لەماوەی 11 ساڵدا داهاتی باج لەهەرێم %600 زیادیكردووە
11 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەپێی بەدواداچوونێكی هاوڵاتی كە پشتی بە ئامارەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان و فەرمانگەی میدیا و زانیاری بەستووە، داهاتی باج لەهەرێمی كوردستان لەساڵی 2012 تا 2022 لە %600 زیادیكردووە، ئەوەش لەكاتێكدایە وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم و وەزارەتەكەی سكاڵایان لەسەر بەڕێوەبەری پێشووی باجی هەرێم تۆماركردووە كە وتبووی تا ئەو لەپۆستەكەدا بووە داهاتی باج گەیشتوەتە نزیكەی 800 ملیار دیناری ساڵانە.
بەپێی بەدواداچوونەكەی هاوڵاتی، لەساڵی 2012 دا داهاتی باج لەهەرێمی كوردستان 128 ملیار و 796 ملیۆن و 730 هەزار و 635 دینار بووە، لەساڵی 2013 بەرزبووەتەوە بۆ 161 ملیار و 551 ملیۆن و 782 هەزار و 596 دینار، لەساڵی 2014 بووەتە 212 ملیار و 700 ملیۆن و 452 هەزار و 17 دینار، لەساڵی 2015 ش داهاتی باج لەهەرێم 190 ملیار و 164 ملیۆن و 472 هەزار و 407 دینار بووە.
هەربەپێی داتاكانی وەزارەتی دارایی و فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەرێم، لەساڵی 2016 داهاتی باج لەهەرێم 179 ملیار و 14 ملیۆن و 265 هەزار و 28 دینار بووە، لە 2017 ش داهاتی باج جارێكی دیكە بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 206 ملیار و 697 ملیۆن و 763 هەزار و 96 دینار، لە2018 شدا زیاتر بەرزبوەتەوە و گەیشتووەتە 308 ملیار و 535 ملیۆن و 562 هەزار و 258 دینار، هاوكات لە 2019 داهاتی باج گەیشتووەتە 627 ملیار و 424 ملیۆن و 94 هەزار و 321 دینار، لە 2020 بەهۆی سەرهەڵدانی كۆرۆنا داهاتی باج لەهەرێم كەمتر بووەتەوە و بووەتە 578 ملیار و 87 ملیۆن و 38 هەزار و 165 دینار، لە2021 یشدا داهاتی باج گەیشتووەتە 796 ملیار و 287 ملیۆن و 671 هەزار و 746 دینار، لە2022 داهاتی باجی ساڵانەی هەرێم بەشێوەیەك بەرزبووەتەوە گەیشتووەتە 912 ملیار و 588 ملیۆن و 802 هەزار و 373 دینار.
لەئامارەكەدا دەردەكەوێت، لەگەڵ دەستپێكردنی قەیرانی دارایی لەهەرێم بەهۆی بڕینی بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە و شەڕی داعش لەساڵی 2014 حكومەتی هەرێم داهاتی باجی زیاتر بووە.
ئەو داتایە لەكاتێكدایە زانیار محەمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتی پێشوی باجی هەرێم لە پاش ڕونكردنەوەكەی وەزارەتی دارایی كە تێیدا لێدوانێكی ناوبراوی لەبارەی داهاتی باج بە "درۆی شاخدار" ناوبردبوو، ڕایگەیاندووە:"من بەرپرسم و باسی هەتا مانگی چواری ساڵی 2016م كردوە، ئەو ماوەی چوار ساڵەی كە من كارمكردوە بە نزیكەی داهاتی باج دەگەیشتینە 800 ملیار لەگەڵ لە 3%ی باجی گومرگی لەگەڵ (استقتاع مباشر-لێبڕنی ڕاستەوخۆ) ئەمانە لای ئێمە تۆمار نەدەكرا لە باج چونكە لە 3% لە گومرگ تۆمار كرابو، (استقتاع مباشر-لێبڕنی ڕاستەوخۆ) لە خەزێنە تۆمار دەكرا، ئەگەر تۆمارمان بكردنایە سەر لەنوێ لەبەغداد (مەقاسە)یان دەكرد، چونكە عێراق وەك دوژمنێك سەیری ئێمەی دەكرد."
وتوشیەتی"لە 2012 نزیكەی 130 ملیار، لە 2013، 160 ملیار، لە ساڵی 2014، 212 ملیار، لە ساڵی 2015، 190 ملیار، ئەو چوار مانگەی ساڵی 2016 نزیكەی 40 ملیار دینار داهات بوو، واتە ئاوەها كە لێكیدەدەینەوە نزیكەی 700 ملیارێك دەكات لە چوار ساڵ و چوار مانگە لەگەڵ 3% كۆی دەكەیتەوە دەكاتە نزیكەی 800 ملیار، من وەهاموت نەك ساڵانە، نەموت بە ڕەسمی، ئیتر نازانم وەزارەتی دارایی بۆ بەوە مشەوەش بوون."
جگە لە ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم، خودی وەزیری دارایی لە لێدوانێكیدا ڕایگەیاندبوو: "دەبێت بەڕێوەبەری پێشوی باج بۆمان بسەلمێنێت ئەو داهاتی باجەی باسی دەكات چی لێهاتوە و بۆمان بهێنێتەوە."
بەڵام بەڕێوەبەری پێشوی باجی هەرێم دەڵێت:" جەنابی وەزیری دارایی ڕێزی هەیە، ناهەقی نییە، ئەویش ڕەنگە وەها بیستبێتی، ناهەقی ناگرم كە لە چەند كەناڵێكی تەلەفزیۆنی بەگەورەیی نوسیویانە ئێمە پارە لە بەغدا دەشارینەوە، دوای ئەوە من باسی 2012 هەتا 2016 دەكەم، دوای ئەوە وەزارەتی دارایی نەدەكرا بەو شێوازە توندە وەڵام بداتەوە."
لە ڕونكردنەوەكەی وەزارەتی دارایی كە هەر ڕۆژی پێنجشەممە لەسەر قسەكانی بەڕێوەبەری گشتی پێشوی باجی هەرێم بڵاویكردبوەوە ڕایگەیاندبوو: "خۆی كێشەی یاسایی هەبوە و لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە كەیسەكەی ڕەوانەی دادگای لێكۆڵینەوەی دەستپاكیی هەولێر بۆ گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی كراوە."
لە بەرامبەردا زانیار محەمەد قادر وتویەتی"بەڵێ من كەیسم لە دەستەی دەستپاكی، زۆر كەسی تریش كەیسی هەبوە و كەیسەكەش چۆتە دەستەی دەستپاكی، دواتر چۆتە دادگای لێكۆڵینەوە و لە دادگاش (بەرائە)م بۆ هاتەوە هیچم بەسەردا ساغ نەبوەوە و بڕیاری كۆتایی درا بە بێتاوان دەرچونی من لە ساڵی 2019، دواتر بە هەمان پلە گەڕامەوە سەر پلەكەی خۆم بە موچەی خۆم و دەوامی خۆم هەتا ساڵی 2022 لەو پۆستەدا بوم و دواتر داوای خانەنشین بونم كرد، خۆ ئەوە شاراوە نییە."