عیراق لە نێوان هەڕەشەی میلیشیاكان و خواستی ئەمریكادا
11 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمڕۆ پێنج شەمە 4-1-2024 لەئەنجامی بۆردومانێكی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان بۆ سەر بنكەیەكی بزوتنەوەی نوجەبای سەر بە حەشدی شەعبی لە شەقامی فەڵەستینی بەغدا، موشتاق تالیب سەعیدی ناسراو ئەبو تەقوا، ئامر لیوای 12ی بزوتنەوەكەو عەلی نایف عەرەفی ناسراو بە عەلی ئەبوو سەجاد بەرپرسی پاڵپشتی لۆجیستی بزووتنەوەی نوجەبا كوژران و 6 كەسی دیكە بریندار بوون.
هەرچەندە ئەمە یەكەمینجار نییە كە ملیشیاكانی سەر بە ئێران و هێزەكانی ئەمریكا، یەكتر بۆردومان دەكەن، بەڵام لەم ماوەی ڕابردوودا ئەم هێرش و پەلامارانە بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووە، بەجۆرێك كە لە مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی 2023 تا ئێستا زیاد لە سەد هێرشی جۆراوجۆر لەلایەن ملیشیا شیعەكانی سەر بەئێران كراوەتە سەر هێزەكانی ئەمریكاو لە 8 كانونی یەكەمی ڕابردووش بەچەند موشەكێك پەلاماری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەناوچەی سەوزی بەغدا درا كە جگە لە زیانی مادی هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتەوە.
هاوڵاتی لەم ڕاپۆرتەیدا گرنگترین پێشهات و زانیارییەكانی جەنگی بێدەنگی نێوان ئێران و ئەمریكا دەخاتەڕوو.
لەناوەڕاستی ساڵی 2014ەوە دوابەدوای پێشڕەوەییەكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لەناو خاكی عیراق و گرتنی چوار پارێزگەی عیراقی لەباكورو باكوری ڕۆژهەڵات و نزیك بوونەوەی لە بەغدا، لە 13 ی حوزەیرانی 2014داو لە وتاری نوێژی هەینی لە نەجەف، سەید عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعە دوانزە ئیمامییەكان، فەتوای جیهادی دژی ئەو رێكخراوە دەركردو دوابەدوای دەركردنی ئەو فەتوایەش بەدەیان هەزار شیعەی عیراقی چەكیان هەڵگرت و روویان لە بەرەكانی جەنگ كرد .
هەرچەندە سێ مانگ پێش دەركردنی ئەو فەتوایە، نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عیراق بە بیانوی بەرەنگار بوونەوەی داعش داوای كردبوو كە هێزێكی هاوتەریبی سوپا دابمەزرێت، بەڵام تا دەركردنی ئەو فەتوایەی سیستانی وەك پێویست خەڵك رویان لە بنكەكانی ناونوسكردن نەدەكرد.
لەدوای دوو ساڵ لەدامەزراندنی حەشدی شەعبیش لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2016دا ئەم هێزە وەك هێزێكی سەربازی و یاسایی و پشتیوانی سووپای عیراق لەلایەن پەرلەمانی عیراقەوە ناسێنرا.
ئاگری تیرۆری ساڵح عاروری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێتەوە؟
بەمجۆرەش هێزەكانی حەشدی شەعبی لە هێزێكی خۆبەخشەوە بوون بەهێزێكی سەربازی و لەلایەن حكومەتی عێراقەوە ناوەندەوە پشتگیری و ڕاهێنانیان پێدەكرێت و ژمارەی ئەندامەكانی بە دەیان هەزار كەس مەزەندە دەكرێن و لە چەند گروپێكی جیاوازی وەك "كەتائیبی حزبوڵای عیراقی، عەسائیبی ئەهلی حەق، بزوتنەوەی نوجەبا، سەرایای سەلام، بزوتنەوەی بەرگری ئیسلامی و رێكخراوی بەدر"، پێكدێن.
هەرچەندە لە سەرەتادا وابڕیاڕبوو كە ئەم هێزە، هێزێك بێت بۆ پاراستنی عیراق لەو مەترسییانەی كە لەقۆناغێكی هەستیاری مێژووییدا پیایدا تێدەپەڕی، بەڵام دواجار لەلایەن ئێرانەوە كۆنترۆڵكران و ئێران توانی بیانخاتە ژێر ڕكێفی خۆیەوەو بۆ چەسپاندنی مەرامەكانی لە سووریا و عێراق و چەند ناوچەیەكی دیكە بەكاریان بهێنێت، یەكێك لە مەرامە سەرەكییەكانی ئێرانیش لێدانی هێزە ئەمریكییەكانە لە عێراقدا.
لەساڵی 2017دا كەتائیبی سەیدولشوهەدای سەر بە حەشد رایگەیاند "هێزەكانی ئەمریكا هێرشێكی ئاسمانییان بۆ بنكەكانیان لە ناوچەی ئەنباری نزیك سنووری سوریا بۆردومانكردووەو لەئەنجامدا 40 چەكدارییان كوژران"، لەساڵی 2019شدا هێزەكانی ئەمریكا لە وەڵامی هێرشی میلیشیاكان بۆ سەر هێزەكانیان چەند جارێك بنكەكانی حەشدی شەعبییان ئاگرباران كردو دوابەدوای ئەو هێرشەش ئایەتۆڵا كازم حائری نزیك لە ئێران فەتوای دەركردنی هێزەكانی ئەمریكای لە عیراق دەركرد.
لە 29ی كانونی یەكەمی 2019دا هێزەكانی ئەمریكا لەوەڵامی هێرشی میلیشیاكان بۆ سەر بنكەیەكی سەربازییان لە كەركوك، هێرشێكی چڕیان بۆ سەر بنكەو بارەگاو جبەخانەكانی میلیشیاكانی سەر بەحەشد لە ناو خاكی عیراق و سوریا ئەنجامداو نزیكەی 25 چەكدار كوژران و 55 كەسی دیكەش بریندار بوون.
لە 31 ی كانونی یەكەمی 2019دا میلیشیاكانی حەشدی شەعبی سەر بەئێران بە بەرزكردنەوەی ئاڵای حەشدی شەعبی و حزبوڵای عیراقی پەلاماری خاڵی ئەمنی باڵیۆزخانەی ئەمریكییاندا لە ناوچەی سەوزی بەغداو سوتاندیان و دوابەدوای ئەو پەلامارەش دۆناڵد ترامپی سەرۆكی پێشوی ئەمریكا لە وتەیەكیدا هەڕەشەی توندی لە ئەنجامدەرانی ئەو پەلامارانەو ئەوانەش كرد كە لە پشتی ئەو پەلاماردانەوەن.
لە 3-1-2020 ئەبو مەهدی موهەندیسی سەركردەی باڵای حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی بەرپرسی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لەلایەن درۆنە ئەمریكییەكانەوە لە لەنزیك فڕۆكەخانەی بەغدا كرانە ئامانج و كوژران، دوابەدوای كوشتنەكەشیان وەزارەتی بەرگری ئەمریكا رایگەیاند"بەمەبەستی پاراستنی گیانی هاوڵاتییە ئەمریكییەكان لە دەرەوەی وڵات، هێزە ئاسمانییەكانی ئەمریكا قاسم سولەیمانی سەرۆكی فەیلەقی قودسی تیرۆریستیان كردۆتە ئامانج".
وا چاوەڕوان دەكرا كە دوای كوشتنی ئەو سەركردە باڵایەی سوپای پاسداران، ئێران راستەوخۆ پەلاماری هێزەكانی ئەمریكا بدات، بەڵام ئەمكارە ئەنجامنەدراو ئێران تەنها بەهاویشتنی چەند موشەكێك بۆ بنكەیەكی سەربازی ئەمریكی لەناو خاكی عیراق وەستاو ئەو ئەركەی سپارد بەمیلیشیاكانی حەشد.
لەلایەكی دیكەوە دوابەدوای ئازادكردنی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعشەوە، ئەم ملیشیانەی سەر بە حەشدی شەعبی بە چەندین تاوان و كوشتارو تاڵانكاری لە شارەكانی تكریت و رومادی و موسڵ و فەلوجە تۆمەتبار كران و هەروەك چۆن دوای ماوەیەك لە هەڕەشەكانی هادی عامری بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچانە كە ئەگەر بێتوو ناوچەكانیان جێنەهێڵن، بەتوندترین شێوە تۆڵەیان لێدەكرێتەوە، لە پارێزگای دیالە میلیشیاكانی سەر بەحەشدی شەعبی نزیكەی 70 كەسییان ڕفاندو گولەبارانیان كردن و لە ساڵی 2016شدا میلیشیاكان، 643 گەنج و پیرییان لە ناوچەی سەقڵاوییەی سەر بەپارێزگەی ئەنبار دەستگیركردو تا ئێستا چارەنووسیان بەنادیاری ماوەتەوە.
موقتەدا سەدری سەرۆكی رەوتی سەدر لە لێدوانێكیدا ئەوەی وت" ئەو میلیشیانەی لەژێر ناوی حەشدی شەعبی كاردەكەن، هەڵدەستن بەئەنجامدانی چەندین تاوانی قێزەوەنی وەك سەربڕین و دەستدرێژی، هەر وەك ڕێكخراوی هیومان رایتس وۆچ ملیشیاكانی بەگۆڕانگاری دیمۆگرافی لەناوچە سوننەكاندا تاوانبار كرد، دەیڤید پاتریۆسی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری پێشووی ئەمریكاش لەبارەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی وتبوو" ئەم میلیشیانە لە داهاتوودا دەبنە هەڕەشەیەكی راستەقینە بۆ سەر ئاسایشی عیراق".
لەساڵی 2019 بۆ 2021یشدا میلیشیاكانی حەشدی شەعبی ڕۆڵێكی سەرەكییان لەسەركوتكردنی خۆپیشاندانەكانی بەغدا و ناوچەكانی عیراقدا گێڕا كە داوای كۆتایی هاتنی سیستمە تائیفییەكەی عیراق و چاكسازییەكی بنەڕەتییان لەناو هەیكەلی حكومەت و دەوڵەتدا دەكرد.