بریارده‌رى کۆمسیۆن بۆ هاوڵاتى: رێکنه‌که‌وتووین له‌سه‌ر راگه‌یاندنى ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌کان

6 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم
ئیسماعیل خورماڵى، بڕیارده‌رى کۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردن و راپرسى هه‌رێمى کوردستان بۆ سایتى هاوڵاتى ئه‌وه‌ى ئاشکرا کرد که‌ رێکنه‌که‌وتون له‌سه‌ر راگه‌یاندنى ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌کان، ده‌شڵێت:"دیار نییه‌ ئه‌مڕۆ ده‌توانین رایبگه‌یه‌نین یان نا".

ئیسماعیل خورماڵى، بڕیارده‌رى کۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردن و راپرسى هه‌رێمى کوردستان  له‌لێدوانێکدا بۆ سایتى هاوڵاتى وتى" دیار نییه‌ که‌ى ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌کان راده‌گه‌یه‌نردێت که‌ى ئه‌نجومه‌نى کۆمسیاران بریاریدا ئه‌وکات راده‌گه‌یه‌ندرێت".

به‌پێى بریارى کۆمسیۆن بێت به‌ده‌نگى 2/3ى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى کۆمسیاران که‌ له‌ نۆ که‌س پێکهاتوون و دابه‌ش بوون به‌سه‌ر پێنج لایه‌نى سیاسیدا که‌(پارتى3، یه‌کێتى، 2، گۆڕان2، کۆمه‌ڵ1 ، یه‌کگرتوو1) ئه‌ندامیان هه‌یه‌.

خورماڵى وتی" جارێ هیچ ئه‌نجامێک که‌سمان رازى نه‌بووین و رێکنه‌که‌وتوین له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌کان".

هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ که‌ ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌کان ناکاته‌ ئه‌نجامى کۆتایى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان، وتیشى"ده‌بێت سه‌رجه‌م سکاڵا و تانه‌کان و سندوقى قردێله‌ى سور یه‌کلابکرێته‌وه‌ ئه‌وکات ده‌بێته‌ ئه‌نجامى کۆتایى".

بریارده‌رى کۆمسیۆن، ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌ که‌ دیار نییه‌ ئه‌مڕۆ ده‌توانن ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌کان یه‌کلایبکه‌نه‌وه‌ یان نا.

به‌پێى ئه‌و زانیاریانه‌ى ده‌ست سایتى هاوڵاتى که‌وتووه‌، ناکۆکى قوڵ که‌وتۆته‌ نێوان ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى کۆمسیارانه‌وه‌ به‌هۆى ساخته‌کارییه‌کان و راگه‌یاندنى ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌کان به‌بێ یه‌کلاکردنه‌وه‌ى سندوقى قردێله‌ى سورو سکاڵا و تانه‌ى لایه‌نه‌کان.

رۆژى 30 ئه‌یلول هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان ئه‌نجامدراو کاتژمێر 6ى سه‌رله‌ئێواره‌ى هه‌مان رۆژ کۆتایى پێهات، به‌پێى بریارى کۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردن و راپرسى هه‌رێم بێت، ده‌بێت پاش 72 کاتژمێر له‌ ته‌واوبونى هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌کان رابگه‌یه‌ندرێت، به‌ڵام شیروان زرار وته‌بێژى کۆمسیۆن بۆ هاوڵاتى دووپاتى کرده‌وه‌ ده‌یانه‌وێت سکاڵا و تانه‌و ئه‌و سندوقانه‌ى قردێله‌ى سورى لێدراوه‌ یه‌کلابکرێته‌وه‌ "تا به‌ئه‌مانه‌ته‌وه‌ ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌کان بڵاوبکه‌ینه‌وه‌".

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار