو دوای تیرۆركردنی ئەنوەر سادات لەلایەن ئەم گرووپەوە، (خالید ئیسلامبولی) بکوژی ئەنوەر ساداتی وەک شەهید ناوبردو چەند گۆڕەپان و قوتابخانەو شەقامێكی لەشارەکانی ئێران كرد بەناویەوە.

هەر لەسەرەتاشەوە پشتیوانی لەهەموو ئەو گرووپانە کردووە کەدژی ئیسرائیل بوون، لەسەرەتای دامەزرانی حەماسەوە لەساڵی ١٩٨٧ ئێران پەیوەندی باشی هەبووە لەگەڵ ئەو گروپە. پەیوەندی نێوان ئێران و حەماس بەرزی و نزمی پێوە دیار بووە، بەڵام لەهیچ قۆناغێکداو سەرەڕای ساردی پەیوەندی نێوانیان، یارمەتییە ماددییەکانی ئێران بۆ ئەم گرووپە نەپچڕاوەو هەر بەردەوام بووە.

پەیوەندی کۆماری ئیسلامی و حەماس لەساڵی ١٩٨٨ەوەو دوای ئەوەی بزووتنەوەی رزگاریخوازی فەلەستین، دانی بەئیسرائیلدا نا، گەرم و گوڕتر بووە، بەڵام بەوتەی یەکێک لەبەرپرسانی باڵای حەماس، پشتیوانی ماددی ئێران لەم گرووپە لەساڵی 2006ەوە دەستیپێکردووە.

ساڵی ٢٠٢٠ مەحموود ئەلزەهار، ئەندامی باڵای حەماس، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تەلەفیزیۆنی (العالم)، باسی دیداری یەکەمی خۆی لەگەڵ قاسم سلێمانی لەساڵی ٢٠٠٦ کردو وتی:» لەیەکەم دیدارم لەگەڵ قاسم سلێمانی، بڕی ٢٢ میلیۆن دۆلار پارەم وەرگرت، بەشێوەیەک کە لەجانتاکانمدا جێی نەدەبووەوە».

ئەو بەرپرسەی حەماس باسی لەوەشکردووە «بڕیاربوو قاسم سلێمانی بڕێکی زۆرتر پارەیان پێبدات، بەڵام لەبەرئەوەی نۆ کەس بوون و هەر جانتایەک ٤٠ کیلۆی دەگرت و نەیاندەتوانی زیاتر لەوە لەگەڵ خۆیان هەڵبگرن، تەنها ٢٢ ملیۆن دۆلاریان وەرگرتووە».

ساڵی ٢٠١٠ کۆمەڵێک نامەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەلایەن پێگەی «ویکیلیکس»ەوە بڵاوکرایەوە، لەیەکێک لەنامەکاندا ئاماژە بەوتەی یەکێک لەبەرپرسانی میسری دراوە دەربارەی پەیوەندی نێوان ئێران و حەماس، لەو نامەیەدا کە رێکەوتی نووسینەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بەهاری ٢٠٠٩، بەرپرسی رێکخراوی زانیاری و هەواڵگری میسر بەلایەنی ئەمریکایی وتووە، ئێران هەموو مانگێک ٢٥ ملیۆن دۆلار یارمەتی حەماس دەدات، بەڵام میسر توانیویەتی بەر بەوە بگرێت ئەم یارمەتییانە لەخاكی وڵاتەکەیەوە بگاتە غەززە.

لەگەڵ دەستپێکی نائارامییەکان لەسوریا کەوەک شەپۆلی بەهاری عەرەبی ناوی دەبراو مانگی سێی ٢٠١١ سوریای گرتەوە، پەیوەندی نێوان ئێران و حەماس ساردی تێکەوت. حەماس لەو سەردەمەدا ئامادە نەبوو پشتیوانی لەبەشار ئەسەد بکات و بەئاشکرا سوریای جێهێشت، ئەمە لەحاڵێکدابوو بەشێکی زۆر لەگرووپەکانی سەر بەکۆماری ئیسلامی لەعێراق و لوبنانەوە بەئاشکرا پشتیوانییان لە بەشار ئەسەد کردو لەئێستاشدا هەر بەردەوامن. بەڵام حەماس پشتیوانی لە بەشار ئەسەد نەکرد، رەنگە بەو هۆکارەی حەماس سوننەیەو ئەو گرووپانەش دژی ئەسەد بوون سوننە بوون. ئەمە بوو بەهۆی ئەوەی پەیوەندی نێوان ئێران و حەماس ساردی تێبکەویت. تەنانەت ژمارەیەک لەمیدیا ناوخۆییەکانی کۆماری ئیسلامی، لەوانە ماڵپەڕی تابناک لەمانگی ١ی ٢٠١٤ نووسی، هێزەکانی حەماس لەسووریا دژی بەشار ئەسەد کەوتوونەتە جەنگەوە.

سەرەڕای ساردبوونەوەی پەیوەندی نیوان ئێران و حەماس، بەڵام هیچکات پشتیوانییە مادییەکانی ئێران لەو گرووپە نەپچڕا.

خالید مەشعەل، بەرپرسی مەكتەبی سیاسی حەماس ساڵی ٢٠١٥ لەوتووێژ لەگەڵ رۆژنامەی (الشرق)ی قەتەر دەربارەی پەیوەندی نێوان کۆماری ئیسلامی و حەماس وتی: لەو ساڵانەشدا پشتیوانی ئێران بۆ حەماس هەر بەردەوام بوو، بەڵام ئەو ساردبوونەوەیە کاریگەری لەسەر ئاستی پشتیوانییەکە دانابوو.

رۆژنامەی ئەلمۆنیتۆر دەربارەی کەمبوونەوەی یارمەتییە ماددییەکانی ئێران بۆ حەماس نووسیویەتی:» کەمبوونەوەی یارمەتییە ماددییەکانی ئێران بۆ حەماس لەم ساڵانەی دواییدا، کاریگەری لەسەر ئەم بزووتنەوەیە داناوەو ئەم رەوتەی تووشی قەیرانی ئابووری گەورە کردووە، حەماس ناچاربوو چەند دامەزراوەیەكی میدیایی خۆی وەک کەناڵی تەلەفیزیۆنی قودس و ناوەندی راگەیاندنی فەلەستین دابخات. هەروەها مووچەی کارمەندەکانی خۆی کردبوو بەنیوە یان کەمتر».

دوای چەند ساڵێك کەجەنگی ناوخۆیی سووریا کەمتر بووەوە، داعش و گرووپە توندڕەوەکانی تر پاشەکشەیان پێکراو ئەسەد توانی بەسەر بەشێکی زۆر لەنەیارەکانی خۆیدا زاڵ بێت، جارێکی تر پەیوەندی نێوان کۆماری ئیسلامی و حەماس پتەوتر بووەوە.

لەمانگی ١ی 2019 ئیسماعیل هەنییە، کەسی یەکەمی حەماس لەوتووێژێکی تەلەفیزیۆنیدا وتی:» کۆماری ئیسلامی ٧٠ ملیۆن دۆلاری داوە بەبزووتنەوەی فەلەستین بۆ ئەوەی هێزی بەرگری خۆیان لەبەرامبەر ئیسرائیل پتەوبکەن و ئەو مووشەکانەی کەحەماس لەکەرتی غەزە دروستی دەکەن، بەشێکە لەم توانا ستراتیژییە بۆ بەرگریکردن .

ئاژانسی رۆیتەرز لەوبارەیەوە، لەم چەندساڵەی دواییدا یارمەتییە ماددییەکانی ئێران بۆ حەماس زیاتر بووە. بەوتەی سەرچاوەیەكی ئیسرائیلی، ساڵی 2022 یارمەتی ماددی حەماس لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە ١٠٠ ملیۆن دۆلارەوە گەیشتە نزیکەی ٣٥٠ ملیۆن دۆلار، واتە هەموو مانگێک نزیکەی ٢٩ ملیۆن دۆلار دراوە بەم گرووپەو لەساڵی ٢٠٢٣شدا بەردەوام بووە.

پێگەی ئەی بی سی نیوز، لەڕۆژەکانی سەرەتای جەنگی حەماس- ئیسرائیل نووسیبووی:» کۆماری ئیسلامی چەندین ساڵە پشتیوانی حەماسەو پەیوەندییان پێکەوە هەیە، بەپێی راپۆرتەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەساڵی ٢٠٢٠ەوە ئێران هەموو ساڵێک تەکنۆلۆژیای سەربازی و زانستی سەربازییان پێدەگەیەنێت بۆ ئەوەی بتوانن مووشەک دروستبکەن «.

بەڵگەش بۆ ئەوە رۆژنامەی خۆراسان كەیەکێکە لەڕۆژنامەکانی ناوخۆی ئێران ، مانگی ١٢ی ٢٠١٢ لەزمانی جەواد کەریمی قودوسی، یەکێک لەفەرماندە باڵاکانی سوپاو نوێنەری ئەوکاتی پەرلەمانی ئێران نووسیویەتی:» ٥٠ هەزار مووشەک و هەزاران مووشەکی دژە تانکمان ناردووە بۆ غەزە».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار