سۆران عومەربۆ هاوڵاتی : ئەوەی بەغدا بە حەوت ساڵ ئامادەی کردووە داوا دەکات هەرێم بە یەک مانگ بیکات

5 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سۆران عومەر پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنى کۆمەڵى دادگەرى کوردستان کە ئەمڕۆ لە کۆبونەوەی لیژنەی دارایی عێراق بەشداربوو ڕایگەیاند وەزیری دارایی عێراق داوای دروستکردنی هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەرانی هەرێم دەکات بە مانگێک لە کاتێکدا خۆیان بە حەوت ساڵ ئامادەیان کردووە.

سۆران عومەر لە لێدوانێکدا ئەمڕۆ دووشەممە بە هاوڵاتی وت، ئەمڕۆ لەکۆبونەوەی لیژنەی دارایی تەیف سامی وەزیری دارای ڕایگەیاندووە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم کێشەی نەماوە بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی موچە (توطين) لەڕێی بانکەوە دەنێرین، تەنها بۆ ئەم مانگە بەلیست موچە دەدەین بەهەرێم، با زوو لیستی موچەی مانگی دوو بنێرن."

سەبارەت بە مووچەی مانگەکانی دیکەش وتی، وەزیری دارایی عێراق داوای کردووە بۆ مانگی سێ  بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەڕێگەی بانکەوە موچە دەنێرن و دەبێت لە ماوەی مانگێکدا هەژماری بانکی بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێم دروستبکرێت.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی ڕونکردەوە کە بەغدا داوا لە هەرێم دەکات هەژماری بانکی بۆ بۆ ملیۆنێک و دوسەد هەزار فەرمانبەرو خانەنشین و تۆڕی کۆمەڵایەتی و شەهیدانەو کەم ئەندام دروست بکرێت لە ماوەی مانگێکدا لە کاتێکدا خۆیان بە حەوت ساڵ ئامادەیان کردووە.

وتیشی حکومەتی هەریم دەبێت پەلەبکات  تا لەچوارچێوەی ڕێککەوتنێکدا ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت بۆ ئەوەی مووچەی مانگاکانی دیکە بێ دواکەوتن بنێردرێت.

ئەمڕۆ وەزیری دارایی عێراق لەلایەن لیژنەی دارایی عێراقەوە سەبارەت بە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و هەمواری یاسای بودجە کۆبونەوەو ژمارەیەک بڕیار درا ئەوانیش:

  • ناردنی مووچەی ئەم مانگە پەیوەست دەبێت بە پێشکەشکردنی لیستی ناوەکان لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.
  • - لە مانگی سێ پرۆسەکە دەگۆڕێت؛ دەبێت سەرجەم فەرمانبەرانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە هەژماری بانکی خۆیان هەبێت، لەمەودوا دابەشکردنی مووچە بە شێوازی ئەلیکترۆنی لەڕێگەی بانکەکانی حکومەتی عێراق دەبێت.
  • - لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا هەر  618 ملیارەکە دەنێرن، وەزیری دارایی عێراق گوتوویەتی دوای بڕیاری دادگای فیدراڵی دۆخەکە گۆڕاوە و مووچە دابین دەکەن.
  • - بەمزووانە هەمواری یاسای بودجە ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەن.
  • - مووچەی مووچەخۆرانی سەرجەم عێراق بۆ ساڵی 2024 زامن کراوە.
     

بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتودا وەزیریی دارای عێراق بچێتە پەرلەمان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بریارەکەی دادگای فیدڕاڵی و خەرجکردنی مووچەی  مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ، ئەمەش دوای ئەوە هات کە  رۆژی ٢١ی شوبات دادگای فیدراڵی، ھەردوو سەرۆک وەزیرانی عێراق و ھەرێمی کوردستانی پابەندکرد بە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و دابەشکردنی مووچە لە رێگەی بانکە حکومییەکانی عێراقەوە.

هاوکات دوو ڕۆژە  شاندێکی وەزارەتی دارایی عێراق  لە هەولێرن بۆ وردبینی لە لیستی موچەخۆران. بە پێی بڕیاری دادگای فیدراڵی بێ، دەبێ کۆتایی ئەم مانگە بەغدا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێ، کە 618 ملیار دینارە تا ئەو کاتەی بودجە هەموار دەکرێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار