ده‌نگده‌ر گۆڕان و یه‌کگرتووى سزادا
به‌هۆى زۆرى رێژه‌ى بایکۆته‌وه به‌هاى کورسی په‌رله‌مان دابه‌زیوه، ئه‌وانه‌ى پارێزگاری‌یان له‌ده‌نگه‌کانیان کردوه ژماره‌ى کورس
6 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئه‌نجامه به‌راییه نافه‌رمیه‌کانى هه‌ڵبژاردنى 30ى ئه‌یلولى په‌رله‌مانى کوردستان گۆڕانکارى له‌ڕێژه‌ى ده‌نگى لایه‌نه‌کان دروستکرد، پارتى و یه‌کێتى براوه‌ن و کۆمه‌ڵى ئیسلامیش پارێزگارى له‌ده‌نگه‌کانى کردووه، زیانمه‌نترین لایه‌نه‌کانیش بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و یه‌کگرتووى ئیسلامین که ده‌نگه‌کانیان بۆ نیوه که‌میکردووه.
ڕێژه‌ى به‌شدارى له‌هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستاندا له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێم 57% بوو، که له‌دهۆک رێژه‌ى 61% بوو که‌به‌رزترین رێژه‌ى ده‌نگدان بوو، دواى ئه‌ویش هه‌ڵه‌بجه دێت 60% بوو، پاشان هه‌ولێر به‌ڕێژه‌ى 58% و سلێمانى به‌ڕێژه‌ى 53%.
پارتى
ئه‌نجامى نافه‌رمییه‌کانى هه‌ڵبژاردن ده‌ریده‌خات که‌پارتى پله‌ى یه‌که‌مى هه‌ڵبژاردنه‌که‌ى به‌ده‌ستهێناوه. پارتى له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا به‌به‌ده‌ستهێنانى زیاتر له 650 هه‌زار ده‌نگ زیاتر له 40%ى ده‌نگه‌کانى به‌ده‌ستهێناوه، له‌کاتێکدا له هه‌ڵبژاردنى ساڵى 2013 زیاتر له 793 هه‌زار ده‌نگى به‌ده‌ستهێنابوو که‌ده‌یکرده رێژه‌ى 37%.
به‌هۆى زۆرى رێژه‌ى بایکۆته‌وه که به‌رزترین رێژه‌یه له‌هه‌ڵبژاردنه‌کاندا تائێستا، به‌هاى کورسی په‌رله‌مان دابه‌زیوه، به‌وه‌ش هه‌رچه‌نده ژماره‌ى ده‌نگه ناقه‌رمیه‌کانى پارتى نه‌گه‌یشتۆته‌وه به‌ده‌نگه‌کانى ساڵى 2013، به‌ڵام رێژه‌ى کورسییه‌کانى بۆ سه‌روى 42 کورسی به‌رزده‌بێته‌وه به‌پێی ئه‌نجامى نافه‌رمی.
ئه‌نجامى ئه‌م هه‌ڵبژاردنه بۆ پارتى نزیکه له‌ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنى ئه‌و حزبه له‌ساڵى 1992 که 44%ى ده‌نگه‌کانى به‌ده‌ستهێنابوو، به‌وه‌ش 50 کورسی په‌رله‌مانى مسۆگه‌ر کردبوو. ئه‌مه جگه لەوەی رێژه‌ى ده‌نگه‌کانى پارتى له‌سنووری سلێمانى به‌راورد به‌هه‌ڵبژاردنى پێشوو به‌رزبۆته‌وه، ئه‌مه‌ش به‌پێی ئه‌نجامه نافه‌رمیه‌کان.
یه‌کێتى
یه‌کێتى له‌دواى پارتى به‌دووه‌م براوه‌ى هه‌ڵبژاردنى ئه‌مجاره‌ى په‌رله‌مانى کوردستان داده‌نرێت، به‌و پێیه‌ى ئه‌نجامه نافه‌رمییه‌کان به‌رزبونه‌وه‌ى رێژه‌و ژماره‌ى ده‌نگى ئه‌و لایه‌نه ده‌رده‌خات به‌راورد به‌هه‌ڵبژاردنى 2013.
یه‌کێتى له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا به‌گشتى رێژه‌ى 20%ى ده‌نگه‌کانى به‌ده‌ستهێناوه، له‌کاتێکدا له‌هه‌ڵبژاردنى ساڵى 2013ى په‌رله‌ماندا رێژه‌ى 17%ى ده‌نگه‌کانى به‌ده‌ستهێنابوو.
به‌پێی ئه‌نجامه نافه‌رمیه‌کان، یه‌کێتى له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا له‌پارێزگاکانى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه پله‌ى یه‌که‌مى به‌ده‌ستهێناوه‌و بۆ یه‌که‌مجاریش له‌دواى دروستبوونى گۆڕانه‌وه له‌ساڵى 2009 له‌هه‌ڵبژاردنه‌کانى هه‌رێمه‌وه گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ پله‌ى دووه‌م له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمى کوردستان.
بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان
ئه‌نجامه نافه‌رمییه به‌راییه‌کان پاشه‌کشه‌ى ده‌نگه‌کانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان نیشانده‌دات، به‌راورد به‌سه‌رجه‌م هه‌ڵبژاردنه‌کانى پێشوو، هه‌روه‌ها بۆ یه‌که‌مجار بۆ پله‌ى سێیه‌م له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێم دابه‌زى و یه‌کێتى پێشى که‌وت.
به‌پێی ئه‌نجامه نافه‌رمییه‌کان، بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا که‌متر له 200 هه‌زار ده‌نگى به‌ده‌ستهێناوه، به‌وه‌ش به رێژه‌ى زیاتر له‌نیوه ده‌نگه‌کانى که‌میکردووه، به‌راورد به هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنى 2013 و 2009.
ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه له‌هه‌ڵبژاردنى 2009 به‌به‌ده‌ستهێنانى زیاتر له 445 هه‌زار ده‌نگ که‌ده‌کاته ڕێژه‌ى 23% توانى ببێته خاوه‌نى 25 کورسی په‌رله‌مان و پله‌ى دووه‌مى به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام له‌هه‌ڵبژاردنى 2013ى په‌رله‌ماندا کورسییه‌ک که‌میکرد، کاتێک به‌به‌ده‌ستهێنانى 24%ى ده‌نگه‌کان که‌ده‌کاته 476 هه‌زار و 736 ده‌نگ 24 کورسی به‌ده‌ستهێناو له‌پله‌ى دووه‌مدا مایه‌وه.
یه‌کگرتوو
ئه‌نجامى ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ى په‌رله‌مانى کوردستان بۆ یه‌کگرتووى ئیسلامى شۆکێکى گه‌وره بوو، به‌و پێیه‌ى بۆ یه‌که‌مجار له‌مێژووى به‌شداریکردنى ئه‌و حزبه‌دا له‌هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان ده‌نگه‌کانى به‌م ڕێژه‌یه‌ى ئێستا که‌میکردووه.
به‌پێی ئه‌نجامه نافه‌رمییه‌کان، یه‌کگرتووى ئیسلامى له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا که له‌چوارچێوه‌ى به‌ره‌ى ئیسڵاحدا به‌شدارى تێدا کرد، که‌متر له 80 هه‌زار ده‌نگى به‌ده‌ستهێناوه‌و بۆ یه‌که‌مجار که‌وتووه‌ته دواى کۆمه‌ڵى ئیسلامییه‌وه.
ئه‌وه له‌کاتێکدایه، له‌هه‌ڵبژاردنى 2013ى په‌رله‌مانى کوردستاندا، یه‌کگرتوو 186 هه‌زار و 741 ده‌نگى به‌ده‌ستهێنا که‌ده‌کاته ڕێژه‌ى 9%و بووه خاوه‌نى 10 کورسی په‌رله‌مان و ژماره‌ى کورسییه‌کانى له‌په‌رله‌مان رووى له‌هه‌ڵکشان کرد.
کۆمه‌ڵ
به‌پێچه‌وانه‌ى لایه‌نه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى پارتى و یه‌کێتییه‌وه، ئه‌نجامه نافه‌رمییه به‌راییه‌کان ده‌ریده‌خات کۆمه‌ڵى ئیسلامى پارێزگارى له‌ده‌نگه‌کانى خۆی کردووه، به‌وه‌ش ئه‌گه‌ر هه‌یه به‌هۆى که‌مبونه‌وه‌ى به‌هاى کورسییه‌وه ژماره‌ى کورسییه‌کانى به‌رزبێته‌وه.
به‌پێی ئه‌نجامه‌کان، ده‌نگه‌کانى کۆمه‌ڵى له‌سه‌رووى 100 هه‌زار ده‌نگه‌وه‌یه، له‌کاتێکدا له‌دوایین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌ماندا له‌ساڵى 2013، کۆمه‌ڵ 118 هه‌زار و 574 ده‌نگى به‌ده‌ستهێنابوو که‌ده‌کاته رێژه‌ى 6%و به‌وه‌ش شه‌ش کورسی به‌ده‌ستهێنابوو.
کۆمه‌ڵى ئیسلامى کوردستان که‌ساڵى 2001 دواى جیابونه‌وه‌ى له‌بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى دامه‌زرێنرا، له‌هه‌ڵبژاردنى 2005ى په‌رله‌ماندا زیاتر له 85 هه‌زار ده‌نگى به‌ده‌ستهێنا که‌ده‌کاته ڕێژه‌ى 4%و شه‌ش کورسی به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام له‌هه‌ڵبژاردنى 2009دا که له‌گه‌ڵ یه‌کگرتوو، سۆسیالیست، زه‌حمه‌تکێشان به لیستى هاوبه‌ش به‌شداریان تێدا کرد، ژماره‌ى کورسییه‌کانى بۆ چوار کورسی دابه‌زى.
نه‌وه‌ى نوێ
بۆ یه‌که‌مجار له‌هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستاندا جوڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێ وه‌ک هێزێکى نوێ به‌شدارى تێدا کرد‌و به‌پێی ئه‌نجامه به‌راییه نافه‌رمییه‌کان زیاتر له 120 هه‌زار ده‌نگى به‌ده‌ستهێناوه.
ئه‌و جوڵانه‌وه‌یه ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردن به‌م شێوه‌یه‌ى ئێستا بێت به‌شدارى خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مانى کوردستان ناکات.
لایه‌نه‌کانى تر
ئه‌م هه‌ڵبژاردنه گۆڕانکارى له‌ده‌نگى لایه‌نه‌کانى وه‌ک بزوتنه‌وه، سۆسیالیست، شیوعى دروستکرد، که له‌خولى پێشووى په‌رله‌ماندا هه‌ریه‌که‌یان خاوه‌نى کورسیه‌کى په‌رله‌مان بوون.
بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا که له‌چوارچێوه‌ى هاوپه‌یمانى به‌ره‌ى ئیسڵاحدا به‌شدارى کرد، رێژه‌ى ده‌نگه‌کانى نه‌گه‌یشتووه‌ته به‌هاى کورسییه‌کى په‌رله‌مان، به‌ڵام سۆسیالیست که له‌چوارچێوه‌ى لیستى سه‌رده‌مدا به‌شدارى کرد پێده‌چێت ببێته‌وه خاوه‌ن کورسییه‌کى په‌رله‌مان، هه‌رچى شیوعییه ده‌نگه‌کانى نه‌گه‌یشتووه‌ته ئاستى به‌ده‌ستهێنانى کورسی.
هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان له 30ى ئه‌یلولى رابردوودا به‌ڕێوه‌چوو، که 39 لیست و قه‌واره به‌زیاتر له 700 کاندیده‌وه به‌شداریان تێدا کرد.
ئه‌مه پێنجه‌م هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان بوو، له‌کاتێکدا ده‌بوو ئێستا هه‌ڵبژاردنى خولى حه‌وته‌مى په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌بچوایه.
یه‌که‌م هه‌ڵبژاردن له ئایارى 1992 به‌ڕێوه‌چوو، به‌هۆی هه‌ڵگیرسانى شه‌ڕى ناوخۆوه له‌ساڵى 1994 نه‌توانرا هه‌ڵبژاردنى دیکه‌ى په‌رله‌مان ئه‌نجامبدرێت، به‌ڵام له‌ساڵانى 2005، 2009، 2013 هه‌ڵبژاردنى سێ خولى دیکه‌ى په‌رله‌مان ئه‌نجامدرا، جگه له‌وه‌ش چه‌ند جارێک په‌رله‌مان واده‌ى خۆى درێژکردووه‌ته‌وه‌و به‌وه‌ش هه‌ڵبژاردن له‌واده‌ى خۆى دواکه‌وتووه.
نه‌خشه‌ى نوێی په‌رله‌مان
گۆڕانکارى له‌ده‌نگى لایه‌نه‌کان نه‌خشه‌ى نوێی کورسیه‌کانى په‌رله‌مانى کوردستان نیشانده‌دات، که‌پێده‌چێت کاریگه‌رى گه‌وره له‌سه‌ر کاره‌کانى خولى داهاتووى په‌رله‌مان دروستبکات.
پارتى ژماره‌ى کورسیه‌کانى بۆ سه‌رووى 40 کورسى به‌رزبووه‌ته‌وه، که له‌خولى پێشوودا 38 کورسی به‌ده‌ستهێنابوو، هه‌روه‌ها یه‌کێتى که 18 کورسی هه‌بوو، ژماره‌ى کورسیه‌کانى بۆ 20 کورسی به‌رزبووه‌ته‌وه، بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانیش له‌نێوان 12 بۆ 13 کورسی به‌ده‌ستهێناوه، کۆمه‌ڵیش له‌نێوان 6 بۆ 7 کورسی و یه‌کگرتووش 5 بۆ شه‌ش کورسی، نه‌وه‌ى نوێش هه‌شت بۆ نۆ کورسی به‌ده‌ستهێناوه.
چاوه‌ڕوانده‌کرێت گفتوگۆکانى پێکهێنانى کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ئاڕاسته‌یه‌کى جیاواز وه‌ربگرێت، به‌و پێیه‌ى ژماره‌و ده‌نگى سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کان گۆڕ‌انى به‌سه‌ردا هاتووه.