حكومەتی عێراق بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەڕێی كورتەنامەوە راپرسی دەكات 

نزیكەی 20 ملیۆن هاوڵاتی عێراقی، لەلایەن حكومەتەوە كورتەنامەیەكیان پێگەیشتوە

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

دوای راگەیاندنەكەی چەند رۆژی رابردووی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەبارەی ئەوەی حكومەتەكەی سەرقاڵی دیاریكردنی كاتی دەستپێكردنی گفتوگۆكانە لەگەڵ واشنتۆن بۆ كۆتایهێنان بەمانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق، نزیكەی 20 ملیۆن هاوڵاتی عێراقی، لەلایەن حكومەتەوە كورتەنامەیەكیان پێگەیشتوەو پرسیاری ئەوەیان لێكراوە كە بۆچونیان چییە لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق.
ناوەرۆكی راپرسیەكە بۆ هاوڵاتیان لەڕێی كورتەنامەیەكەوەیەوەو دەڵێت "هاوڵاتی بەڕێز ئایا تۆ لەگەڵ مانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانانی لە عێراقدا یان دژی مانەوەیانی؟ وەڵامی ئەو پرسیارەش بە بەڵێ یان نەخێر دەدرێتەوەو مەبەستی حكومەتی عێراقیش لەو راپرسییە ئەوەیە كە بزانێت ئاڕاستەی بیركردنەوەی خەڵك زیاتر بەكام لادا دەشكێتەوەو بەپێی زۆرینەو كەمینەی ئاراستەكان بڕیاڕ بدات".
هەرچەندە لە كورتەنامەكەدا هاتووە "سەرچاوەی ئەم راپرسییە (ناوەندی عێراقی پێوانەی ڕایە)، بەڵام دوابەدوای كردنەوەی لینكی راپرسییەكە راستەخۆ دەچیتە پێگەی ئوری حكومی بۆ خزمەتگوزارییە ئەلەكترۆنییەكان".
دوابەدوای هێرشێكی ئاسمانی ئەمریكی بۆ سەر بنكەیەكی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە بەغدادی پایتەخت كە لە ئەنجامدا دوو بەرپرسی دیاری بزووتنەوەی نوجەبا كوژران، محەمەد شەیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە میانەی ئامادەبوونی لە چوارەمین ساڵیادی كوژرانی ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی حەشدی شەعبی، رایگەیاند "ئیتر هێزەكانی هاوپەیمانان هیچ جۆرە بیانویەكییان بۆ مانەوە لەناو عێراقدا نەماوەو داوای كشانەوەی هێزەكانیانی كرد".
هەروەها سەرۆك وەزیرانی عێراق رەخنەی توندی لە هێرشەكانی هێزی هاوپەیمانان بۆ سەر بنكەو بارەگاكانی حەشدی شەعبی گرت و رایگەیاند "حەشدی شەعبی هێزێكی یاسایی سەر بەحكومەتی عێراقن و بەشێكن لە هێزە چەكدارەكانی وڵات".
لەبارەی نامەكەوە، سەرچاوەیەكی حكومی بە رۆژنامەی (العربی الجدید)ی وتووە "نامەكە لەچوارچێوەی ئاڕاستەیەكی نوێی حكومەتی عێراقدایەو ئامانجی لێی وەرگرتنی بۆچوونی رای گشتییە لەبارەی بڕیاڕە چارەنوسسازەكانەوە".
پەرلەمانی عێراق چوار ساڵ لەمەوبەرو لە 5 كانونی دووەمی 2020دا دوو رۆژ دوای كوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لەهێرشێكی ئاسمانیدا لەنزیك فڕۆكەخانەی بەغدا، دەنگیدا لەبەرژەوەندی بڕیارێك بۆ دەركردنی تەواوی هێزە بیانیەكان لەعێراق.
هەر دوای بڕیارەكەی ئەوكاتەی پەرلەمانی عێراق، ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا گومانی هەبوو لەجێبەجێكردنی بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق، مارك ئەسپەر، وەزیری ئەوكاتەی بەرگری ئەمریكا رایگەیاندبوو "لەكۆبوونەوەی دەنگدانەكەدا هیچ پەرلەمانتارێكی كورد بەشداری تیادا نەكردوە، زۆرینەی پەرلەمانتارانی سوننەش بەشدار نەبوون، زۆرێكیش لە پەرلەمانتارانی شیعە لەژێر هەڕەشەدا بەشداری دەنگدانەكەیان كردووە".  
ئەندامێكی دیاری چوارچێوەی هەماهەنگیش كە نەیویستوە ناوی ئاشكرابكرێت، ئەوەی بەئاژانسەكان راگەیاندووە "حكومەتی عێراق دەستیكردووە بەپێكهێنانی وەفدێكی سەربازی و ئەمنی و دیپلۆماسی بۆ گەیاندنی خواستی عێراق بۆ كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان، چونكە پێویستیان بەهێزەكانی هاوپەیمانان نیە".
"وەرگرتنی بۆچونی عێراقیەكان ئامانج لێی بەدەستهێنانی پاساو و كارتی زیاترە، چونكە واشنتۆن پێیوایە هەر قسەكردنێك لەسەر چونە دەرەوەی ئەمریكا، خواستێكی ئێرانیە نەك عێراقی". سەرچاوەكەی چوارچێوەی هەماهەنگی وا دەڵێت.  
سەرچاوەكە ئەوەشی وتوە "عێراق ترسی هەیە لە رێوشوێنی تۆڵە سەندنەوەی ئەمریكا لەحاڵەتی بەرەوپێشچونی هەوڵەكانی دەركردنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كە واشنتۆن نزیكەی 80% هێزەكانی پێكدەهێنێت، رەنگە رێوشوێنەكان ئابوری و تەنانەت سەربازیش بن".
دوابە دوای پێداگری حكومەتی عێراقی بۆ كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراقداو راگەیاندنەكەی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پەنتاگۆن) كە لە ئێستادا پلانی كشانەوەی هێزەكانیان نیە لەعێراق.
ژمارەی هێزەكانی ئەمریكا لەچوارچێوەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی  لە سوریا 900 سەربازو لە عیراقیشدا دوو هەزارو 500 سەرباز دەبن و كاریان راوێژو یارمەتی دانی هێزە ناوخۆییەكانی ئەو دوو وڵاتەیە لە دژی رێكخراوی تیرۆریستی داعش كە لە ساڵی 2014دا توانی دەست بەسەر رووبەرێكی بەرفراوانی ئەو دوو وڵاتەدا بگرێت.
ئەندامە دیارەكەی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەوەشی ئاشكراكردوە "چوارچێوەی هەماهەنگی بەكۆی دەنگ بڕیاریداوە بۆ جوڵەكردنی حكومەتی سودانی، بەڵام كوردەكان بیرۆكەكە رەتدەكەنەوەو پابەندن بەمانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان لەهەرێمی كوردستان، هەرچی حزبە عەرەبیە سوننەكانە لەبەردەم چوارچێوەی هەماهەنگی هەڵوێستێكیان هەیەو لەبەردەم باڵیۆزخانەكانی خۆرئاواش هەڵوێستێكی تریان هەیە".
"بابەتەكە زۆر ئاڵۆزە، نەك تەنها لەسەر ئاستی باڵا بۆ رازیكردنی ئەمریكیەكان بۆ جێهێشتنی عێراق، تەنانەت لەسەر ئاستی ناوخۆش ماڵی عێراقی ناكۆكی تێدایە". ئەندامە دیارەكەی چوارچێوەی هەماهەنگی وا دەڵێت.
دوای هەڵَگیرسانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس لەكەرتی غەزە، هێرشی گروپ و ملیشیاكانی سەر بە ئێران بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و سوریا بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووە، بەجۆرێ كە تەنها لە دوو مانگی كۆتایی ساڵی 2023دا زیاتر لە 100 هێرشی جۆراوجۆر لە عێراق و سوریاو هەرێمی كوردستان كراونەتە سەریان و ئەمەش پاڵی بەهێزەكانی ئەمریكاوە نا تا وەڵامی ئەو هێرش و پەلامارانەی گروپەكانی سەر بە ئێران و نزیك لە ئێران بدەنەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار