وتەبێژی وەزارەتی دارایی وەڵامی داواکارییەکانی بەغدا سەبارەت بە مووچە دەداتەوە

5 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، " بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچەی فەرمانبەران و لێدوانەکانی دوێنێی وەزیری دارایی عێراق بە نوسراوی فەرمی نەگەیشتونەتە دەست ئێمە".

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٧/٢/٢٠٢٤ ، هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم لە لێدوانێکدا بۆ میدیای پارتی لە بارەی کردنەوەی هەژمارەی بانکی بۆ فەرمانبەران  ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەوەی هیچ نوسراوێکی ڕەسمیمان بۆ نەهاتووە بۆ ناردنی لیستی مووچە و داواکارییەکانی وەزیری دارایی عێراق بۆ دروستکردنی هەژماری بانکی لەو ماوە کەمادە جێی گومانە.

وتیشی " حکومەتی عێراق، لە ساڵی 2016ـەوە خەریکی دروستکردنی هەژماری بانکییە؛ هەشت ساڵە 20 بانکی عێراق خەریکی ئەو پڕۆسەیەن کەچی تەواو نەبووە، چۆن دەتوانرێت لە ماوەی مانگێکدا هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروستبکرێت؟.

ئاماژەی بەوەشدا کە  نیازی بەغدا بۆ داواکردنی دروستکردنی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، "تەنها کێشە دروستکردنە. ئێمە ئەزموونی چەند مانگی رابردوومان هەیە، هەمیشە ئێمە لە کێشەدا بووین، هەمیشە گەیشتووەتە کاتی ناردنی پارە، وەزارەتی دارایی عێراق چەندین بیانوو و کێشەی بۆ ناردنی پارەکە دروستکردووە. درێغییان نەکردووە لە دروستکردنی کێشە بۆ هەرێمی کوردستان. دەمەوێت هەموو کەسێک ئەمە بزانێت".  

سەبارەت بە "هەژماری من" تایبەت بە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، " پڕۆژەی هەژماری من کێشە بۆ بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دروست ناکات چونکە ئەو بانکانەی مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین هەموویان مۆڵەتییان لە بانکی ناوەندی عێراق وەرگرتووە".

بەشێک لە پەرلەمانتاران دەڵێن، لیستی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پاک نییە و کێشەی تێدایە؛ وتەبێژی وەزارەتی دارایی لەوبارەوە ئاماژە بەوە دەدات، بەگوێرەی دوایین ئەو لیستەی مانگی 10ـی رابردوو پێشکەشی پەرلەمانی عێراقیان کردووە، هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.

وێنێ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق چووە پەرلەمان و داوای کرد لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت بۆ ئەوەی بە کارت مووچەکانیان بدرێت. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار