ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان توركياو ئیسرائیل لەگەرمەی شەڕی غەزەدا 34% زیاد دەكات

11 مانگ لەمەوپێش



سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتدارانی توركیا ئیدانەی ئەو هێرشانە دەكەن كە ئیسرائیل دەیكاتە سەر غەزە، بەڵام ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئەو دوو وڵاتە لەمانگی سێیەمی شەڕەكەدا بەڕێژەی 34.8% زیادیكردوە، تەنانەت ئەوەش ئاشكرابووە كاتێك ئەردۆگان ئیدانەی هێرشی ئیسرائیلی دەكرد بۆ سەر نەخۆشخانەیەكی غەزە كۆمپانیای بوراكی كوڕی خەریكی بار داگرتن بوە لەبەندەرێكی ئیسرائیل.
بەپێی راپۆرتێكی ماڵپەڕی (The Cradle)، هەناردەی توركیا بۆ ئیسرائیل لەمانگی تشرینی دووەمی 2023دا 319.5 ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام لەمانگی كانونی یەكەمی دواتردا بۆ 430.6 ملیۆن دۆلار زیادیكردووە، كە زیاترە لە بڕی هەناردەی توركیا بۆ ئیسرائیل لەمانگی تەموزی 2023دا پێش دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنی تۆفانی ئەقسا لەلایەن بزوتنەوەی حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل بڕەكەی 408.3 ملیۆن دۆلار بووە.
ئیبراهیم قاوەچی كە ئابوریناسێكی توركیایە دەڵێت "گەلی توركیا لەبارەی روداوەكانی غەزەوە بەچاوی رق و كینەوە دەڕوانێت، لەكاتێكدا وەك هەمیشە لە پشت دەرگا داخراوەكانەوە شتێكی تر رودەدات، ناكرێت هەناردەكردن ئەوەندە زیادی بكردایە لەوەڵامی سەركردەیەكی وڵاتێكدا كە ئاگری لە ئیسرائیل بەردەدا".
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا دوای هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە، رایگەیاند"پێویستە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دادگای بكرێت،  هەروەك چۆن سلۆبۆدان میلۆسۆڤیچ دادگایی كرا".
"ئیسرائیل تەنها بكوژ نییە، بەڵكو دزێكیشە، ناتوانین ڕێگە بدەین ئیسرائیل جارێكی دیكە غەززە داگیر بكات، غەزە خاكێكی فەلەستینە، غەزە هی فەلەستینییەكانە، بۆ هەتا هەتایە هەر بەو شێوەیە دەمێنێتەوە"، سەرۆك كۆماری توركیا پێشتر واشی وت.
ئیبراهیم قاوەچی ئاماژە بە داواكاری بیلالی كوڕی رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆكی كۆماری توركیا دەكات كە داوای لەخەڵكی توركیا كرد بایكۆتی ئیسرائیل بكەن، لە كاتێكدا براكەی بوراك بەخاوەنی كەشتییەك ناسراوە كە بەردەوامن لە ناردنی كاڵا بۆ ئیسرائیل.
لەمانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوودا، ڕۆژنامەنوس مەتین سیهان پەیوەندییەكانی نێوان بوراك ئەردۆگان و كۆمپانیاكانی ئیسرائیلی ئاشكراكردبوو رایگەیاند"لەكاتێكدا سەرۆك ئەردۆگان ئیدانەی ئیسرائیلی دەكرد بەهۆی بۆردومانكردنی نەخۆشخانەیەكەوە لە 17ی ئۆكتۆبەردا، كۆمپانیای بوراكی كوڕی خەریكی بار داگرتن بوە لەبەندەرێكی ئیسرائیلی".
ڕۆژنامەنوس مەتین سیهان ئەوەشی وتبوو "لە28ی تشرینی یەكەمدا، لەكاتێكدا ئەردۆگان دیسانەوە ڕەخنەی لە ئیسرائیل دەگرت و داوای لەخەڵك دەكرد بۆ گردبوونەوە، كەشتی كوڕەكەی بە بارەكەیەوە بە گەروی (جبل گارق)دا تێدەپەڕی”.
ئەو رۆژنامەنوسە ئەوەشی بۆ ئاشكرابووە " ئەو شتانەی كە لەلایەن توركیاوە ڕەوانەی ئیسرائیل كراون، چەكیان لەخۆگرتووە، لەكاتێكدا بازرگانی نێوان كۆمپانیاكانی توركیاو ئیسرائیل وەك ئاسایی بەردەوام بووە سەرەڕای قسەكانی ئەنكەرە بەرامبەر بە ئیسرائیل".
دوای ئاشكرابوونی پەیوەندیی بنەماڵەی ئەردۆگان لەگەڵ كۆمپانیاو بازرگانانی ئیسرائیل، سەرەتای مانگی كانوونی دووەمی ساڵی رابردوو، هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا بەرگری لە بازرگانی دوو قۆڵی نێوان توركیا و ئیسرائیل كردو وتی "ئەو پەیوەندییانە زیان بە دۆزی فەڵەستین ناگەیەنن".

دامەزراوەی ئاماری توركیا (TurkStat) باس لەوە دەكات كە هەناردەكردنی چەكی ئەنكەرە بۆ تەلئەبیب جێگەی سەرنج بووە، لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردودا توركیا بە بەهای 105 هەزار دۆلار پارچەی چەكی هەناردەی ئیسرائیلی كردوە، لەساڵی 2023دا ئەو هەناردەكردنە 823 هەزارو 112 دۆلار بووە، ئەمەش چەك و پارچەی یەدەگی لەخۆگرتبوو".


 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار