حووسییەکان کێن و چیان ئەوێت؟

4 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەرەبەیانی رۆژی هەینی ١٢-١-٢٠٢٤ دوای چەندجار ئاگادار کردنەوەی حووسییەکان لە لایەن ئەمریکا و بەریتانیا و هاوپەیمانەکانیانەوە، هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا  بە هاوبەشی هێرشیان کردە سەر بنکە و شوێنەکانی حووسییەکان و بە پێی ئەو زانیارییانەی کە هێزی ئاسمانی ئەمریکا بڵاوی کردۆتەوە، ٦٠ خاڵ لە ١٦ شوێنی کە لە لایەن حووسییەکانەوە بە کار دەهێنران کراونەتە ئامانج و زیانی گەورەیان پێ گەیشتووە.

ئەم هێرشانەی ئەمریکا و بەریتانیا و هاوپەیمانەکانی دوای ئەوە هات کە حووسییەکان بەردەوام بوون لە هێرش بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و بازرگانی ئەو ناوچەیان خستبووە مەترسییەوە.

لە وەڵامدا،  حووسییەکان وەڵامی هێرشەکانیان دایەوە و عەلی قەحوم، سەرکردەی گروپی ئەنسار الله (حووسییەکان) لە بەیاننامەیەکدا لەسەر پلاتفۆرمی “X” بڵاویكرده‌وه‌، “وەڵامدانەوەی یەمەن زۆری نەخایاند، ئێستا هێزە چەکدارەکانی یەمەن وەڵامی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا و بەریتانیایان لە دەریای سور دایه‌وه‌، شوێن و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا-بریتانیا دەکاتە ئامانج، ئەوەی دێت گەورەترە”.

 

 ئەم سەرکردەیەی حووسییەکان هەروەها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، سه‌نعای پایته‌خت و پارێزگاکانی دیکە بە فڕۆکەی ئەمریکی و بریتانیا بۆردومان دەکرێن، شەڕەکە گەورەتر و گەورەتر دەبێت و لە دەرەوەی خەیاڵ لە دژی ئەمریکییەکان و ئینگلیزەکان، “شەڕێکی ئاشکرایە و هێزی یەمەنییەکان ئامادەیە و ده‌بێت چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامی توندتربن و پەشیمان دەبنەوە لە شەڕانگێزی خۆیان”.

 

جێگەیباسە دوا بەدوای هێرشەکان ده‌یان كه‌س له‌ به‌رده‌م كۆشكی سپی له‌ واشنتۆن خۆپیشاندانێكی ناڕه‌زایه‌تییان دژی "ده‌ستپێكردنی جه‌نگی ئه‌مه‌ریكا به‌رامبه‌ر به‌ حوسییه‌كان" ئه‌نجام دا و خۆپیشانده‌ران دروشمی "بژی یه‌مه‌ن، ده‌ست له‌ یه‌مه‌ن هه‌ڵبگرن"ـیان ده‌گوته‌وه‌.

 

هاوكات به‌هۆی ئه‌و هێرشه‌ ئاسمانییانه‌ی ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا بۆ سه‌ر بنكه‌ و باره‌گاكانی حوسییه‌كان، نرخی نه‌وت به‌ رێژه‌ی 2،3% به‌رز بووه‌ و نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی خاوی برێنت گه‌یشته‌ 79.22 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی.

 

حووسییەکان کێن؟

 

حووسییەکان گرووپێکی زەیدین، کە هەرچەن لە باری بیروباوەڕەوە زۆر لە شیعەکان نزیکن، بەڵام بە پێچەوانەی شیعەکان ئەوان باوەڕیان بە ١٢ ئیمام نییە، بە مانایەک ئەوان شیعەی ١٢ ئیمامی نین.  ئەوان زەیدین. شیعەکان و زەیدییەکان لە دوای ئیمامی چوارەمی شیعەکانەوە لە یەکتر جیا ئەبنەوە. زەین ئەلعابدین ئیمامی چوارەمی شیعەکان و زەیدییەکانە. بەڵام لە ئیمامی پێنجەمدا زەیدییەکان و شیعەکان لە یەکتر جیا ئەبنەوە. شیعەکان  محەممەد باقر کوڕی زەین ئەلعابدین بە ئیمامی پێنجەمی خۆیان ئەزانن. بەڵام زەیدییەکان، یەحیا کوڕی زەید بە ئیمامی پێنجەمی خۆیان ئەزانن. یەحیا کوڕی زەید، ناسراو بە ئیمامزادە یەحیای کوڕی زەید لە گونبەدی کاووس لە باکووری رۆژهەڵاتی ئێران نێژراوە.

زەیدییەکان ٣٥ لە سەدی دانیشتوانی یەمەن پێک دەهێنن و حووسییەکان کە خێڵێکی گەورەن لە پارێزگای سەعدە لە باکووری رۆژئاوای یەمەن، بەشێکن لە حەشیمەتی زەیدییەکان لە یەمەن.

زەیدییەکان بۆ ماوەی چەند سەدە، لە ساڵی ٨٩٣ی زایینییەوە تا ١٩٦٢ دەسەڵاتی یەمەنیان بە دەستبووە، بەڵام دوای ١٩٦٢ بەرەبەرە کەوتنە حاشیەوەو دەسەڵاتیان لێ وەرگیرایەوە. لە بری ئەوان سوننەکان کە نزیک بوون لە سعوودیە دەسەڵاتیان گرتە دەست. زەیدییەکان لە ١٩٦٢ەوە هەوڵیان داوە دەسەڵات بگرنەوە دەست و جارێکیتر شکۆی لە دەستچوویان بۆ بگەڕێتەوە.

لە ١٩٦٢ەوە تا ٢٠١٤ زەیدییەکان دەرفەتێکی ئەوتۆیان دەستنەکەوت بەوەی بتوانن هێز و توانای خۆیان بخەنە ڕوو. رووداوەکانی بەهاری عەرەبی دەرفەتێکی بۆ ئەوان خولقاند کە بتوانن جارێکیتر خۆیان یەکبخەنەوە. لە سەردەمی رووداوەکانی بەهاری عەرەبیدا و لە ساڵی ٢٠١١دا حووسییەکان توانیان دژی حکوومەتی ناوەندی عەلی عەبدوڵڵا ساڵەح شۆڕش بکەن و بوون بە هۆی رووخانی حکوومەتی عەلی عەبدوڵڵا ساڵەح و دوای ئەوە میلیشیا زەیدییەکان سەنعا پێتەختی یەمەنیان وەک پێتەختی خۆیان ناساند. حووسییەکان لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی ئەکران و عەلی عەبدوڵڵا ساڵەح لە لایەن سعوودییەوە پشتیوانی ئەکران.

ساڵی ٢٠١٥ و هاوکات لە گەڵ گفتوگۆی ناوکی کۆماری ئیسلامی ئێران و ٥ وڵاتی زلهێز لە لۆزانی سویسرا، بەرەیەکی عەرەبی بە رێبەری سعوودیە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی هێرشیانکردە سەر دەسەڵاتی حووسییەکان لە یەمەن و توانیان حووسییەکان تێک بشکێنن. بەڵام ئەم جەنگە کە چەند ساڵی خایاند بنبڕکردن و لەناوچوونی حووسییەکانی لێنەکەوتەوە کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی ئەکرێن، سەرەنجام دوای کوژرانی دەیان هەزار کەس و نەهامەتی و برسێتی، حووسیەکان کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی ئەکرێن و بەرەی سوننە کە لە لایەن سعوودیەوە پشتیوانی ئەکرێت، رێککەوتن و ئاگربەستێکیان راگەیاندووە. رەشاد عەلیمی وەک سەرۆک کۆمار دەسەڵاتی بەدەستە.

لە ساڵی ٢٠١١ەوەو سعوودییە و ئێران بۆ ماوەی چەند ساڵ بە هۆی پشتیوانیکردنی ئێران لە حووسییەکان و پشتیوانیکردنی سعوودیە لە بەرەی سوننە، ناکۆکییە مێژینەکەیان قووڵتر ببۆوەو بۆ ماوەی چەند ساڵ پەیوەندی سیاسی و دیپلۆماسیان نەما. بەڵام دوای ٢٠٢٢ و ئاگربەستی نێوان سوننەکان و حووسییەکان، پەیوەندی نیوان تاران و ریاز بەرە بەرە بەرەو باشتربوون رۆشت. سعوودییە بە شێوەی راستەوخۆ کەوتە گفتوگۆ لە گەڵ حوسییەکان و رێبەرانی حووسیەکانی یەمەن، بە شێوەی راستەوخۆ لە لایەن سعوودیەوە پێشوازیان لێکرا.

بۆچی حووسییەکان بوون بە بەشێک لە جەنگی ئیسرائیل حەماس؟

دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەم و وەڵامدانەوەی ئیسرائیل، حووسییەکان رایانگەیاند بۆ پشتیوانی لە خەلکی غەزەو فەلەستین هێرش ئەکەنە سەر ئەو کەشتیانەی کە سەر بە ئیسرائیلن یان بەرەو ئیسرائیل ئەڕۆن. هەرچەند لە زۆربەی هێرشەکانیاندا هێرشیان کردۆتە سەر ئەو کەشتییە بارهەڵگرانەی کە هیچ پەیوەندییەکیان بە ئیسرائیلەوە نەبووە. حووسییەکان تەنانەت پێش دەستپێکی جەنگی حەماس کێشەیان بۆ کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور دروست ئەکرد. بەڵام لە رۆژی ١٧ی تشرینی یەکەمەوەو دوای تەقینەوەی نەخۆشخانەی ئەلهەڵی غەزە، هێرشەکانی خۆیان زیاتر کردوە.

بە پێی ئەو زانیارییانەی سینتکۆم بڵاوی کردۆتەوە، لە ١٩-١١-٢٠٢٣ەوە، ٢٦  جار لە لایەن حووسییەکانەوە هێرش ئەکرێتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور.

هێرشە بەردەوامەکانی ئەمریکا بۆ سەر کەشتییەکان، وایکردووە ئەمریکا هێزێکی تایبەتی دەریاوانی نێونەتەوەیی بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور پێک بهێنێت.

حووسییەکان بەردەوام باس لەوە ئەکەن تا ئەو کاتەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە رانەگیردرێت، دەستبەرداری هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان نابن. هەرچەند رۆژی سێ شەممە ٢١-١٢-٢٠٢٣ دوای ئەوەی حووسییەکان هێرشیان کردە سەر کەشتیەکی نەرویجی، یەحیا سەریع وتەبێژی حووسییەکان رایگەیاند تا ئەو کاتەی خاردن و دەرمان بۆ برایانی فەلەستینیمان لە کەرتی غەزە دابین نەکرێت، بەردەوام ئەبین لە هێرشەکانمان.

 

پەیوەندی نێوان حووسییەکان و ئێران

دوای هەر هێرشێکی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییە بارهەڵگرەکان، ئەمریکا کۆماری ئیسلامی وەک بەرپرسی ئەو هێرسانە ناساندووە، بەڵام بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بەردەوام بانگەشەی ئەوە ئەکەن کە رێبەرانی حووسییەکان و میلیشیا سەربازییەکانیتر کە ئێران وەک ( هێڵی بەرگری) ناویان ئەبات، سەربەخۆ کار ئەکەن و فەرمان لە کەس وەرناگرن.

چەند ساڵ لەوە پێش ، سعوودیە لەو ساڵانەدا کە لەگەڵ حووسییەکان لە جەنگدا بوو بەردەوام کۆماری ئیسلامی بەوە تۆمەتبار ئەکرد کە پشتیوانی میلیشا حووسییەکان ئەکات. هەروەها لەم ساڵانەدا بەردەوام ئەمریکا و سعوودیە، کۆماری ئیسلامی بەوە تۆمەتبار ئەکەن پشتیوان و هاندەری حووسییەکان بوون لە هێرشەکانیان بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکان ئارامکۆ لە ساڵی ٢٠١٩، هەروەها ئەو هێرشانە بە چەکی ئێرانی کراوەتە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعوودییە.

هەروەها لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ دا، بەرپرسانی ئەمریکی بە نمایش کردنی بەشێکی تێکشکاوی مووشەکێک کە دەوترا لە یەمەنەوە بەرەو سعوودییە هەڵدراوە، باسیان لەوە کرد پارچەی ئەو مووشەکانە لە ئێران بەرهەم هاتووە و دامەزراوەیی پێشەسازی سەربازی ( شەهید باقری ئێران) دروستی کردووە.

چاودێرەکان لەسەر ئەو باوەڕەن جۆری هێرشی حووسییەکان بۆ سەر کەشییە بازرگانییەکان، زۆر لەو هێرشانە ئەچێت کە هێزە دەریاییەکانی سپای پاسداران پێشتر کردوویانەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە کەنداو. هەروەها لە ماوەی ئەو ساڵانەدا کە بەرەی عەرەبی بە رێبەری سعوودییە و یەمەن دژی حووسییەکان دەجەنگان، سعوودییە زۆرجار باسی لەوە کرد بە مووشکی زولفەقاری ئێرانی هێزەکانی بەرەی عەرەبی و سعوودییە.

حسێن بەدرەدین حووسی، رێبەری حووسییەکان لە دەیەی ١٩٨٠ سەردانی قومی کردووەو پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ رێبەرانی کۆماری ئیسلامی دامەزراندووە. لەو کاتەوە پەیوەندییەکانی دوولایەن پەرەی سەندوەو کۆماری ئیسلامی بەردەوام پێشوازی لە رێبەرانی ئەم گرووپە میلیشیا شیعەیە کردووە.

بە هەموو ئەمانەوە بە هۆی جۆری پەیوەندییە شاراوە سەربازی و ئابوورییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و حووسییەکان، بەڵگەی روونتر لەم پەیوەندەدا و لەسەر هاوکاری و پشتیوانییەکانی کۆماری ئیسلامی لەم گرووپە لە بەردەستدا نییە، بەڵام هەموو کەس بە دڵنیاییەوە باس لەوە ئەکەن چالاکییەکانی حووسییەکان وەک یەکێک لە هێزە بریکارەکانی کۆماری ئیسلامی، لە بەرژەوەندی تاراندایە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار