ئەمریکا عێراق جێناهێڵێت و ئێرانیش دەیەوێت عێراق ناچار بەدەرکردنی بکات

10 مانگ لەمەوپێش



زریان فەرەیدون

سەرچاوەیەک لەوەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا: سودانی بەبەرپرسانی ئەمەریکای راگەیاندووە دەیەوێت هێزەکانی ئەمەریکا بمێننەوەو ئەو داوایەشی کەدەیکات بۆ هێورکردنەوەی فشارە ناوخۆییەکانە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی هەفتەی رابردوو رایگەیاند دەستدەکات بەپرۆسەی دیپلۆماسی بۆ دەستپێکردنی وادەیەکی دیاریکراو بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان  کەزیاتر لە دوو هەزارو ٥٠٠ سەربازیان لەعێراقدا هەیە،  وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش دەڵێت بەنهێنی داوامان لێکراوە بمێنینەوەو دەنگۆی دەرچوونمان لەعێراق بۆ کەمکردنەوەی فشارە ناوخۆییەکانە.
دوابەدوای هێرشێكی ئاسمانی ئەمریكا لەسەرەتای مانگی کانونی دووەمدا  بۆ سەر بنكەیەكی هێزەكانی حەشدی شەعبی لەبەغدای پایتەخت  کە لەئەنجامدا دوو بەرپرسی دیاری بزووتنەوەی نوجەبا كوژران، محەمەد شەیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەمیانەی ئامادەبوونی  چوارەمین ساڵیادی كوژرانی ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی حەشدی شەعبی، رایگەیاند «ئیتر هێزەكانی هاوپەیمانان هیچ جۆرە بیانویەكیان بۆ مانەوە لەناو عێراقدا نەماوەو داوای كشانەوەی هێزەكانیانی كرد».
لەوەڵامی ئەمەشدا پاتریک رایدەر وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، هیچ داواکارییەکی حکومەتی عێراقیان پێنەگەیشتووە بۆ کشانەوەی هێزەکانیان و هیچ پلانێکیشیان نییە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە، کاتێکیش لەلایەن رۆژنامەنووسێکەوە پرسیاری لێکرا کەئایا سوپای عێراق توانای ئەوەی هەیە بەبێ پشتیوانی ڕاستەوخۆی ئەمەریکا بەرامبەر تیرۆرلەناوچەکە بوەستێ، رایدەر وتی « ئەمە بەڕاستی پرسیارێکە بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق کەوەڵامی بدەنەوە.»
هاوکات  ئاژانسی هەواڵی پۆلۆتیکۆ لەزاری سەرچاوەیەکەوە لەوەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاندووە، سودانی بەبەرپرسانی ئەمەریکای راگەیاندووە داوای کشانەوەی هێزەکانی کردووە بۆ هێورکردنەوەی فشارە ناوخۆییەکان.
هێرشەکەی ئەمریکاو بڕیارەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەکاتێکدایە بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس لەكەرتی غەزە، هێرشی گروپ و ملیشیاكانی سەر بەئێران بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق و سوریا بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووە، بەجۆرێک كە تەنها لەدوو مانگی كۆتایی ساڵی ٢٠٢٣دا زیاتر لە ١٠٠ هێرشی جۆراوجۆر لەعێراق و سوریاو هەرێمی كوردستان كراونەتە سەر ئەو هێزانە و پێنتاگۆن دەڵێت ٤١٪ی ئەو هێرشانە لەناوخۆی عێراقەوە بوون ئەمەش پاڵی بەهێزەكانی ئەمریكاوە ناوە تاوەڵامبدەنەوە، یەکێک لەو وەڵامانەش هێرشەکەی ئەمریکا بوو بۆ سەر بەغدا کەهەرایەکی زۆری لەناوخۆی عێراق نایەوە، هەوڵەکانی کردنە دەرەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەعێراق دووبارە هاتە ناو باسی لایەنە سیاسییەکان بەتایبەت ئەو لایەنانەی لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن .
جێگەی باسە بەشێکی زۆری چاودێرانی سیاسی و سەربازیش پێیان وایە دوابەدوای شكستە یەك لەدوای یەكەكانی ئێران لەلوبنان و سوریاو یەمەن و كوژرانی فەرماندە باڵاكانی سوپای پاسداران لەلایەن ئیسرائیلەوە، ئێران بەمەبەستی دوورخستنەوەی پریشكی ئاگرەكە لەخۆی، هەوڵی بەرفراوانكردنی جەنگەكە دەدات و بۆ ئەم مەبەستەش چەند وڵاتێكی وەك عێراق و سوریاو لوبنان و یەمەنی بۆ ئەم مەبەستە دیاریكردووە.
پێشیانوایە، کەئەمریکا عێراق بەجێناهێڵێت و ئێران دەیەوێت عێراق ناچاربکات کەڕێککەوتنی ستراتیژی نێوان ئەمریکاو عێراق جارێکی تر دابڕێژرێتەوە.
 هەر بەبڕوای چاودێرە سیاسی و سەربازییەکان، لەئێستادا ئەمریكاو ئێران لەناوخۆی عێراق دەستییانكردووە بەتۆڵەكردنەوە لەیەكتری و ئەگەر بێتو حكومەتی عێراق و دامەزراوەكانی بێلایەنی خۆیان نەپارێزن، ئەوا عێراق دەبێتە چەقێكی هەڕەشەئامێز بۆ سەر ئاسایش و ئاشتی جیهانی .
هەربۆیە چاودێران پێیان وایە گەر حکومەتی عێراقی بەڕاستی نیازی خۆبەدورگرتن لەئاگری ئەو جەنگە راستەوخۆیەی هەبێت ئەوا دەبێت بەبەهێزی بێتە مەیدان و دەسەڵات و هێزی خۆی پیشانی باڵەکانی سەر بەئێران بدات و سەروەری خاکەکەی لەهەر هێرش و پەلامارێکی ئاسمانی و زەمینی بپارێزێت.


 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار