«شکستی ئەنجومەنی ئاسایش»؛ ڤیتۆی ئەمریکا لەسەر ئاگربەست جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە
11 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ڤیتۆکردنی پرۆژەیاسایەک بۆ ئاگربەست ئەمریکای رووبەڕووی لێشاوێک لەڕەخنە کردووەتەوە لەلایەن وڵاتانی زلهێزو رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە، بەجۆرێک بەشێک لەوڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان وەک فەرەنسا ئەم هەنگاوە بە «شکستی» ئەنجومنەکە ناوزەند دەکەن، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش دەڵێن واشنتن بەم هەنگاوەی بووەتە «هاوبەش» لەبۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.
دوای ئەوەی رۆژی هەینی رابردوو، لەسەر پێشنیاری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان پرۆژەیاسای ئاگربەستی بەپەلە لەئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە خرایە دەنگدانەوە، ئەمریکا ئەم پرۆژەیاسایەی ڤیتۆ کردو رێگری کرد پەسەند بکرێت.
ڤیتۆکردنی پرۆژەیاساکە کاردانەوەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی لێکەوتەوە. لەهەمانکاتدا حەماس و دەسەڵاتی نیشتمانی فەلەستین، ڤیتۆکردنیان بەبەشداری راستەوخۆی ئەمریکا لەتاوان دژ بەخەڵک لێکدایەوە.
پرۆژەیاساکە لەلایەن ئیماراتەوە بۆ ئەنجامدانی ئاگربەست لە غەززە پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کراو لەئەنجومەنەکەدا دەنگی لەسەردرا کەتێیدا 13 دەنگی بەڵێی بەدەستهێنا لەکۆی دەنگی 15 ئەندام، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەمریکا ڤیتۆی بەکارهێنا پرۆژەیاساکە تێنەپەڕی. پێنج ئەندامی هەمیشەیی لەئەنجومەنەکەدا هەن کەدەتوانن هەر پرۆژەیاسایەک رەتبکەنەوە ئەوانیش، ئەمریکا، بەریتانیا، چین، فەرەنساو روسیا. لەپرۆسەی دەنگدانەکەدا بەریتانیاش خۆی لەدەنگدان بەدوورگرت.
نوێنەری ئەمریکا لەئەنجومەنەکە هۆکاری رەتکردنەوەی پرۆژەیاساکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کەپرۆژەیاساکە «ناهاوسەنگ» و ناواقعییە، هەروەها رەخنەشی لەپرۆژەیاساکە گرت چونکە ئاماژەی بەئیدانەکردنی هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 نەداوە کە لەلایەن حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامدرا.
ژمارەیەک لەدیپلۆماتەکان رەخنەی توندیان لەڤیتۆکردنی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایش دەربارەی ئاگربەستی غەززە بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی فەلەستین گرت و لایان وابوو ئەم کارەی ئەمریکا پێگەی ئەو وڵاتەی بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایش و پرسی مافی مرۆڤ لەدونیا لاواز کردووەو هەروەها رەنگە ببێت بەهۆی ئەوەی پێگەی ئەمریکا لەدونیا لاواز بکات بۆ بەرگری کردن لەپرسی هاوشێوەی ئۆکراین. هەروەها بووە بەهۆی ئەوەی رەخنەکانی چین و روسیا و ژمارەیەک لەوڵاتان لەحاڵی گەشەدا بەرامبەر بەجۆری روانینی ئەمریکا بۆ پرسی مافی مرۆڤ توندتر بێت.
لیندا تۆماس- گرینفێڵد، باڵیۆزی ئەمریکا لەنەتەوەیەکگرتووەکان لەبەرامبەر رەخنەکاندا وتی:» کاتی زیاترمان پێویستە بۆ کاری دیبلۆماسی لەم بارەیەوە».
نیت ئیوانز، وەتەبێژی ئەمریکا لەنەتەوەیەکگرتووەکان لەم بارەیەوە وتی:» وەک چۆن سەرۆک بایدن و بلینکن، وەزیری دەرەوەی لەگەشتەکانیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جەختیان کردووەتەوە، ئەمریکا داوا دەکات گرنگی بدرێت بەپێویستییەکانی کەسانی مەدەنی لەغەززە و پێویستە دۆخی کەسانی سڤیل لەغەززە لەبەرچاو بگیردرێت و نابێ ئەوان تاوانی سیاسەتە جەنگخوازییەکانی حەماس بدەن.
ڤیتۆکردنی پرۆژەیاسای ئەنجومەنی ئاسایش، چرکەساتێکی گرنگ و چارەنووسساز بوو بۆ رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان. ئەم رێکخراوە بونیادی خۆی لەسەر چوار بنەمای سەرەکی، ئاشتی، ئاسایش، مافی مرۆڤ و دەسەڵاتی یاساو گەشە دامەزراندووە. ئەم چوار بنەمایە لەئێستادا زیاتر لەهەموو کات بۆ خەڵکی غەززە نامۆیە و نەبوونیان هەستی پێدەکرێت. کەسانی مەدەنی دەبن بەقوربانی. خواردن و خواردنەوەو دەرمان دەستناکەوێت. هاووڵاتیانی مەدەنی و سڤیل تاوانی سیاسەتەکانی حەماس ئەدەنەوە.
‹پێشتر ئەندامان ئاگاداربوون لەڤیتۆی ئەمریکا›
سکای نیوز لەڕاپۆرتێکدا لایەنەکانی ڤیتۆکردنی ئەمریکای لێکداوەتەوەو نووسیویەتی :» سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش پێش دەنگدان ئاگاداربوون ئەمریکا وەک یەکێک لەئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەن دەیەوێت بڕیارنامەی ئاگربەست ڤیتۆ بکات و وەک راستییەک ئەوەیان لەبەرچاو بوو. راستییەک کە بەلای ژمارەیەک لەئەندامانەوە جێگەی داخ بوو».
نیکۆلاس دی ریۆیەر، باڵیۆزی فەرەنسا لە نەتەوەیەکگرتووەکان لەمبارەیەوە بەسکای نیوزی وتووە:» شکستی بڕیارنامەیەک بەهۆکاری ڤیتۆکردن، شکستی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکانە».
دی ریۆیەرخوازیاری ئەوە بووە کاتی زیاتر بدرێت بەلایەنەکان بۆ گفتوگۆکردن بەوەی بە رێککەوتنێک بگەن، لەبەرئەوەی مەترسی ئەوە هەیە، ئەنجومەنی ئاسایش شکستبهێنیت لەبڕیارداندا.
رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی
رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بەدەرکردنی راگەیاندنێک رەخنەی توندی لەڤیتۆکردنی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایش گرت بۆ راگرتنی جەنگ لەلایەن ئەمریکاوە. ئاگنێس کالامارد، سکرتێری گشتی رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، بەرەبەیانی رۆژی شەممە لەڕاگەیاندراوێکدا لەماڵپەڕی ئەم رێکخراوە، ڤیتۆکردنی ئەمریکای بەکەمتەرخەمی بێبەزەییانەی ئەم وڵاتە بەرامبەر بەئازاری کەسانی مەدەنی ناوبرد.
سکرتێری گشتی لێبوردنی نێودەوڵەتی باسی لەوەکرد ئەمریکا زۆر بێبەزەییانە کەڵکی لەڤیتۆکردن وەرگرت و وەک چەکێک بەکاریهێناو پێگە و تواناکانی خۆی بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێونەتەوەیی لاواز کرد.
کالامارد لەبەشێکی تری راگەیاندنەکەیدا دەربارەی ڤیتۆکردنی ئەم بڕیارنامەیە لەلایەن ئەمریکاوە وتی:» ئەم ڤیتۆکردنە لەباری ئاکارییەوە ناتوانرێت بەرگری لێبکرێت».
چاودێری مافی مرۆڤ: ئەمریکا بەڤێتۆکردنی ئەم بڕیارنامەیە، خۆی کرد بەهاوبەشی تاوانە جەنگییەکان
رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ، دوای ئەوەی ئەمریکا بڕیارنامەی ئاگربەستی دەستبەجێی غەززەی ڤێتۆ کرد، رایگەیاند کۆشکی سپی بەم کارەی، خۆی کرد بەهاوبەشی تاوانە جەنگییەکان.
لۆئیس شاربۆنۆ، بەڕێوەبەری بەشی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی چاودێری مافی مرۆڤ لەم بارەیەوە وتی ، ئەمریکا لەحاڵێکدا ئەم بڕیارنامەیەی ڤێتۆ کردووە کەخۆی لەماوەی جەنگی ئیسرائیل- حەماسدا، بەردەوام خوازیاری پاراستنی کەسانی مەدەنی و ئازادکردنیان و هەروەها ئازادکردنی بارمتەکان بووە.
لۆئیس شاربۆنۆ، هەروەها وتی :» ئەمریکا بەردەوامە لەوەی بەگەیاندنی چەک و چۆڵ پشتیوانی لەئیسرائیل دەکات و هەروەها لەباری دیپلۆماسییەوە یارمەتی ئیسرائیل دەدات بۆ داپۆشینی تاوانی وەک تەمبێی بەکۆمەڵی فەلەستینییەکان لەغەززە، ئەمریکا بەم کارەی خۆی وەک هاوبەشی ئیسرائیل لەم تاوانە جەنگیانە دەناسێنێت.
باڵیۆزی ئەمریکا لەنەتەوەیەکگرتووەکان پێشتر وتبووی ئەمریکا پشتگیری ئاگربەستی دەستبەجێ ناکات لەغەززە، لەبەرئەوەی ئەم ئاگربەستە کاتییە و تەنها تۆوی جەنگی زیاتر دەچێنێت.
ئۆکسفام: ئەمریکا بزمارێکی تری دا لەتابووتی پێگەی خۆی لەپەیوەند لەگەڵ مافی مرۆڤ
ئۆکسفام یەکێک لەگەورەترین رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانە، کە لەبواری مافی مرۆڤ و کاری خێرخوازیدا کاردەکات، دوابەدوای ڤێتۆکردنی پرۆژەیاساکەوە، ئەم هەنگاوەی جۆ بایدنی وەک « بزمارێکی تر لەسەر تابووتی جێگەو پێگەی ئەمریکا دەربارەی پرسی مافی مرۆڤ» ناوبرد.
ئێبی مەکسمەن، بەرپرس و بەڕێوەبەری گشتی ئۆکسفامی ئەمریکا لەڕاگەیاندنێکدا شەوی هەینی وتی:» دەوڵەتی بایدن دەرفەتێکی تری لەبەردەم بوو بۆ ئەوەی قسەکانی خۆی دەربارەی مافی مرۆڤ، پرەنسیپی نێونەتەوەیی لەسەر بنەمای یاساکان بەکردەوە بسەلمێنێت. دونیا ئامادەیە بەوەی کۆتایی بەکوشتنی دڕندانەی خەڵکی غەززە بهێنێت و هەموو هەوڵەکانی خۆی بدات بۆ ئازادی بارمتەکان و یارمەتیدان بەفەلەستینییەکان. بەڵام ئەمریکا کە بەتەنیا ئاگربەستی ڤێتۆ کرد، بزمارێکی تری دا لەتابووتی پێگەو جێگەی ئەمریکا دەربارەی پرسی مافی مرۆڤ».
بەرپرس و بەڕێوەبەری گشتی ئۆکسفام لەسەر ئەو باوەڕەیە ئیسرائیل ئەو مافەی هەیە بەرگری لەخەڵکەکەی خۆی بکات لەبەرامبەر هێرشەکاندا، بەڵام ئەمریکا پەیوەندی تایبەتی خۆی لەگەڵ ئیسرائل بەکارنەهێناوە بۆ کۆتاییهێنان بەم قەیرانە.
دەسەڵاتی نیشتمانیی فەلەستین و حەماس
ئیسرائیل رۆژی شەممە ٩ی کانوونی یەکەم، بەردەوام بوو لەهێرشەکانی بۆ سەر غەززە، دوای ئەوەی ئەمریکا پرۆژەیاساکەی ڤێتۆکرد.
حەماس و دەسەڵاتی نیشتمانی فەلەستین، دەستبەجێ ڤێتۆکردنی ئەم بڕیارنامەیەیان لەلایەن ئەمریکاوە سەرکۆنە کردو بە رەواییدان بەتاوانەکانی ئیسرائیل ناویان برد.
وەزارەتی تەندروستی فەلەستین ژماری کوژراوەکانی جەنگی غەززەی بەزیاتر لە ١٧ هەزارو ٥٠٠ کەس بەراورد کرد. ئەم وەزارەتە رایگەیاند بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل، لەباشووری خان یونس شەش کەس و لە رەفەح پێنج کەس کوژراون. بەشێکی زۆر لەغەززە بووە بەوێرانە و نەتەوەیەکگرتووەکان باس لەوەدەکات کە نزیک بە ٨٠ لەسەدی دانیشتوانی غەزە ئاوارەبوون و کێشەی خواردن و سووتەمەنی و ئاوو دەرمانیان هەیە لەم ناوچەیە.
حەماس رۆژی شەممە رایگەیاند ڤێتۆکردنی ئەم بڕیارنامەیە لەلایەن ئەمریکاوە، بەشداری راستەوخۆی ئەمریکایە لەکوشتنی خەڵکی فەلەستین و رێخۆشکردنی بۆ تاوانی زیاترو جینۆسایدی نەتەوەیی.
مەحموود عەباس، سکرتێری دەسەڵاتی نیشتمانی فەلەستین، واشنتۆنی بەبەشداری راستەوخۆ لەتاوانی جەنگی تۆمەتبارکردو ڤیتۆکردنی ئەم بڕیارنامەیەی بەتاوان دژی فەلەستینییەکان ناوبرد.
مافی ڤیتۆ
مافی ڤیتۆ لەئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان مافێکە کەدراوە بەپێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان، واتە ئامریکا، فەرەنسا، بەریتانیا، روسیا و چین، بۆ ئەوەی ئەگەر بیانەوێت و بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان رێگری لەپەسەندکردنی هەر رەشنووسێک بگرن لەئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان. ڤیتۆ، وشەیەکە لەزمانی لاتیندا بەمانای « رێگریکردن» دێت. ئەم وشەیە بۆ بەرپێگرتنی یەکلایەنانەی هەر یاسایەک بەکاردەبرێت. بەم شێوەیە ڤیتۆ هێزێکی بێ سنوورەو دەکرێت ببێت یا بەر بەپەسەندکردن یان ئاڵوگۆر لەهەر بڕیارنامەیەکدا بکات. مافی ڤیتۆ لەسەر بنەمای ئەو ئایدیایەی کەئاشتی سەرترە لەعەداڵەت دراوە بە پێنج وڵاتی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش.
تاپێش رووخانی یەکیەتی سۆڤیەت لەساڵی ١٩٩١، یەکیەتی سۆڤیەت زیاتر لەهەموو وڵاتەکان کەڵکی لەم مافە وەرگرتبوو. دوای رووخانی یەکیەتی سۆڤیەت لەساڵی ١٩٩١ ، ئەمریکا زۆرتر لەهەموو وڵاتەکان مافی ڤیتۆی بەکارهێناوە. لەکاتی رووخانی دیواری بەرلینەوە لەساڵی ١٩٨٩ تاسەرەتای ٢٠٠٥، ئەمریکا ١٩ جار مافی ڤیتۆی بەکارهێناوە.
ئەمریکا و سوودوەرگرتن لەڤیتۆ
ئەمریکا تائێستا زۆرتر ئەم مافەی لەبەرژەوەندی ئیسرائیلدا بەکارهێناوە، کەناڵی فرانس ٢٤ لەم بارەیەوە نووسیویەتی ئەمریکا تا ئێستا ٤٤ یان ٤٥ جار مافی ڤیتۆی لەبەرژەوەندی ئیسرائیل بەکارهێناوە.
لەسەردەمی جەنگی غەززەدا لەمساڵدا (ساڵی ٢٠٢٣)و دوای هێرشی ٧ی تشرینی یەکەم، ئەمە دووهەمجارە ئەمریکا مافی ڤیتۆ لەبەرژوەندی ئیسرائیل بەکاردەهێنێت. رۆژی ١٨ی تشرینی یەکەم و ١١ رۆژ دوای دەستپێکی جەنگی غەززە، ئەمریکا مافی ڤیتۆی لەبەرژوەندی ئیسرائیل بەکارهێنا.
ئەمریکا رۆژی چوارشەممە ١٨ی تشرینی یەکەم، بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی بەمەبەستی یارمەتی گەیاندنی مرۆڤدۆستانە بۆ کەرتی غەززە ڤیتۆ کرد. لەو بڕیارنامەیەدا کە لەلایەن بەڕازیلەوە پێشنیارکرابوو، خوازیاری راگرتنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس بوو، بەڵام ئەمریکا ئەم بڕیارنامەیەی ڤیتۆ کرد.
بەپێی راپۆرتی رۆیتەرز، دەنگدان دەربارەی رەشنووسی پێشنیارکراوی بەڕزایل دووجار لەماوەی چەند رۆژدا کەوتە دواوە، لەبەرئەوەی ئەمریکا دەیویست خۆی ببێت بەنێوانگری بۆ گەیاندنی یارمەتییەکان بۆ کەرتی غەزە.
بەپێی راپۆرتی رۆیتەرز، لەحاڵێکدا ئەمریکا ئەو رەشنووسەی ڤیتۆ کرد، ١٢ ئەندامی ئەنجومی ئاسایش دەنگیان بەو رەشنووسەداو روسیاو بەریتانیا بێلایەنی خۆیان راگەیاند و دەنگیان نەدا.
رۆژی شەممە ٩ی کانوونی یەکەم، ئەمریکا بۆ دووهەمجار لەسەردەمی جەنگی حەماس- ئیسرائیل و دوای هێرشەکانی ٧ی تشرینی یەکەم، بڕیارنامەی پێشنیارکراوی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بۆ راگرتنی جەنگ لەغەززە ڤیتۆ کرد.