وەزیری ناوخۆی تورکیا دەستگیرکردنی 89 خۆپیشاندەری راگەیاند

4 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دوای ئەوەی بە بڕیاری دادگا عەبدوڵا زێدان بەربژێرە سەرکەوتووەکەی شاری وان پۆستی سەرۆکی شارەوانی وانی لێسەندرایەوەو کاندیدەکەی ئاک پارتی لە شوێنی دانرا خۆپیشاندان و مانگرتن لە باکوری کوردستان و بەتایبەت شاری وان دەستی پێکرد ، وەزیری ناوخۆی تورکیاش دەڵێت: تا ئێستا ٨٩ خۆپیشاندەر دەستگیرکراون .

ئەمڕۆ چوارشەممە وەزیری ناوخۆی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە،دوێنێ 89 خۆپێشاندەر لە وان و شەش پارێزگای دیکە دەستگیر کراون و ژمارەی دەستگیرکراوەکانی بەسەر شارەکانی باکوری کوردستان بەم شێوەیە دابەشکرد:

وان: 26 کەس

جۆلەمێرگ - گەڤەر: 29 کەس

جۆلەمێرگ- ناوەند: 9 کەس

سێرت: 4 کەس

ئێلیهـ: 5 کەس

شرنەخ: 10 کەس

ئیزمیر: 6 کەس

کۆی گشتی: 89  کەس دەستگیرکراون

عەبدوڵڵا زێدان، بەربژێری دەم پارتی بە ڕێژەی 55%ـی دەنگەکان، لە هەڵبژاردنی شارەوانی وان سەرکەوتنی بەسەر ڕکابەرەکەی عەبدولحەت ئەرڤاس، بەربژێری ئاکپارتی بەدەست هێنا، بەڵام دادگای تورکیا لەسەر سکاڵایەکی ئەرڤاس؛ بڕیاریدا بەربژێرکردنی زێدان بۆ پۆستی سەرۆکی شارەوانی هەڵبوەشێنتەوە. دواتر لقی وانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی تورکیا پۆستی سەرۆکی شارەوانیی وانی ڕادەستی بەربژێرەکەی ئاکپارتی کرد.

هەر لەم بارەیەوە عەبدوڵڵا زێدان، بەربژێری سەرکەوتووی دەم پارتی بۆ شارەوانیی وان رایگەیاند، لە دژی بڕیارەکەی دادگای تورکیا، لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی تورکیا سکاڵایان تۆمارکردووە تاوەکو مافەکانیا بەدەستبهێننەوە.

هاوکات لای خۆیەوە سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری دەم پارتی پەیامێکی ناڕەزایەتی لە باری بڕیارەکەی وەزارەتی داد بڵاوکردەوە و گوتی: ئەوانەی کە ڕێز لە ئیرادەی خەڵک ناگرن وانەیان لە ساڵی ڕابردوو وەرنەگرتووە.

هەروەها دەمیرتاش داوا لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەکات پابەندی قسەکانی بێت کە لە شەوی هەڵبژاردندا کردی و دان بە ئیرادەی خەڵکی واندا بنێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار