ڕێژەی زیندانیانی عێراق ٪300 زیادی کردووە
11 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
چاودێران هۆشداری ئەوە دەدەن کە زیندانەکانی عیراق، وەک پێویست ناتوانن زیندانییەکان لە خۆیان بگرن و ڕێژەی زیندانییەکانی ناو زیندانەکان ٪300 زیادی کردووە و ئەمەش کاریگەرییەکی خراپ لەسەر رەوشی تەندرووستی و دەروونی زیندانییەکان بە جێ دەهێڵێت.
چاودێران بەرزبوونەوەی ئەم رێژەیە بۆ بەردەوامی دەستگیرکردنی داواکراوان و کەسانی لە یاسادەرچوو و یەکلایی نەکردنەوەی دۆسییەی یاسایی و ئازاد نەکردنی ئەو کەسانە دەگەرێننەوە کە ماوەی زیندانی کردنیان تەواو کردووە و هێشتا ئازاد نەکراون.
هەروەها چاودێران دەرکردنی لێبووردنێکی گشتی و گۆرانکاری لە یاساکان و درووست کردنی جێگەیەکی فراوانی شیاو وەک شارێکی چاکسازی لە زیندان و گرتووخانەکان لەخۆ بگرێت بە چارەسەرێکی گونجاو بۆ ئەم کێشەیە دەزانن.
هەر لەمبارەیەوە "ئەبدولقادر نایل"ی چاودێری سیاسی بە دەزگاکانی راگەیاندنی وت: زیندانییەکان بە هۆی کەڵەکەبوونیان لەناو زیندانەکاندا رووبەرووی کارەساتێکی راستەقینە بوونەوتەوە و بە هۆی نەمانی جێگە لەناو زیندانەکانی وەزارەتی داد و ناوخۆ و بە بەردەوامی دەستگیر کردنی کەسانی لە یاسا دەرچوو ، هەندێک شوێنی دیکەی وەک فرۆکەخانە وەک زیندان بەکار دەهێنرێت .
هەروەها "نایل" ئەم کەڵەکەبوونەی ناو زیندانەکانی گەراندەوە بۆ یەکلایی نەکردنەوەی دۆسییەی گیراوەکان لە داگاکان ، هەرچەندە یاسای عیراقی جەخت لەوە دەکاتەوە کە لەماوەی 24 کاتژمێردا دەبێت کەسی دەستگیرکراو رەوانەی دادگا بکرێت و ماوەکە تەنها بۆ یەکجار درێژ دەکرێتەوە.
لەبارەی شوێنی مانەوەی دەستگیرکراوەکانیش ناوبراو ئەوەشی ووت: کە بە هۆی ئەم بێ سەروبەرەییەی ناو زیندانەکانی عیراق و بچووکی زیندان و زۆری ژمارەی دەستگیرکراوەکان ، زۆر جار کەسەکان بە پێوە دەخەون.
بە بڕوای دکتۆر "فازیل عەزاوی " ،سەرۆکی ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ ، کەڵەکە بوونی دەستگیرکراوانی ناو زیندانەکانی عیراق بە یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان ئەژمار دەکرێت و بە تایبەتیش کە بە پێی تازەترین ئامارەکان رێژەکە بە ٪300 زیادی کردووە .
هەر لەمبارەیەوە عەزاوی ئەوەی روونکردۆتەوە کە ، کۆنی و بچووکی بینای زیندانەکان ، هۆکارێکی سەرەکی ئەم کێشەیەن و بۆ چارەسەر کردنی ئەم کێشەیەش ، عەزاوی داوای کرد کە شارێکی چاکسازی تایبەت بە زیندانییەکان درووست بکرێت کە توانای لە خۆ گرتنی ئەم ژمارە زۆرەی زیندانییەکانی هەبێت .
هەروەها لە جیاتی دەستگیر کردن واباشترە کە دەوڵەت ڕێکاری دیکەی سزادان بگریتەبەر یان خۆد ئەو کەسانەی کە تاوانەکانیان قورس نییە و بە مادەی تیرۆر و هەرەشە بۆ سەر ئاسایشی نیستمانی دەستگیر نەکراون بەر لێبووردن بکەون، چونکە هەنذێک جار لەبەر نەبوونی جێگە ئەوانەی کە بە تاوانی سووک دەستگیرکراون لەگەڵ ئەو کەسانەدا زیندانی دەکرێن کە تاوانەکانی مادەی هۆشبەر و تیرۆر و فڕاندن و کووشتنیان بەسەردا ساغ بۆتەوە و بەم جۆرەش دەتوانرێت تا رادەیەکی باش کەڵەکەبوون و زۆربوونی ئەم ڕێژەیە کۆنترۆڵ بکرێت .
لە لایەکی دیکەوە لە راپۆرتیکی ناوەندی عیراقی بۆ دیکۆمینتکردنی تاوانەکان باس لەوەکراوە کە لە مانگەکانی کۆتایی ساڵی رابردوودا دەزگا ئەمنییەکان دەیان هەزار هاوڵاتییان لە ژینگەیەکی ناخۆشی نائینسانیدا دەستگیر کردووە و رەچاوی هیچ جۆرە دۆخێکی تەندرووستییان ناکەن و لەناو کەشێکی زۆر گەرم و شێداردا دەژین کە ئەمەش مەترسییەکە بۆ سەر تەندرووستییان.
جێی ئاماژەیە حکوومەتی عیراقی دانی بەم رێژەزۆرەی زیندانیان و دەستگیرکراوەکاندا داناوە و رایگەیاندووە کە ریژەی فشاری زیندانیەەکان لەناو زیندانەکانی بە رێژەی ٪300 زیادی کردووە.