پارتى، یه‌کێتى به‌ "فێڵکردن" تۆمه‌تبارده‌کات

6 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

دواجار به‌رهه‌م ساڵح کاندیده‌که‌ى یه‌کێتى له‌کێبڕکێی گه‌یشتن به‌کورسی سه‌رۆک کۆمارى عێراق سه‌رکه‌وتنى به‌ده‌ستهێناو به‌سه‌ر فوئاد حسێن کاندیدى پارتى سه‌رکه‌وت، به‌ڵام له‌کاتى کێبڕکێکه‌دا پارتى کشانه‌وه‌ى کاندیدکه‌ى راگه‌یاندو یه‌کیتى به‌ «فێڵ» تۆمه‌تبار کرد.

دواى چه‌ند جارێک دواخستن، دواجار په‌رله‌مانى عێراق له‌دوایین واده‌ى ده‌ستوریدا پرسی هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆک کۆمارى خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌و پارتى و یه‌کێتیش دواى چه‌ندین کۆبوونه‌وه‌ نه‌گه‌یشتنه‌ ڕێککه‌وتن له‌سه‌ر کاندیدێکى هاوبه‌ش.

له‌گه‌ڵ خستنه‌ ده‌نگى پڕۆسه‌که‌وه‌، مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى پارتى له‌په‌یامێکدا ڕایگه‌یاند «ئه‌و ئالیه‌ته‌ى په‌یڕه‌و ده‌کرێت بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆک کۆمارى عێراق به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک قابیلى قبوڵ نیه‌و پێچه‌وانه‌ى ئه‌و نه‌ریته‌یه‌ که‌ بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆککۆمار لەگه‌ڕه‌کانى ڕابردوو په‌یڕه‌و کراوه‌. یان ده‌بوایه‌ کاندیدێکى کورد له‌نێو گه‌وره‌ترین کوتله‌ به‌ربژێر بکرایه‌ یانیش فراکسیۆنه‌ کوردییه‌کان یه‌کلاییان بکردایه‌ته‌وه‌«.

هه‌ر دوابه‌دواى ئه‌وه‌ فراکسیۆنى پارتى له‌په‌رله‌مانى عێراق له‌به‌یاننامه‌یه‌کدا رایگه‌یاند که‌یه‌کێتی»رێکەوتنی نێوانیانی پێشێلکردووه‌«.

هەروەها مەسعود حەیدەر ئەندامی شاندی پارتی لەبەغدا یەکێتی تۆمەتبارکرد بە «فێڵکردن» لەپرسی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماردا.

دوای ئەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی مانگی رابردوو بەرهەم ساڵحی کاندید کرد بۆ پۆستەکە، پارتی نیگەرانی خۆی نیشانداو یەکێتی بەوە تۆمەتبار کرد کە تاکلایەنە ئەو بڕیارەی داوە بەبێ گەڕانەوە بۆ پارتی، کە خۆی بەخاوەنی پۆستەکە دەزانێت، ئەمەش وایکرد فوئاد حسێن کاندید بکات بۆ پۆستەکە.

دوێنێ لەکاتی دەنگدانی خولی یەکەم لەنێوان فوئاد حسێن و بەرهەم ساڵح بارزانی پەیامەکەی بڵاوکردەوەو رایگەیاند کەئەوان قبوڵی ناکەن و هەڵویستیان دەبێت.

پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆک کۆمار له‌خولى یه‌که‌مدا یه‌کلایی نه‌کرایه‌وه‌، دواى ئه‌وه‌ى هیچ کاندیدێک نه‌یتوانى دوو له‌سه‌ر سێى ده‌نگه‌کان به‌ده‌ستبهێنێت، بۆیه‌ هه‌ڵبژاردنه‌که‌ که‌وته‌ خولى دووه‌م.

له‌خولى دووەمدا به‌رهه‌م ساڵح توانى 220 ده‌نگ به‌ده‌ستبهێنێت و فوئاد حسێن-یش 20 ده‌نگى به‌ده‌ستهێنا و 24 ده‌نگیش پوچه‌ڵ بوو، له‌گه‌ڵ حه‌وتى ده‌نگى سپى.

هه‌رچه‌نده‌ له‌خولى دووه‌مدا پارتى کشانه‌وه‌ى فوئاد حسێنى له‌پڕۆسه‌ى ده‌نگدان راگه‌یاند، به‌ڵام سه‌رۆکى په‌رله‌مانى عێراق داواى کشانه‌وه‌ى ره‌تکرده‌وه‌، به‌و پێیه‌ى پێشتر به‌فه‌رمى خۆى بۆ چوونه‌ ناو کێبڕکێکه‌وه‌ تۆمارکردبوو.

دواى هه‌ڵبژاردنى و سوێندخواردنى ده‌ستورى، به‌رهه‌م ساڵح ڕایگه‌یاند، پارێزگاریی له‌یه‌کپارچه‌یی خاکى عێراق ده‌کات و ده‌بێته‌ سه‌رۆکى هه‌موو عێراقییه‌کان نه‌ک ته‌نها به‌شێکى دیاریکراو.

هه‌ڵبژاردنى به‌رهه‌م ساڵح هه‌رزوو کاردانه‌وه‌ى پارتى لێکه‌وته‌وه‌، فراکسیۆنى پارتى له‌په‌رله‌مانى عێراق له‌به‌یاننامه‌یه‌کدا رایگه‌یاند هه‌ڵوێستى ڕونیان ده‌بێت له‌و باره‌یه‌وه‌ و «ئه‌و لایه‌نانه‌ى رێککه‌وتنه‌کانیان پێشێل کردووه‌ به‌رپرسیارێتى ئه‌و کاره‌یان له‌ئه‌ستۆ ده‌گرن».

باسى له‌وه‌شکردووه‌، «ئه‌وه‌ى رێککه‌وتنى له‌سه‌ر کرابوو‌ ئه‌وه‌یه‌، که‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ کوردستانییه‌کان له‌سه‌ر یه‌ک کاندید رێکبکه‌ون بۆ سه‌رۆکایه‌تیى کۆمار، یانیش به‌هه‌ڵبژاردن له‌نێوان کوتله‌ کوردستانییه‌کان یه‌کلایى بکرێته‌وه، که‌ هه‌رگیز ئه‌مه‌ رووینه‌دا».

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى به‌ هاوڵاتى ڕاگه‌یاند «یه‌کێتى فێڵى له‌ پارتى نه‌کردووه‌ له‌و پڕۆسه‌یه‌دا، پێش هه‌ڵبژاردنه‌که‌ پێکه‌وه‌ کۆبونه‌ته‌وه‌ و نه‌گه‌یشتن به‌هیچ ڕێککه‌وتنێک».

وتیشى «ئه‌مه‌ سیناریۆیه‌کى پێشبینیکراو بوو که‌ به‌ دوو کاندید بچین، مادام ڕێکنه‌که‌وتین، هه‌وڵماندا له‌گه‌ڵیان ڕێکبکه‌وین، به‌ڵام تێڕوانینى ئه‌وان بۆ پرسی یه‌کڕیزى جیاواز بوو».

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد جه‌ختیکرده‌وه‌، پڕۆسه‌که‌ به‌شێوه‌یه‌کى یاسایی بووه‌ و پارتى مافى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ پڕۆسه‌که‌ قبوڵ بکات یان ڕه‌تى بکاته‌وه‌، «به‌ڵام که‌ قبوڵى نه‌که‌ن بژارده‌ى زۆر له‌به‌رده‌میاندا نییه‌ به‌تایبه‌تى له‌به‌غدا».

ململانێی نێوان پارتى و یه‌کێتى له‌سه‌ر پۆستى سه‌رۆک کۆمار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ زیاتر له‌ مانگێک له‌مه‌وبه‌ر، کاتێک هه‌ردوولا زنجیره‌یه‌ک کۆبوونه‌وه‌یان ئه‌نجامدا بۆ ئاماده‌کردنى پاکێجێکى هاوبه‌ش بۆ چوونه‌ به‌غدا و دابه‌شکردنى پۆسته‌کان.

پارتى هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ جه‌ختیده‌کرده‌وه‌ که‌ ئه‌و پۆسته‌ مافى ئه‌وانه‌، به‌و پێیه‌ى زۆرترین رێژه‌ى کورسیان له‌په‌رله‌مانى عێراق به‌ده‌ستهێناوه‌، له‌به‌رانبه‌ریشدا یه‌کێتى که‌ ماوه‌ى سێ خولى یه‌ک له‌دواى یه‌ک پۆسته‌که‌ى به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، جه‌ختى له‌ مافى حزبه‌که‌ى بۆ وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆک کۆمار بۆ خولى چواره‌م ده‌کرده‌وه‌.

ململانێکانى نێوان پارتى و یه‌کێتى له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته‌ له‌مانگى رابردوودا گه‌یشته‌ لوتکه‌، کاتێک یه‌کێتى به‌رهه‌م ساڵحی به‌فه‌رمى کاندیدکرد بۆ وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆک کۆمار، دواى ئه‌وه‌ى گه‌ڕایه‌وه‌ ناو ئه‌و حزبه‌ و ده‌ستبه‌ردارى ئه‌و حزبه‌ بوو که‌ له‌دواى جێهێشتنى یه‌کێتى که‌متر له‌ساڵێک بوو دایمه‌زراندبوو.

دواى ئه‌و هه‌نگاوه‌ى یه‌کێتى، که‌ پارتى به‌ هه‌نگاوى «تاکلایه‌نه‌« ناویبرد، مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى پارتى فوئاد حسێنى بۆ وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆک کۆمار کاندیدکردو وه‌فدێکیشى به‌سه‌رۆکایه‌تى نێچیرڤان بارزانى نارده‌ به‌غدا بۆ قسه‌کردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌کان بۆ کۆکردنه‌وه‌ى پشتیوانى بۆ کاندیده‌کان.

دواى رۆژێک یه‌کێتیش به‌هه‌مان شێوه‌ وه‌فدێکى نارده‌ به‌غداو له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌کان زنجیره‌یه‌ک کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجامدا بۆ کۆکردنه‌وه‌ى پشتیوانى بۆ به‌رهه‌م ساڵح.

بۆ یه‌کلاییکردنه‌وه‌ى ناکۆکییه‌کانیان له‌و باره‌یه‌وه‌، کۆتایی مانگى رابردوو به‌رهه‌م ساڵح و مه‌سعود بارزانى کۆبوونه‌وه‌، به‌ڵام کۆبوونه‌وه‌که‌ به‌بێ ئه‌نجام کۆتایی هات و بارزانى رایگه‌یاند ده‌بێت فراکسیۆنه‌ کوردستانییه‌کان کاندیدى سه‌رۆک کۆمار یه‌کلایی بکه‌نه‌وه‌، به‌ڵام به‌رهه‌م ساڵح جه‌ختیکرده‌وه‌ که‌ ده‌بێت په‌رله‌مان ئه‌و پرسه‌ یه‌کلایی بکاته‌وه‌.

له‌دوایین رۆژه‌کانى پێش دانیشتنى په‌رله‌مان بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆک کۆمار، جارێکى تر پارتى و یه‌کێتى به‌جیا چه‌ند وه‌فدێکیان نارده‌ به‌غداو له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌کان زنجیره‌یه‌ک کۆبوونه‌وه‌یان ئه‌نجامدا.

له‌شه‌وى پێش دانیشتنه‌که‌ى په‌رله‌مانى عێراق، پارتى و یه‌کێتى دوایین کۆبونه‌وه‌یان له‌سه‌ر یه‌کلاییکردنه‌وه‌ى ناکۆکییه‌کانیان له‌باره‌ى پۆستى سه‌رۆک کۆماره‌وه‌ ئه‌نجامدا، به‌ڵام نه‌گه‌یشتن به‌هیچ ڕێککه‌وتنێک.

کاتژمێر 11ى دوێنێ سێشه‌ممه‌ واده‌ى دانیشتنى په‌رله‌مانى عێراق هات که‌ کارنامه‌که‌ى ته‌نها پێکهاتبوو له‌ هه‌ڵبژاردنى پۆستى سه‌رۆک کۆمارو دواى چه‌ند جارێک دواخستن دواجار هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆک کۆمار خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و چه‌ند کاندیدێک کشانه‌وه‌و پارتى و یه‌کێتیش کاندیده‌کانیان خسته‌ پڕۆسه‌که‌وه‌ و دواجار به‌رهه‌م ساڵح به‌براوه‌ له‌پڕۆسه‌که‌ ده‌رچوو.

به‌رهه‌م ساڵح که‌ ته‌مه‌نى 56 ساڵه‌، له‌دواى وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆک کۆمار به‌ماوه‌یه‌کى که‌م عادل عه‌بدولمه‌هدى بۆ پێکهێنانى حکومه‌تى نوێی عێراق راسپارد و له‌لێدوانێکیدا بۆ میدیاکانى یه‌کێتى رایگه‌یاند، چاریان ناچاره‌و ده‌بێت پێکه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م هێزه‌کان مامه‌ڵه‌ بکه‌ن.

به‌رهه‌م ساڵح له‌دواى رووخانى رژێم بووه‌ جێگرى سه‌رۆک وه‌زیرانى حکومه‌تى کاتیى عیراق له‌نیوه‌ى دووه‌مى ساڵى 2004و پاشان بووه‌ وه‌زیرى پلاندانان له‌ حکومه‌تى ئینتیقالى عیراق له‌ساڵى 2005 و دواتر بۆته‌ جێگرى سه‌رۆک وه‌زیرانى حکومه‌تى هه‌ڵبژێدراوى عیراق و سه‌رۆکایه‌تى لیژنه‌ى ئابوورى پێسپێردراوه‌.

له‌ رۆژى 25/7/2009 بۆ سه‌رۆکایه‌تى لیستى کوردستانى بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان دیاریکراو دواتریش ئه‌رکى سه‌رۆکى حکومه‌تى کوردستانى پێسپێردرا.

پۆستى سەرۆک کۆمار ئەگەرچى له‌عێراق زیاتر دەسەڵاتێکى تەشریفاتى هەیه، بەڵام به‌ رەمزى وڵات و پارێزەرى دەستور دادەنرێت، هەروەها هەر کەسێک ببێته‌ سەرۆک کۆمار دەتوانێت پەیوەندییەکى دیبلۆماسى فراوان دروستبکات. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار