ئێران و کۆنتڕۆڵکردنی میلیشیاکانی عێراق

9 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لەگەڵ دەستپێکی جەنگی غەززە هێرشی هێزە میلیشیاکانی سەر بەئێران لەعێراق و سووریا بۆ سەر بنکەو بارەگاو هێزەکانی ئەمریکا پەرەیسەند. بەپێی راگەیاندنی پێنتاگۆن زیاتر لە ٨٠ جار لەسووریا  و عێراق هێرش کراوەتەسەر بنکەو هێزەکانیان. دوا بەدوای هێرشی میلیشیا شیعەکان بۆ سەر بنکەی سەربازی تاوەری ٢٢ لەسنووری ئۆردن، ئەمریکا هێرشەکانی بۆ سەر میلیشیا شیعەکان لەسووریا و عێراق توندتر کردەوە. جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا زمانی هەڕەشەی بەکارهێناو وتی لەشوێنی گونجاو و لەکاتی گونجاودا وەڵامی هێرشەکان ئەدەینەوە. بەشێکی زۆر لەسێناتۆرە کۆماریخوازو تەنانەت دیمۆکراتەکان رەخنەی توندیان لەبایدن گرت کەسیاسەتەکانی جۆبایدن بووە بەهۆی باڵادەستی ئێران لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری پێشتری ئەمریکا هێرشی کردەسەر جۆبایدن و وتی لەسەردەمی سەرۆککۆماری ئەودا ئێرانییەکان زۆر بەترسەوە دەجووڵانەوەو تەنانەت وتی ئەو دەمەی قاسم سلێمانیمان کوشت، ئێرانییەکان ئاگاداریان کردینەوە ناچارن هێرشی مووشەکی بکەنە سەر بنکەکانمان و ئەو هێرشە بەئاگاداری خۆمان کراوەو بەشێوەیەک کراوە کەزیانی گیانی نەبێت و کەمترین زیانی ماددی ببێت.

رەخنەی توندی سێناتۆرەکان و هەڕەشەکانی دەوڵەتی بایدن و هێرش بۆ سەر بنکەو کەسایەتییەکانی میلیشیا شیعەکانی سەر بەعێراق لەلایەن ئەمریکاوە بوو بەهۆی راگرتنی هێرشەکان بۆ سەر بنکەو هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق و سووریاو زیاتر لە یەک مانگە لەلایەن ئەم هێزانەوە هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر بنکەو هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق، کەچی لەماوەی یەک مانگ دوای دەستپێکی جەنگی غەززە و بەوتەی وتەبێژی پێنتاگۆن ٥٨ جار هێرش کرایەسەر هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق و سووریا کە ٢٧ جاریان لەعێراق و ٣١ جاریان لەسووریا بوو.

هەموو نیشانەکان ئەوە دەخەنەڕوو میلیشیا شیعەکان لەعێراق و سووریا بەفەرمانی ئێران هێرشەکانی خۆیان راگرتووە.

 

بەرپرسانی ئەمریکایی: میلیشاکانی سەر بەئێران هێرشەکانی خۆیان راگرتووە

ڤیکتۆریا تیلۆر جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران لەنووسینگەی کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک لەوەزارەتی دەرەوە، لەوتووێژ لەگەڵ کەناڵی «الحرە» رایگەیاندووە ئەمریکا لەچەند مانگی رابردوودا بەردەوام لەهەوڵدا بووە بۆ پاراستن و بەرگری لەهێزەکانی خۆی لەناوچەکەو تێکشکاندن وتێکدانی چالاکییەکانی گرووپەکانی سەر بەئێران لەعێراق و سووریاو هەروەها میلیشیا حووسییەکان لەیەمەن و بۆ ئەم مەبەستە بەردەوام بەوردی چالاکییەکانی ئەوانی لەبەرچاو بووەو هەوڵیداوە جووڵەکانیان تێک بشکێنێت. ئەم بەرپرسە هەروەها ئاماژەی بەوە داوە ئەمریکا زۆر نیگەرانی هێرشە بەردەوامەکانی هێزەکانی سەر بەئێرانە لەناوچەکە بۆ سەر بنکە و بەرژەوەندییەکانیان.

لەگەڵ دەستپێکی جەنگی غەزە میلیشیاکانی سەر بەئێران لەعێراق و سووریا هێرشەکانی خۆیان بۆ سەر بنکەو هێزەکانی ئەمریکا لەناوچەکە زیاتر کردووە و زیانی گیانی و ماددی زۆریان بە هێزەکانی ئەمریکا لەناوچەکە گەیاندووە.

رۆژی ٢٨ی کانوونی دووهەم، میلیشاکانی سەر بەئێران لەسووریا  و عێراق، هێرشیان کردەسەر بنکەیەکی ئەمریکییەکان لەخاکی ئۆردن و هاوسنوور لەگەڵ سووریا بەناو « تاوەری ٢٢» و بەو هۆیەوە سێ سەربازی ئەمریکی کوژران و ٤٠ کەسیتریش برینداربوون.

لەوەڵامی هێرشەکانی میلیشاکانی سەر بەئێران بۆ سەر تاوەری ٢٢ لەئۆردن، سوپای ئەمریکا هێرشەکانی دژ بەگرووپەکانی سەر بەئێران لەوانە بنکەکانی هێزەکانی سوپای قودسی کۆماری ئیسلامی لەسووریا و عێراق زیاتر دەستپێکرد.

ئێران دەستبەجێ ژمارەیەکی زۆری هێزەکانی خۆی لەسووریا کشاندەوەو هێزەکانی حزبوڵڵای لوبنان لەبری ئەندامانی سوپای پاسداران کاروبارەکانیان گرتە دەست.

گرووپی « کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق» رۆژی ٧ی شوبات رایگەیاند دوو کەس لەفەرماندە باڵاکانیان بەناوەکانی «وسام محمد صابر الساعدی» ناسراو بە « ئەبوو باقر» و هەروەها « ارکان العلیاوی» لە رۆژهەڵاتی بەغدا لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکاوە کراونەتە ئامانج و کوژراون.

 

راگرتنی هێرشەکان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لەعێراق

ئەم بەرپرسە باڵایەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەوتووێژ لەگەڵ کەناڵی «الحرە» وتوویەتی:» ئێمە دەبینین لەچەند هەفتەی رابردوودا هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق راگیراوەو ئەمە بەدڵنیاییەوە پێشکەوتنێکی ئەرێنییە. هەڵبەت ئێمە هێشتا ئەوە دەبینین کە حووسییەکان بەردەوامن لەهێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانیییەکان لەدەریای سوورو ئاگادارین کەئێران بەردەوامە لەیارمەتیدانی حووسییەکان لەبارکردنی بەستێن بۆ حووسییەکان بەوەی بتوانن هێرش بکەنەسەر کەشتییە بازرگانییەکان لەدەریای سوورو کەنداوی عەدەن».

ڤیکتۆریا تیلۆر لەحاڵێکدا وەها بەئەرێنی  باس لەڕاگرتنی هێرشەکان بۆ سەر بنکەو هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق دەکات کە پێشتر میدیاکان باسیان لەوە کردبوو کە ئێران داوای لەگرووپە میلیشاکان کردووە کە دان بەخۆیاندا بنێن و خۆڕاگربن و هێرشەکانیان رابگرن.

رۆژنامەی واشنگتۆن پۆست رۆژی ١٩ی شوبات لەزاری ژمارەیەک لەبەرپرسانی رۆژئاواییەوە بڵاویکردەوە، ئێران لەگەڵ ئەوەی دەخوازێت هێرش بکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئێسرائیل لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵام خۆی بەدوور دەگرێت لەوەی راستەوخۆ بچیتە جەنگەوەو داوای لەحزبوڵڵای لوبنان و گرووپە میلیشیاکانی تری سەر بەخۆی کردووە بەرامبەر بەهێزەکانی ئەمریکا دان بەخۆیاندا بنێن و هەوڵبدەن خۆیان بەدوور بگرن لەوەی هێرش بکەنەسەر بەرژەوەندی و هێزەکانی ئەمریکا لەناوچەکە.

واشنگتۆن پۆست بەئاماژە بەوەی کەمیلیشیاکانی سەر بەئێران لەعێراق و سووریا هێرشەکانی خۆیان بۆ سەر بنکەو بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەناوچەکە راگرتووە لەزاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکییەوە نووسیویەتی :» رەنگە ئێران بەوەی زانیبێت بەوەی کە مۆڵەت بدات بەهێزەکانی سەر بەخۆی هێرش بکەنەسەر هێزەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانەکان لە ناوچەکە، بەرژەوەدنییەکانی پارێزراو نابن».

بەرپرسێکی باڵای حزبوڵڵای لوبنان بەواشنگتۆن پۆستی راگەیاندووە ئێران نوێنەرێکی ناردووە بۆ لوبنان بۆ دیدار لەگەڵ حزبوڵڵا و پێی راگەیاندوون :» ئێمە نامانەوێت بیانوو بدرێت بەدەست بێنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە بەوەی جەنگێکی بەربڵاو دژی لوبنان یان هەر شوێنێکی تر هەڵبگیرسێت».

بەرپرسێکی ئێرانی لەوتووێژ لەگەڵ واشنگتۆن پۆست وتوویەتی، لەئێستادا لەهەموو دونیا سەرنجەکان لەسەر جەنگی غەززە و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبییە لەگەڵ ئیسرائیل، ئەگەر بەرەیەکی نوێ بکرێتەوە، ئەم دەستکەوتە لەناودەچێت.

واشنگتۆن پۆست ئاماژەی بەوە داوە بەرپرسانی ئێرانی بەمیلیشیاکانی سەر بەخۆیان لەعێراق راگەیاندووە کە بەردەوامی هێرشەکانیان دەبێ بەهۆی تێکچوونی گفتوگۆکانی بەغدادو واشنگتۆن لەسەر چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە.

واشنگتۆن پۆست لەزاری بەرپرسێکی ئێرانییەوە نووسیویەتی:» ئێران پشتیوانی دەکات لەهەر گفتوگۆیەک کە دەرئەنجامەکەی چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا بێت لەعێراق. کۆماری ئیسلامی هێزەکانی ئەمریکا وەک داگیرکەر دەبینێت و مانەوەیان لەعێراق دژ بەسەروەری گەلی عێراق دەبینێت».

سەفەری قائانی بۆ بەغداد

رۆژی ١٧ی شوباتی ٢٠٢٤ رۆیتەرز لەزاری چەند سەرچاوەیەکی ئێرانی و عێراقییەوە رایگەیاند  دوای سەفەری  ئیسماعیل قائانی فەرماندەی هێزەکانی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بۆ بەغداد میلیشاکانی سەر بەئێران، هێرشەکانی خۆیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا راگرتووە.

بەوتەی رۆیتەرز، قائانی دەستبەجێ و  دوای ئەوەی واشنگتۆن گرووپەکانی سەر بەکۆماری ئیسلامی بەبەرپرس زانی لەکوشتنی سێ سەربازی ئەمریکایی لەبنکەی سەربازی تاوەری ٢٢، سەردانی بەغدادی کرد.

رۆژی ٢٨ی کانوونی دووهەم لەلایەن هێزەکانی سەر بەئێرانەوە هێرش کرایەسەر بنکەی سەربازی تاوەری ٢٢، کەبنکەیەکی سەربازی ئەمریکییەکانە لەخاکی ئۆردۆن و بەو هۆیەوە سێ سەربازی ئەمریکی کوژران و زیاتر لە ٤٠ سەرباز برینداربوون.

رۆیتەرز باسی لەوە کردووە رۆژی ٢٩ی کانوونی دووهەم ئیسماعیل قائانی لەفڕۆکەخانەی بەغداد لەگەڵ ژمارەیەک لەفەرماندە باڵاکانی میلیشاکانی سەر بەئێران کۆبووەتەوەو ئاگاداری کردوونەتەوە بۆ ئەوەی هێرش نەکرێتەسەر فەرماندە باڵاکانیان یان دامەزراوەکانیان، یان تەنانەت راستەوخۆ هێرش نەکرێتە سەر ئێران، دەبێ هێرشەکانیان رابگرن و ماوەیەک دەرنەکەون.

بەپێی ئەم راپۆرتە، سەرەتا تەنها گرووپێک رازی نەبووە بەداواکارییەکەی ئیسماعیل قائانی و زۆربەی گرووپەکان هەر لەیەکەم ساتەکاندا ملکەچی ئەم فەرمانە بوون.

رۆژی ٣٠ کانوونی دووهەم « کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق» یەکێک لەو گرووپانەی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت رایگەیاند هێرشەکانی خۆی بۆ سەر دامەزراوەو بنکە ئەمریکییەکان راگرتووە.

فەرماندەیەکی باڵای هەواڵگری عێراق بە رۆیتەرزی وتووە ئیسماعیل قائانی  بەهۆی باری ئەمنی و ترس لەوەی نەکا شتێکی بەسەر بێت دەستبەجێ فڕۆکەخانەی بەغدادی جێهێشتووە. ئەم سەفەرەی  فەرماندەی باڵای سوپای قودس بۆ بەغداد لەمیدیا عێراقییەکاندا باسی کرا، بەڵام باس لەوردەکارییەکانی نەکرا.

رۆیتەرز لەزاری فەرماندەیەکی باڵای یەکێک لەگرووپە چەکدارە عێراقییەکانەوە نووسیویەتی :» ئەگەر قائانی راستەوخۆ ئامادەنەبوایە کەتائیبی حزبوڵڵا رازی نەدەبوو هێرشەکانی رابگرێت».

لەم دیدارەدا قائانی بە ئاشکرا بەبەرپرسانی میلیشیا شیعەکانی راگەیاندووە کۆماری ئیسلامی لەئێستادا خوازیاری راگرتنی هێرشەکانە بۆ سەر هێزو بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەناوچەکەو نایهەوێت بچێتە جەنگەوە لەگەڵ ئەمریکا.

 

ئێرانییەکان هەواڵەکەی رۆیتەرز بەدرۆ دەخەنەوە

رۆژی ١٩ی شوباتی ٢٠٢٤ رۆژنامەی ئێران، رۆژنامەی فەرمی کۆماری ئیسلامی هەواڵی سەردانی کوتوپڕی قائانی بۆ بەغداد و دیدار لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی حەشدی شەعبی و گرووپە میلیشیاکانی بەدرۆخستەوەو رایگەیاند :» بەرەی بەرگری خۆی سەربەخۆیە لەبڕیارەکانی».

رۆژنامەی ئێران ئەوەی بەدرۆ خستووەتەوە کە قائانی داوای لەهێزە میلیشیاکان کردبێت دەست رابگرن و هێرش نەکەنەسەر هێزو بنکەکانی ئەمریکا لەناوچەکە. ئەوەشی بەناڕاست زانی کە وەها سەفەرێک کرابێت.

ماڵپەڕی تەسنیم سەر بەسوپای پاسداران لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هەواڵەکەی رۆژنامەی ئێران، رایگەیاند قائانی و بەرپرسانی تری سوپای پاسداران هەرکات سەردانی عێراق بکرێن بەباشترین شێوە پێشوازیان لێدەکرێت و وەها سەفەرێک هەر نەبووە.

تەسنیم تەنانەت باسی لەوە کردووە «بەرەی بەرگری» لەعێراق و سووریاو لوبنان و یەمەن و فەلەستین بەردەوامن لەهێرشەکانیان دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل لەناوچەکە و ئەوان سەربەخۆن لەبڕیارەکانیان.

 

حووسییەکان سەرئێشە گەورەکەی رۆژئاوا

لەگەڵ دەستپێکی جەنگی حەماس- ئیسرائیل لەکەرتی غەززە، دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، هێرشی کردەسەر غەزە، حووسییەکان بەنیشانەی بەرگری لەفەلەستین دەستیان کردووە بەهێرشکردن بۆ سەر ئەو کەشتییە بازرگانی و جەنگیانەی لەدەریای سوورو کەنداوی عەدەن لەهاتوچۆدان و ئاسایشی بازرگانی دەریاییان لەو ناوچەیە خستووەتە مەترسییەوە.

حووسییەکان لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، رۆژی ٢٢ی کانوونی یەکەم کۆشکی سپی رایگەیاند ئێران بەئاشکرا دەستی هەیە لەهێرشی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لەدەریای سوورو کەنداوی عەدەن. تائێستا وڵاتانی رۆژئاوایی چەندین جار داوایان لەئێران کردووە بەر بە چالاکی حووسییەکان بگرێت لەناوچەیە. بەڵام حووسییەکان تا ئێستا بەردەوامن لەهێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانی و جەنگییەکان لەدەریای سوورو کەنداوی عەدەن بەشێوەیەک کە بازرگانی دەریایی لەو ناوچەیە زیاتر لە ٦٠٪ دابەزیوە.

هەر لەم پەیوەندەدا ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رۆژی یەکشەممە ٣ی ئازاری ٢٠٢٤، لەسەر پەرەی فەرمی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی  X رایگەیاند ، کەشتی «روبیمار»ی  بەریتانی کە رۆژی ١٨ شوباتی ٢٠٢٤  لەدەریای سوور لەلایەن حوسییەکانی یەمەنەوە بەمووشەکێکی بالیستی بەئامانج گیرا بوو، ژێرئاو کەوتووە.

هەر لەڕاگەیاندنەکەدا هاتووە کە، کەشتییە ژێرئاوکەوتووەکە هەڵگری نزیکەی ٢١ هەزار تەن پەینی ئامۆنیۆم سۆلفات بووە کەئەمەش مەترسییەکی گەورەی ژینگەیی لەدەریای سووردا دروستدەکات و مەترسییەکی گەورەی ژینگەیی هەیەو ئەگەری هەیە کارەساتی ژینگەیی لێبکەوێتەوە.

ئەمریکا و بەریتانیاو وڵاتانی هاوپەیمان تائێستا چەند جار هێرشیان کردووەتەسەر حووسییەکان لەیەمەن، بەڵام حووسییەکان سوورن لەسەر بەردەوامی هێرشەکانیان و رۆژی شەممە ٢ی ئازار فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی حووسییەکان لەلایەن کەشتییەکی جەنگی ئیتالیاییەوە خرایە خوارەوە.

 

ئاخۆ ئێران حووسیەکانیش کۆنتڕۆڵ ئەکات؟

وڵاتانی رۆژئاوایی بەتایبەت بەریتانیاو ئەمریکا تا ئێستا چەندین جار بەئاشکرا داوایان لەکۆماری ئیسلامی ئێران کردووە بەر بەهێرشی حووسییەکان بگرێت بۆ سەر کەشتییە بازرگانی و سەربازییەکان لەدەریای سوور. کۆماری ئیسلامی لەوەڵامدا بەردەوام ئاماژە بەوە دەکات حووسییەکان و بەرەی بەرگری بەگشتی سەربەخۆن لەبڕیاردانداو ئەوە تاران نییە بۆیان دیاری دەکات کە چی بکەن و ئەوان خۆیان دیاری دەکەن لەکوێ چی بکەن.

بەپێچەوانەی بانگەشەی بەرپرسانی ئێرانی، رۆژی١٤ی شوباتی ٢٠٢٤ سوپای ئەمریکا رایگەیاند لەکۆتاییەکانی کانوونی دووهەمی ئەمساڵدا دەستیان بەسەر بارێک چەک و چۆڵدا و تەقەمەنیدا گرتووە کە لەلایەن ئێرانەوە بۆ حووسییەکان دەنێردرا.

هەروەها رۆژی ٧ی شوباتی ئەمساڵ ناوەندی هەواڵگری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند حووسیەکان بە مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئێرانی بوون بەهەڕەشە بۆ سەر بازرگانی جیهانی لەدەریای سوور.

حووسییەکان کارتێکی باشن بەدەست ئێرانەوە بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لەهەڕەشەکان بۆ سەر بازرگانی جیهانی و هەوڵدان بۆ راگرتنی جەنگی غەززە. ئێران لەدوای جەنگی عێراق- ئێرانەوە لە ١٩٨٨ هەوڵیداوە جەنگ لەسنوورەکانی خۆی دوور بخاتەوە. هەموو دەمیش خۆی لەجەنگ ئەبوێرێت. حووسییەکان بە هۆی پێگە جوگرافیاییەکەیان کە زاڵن بەسەر دەریای سوورو کەنداوی عەدەندا هەڕەشەیەکی گەورەن بۆ سەر  بازرگانی جیهانی لەم ناوچەیەو بەتایبەت لەگەرووی باب المندب کە بەردەوام هەڕەشەی داخستنی ئەم رێگا دەریاییە دەکەن. تائێستا ئێرانییەکانیش هاوشێوەی حووسییەکان زۆرجار باسی داخستنی گەرووی هۆرمۆز ئەکەن لەکەنداوو دەریای عومان.

ئێران تا ئەوکاتەی بزانێت بەردەوامی هێرشی حووسییەکان بۆ سەر کەشتی و بازرگانییە جیهانییەکان مەترسییەکی بۆ دروست ناکات، هاوکاری حووسییەکان ئەکات بۆ بەردەوامی هێرشەکانیان. بەڵام هەر کات بزانێت ئەم هێرشانە هەڕەشەن بۆ سەر دەسەڵات و بەرژەوەندییەکەی و راستەوخۆ هەڕەشەکە خۆیان دەگرێتەوە پشتیوانییەکانی رادەگرێت و فەرمان بە حووسییەکان دەکات بەوەی هێرشەکانیان رابگرن. وەک چۆن هێزەکانی لەسووریا کێشایەوەو لەعێراق فەرمانی بە هێزەکانی نزیک بە خۆی کردووە کە هێرشەکانیان رابگرن و لەهەمانکاتدا بەحزبوڵڵای لوبنانی راگەیاندووە نایانەوێت جەنگێکی گەورە رووبدات لەنێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیلدا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار