رێکخه‌رى تۆڕى شهمس بۆ چاودێرى هه‌ڵبژاردن: له‌ده‌یان بنکه بەبێ ته‌سکه‌ره‌و رەگەزنامە ده‌نگ دراوه
6 ساڵ لەمەوپێش
رێکخه‌رى تۆڕى شهمس بۆ هه‌ڵبژاردن ئاماژه به‌لایه‌نه نه‌رێنییه‌کانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان ده‌دات کهساختهکارى جۆراوجۆر هه‌بووه و چاوه‌ڕێى کۆمسیۆن ده‌که‌ن بۆ لێپێچینه‌وه‌و ره‌تکردنه‌وه‌ى.
هۆگر چه‌تۆ، رێکخه‌رى تۆڕى شهمس بۆ چاودێرى هه‌ڵبژاردن له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ ، جه‌ختله‌وه ده‌کاته‌وه که له‌ناوه‌ندى شاره‌کان رێژه‌ى ده‌نگدان به‌راورد به‌لادێ و ناحیه‌و قه‌زاکان که‌متر بووه‌و له‌و ناوچانه‌ش ده‌نگى دووباره‌و ساخته‌کراو هه‌بووه.
هاوڵاتی: بۆچى لایه‌نه‌کان پابه‌ند نه‌بوون به‌بڕیارو رێنماییه‌کانى کۆمسیۆنه‌وه؟
هۆگر چه‌تۆ: ئه‌وه په‌یوه‌ندى به‌ئاستى دیموکراسى ناو ئه‌و حزبه سیاسیانه هه‌یه، به‌داخه‌وه لهپاشخانى سیستمى شمولیدا گوزه‌ر ده‌که‌ن ده‌یانه‌وێت به رێگه‌ى یاسایى یا نایاسایى کورسى به‌ده‌ست بهێنێت، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندى به‌و رێکاره نایاساییانه هه‌یه که به‌داخه‌وه ده‌بنه‌هۆى پێشێلکارى و ئه‌مه‌ش کاریگه‌رى سلبى له‌سه‌ر پرۆسه‌ى ده‌نگدان و جێبه‌جێکردنى رێکاره‌کانى کۆمسیۆن ده‌بێت.
هاوڵاتی: خاڵه ئه‌رێنى و نه‌رێنییه‌کانى هه‌ڵبژاردن چى بوون به‌تایبه‌ت ئێوه چاودێرییه‌کى وردى هه‌ڵبژاردنه‌که‌تان کردووه؟
هۆگر چه‌تۆ: ئه‌وه‌ى له‌ڕێگه‌ى چاودێره‌کانمان چاودێرى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان‌مان کردووه ده‌رئه‌نجامه‌کانمان پێگه‌یشتوه هیچ گومانى تێدا نییه شه‌ش خاڵى نه‌رێنیمان خسته‌ڕوو، سیان له‌وانه ناوى ده‌به‌ین به‌کرده‌ى ترسناک و نه‌گونجاو له‌گه‌ڵ سیماى شارستانى و دیموکراتیدا ناگونجێت، ئه‌وانیش پێکدێن له نه‌پاراستنى نهێنى ده‌نگدان به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت له‌سه‌ر ده‌نگدان که‌که‌سه‌کان به‌ئازادى ده‌نگناده‌ن، ده‌نگدانى ئاشکراو بهکۆمهڵو وێنه‌گرتنى ده‌نگده‌ر ئه‌مانه ئه‌و حاڵه‌تانه‌ن.
هه‌روه‌ها مه‌سه‌له‌ى ساخته به‌ده‌نگدان چ ئه‌وه‌ى له‌جێگه‌ى خه‌ڵکى تر ده‌نگبدرێت یا دووباره ده‌نگدانه‌وه هه‌بووه‌و ده‌ستکارى کردنى سندوق هه‌بووه.
به‌نهێنى به‌ڵگه‌نامه‌ى ساخته دروستکراوو روون نیه بزانین رێژه‌ى سه‌دا ئه‌وه‌نده ئه‌و حاڵه‌ته هه‌بووه، دیارده‌ى ته‌زویرکردنى جنسیه‌ى عێراقى هه‌بووه، هه‌ندێک له‌براده‌رانى کۆمسیۆن باسى ئه‌وه‌یان کرد که له‌سه‌روو سه‌دو په‌نجا هه‌زار ناسنامه‌ى عێراقى ساخته‌کراوه.
هاوڵاتی: پێتوایه رێکاره‌کانى شه‌وى پێش هه‌ڵبژاردنى گشتى له 30 ئه‌یلولدا رێگه‌ى گرتبێت لهساختهکارییهکان؟
هۆگر چه‌تۆ: کۆمسیۆن که رێکارهکهى گۆڕى و داواى ته‌سکه‌ره‌یان کرد له‌گه‌ڵ جنسیه‌ى عێراقى، به ره‌ئى ئێمه ئیجرائات وا ناگۆڕێت کۆمسیۆن وه‌زیفه‌ى ئه‌وه نیه موفاجه‌ئه بۆ حزبى سیاسى دروستبکات، چونکه تێکه‌ڵى سیاسه‌تت ده‌کات، به‌ڵکو کۆمسیۆن ته‌مه‌سوک بهئیجرائاتى خۆى بکات، کۆمسیۆن ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌ى پێویستى هه‌یه لایه‌نێک یا هه‌ر که‌سێک دادگا‌و پۆلیس‌و ئاسایش کهحیمایهى قانون ده‌که‌ن مه‌سئولن لهئاشکراکردنیان.
ساخته‌کارییه‌کان ته‌نها مه‌سه‌له‌ى ناسنامه نه‌بووه، له‌ده‌یان بنکه ئه‌سڵه‌ن هه‌ر ئاوا ده‌نگدراوه نه باج و نه ته‌سکه‌ره‌و نه جنسیه عێراقى پێبووه و ده‌نگ دراوه، کاتێک کارمه‌ندى کۆمسیۆن وه‌لائى حزبى زیاتر ده‌بێت وه‌ک لهوهلائى بۆ دامه‌زراوه‌ى کۆمسیۆن ئه‌وکاته قیمه‌ت بۆ ئیجرائات نامێنێته‌وه.
هاوڵاتی: ده‌نگى پوچه‌ڵ به‌رێژه‌ى زیاتر له‌سه‌دا 5 هه‌بووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌سه‌دا 42ی خه‌ڵک به‌شدارى نه‌کرد که‌نزیکه‌ى له‌سه‌دا 50ى دانیشتوانى ده‌نگده‌ر ده‌کات، پێتوایه ئه‌مانه پرۆسه‌ى سیاسى ره‌تده‌که‌نه‌وه؟
هۆگر چه‌تۆ: به‌پێى پێوه‌رى پراکتیک و باشترین مۆدیله‌کان له‌دنیادا که‌هه‌یه ده‌نگده‌ر دابه‌ش ده‌بن به‌سه‌ر چوار بلۆکى ئه‌ساسى، له‌زانستى هه‌ڵبژارن ده‌ڵێن له‌سه‌دا 25ى ده‌نگده‌ر ئه‌وانه‌ن ئینتماى سیاسى و ولائیان بۆ حزبه‌کان هه‌یه، ئه‌ندامن و کارده‌که‌ن و هه‌ڵبژاردن جه‌ژنى ئه‌وانه‌و بێ دودڵى ململانێ ده‌که‌ن.
بلۆکى دووه‌م یا له‌سه‌دا 25ى دیکه‌یان دۆست و لایه‌نگرى لایه‌نه‌کانن ئه‌مانه به‌پێى بارودۆخ گۆڕانکارى به‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌کانیاندا دێت به‌واته‌ى ئه‌وه‌ى ئه‌م ساته‌وه‌خته توڕه بێت لهحزبهکهى نه‌یه‌ت و به‌شدارى نه‌کات، ئه‌گه‌ریش هه‌یه به به‌رنامه‌ى حزبه‌که‌ى یا کاندیده‌کانى رازى بێت یان رازى نه‌بێت.
بلۆکى سێیه‌م بهبلۆکى ره‌ساسى ده‌ناسێندرێت، ئینتمایان نییه بۆ سیاسه‌ت جارى وایه گۆرانیبێژێکى به‌دڵ ده‌بێت و ده‌چێت ده‌نگى پێده‌دات یا خزم و هاوڕێکه‌ى خۆى به‌دڵه‌و ده‌چێت ده‌نگده‌دات، ئه‌گه‌ر وا نه‌بێت ئاماده نیه بچێت ده‌نگبدات.
بلۆکى چواره‌م له‌دنیا به بلۆکى ره‌ش داده‌نرێت ئه‌سڵه‌ن به‌هیچ بارێک ناچێته سیاسه‌ته‌وه‌و تاقه‌تى لێى نییه به‌شدارى هه‌ڵبژاردن ناکه‌ن.
هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان کهئهنجامدرا به‌شێکى په‌یوه‌ندى بهبلۆکى یه‌ک و دوو هه‌بوو، پێشبینیم ده‌کرد هێزو لایه‌نه سیاسیه‌کان نه‌توانن تێپه‌ڕى بلۆکى یه‌که‌م و دووه‌م بکه‌ن، چونکه به‌شداریکردن تا دوا کاتژمێره‌کانى ده‌نگدان له‌خوار له‌سه‌دا په‌نجاوه بووه به‌شدارى هه‌ڵبژاردنیان کردووه.
دواتر که‌ڕێژه‌ى ده‌نگدان گه‌یشتۆته سه‌روو له‌سه‌دا په‌نجاى ده‌نگدان بۆ خۆى جێگاى پرسیاره به‌ڕاستى، چونکه له‌کاتژمێره‌کانى کۆتایى ده‌نگدان جوڵه‌یه‌کى که‌مى به‌شدارى ده‌نگدان هه‌بوو، به‌ڵام نادەگهیشته ئه‌و رێژه‌یه.
هاوڵاتی: ئایا ده‌نگدان له‌ناو ناوه‌ندى شاره‌کان زیاتر بوون یا له‌ده‌ره‌وه‌ى شاره‌کان؟
هۆگر چه‌تۆ: بازنه‌که‌ى هه‌ڵبژاردن زیاتر لهبلۆکه داخراوه‌کاندا بووه ئه‌وانه‌ى زیاتر خه‌ڵکان و ناوچه‌ى عه‌شائیریان پێده‌وترێت یا لادێکان و و ناحیه‌و قه‌زاکان و دووره ده‌سته‌کان، به‌ڕاستى خه‌ڵکى ناو شاره‌کان که‌مترین که‌س به‌شدارى کردووه، له‌و ناوچانه‌ش پڕکردنه‌وه‌ى سندوقى ده‌نگدان له‌جیاتى خه‌ڵکى تر زۆر هه‌بووه‌و مومکینه کرابێت، ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌ى پێویستى ده‌وێت.
هاوڵاتی: پێتوایه کۆمسیۆن له‌هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان ئه‌داى بێلایه‌نانه بووه؟
هۆگر چه‌تۆ: کۆمسیۆن جوهدى بۆ ئه‌وه خه‌رج کرد کهبێلایهنانهو سه‌ربه‌خۆ بێت قسه‌ى زۆر له‌سه‌ر ئه‌وه هه‌بوو، پێکهێنانى ئه‌م کۆمسیۆنه‌و دابه‌شکارى به‌سه‌ر پێنج لایه‌ندا له‌لایه‌ک ریسک و مه‌ترسیه، کاتێک کۆمسیۆن ئه‌و بڕیاره‌ى ده‌رکرد بۆ بونى جنسیه‌و ته‌سکه‌ره پێکه‌وه بۆ ده‌نگدان، هه‌رسێ به‌ڕێوه‌به‌رى سلێمانى و هه‌ولێرو دهۆک دژى ئه‌و بڕیاره‌ى کۆمسیۆن وه‌ستانه‌وه‌و باسیان له‌وه‌کرد نسبه‌ى مشاره‌که که‌مده‌کاته‌وه، لێکترازانێک رویدا له‌ناو ئه‌نجومه‌نى کۆمسیاران به یه‌کسانى و گشتگرى ده‌رنه‌چوه‌و دایمه کێشه‌یان هه‌بووه.
له‌لایه‌کى تر له‌به‌رئه‌وه‌ى پێنج لایه‌نى سه‌ره‌کى جۆرێک متمانه‌یان ده‌ستده‌که‌وێت کهنوێنهریان له‌ناو دامه‌رزاوه‌ى کۆمسیۆن هه‌یه، ئه‌گه‌ر خوا نه‌خواسته ساخته‌ى گه‌وره یا گۆڕینى ده‌رئه‌نجام روبدات به‌لانى که‌م که‌سى خۆیان له‌وێ هه‌یه که‌داکۆکى له‌و لایه‌نه بکات.
هاوڵاتی: پێتوایه سکاڵاى لایه‌نه سیاسیه‌کان، ئه‌نجامه‌کان ده‌گۆڕێت به‌تایبه‌ت سه‌دان سندوقى ده‌نگدان قردێله‌ى سورى لێدراوه؟
هۆگر چه‌تۆ: کۆمسیۆنیش وتویانه لێکۆڵینه‌وه‌ى جددى ده‌که‌ین به‌مه‌به‌ستى چاره‌سه‌رکردنى گرفتى ساخته‌و ئه‌و کێشانه‌ى په‌یوه‌سته به‌وه‌وه، پێویسته لێکۆڵینه‌وه‌ى جددى بکرێت له‌و سندوق و وێستگه‌و بنکانه‌ى که تێبینى له‌سه‌ر هه‌یه ره‌تیبکه‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى ببێته وانه‌یه‌ک له‌ئاینده هیچ که‌س و لایه‌نێک ساخته‌کارى نه‌کات.
ره‌نگه به‌شێک له‌و سندوقانه کاریگه‌رى گه‌وره‌ى له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌کان نه‌بێت، بێگومان کاریگه‌رى خۆى ده‌بێت.
سێ رۆژ دانراوه بۆ سکاڵاکان دوێنێ ژماره‌یه‌ک سکاڵا گه‌یشتووه‌ته ده‌ست کۆمسیۆن و دڵنیام سکاڵاى تریش ده‌گاته کۆمسیۆن.
کۆمسیۆن خۆیان باسیان کردووه کهجددى ده‌بن له‌به‌دواداچون و وردبینى لەسه‌ر ساخته‌کاریه‌کان و ئه‌گه‌ر کارمه‌ندى کۆمسیۆن یا ئه‌گه‌ر لایه‌نى سیاسى په‌یوه‌ندیدار بوو به‌و هه‌وڵى ساخته‌کاریه پێویسته لێپێچینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵدا بکرێت، به‌ڵام ئایا تاچه‌ند ده‌توانن لێپێچنه‌وه بکه‌ن و ژماریه‌ک سندوق ره‌تبکرێته‌وه ئه‌وه ده‌مێنێته‌وه بۆ کۆمسیۆن.