ئاخۆ حەماس دروسـتکراوی ئیسرائیلە

2 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دوای ئەوەی رۆژی ٧ی تشرینی یەکەم حەماس هێرشی کردەسەر ئیسرائیل، جارێکی تر ئەو دەنگۆیانەی کە باس لەوە دەکەن حەماس هەر لەسەرەتاوە دروستکراوو پرۆژەی ئیسرائیل بووە زیاتر دەردەکەوێت و باسی دەکرێت.

ئەوەی کەسەرەتای ئەم دەنگۆیە بۆ کەی و کوێ دەگەڕێتەوە رەنگە بۆ زۆر کەس سەرنجڕاکێش بێت و ببێت بەهۆی سەرسووڕمان، بەڵام لەڕاستیدا ئەمە تۆمەتێکی زۆر کۆنە. تۆمەتێک کەهەردوو ئاراستەی هەردوو لایەنی ئیسرائیلی و حەماس دەکرێت. تەنانەت وەزیرێکی فەلەستینی مانگێک پێش دەستپێکی جەنگ، لەوتووێژ لەگەڵ BBC  جارێکیتر ئەم باسەی هێنایەوە بەرباس و ژمارەیەک زۆر لەڕۆژنامەکان و کەسایەتییە ناسراوەکان لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قسەکانیان دووبارەکردەوە.

چەند دەیە لەوەپێش حوسنی موبارەک، سەرۆک کۆماری پێشتری میسر ئەم باسەی هێنایە گۆڕ، سێناتۆرێکی کۆماریخوازی کۆنگرەی ئەمریکا لەو بارەوە قسەی کردبوو و بەرپرسانی ( شین بێت) ، سیستەمی ئاسایشی ئیسرائیل، ئاماژەیان پێدابوو. بەڵام هەردوولایەن، واتە ئەندامانی حەماس و هەروەها بەرپرسانی ئیسرائیل ئەم دەنگۆیە بەبێ بنەما ناودەبەن و رەتیدەکەنەوە.

ئەم دەنگۆیە تاچەند راستە؟ لەسەر چ بنەمایەک هاتۆتەپێش و ئەم گومانە لەچ سەردەمێکداو چەنێک دوای دروستبوونی بزووتنەوەی حەماس هاتە بەرباس؟

 

سەردەمی دروودرێژی لەدایکبوونی حەماس

دەبێ ئەوەمان لەبەرچاوبێت بزووتنەوەی بەرگری ئیسلامی یان حەماس ساڵی ١٩٨٧ دامەزرا، کوتوپڕ دروستنەبوو، بەڵکوو مێژوویەکی دوورودرێژ پێش لەدایکبوونی هەیەو شاراوەیە. دەکرێت ئەم رەوتە بەدوو بەش دابەشبکەین:

بەشی یەکەم: رەگەکانی بزووتنەوە لەخاکی فەلەستین، کەیەکەم ئاماژەکانی لەناوەڕاستی دەیەی ١٩٤٠ لەگەڵ شکڵگرتنی یەکەم لقەکانی فەلەستینی ئەخوان ئەلموسلمین لەغەزە، ناوچەی شێخ جەڕاح لە بیت المقدس و شاڕەکانی تر دەرکەوت.

بەشی دووهەم: جیاوازی بیروڕای نێوان لاوانی ئەخوان ئەلموسلمین لەگەڵ شێخ و رێبەرانی ئەم گرووپە دوای شکستی وڵاتانی عەرەبی لەجەنگی ١٩٦٧، دەرکەوتنی یەکەم ئاماژەکانی ئایدیای چالاکی سەربازی رێکخراو لەناو لاوانی ئەخوان ئەلموسلمیندا.

مێژوونووسەکان لەسەر ئەو باوەڕەن بەشێکی بەرچاو لەمێژووی چالاکییەکانی ئەخوان ئەلموسلمین لەفەلەستین تایبەتمەندییەکی ئایینی، پشتیوانکارو رۆشنگەری بووەو خۆی تەرخانکردووە بۆ دروستکردنی دامەزراوە ئایینی، کۆمەڵایەتیەکان و مزگەوتەکان. فێرکارییەکانی ئەخوان لەو کاتانەدا کە لەفەلەستین چالاک بوون ئەوە ئەخەنەڕوو ئەوان جەختیان لەسەر راهێنان و ئامادەکردنی بووە لەباری فیکری، کەلتووری، دەروونی و مینۆکی (مەعنەوی)ەوەو جەختیان لەسەر بواری سەربازی نەبووە.

هەر لەمبارەوە خالید مەشعەل، یەکێک لە رێبەرانی حەماس ئاماژە بەوەدەدات، ئیسلامییەکان بۆ ماوەیەکی زۆر نەیاندەتوانی لەو خاکەی کەخاکی فەلەستین بوو بمێننەوە، لەبەرئەوەی لەکۆتاییەکانی دەیەی ١٩٥٠و بەدرێژایی ١٩٦٠، لەگەڵ بەدەسەڵات گەیشتنی ناسریستەکان، بەعسییەکان و کۆمۆنیستەکان، ئیسلامییەکان لەدۆخێکی خراپدا بوون لەناوچەکە. بەوتەی مەشعەڵ پێشوازیان لێ نەدەکراو هەلی ئەوەیان بۆ نەدەڕەخسا چالاکی بکەن و دەرکەون.

لەبەشی دواتری ئەم بابەتەدا، ئەپەرژینە سەر قۆناغی دووهەمی ئەو باروودۆخەی کەحەماس تێیدا لەدایکبوو، کەدەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی دوای ١٩٦٧ دوای ساڵی ١٩٨٧ کە بەفەرمی دامەزرا.

 

گومەزی سوور: ئاماژەکانی جەنگی چەکدارانە

پێدەجێت یەکێک لەهۆکارەکانی گۆڕینی فۆڕم و شێوەی « خەبات دژی ئیسرائیل» شکستی وڵاتانی عەرەبییە لەجەنگی ساڵی ١٩٦٧. ئیبراهیم غووشە، یەکەم وتەبێژی حەماس و یەکێک لەڕێبەرانی پێشتری ئەم گرووپە لەکتێبی بیرەوەرییەکانیدا بەناوی «گومەزی سوور» باس لەکاریگەری ئەو شکستە دەکات لەسەر لاوانی سەر بەئیخوان ئەلموسلمین.

غووشە نووسیویەتی : محەممەد عەبدولڕەحمان خەلیفە ، رێکخەری ئەخوان ئەلموسلمین لەئەردەن، ئەوکات کۆنفرانسێکی ئیسلامی بەڕێوەبرد کەئەنجامی ئەو کۆنفرانسە غووشەو گەنجە هاوتەمەنەکانی ئەوی رازی نەکرد،» رێگایەکی روونی بۆ داهاتووی فەلەستین نەخستەڕوو و خوازیاری پێکهاتنی ئیسلامی جەهادی نەبوو».

لەو کتێبەدا نووسراوە ئەم بابەتە ئەو  گەنجانەی  ئیخوان ئەلموسلمین کەخوازیاری وەستانەوە بوون دژی ئیسرائیل کرد هاندا بەوەی «بزووتنەوەیەکی ریفۆرمخواز» لەناو گرووپەکەدا دامەزرێنن، بێ ئاگاداری رێبەرانی گرووپەکە دەستیانکرد بەچەکدارکردنی خۆیان. دواتر بەشێوەی نهێنی لەگەڵ بزووتنەوەی فەتح رێککەوتن بەوەی راهێنانی سەربازی بکات بەئەندامە لاوەکانی ئێخوان ئەلموسلمین لەئەردەن  و ئامادەیان بکات بۆ چالاکی چەکداری.

ئەم راهێنانە ساڵی ١٩٦٨ دەستیپێکردو ساڵی ١٩٧٠ هاوکات لەگەڵ رووداوەکانی « سێپتەمبەری رەش» لەئەردەن کۆتایی پێهات، لەبەرئەوەی وەک چۆن غووشە لەکتێبی بیرەوەرییەکانیدا ئاماژەی پێداوە ، رێبەرانی ئێخوان ئەلموسلمین بەبزووتنەوەی ریفۆرمخوازیان زانی لەناو گرووپەکەیاندا.

ئێخوان ئەلموسلمین ئەو دەم لەناوخۆیدا کێشەی جیدی بووە لەنێوان رێبەرانی نەریتی و رێبەرانی گەنجترداو دوو روانگەی جیاواز بوون. لەحاڵێکدا گەنجەکان گوشاریان دەهێنا بەوەی دەستبکەن بەخەباتی چەکداری دژی ئیسرائیل، رێبەرانی ئێخوان سووربوون لەسەرئەوەی «دروستکردنی حکوومەت» هەنگاوێکی لەپێشترە و گرنگرە لەوەی جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل دەستپێبکەن. هەر ئەمە بوو بەهۆی ئەوەی بەشێک لەئەندامانی ئەم گرووپە جیاببنەوەو « بزووتنەوەی نەتەویی و چەکدار پێکبهێنن کە خوازیاری خەباتی چەکداری بوو». ئەم ئاڵوگۆڕانە وایکرد گوشار لەسەر ئێخوان ئەلموسلمین زیاتر بێت کە بەهۆی دوژمنە زۆرەکانی و زاڵبوونی بزووتنەوە نەتەوەیی و ئایدۆلۆژیکییە فەلەستینییەکان هەستیان بەلاوازی دەکرد.

 

حەماس بەرامبەر بە یاسر عەرەفات زەقکرایەوە

«گومانی پەیوەندی» نێوان ئیسرائیل و و رەوتی ئیسلامگەرا کە حەماسی لێکەوتەوە، لەدەیەکانی ١٩٧٠و ١٩٨٠ هاتەئاراوە

حوسنی موبارەک سەرۆک کۆماری میسر یەکێک لەو کەسانە بوو کە بەهێنانە بەرباسی ئەم تۆمەتە، بزووتنەوەی حەماسی وەک دروستکراوی ئیسرائیل ناوبرد. ڤیدیۆیەکی کۆن لەموبارەک لەبەردەستە و لەڤیدیۆیەدا لەکۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی میسر موبارەک ئەڵێت:» ئیسرائیل حەماسی دروستکردووە بۆ ئەوەی دژی رێکخراو کاربکات». مەبەستی ئەو لەڕێکخراو لەقسەکانیدا رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستین (منڤمە التحریر الفلسگینیە)  کە یاسر عەرەفات رێبەری دەکرد.

ئەم تۆمەتە تەنها لەلایەن حوسنی موبارەکەوە نەهاتۆتە ئاراوەو باسی نەکراوە. ران پۆل، یەکێک لەئەندامانی پێشتری پەرلەمانی نوێنەرانی ئەمریکا کەساڵی ١٩٨٨ پاڵێوراوی سەرۆک کۆماری بوو، ساڵی ٢٠٠٩ لەکۆنگرەی ئەمریکا وتی :» ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، تێدەگەین ئیسرائیلییەکان خوازیاری دروستبوونی حەماس بوون و یارمەتییاندا دروست بێت، بەو ئامانجەی کەبەرامبەر بە یاسر عەرەفات بوەستنەوە». حەسەن عوسفوور (حسن عصفور) وەزیری پێشتری فەلەستین و ئەندامی وەفدی دانوستانە نهێنییەکانی ئۆسلۆ لەساڵی ١٩٩٣، لەسێپتەمبەری ٢٠٢٣ بە BBC  وت :» حەماس لەچوارچێوەی پرۆژەیەکی ئەمریکیدو لە رێککەوتن لەگەڵ ژمارەیەک لەوڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیلی پێکهات وەک رێکخراوێکی هاوتەریب لەگەڵ بزووتنەوەی رزگاریخوازی فەلەستین».

لەمبارەوە لەگەڵ ئەحمەد جەمیل عەزم، مامۆستا و پسپۆری پەیوەندی نێونەتەوەییەکانی زانکۆی قەتەر قسەمان کرد. ئەو دەڵێت ئەم تۆمەتانە لەلایەن کەسێکی تایبەتەوە نەدرایە پاڵیان و خودی ئیسرائیلییەکان دەستیان هەبوو لەدروستکردنی ئەم دەنگۆیانە. کێشەو درزی نیوان فەلەستینییەکانیش پەرەی بەم دەنگۆیانە دا.

ئەحمەد جەمیل عەزم دەربارەی بۆچوونەکەی حوسنی موبارەک کەچەند دەیە لەوەپێش باسی کردبوو بە BBC  وت:» هەڵوێستەکانی حکوومەتی میسر بەپێی بەرژەوەندییەکانی گۆڕاوە... رەنگە ئەم تۆمەتە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کەمیسر لەگەڵ ئێخوان ئەلموسلمین ناکۆک بوون یان ئەوەی کێشەیان هەبوو لەگەڵ حەماس... حوسنی موبارەک و بەرپرسی زانیاری (مخابرات)ەکەی، عومەر سلێمان، هەندێجار پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ حەماس بووە، تەنانەت هاوکاریان دەکردن بەوەی چەک و چۆڵ بگاتە کەرتی غەزە».

دەتوانین بڵێین تۆمەتی « پەیوەند قەدەغەکراوی»ی حەماس لەگەڵ ئیسرائیل چەند ساڵ دوای جەنگی ١٩٦٧ هاتە بەرباس، ئەو دەمەی ئیخوان موسلمین دەستیکرد بەو جۆرە لەکارکردنەی کەپێی دەگوت «قۆناغی مزگەوتەکان و ئەم کارەی لەفەلەستین ئەکرد، قۆناغێک کەوەک چۆن خاڵید حرووب لەکتێبی (حەماس، بیرکردنەوەو پرۆڤەی سیاسی» باسی دەکات، بە « دروستکردنی مزگەوت لەو شوێنانە، هەوڵدەدرا بەرەی نوێ تێکەڵ بەچالاکییەکان بکرێت و ئامادەبکرێن بۆ ئەوەی بەپێی جۆری رێنوێنییەکانی گرووپ دژی رەوتی زایۆنیستی بوەستنەوە» و ئەم قۆناغە تاساڵی ١٩٧٥ بەردەوام بوو.

حرووب لەکتێبەکەیدا نووسیویەتی ئیسلامییەکان لەو هەڵەی کەدوای جەنگی ١٩٦٧ هاتەپێش کەڵکی بەجێیان وەرگرت بۆ خۆیان، لەبەرئەوەی دوای شکستی وڵاتانی عەرەبی لەجەنگ لەگەڵ ئیسرائیل، بەکردەوە ئایدیای نەتەوەخوازی و ناسیۆنالیستی ناسرییەکان زۆر لاواز بوو، دەرفەتێک خوڵقا بۆ وتنەوەی دروشمە ئیسلامییەکان وەک جێگرەوەی دروشمە نەتەوەییەکان.

خالید حرووب دەنووسیت :» قۆناغی دواتری رێکخراوەیی لەناوەڕاستەکانی ١٩٧٠ەوە دەستیپێکردو تاکۆتاییەکانی ١٩٨٠ بەردەوام بوو. لەم قۆناغەدا گرووپە خوێندکارییە ئیسلامییەکان، کلووپەکا، رێکخراوە خیرخوازییەکان و دامەزراوەکانی تر دروستبوون و بوون بەناوەندێک بۆ کۆبوونەوەو گفتوگۆی تاقمێکی نوێ و گەنجی ئیسلامی».

 

من سەرۆکی شین بێت بووم و ئاگادارم چۆن حەماس دروستبوو

ساڵی ١٩٨١ رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز وتارێکی بڵاوکردەوەو لەو وتارەدا ئیسحاق سێگۆ، فەرماندەی سەربازی غەزە لەگەڵ ئەو رۆژنامەیە گفتوگۆی کردبوو. ئەم فەرماندە باڵا سەربازییە بەنیۆیۆرک تایمزی وتبوو :» فۆندەمێنتاڵە ئیسلامییەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە یارمەتی دەدران.... دەوڵەتی ئیسرائیل بوودجەیەکی لەبەردەستم دانابوو، حکوومەتی سەربازی ( کەئەودەم دەسەڵاتی بەشە فەلەستینییەکانی بەدەست بوو) یارمەتی دەدا مزگەوت دروستبکرێت. لەم وتارەدا باس لەوە کراوە مەبەست لەو بوودجەیە بەهێزکردنی هێزەکانی دژبەری رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستین بوو.

لەوتووێژێکدا کەماوەیەک لەوەپێش لەتەلەفیزیۆنی ئیسرائیلەوە بڵاوکرایەوە، یاکوو پێری، بەرپرسی پێشتری شین بێت، ئاژانسی ئاسایشی ئیسرائیل وتی :» من لەساڵی ١٩٨٨ ەوە تا ١٩٩٥ بەرپرسی ئاژانس بووم. من بینیم چۆن بزووتنەوەی حەماس دامەزراو ئێمە لامان وابوو زیاتر بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی، ئەودەم هەروا بوو... هەوڵیدەدا پێداویستییەکانی خەڵک دابین بکات... زۆر کەس لەئیسرائیل شین بێت بەوە تۆمەتبار دەکەن کەیارمەتی داوە بۆ دروستکردنی  رێکخراوی سیاسی حەماس وەک رەقیبێک بۆ رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستین، بەڵام بەو شێوەیە نەبوو.

قسەکانی شێخ ئەحمەد یاسین، دامەزرێنەری حەماس لەوتووێژ لەگەڵ بەرنامەی « شاهیدی زەمان» لەتەلەفیزیۆنی ئەلجەزیرە لەساڵی ١٩٩٩ ئەوە دەخاتەڕوو ئەو پرسی بوودجەکانی ئیسرائیلی وەک (کێشەیەک) نەدەبینی. لەو وتووێژەدا باس لەوە دەکات ئیسرائیل وەک هێزێکی داگیرکەر، مووچەی دەداو هەروەها وتی :» ئەوان دەستیانکردن بەپێدانی مووچەو نووچەی خانەنشینی ئەو فەرمانبەرانەی ئامادەبوون بچنەوە سەرکار، سەرەتا بەبێ مووچەو دواتر بەمووچەوە».

یاسین هەروەها وتی، ئیسرائیل بەو مەبەستی مووچەی دابیندەکرد کەژیان لەغەزە ئاسایی بێتەوەو بگەڕێتەوە بۆ پێش داگیرکردنی غەزە:» من مامۆستا بووم و وەک مامۆستا مانگی ٢٤٠ لیرەی ئیسرائیلیم وەردەگرت... هەروەها ٤٠ لیرەم وەک وتاربێژی مزگەوت... ئەم بڕە پارەیە بۆ ئەوە نەبوو ماشێنی پێبگریت و هاتوچۆی پێبکەی، بەشی هیچ کوێی نەدەکرد».

 

«قەرەبووکردنەوەی نەخوازراوی بەرژەوەندییەکان»

رانی شاکێد، لێکۆڵەری دامەزراوەی ترۆمەن لە «زانکۆی عێبری» لەوتووێژ لەگەڵ BBC بەئاماژە بەوەی ئیسرائیل کێشەی لەگەڵ بزووتنەوە ئایینی کۆمەڵایەتییەکان نەبووە، باسی لەوەکرد لەو سەردەمەدا ئیخوان ئەلموسلمین هەڕەشە نەبوون بۆ سەر ئیسرائیل. شاکێدکە خۆی لە دەیەی ١٩٧٠ یەکێک بووە لەئەفسەرەکانی رێکخراوی شین بت، دەڵێت، ئیسرائیل هیچکات یارمەتی ئابووری تاقم و گرووپە ئیسلامگەراکانی نەدەدا، یارمەتییەکانی لەوەدا سنووردار کرابووەوە کەمۆڵەتی پێ دەدان، ئەوەنەبوو پارە بدات بەتاقم و گرووپە ئیسلامییەکان.

رانی شاكێد و ئەحمەد عەزم هەردووکیان کۆکن لەسەرئەوەی جیاوازی هەیە لەوەی ئاخۆ پشتیوانی لەم گرووپانە بکریت یان ئەوەی چاو بنووقێندرێت بەرامبەر بەچالاکییەکانیان و مۆڵەتیان پێبدرێت. هەردوو لێکۆڵەر لەسەر ئەو باوەڕەن، ئەوەی کەگرووپە ئیسلامییەکان خۆیان بەدوور دەگرت لەوە خەباتی چەکداری بکەن دژی ئیسرائیل، لەڕاستیدا بەرەو خاڵێکی دەبردن کە بێ ئەوەی خۆیان بیانەوێت بەرژەوەدنییەکانی دوو لایەن قەرەبوو دەکرایەوەو پارێزراو بوو. هەربۆیە ئیسرائیل مۆڵەتی بەم گرووپانە دەدا چالاکیان هەبیت و ئەمجۆرە روانینە بوو کەوەک پشتیوانی ئیسرائیل لەئیخوان ئەلموسلمین لێکدەدرایەوە.

مایکل دێمپێر، نووسەری بەریتانیایی لەکتێبێک بەناوی « سیاسەتی ئیسرائیل بەرامبەر ئەوقافی ئیسلامی لەفەلەستین» کەساڵی ١٩٩٢ چاپ بووە، دەربارەی جۆری پەیوەندی ئیسرائیل لەگەڵ کۆمەڵگا ئیسلامییەکان و ئەو پرسیارەی ئاخۆ ئیسرائیل پشتیوانی ئابووری دروستکردنی مزگەوتی دەدا یان ئەوەی تەنها مۆڵەتی دروستکردنی پێدەدان، نووسیویەتی یەکێک لەیەکەم کارەکانی فەرماندەی سەربازی لەساڵی ١٩٦٧، دانانی ئەفسەرێکی ئیسرائیلی بوو وەک بەرپرسی کاروباری ئایینی لەکەرتی غەزە، کەکاری ئەو فەرماندەیە دروستکردنی پەیوەندی بوو لەگەڵ ناوەندی بڕیاردانی سەربازی لەگەڵ گرووپە ئیسلامی و مەسیحییەکان.

ئەم نووسەرە وتوویەتی ئیسرائیل لەکۆتاییەکانی دەیەی ١٩٧٠ەوە تا ناوەڕاستی ١٩٨٠ مۆڵەتی دروستکردنی مزگەوتی دەدا بەمەبەستی دروستکردنی هاوسەنگییەک دژی رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستین. بەڵام ئەم نووسەرە ئاماژەی بەهێڵ و لایەنی دابینکردن و یارمەتیدانی ئابووری نێوان مزگەوتەکان و ئیسرائیل نەداوە.

 

«کەممان دانەنا... بەڵام هیچکات یارمەتی ئابووری حەماسمان نەدا»

بەرپرسانی ئیسرائیلی کۆک نین لەسەر یەک جۆر گێڕانەوە دەربارەی جۆری هەڵسووکەوتیان لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس، لەسەردەمی پەرەسەندنیان لەکەرتی غەزە. لەحاڵێکدا ژمارەیەک لەبەرپرسانی پێشتری ئیسرائیل بەداخەوەن بەوە یارمەتیان داوە بۆ ئەوەی حەماس دروست بێت، لەوتارێکدا کەساڵی ٢٠٠٩ لەنیۆیۆرک تایمز بڵاوبۆتەوە، لەزاری شالۆم هەراری، کە سەردەمی دروستبوونی حەماس ئەفسەرێکی پلە باڵای مووساد بوو لەغەزە نووسیویەتی:» ئیسرائیل بەهیچ شێوەیەک پشتیوانی ئابووری لەحەماس نەکرد، ئیسرائیل هیچکات حەماسی پڕچەک نەکرد... کۆمەڵێک جموجووڵی ئیسلامییەکان هەبوو کەوەک هەڕەشە دەبیندران بەهەند وەرنەگیران، بەڵام هۆکارەکەی بۆ کەمتەرخەمی دەگەڕایەوە. ئەوە نەبوو بمانەوێت ئیسلامییەکان بەهێزبکەین».

شێخ ئەحمەد یاسین لەمبارەوە ئەڵێت:» ئیسرائیل چاودێری چالاکی و هەڵسووڕانی رێکخراوە ئیسلامگەراکانی دەکرد هاوشێوەی رێکخراوەکانی تر... هەوڵی دەدا هاوسەنگییەک دروستبکات لەناو بەشەکاندا.. ئیزنی دەدا هەموان بەشێوەی خۆیان گەشەبکەن و لەکاتی خۆیدا بەری دەدانە وێزەی یەک و دەیدان بەشەڕا دژی یەکتر».

 

 «ئەنجامەکەی لەکۆنتڕۆڵ دەرچوو»

ئەوانەی ئیسرائیل بەوە تۆمەتبار دەکەن کە دەستیبووە لەدروستکردنی حەماس، بەتایبەت ئاماژە بەدامەزرانی « کۆمەڵی ئیسلامی « و « کۆمەڵگای ئیسلامی» ئەدەن لەغەزە لەدەیەی ١٩٧٠. لەگێڕانەوەکانی ئێخوان ئەلموسلمیندا، ئەو سەردەمە لە سەدەی رابردوودا لەژێر چەتری یاساکانی ئیسرائیلدا شکڵی گرتووەو ئەوەی کەچالاکییەکانیان تەنها بەوە سنووردار نەکرابووەوە کەخەریکی راهێنان و پەروەردەی ئایینی بن. ئەوان دەیانگوت ئەم رێکخراوانە یاسایان پێشێل نەکردووەو لەجەنگدا نین دژی ئیسرائیل.

ئەحمەد یاسین، رێبەری سێمبۆلیکی بزووتنەوەی حەماس لەبەرنامەی « شاهیدی زەمان» وتبووی :» ئێمە نەماندەتوانی دژی هێزە داگیرکەرەکان بجەنگین.. هەربۆیە باس لەوە کرا دامەزراوە ئیسلامییەکان دروستبکرین... نووسینگەی « کۆمەڵی ئیسلامی» ساڵی ١٩٧٦ لە ژوورێکدا بوو لەمزگەوتێک... زیاتریش جەختی لەوە دەکردەوە کەچالاکی وەرزشی رێکبخات».

ئیهوود یاری و زیۆ شێڤ، دوو نووسەری ئیسرائیلی لەکتێبی «ئینتفازە» چاپی ١٩٩٠ دا نووسیویانە:» کابینەی مەدەنی و ناسەربازی ئیسرائیل دەورێکی بەرچاوی هەبوو لەدروستبوون و سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ئیسلامیدا کە لەگەڵ دەستپێکی ئینتفازەی یەکەم، پەرەیسەند.... ئیسرائیل مۆڵەتی پێدان شوێن پێی خۆیان پتەو بکەنەوە بۆ ئەوەی کاریگەریان هەبیت لەسەر کۆمەڵگا لۆکاڵییەکان و هێزیان هەبیت و بتوانن خۆیان رێکبخەن.

ئەم دوو نووسەرە ئیسرائیلییە لەکتێبەکەیدا نووسیویانە :» ئیسرائیل تووشی وەهم ببوو دەربارەی توانای کۆنتڕۆڵی ئیسلامییەکان و بەکارهێنانی گەشەکردن و دەرکەوتنیان بۆ کەمکردنەوەی هێزو توانای رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستین... ئیسرائیل سەرەنجام بەهەڵەکەی خۆی زانی، بەڵام زۆر درەنگ بوو».

ئیبراهیم غووشە یەکێک لە رێبەرانی پێشتری حەماس لەم بارەوە لەکتێبی بیرەوەرییەکانیدا نووسیویەتی :» ئەمە هەڵەی ئێخوان ئەلموسلمین یان شێخ یاسین نەبوو کەئیسرائیل لای وابوو بەوە مۆڵەتی دامەزرانی « کۆمەڵگای ئیسلامی» بدات لەغەزە هاوسەنگێک دروست دەبێت لەناو رەوتی سێکۆلاری رێکخراوی ئازادیخوازی فەلەستین و رەوتی ئایینی لە ئیخواندا. ئەگەر زایۆنیستەکان لەهەڵسەنگاندنەکانی خۆیادا تووشی هەڵە بوون، خۆشیان ئەنجامەکەی دەبیننەوە».

خالید ئەبوو ئەلعومەرەین، لەکتێبی « حەماس، رەگەکان، ئاخێزگەکان و باوەڕە سیاسییەکانی» نووسیویەتی، بەرپرسە ئیسرائیلییەکان ئەوە نەبوو تەنها مۆڵەت بەبزووتنەوە ئیسلامییەکان بدەن بۆ دروستکردنی رێکخراوی خۆیان، بەڵکوو یارمەتی گرووپە جیاوازەکانیاندا بۆ خۆیان کلووپ، ناوەند، سەندیکاو نووسینگەیان ببێت. ئەو نووسیویەتی :» ساڵی ١٩٨٠ ئیسرائیل مۆڵەتی بەبزووتنەوەی فەتح دا بەوەی دامەزراوەی بزووتنەوەی لاوان رێکبخات، کە لەبواری سیاسی و کۆمەڵایەتییدا چالاکی دەکرد».

عەبدوڵڵا هاروونی، نووسەری کتێبی :» ناوەندە خێرخوازییەکان لەکەرتی رۆژئاوا و کەرتی غەزە» کە ساڵی ١٩٨٨ بڵاوبووەوە، دەڵێت، کۆی ئەنجومەن و ناوەندەکان بەر لەئینتفازەی یەکەم لەساڵی ١٩٨٧ گەیشتبووە ٦٢ ئەنجومەن و ناوەندو ئێخوان ئەلموسلمین تەنها ٤ ناوەندی هەبوو کەگرنگترینەکانیان «کۆمەڵی ئیسلامی» و « کۆمەلگەی ئیسلامی» بوون.

 

هەڵەی بەراوردکاری

ئەحمەد جەمیل عەزم، مامۆستاو شارەزای پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی زانکۆی قەتەر دەڵێت ئیسرائیل تووشی هەڵەی هەڵسەنگاندن و بەراوردکاری ستراتیژیکی و تاکتیکی ببوو:» ستراتیژییەکی تایبەتیان نەبوو... ئیسرائیل بەردەوام پشتی بەتواناو هێزی سەربازی خۆی بەستبوو. بۆ وێنە دوای داگیرکردنی غەزە لەساڵی ١٩٦٧، هەوڵیدا پەیوەندی دروستکات لەگەڵ کۆمەڵگای غەزەدا، بەشێوەی جیاوازی وەک خوڵقاندنی دەرفەتی  ئابووری، پەیوەندی لەگەڵ ئەو بنەماڵانەی کە لەناو کۆمەڵگا لۆكاڵییەکاندا دەستیان دەڕۆشت و قسەیان وەردەگیرا، بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی ناوچەکان... بڕیارەکان زیاتر روانگەیەکی ئەمنی و ئاسایشیان لەپشت بوو نەک ئەوەی روانگەیەکی ریالیستی بێت لەسەر کۆمەڵگاو لایەنەکانی داگیرکردنی و دەرئەنجامەکانی... ئەمجۆرە کارکردنانە نەیدەتوانی بەر بەوە بگرێت خەبات دژی داگیرکاری نەمێنێت».

رانی شاكێد، لیکۆڵەر لەدامەزراوەی ترۆمەن لەزانکۆی عیبری بیت المقدس، بە BBC  وت:» سەرەڕای ئەوەی لەدەسەڵاتدارانی سەربازی غەزە لەو سەردەمەدا دەترسان، ئێسحاق سێگغۆ، فەرماندەی باڵای سەربازی غەزە پێی وتووە، نیگەرانی دۆخی زاڵی ئەم ناوچەیە لەبەرئەوەی زۆر لەتاران دەچێت بەر لەشۆڕش و سەرەڕای ئەوەی کەئیسرائیل ئاگادارکرابووەوە لەمەترسی بزووتنەوەی ئیسلامی لەداهاتوودا، بەڵام بەدروستی لەدۆخەکە و ئەو بزووتنەوەیە نەدەگەیشتن و دەستەوەستان بوون بەرامبەری».

شاکێد دەڵێت :» شێخ ئەحمەد یاسین، ئیسرائیلی فریو دا، ئەوەی کەدژی کۆمۆنیستەکان هەڵوێستی گرت ئیسرائیلیەکانی تووشی وەهم کرد، لەحاڵێکدا خەریکبوو دروست دەکرد، بەرەیەکی نوێی بار دەهێناو ئامادەی دەکردن بۆ وەستانەوە دژ ئیسرائیل».

ئەم لێکۆڵەرە ئیسرائیلییە لەسەر ئەو باوەڕەیە ئیسرائیل ئێستاش لای وایە بەلەناوبردنی حەماس و خوڵقاندنی دەرفەتی کارو سەرچاوەی ئابووری بۆ فەلەستینییەکان ئارامی بۆ ناوچەکە دەگەڕێتەوە، « بەڵام وەها نییە... ئەگەر حەماسیش لەناوچێت، بزووتنەوەیەکی بەرگری نوێ دەردەکەوێت».

 

خاڵی سیفر: جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل

وەک چۆن ئیبراهیم غووشە، یەکەم وتەبێژی حەماس لەکتێبی بیرەوەرییەکانیدا نووسیویەتی، گۆڕانی بنەڕەتی لەشێوەی خەباتی ئیخوان ئەلموسلمین دژی ئیسرائیل ساڵی ١٩٨٣ روویدا، ئەوکاتەی ئەم رێکخراوەیە کۆنفرانسێکی لەئەردەن بەڕێوەبردو لەو کۆنفرانسەدا بڕیاری دا « ئیزن بە ئەندامانی رێکخراو لەکەرتی رۆژئاوا و کەرتی غەزە بدات چالاکی سەربازییان هەبێت و لەگەڵ ئامادەبوونی هەلومەرج دەستپێبکەن».

ساڵێک دوای ئەم کۆنفرانسە، ئیسرائیل سەرجەم ئەندامانی یەکەم گرووپە سەربازییەکانی لەکەرتی غەزە دەستگیرکرد، رێبەری ئەو کەسانە شێخ یاسن بوو. لەماڵەکەیدا ٨٠ دانە چەک کە پێشتر کڕیبووی بەمەبەستی ئامادەبوون بۆ چالاکی سەربازی دەستی بەسەردا گیرا.

بەڵام یاسین تەنها چەند مانگ لەزیندان بوو و ساڵی ١٩٨٥ وەک بەشێک لەڕێککەوتنێکی گەورەی نێوان ئیسرائیل و «بەرەی گەڵ بۆ ئازادی فەلەستین- فەرماندەیی گشتی» کە سێ سەربازی ئیسرائیلیان بەبارمتە گرتبوو، ئازاد کرا.

ئەوکات ئیسلامییەکان زیانی گەورەیان پێگەیشتبوو لەلایەن ئیسرائیلەوە- بەتایبەت بەلەبەرچاو گرتنی ئەو راستییەی کەباڵی چەکداری بزووتنەوە هێشتا تازە دامەزرابوو و ئەزموونی کەم و توانایەکی سنووداری هەبوو- بەڵام بزووتنەوەکە هەڵنەوەشایەوە. لەبەرئەوەی بەشی ئایدۆلۆژیکی ئەو بزووتنەوەیە بەهێزبوو، هەربۆیە توانای هەستێتەوە. بەم شێوەیە لەگەڵ دەستپێکی چالاکییە سەربازییەکان و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی ئەزموونی سەربازی لەڕێگای هەوڵدان و هەڵەکردنەوە، سەرەنجام رێکخراوی سەربازی « موجاهیدە فەلەستینییەکان» و بەشی ئەمنی « مەجد» دروستبوو.

بەڵام وادەردەکەوێ ئیسرائیل هێشتا لەگرنگی گۆڕانی شێوەی راکێشان و پەرەسەندنی ئەم رێکخراوەیە لەناوخۆو دەرەوەی خاکی فەلەستین ئاگادار نەبوو، هەربۆیە ئیسلامییەکان توانیان پەرە بەتواناکانی خۆیان بدەن، سەرەنجام ئەوەی لێکەوتەوە بەئاشکرا « خەباتی چەکدار»یان دەستپێکردو لەدایکبوونی « بزووتنەوەی بەرگری ئیسلامی»یان راگەیاند. حەماس رۆژی ١٤-١٢-١٩٨٧ تەنها چەند رۆژ دوای دەستپیکی ئینتفازەی یەکەم، خۆی ئاشكرا کرد.

گومان لەوەدا نییە بەڵگەی و دێکۆمێنتی تەواو لەبەردەستدا نییە دەربارەی مێژووی حەماس و ناڕوونی هەیە دەربارەیان. ئەمە راستییەکەو بەشێکی زۆر لەئەندامانی ئەم گرووپە ئەم ناڕوونییە بۆ دۆخی ئەمنی و هەروەها باکگراوەندە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم گرووپە و دەستپێکی بزووتنەوە لەخاکی فەلەستین دەگێڕنەوە.

بەهەرحاڵ رەنگە وەڵام بەم پرسیارەی کەئاخۆ حەماس دروستکراوی دەستی ئیسرائیل، بەوردبوونەوە لەو ناکۆکییەی کە لەخودی پرسیارەکەدا هەیە، ئاسانتر بێت. ئیسرائیل حەماسی دروست نەکرد، بەڵام بە رای ژمارەیەک لەلێکۆڵەرەکان لەوانە رانی شاكێد و ئەحمەد جەمیل عەزم، دۆخی ئاڵۆزی پەیوەند بەماوەی دوورو درێژی لەدایکبوونی ئەم گرووپە لەناو دڵی ئێخوان ئەلموسلمینەوە، کەدوای هاتنی هێزی داگیرکەرو جەنگی فەلەستینییەکان دروست ببوو، دۆخێک ئەخوڵقێنێت کە سەرەنجام دروستبوونی حەماسی لێدەکەوێتەوە.

کەوایە رەنگە بتوانین بڵێێن ئیسرائیل لەسەرەتای دروستبوونییەوە چاوی نووقاندووە بەرامبەر بەدروستبوونی ئەم بزووتنەوەیەو بەلایەوە گرنگ نەبووە، یان ئەو دەمەی بینی رەوتێک دروستبووە لەناو بزووتنەوەی فەلەستینییەکاندا، هەوڵیداوە بەکاریبهێنێت بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی، بەڵام بەستێنە مێژووییەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی لەغەزە و ئەو هەلومەرجەی گەشەی کرد تیێدا، لەگەڵ ئەوەدا ناتەبایە بەوە کەحەماس لەلایەن ئیسرائیلەوەو لەژوورێکی داخراوی ئیسرائیلدا، دروستبووبێت یان بەپرۆژەی ئیسرائیل بزانریت.

سەرچاوە:

https://www.bbc.com/persian/world-features-67880311

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار