سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بۆ زیندانییەک لە ئێران کاردانەوەی ناوچەیی و جیهانی لێدەکەوێتەوە

یەک هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بۆ توماج ساڵحی، گۆرانیبێژی ناڕازی لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری ئەسفەهانی ئێرانەوە کاردانەوەی بەربڵاوی لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران بەدوای خۆیدا هێناوە.

ئەمیر ڕەئیسیان، پارێزەری تۆماج ساڵحی ڕۆژی چوارشەممە، 24ی مانگی چوار لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند کە دادگای ئینقلابی ئەسفەهان لە هەنگاوێکی دەگمەندا بڕیارێکی دادگای باڵای ئێرانی سەبارەت بەو گۆرانیبێژە هەڵوەشاندووەتەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندووە.

دوا بە دوای داسەپاندنی سزای سێدارە بەسەر تۆماج ساڵەحی، هونەرمەند و راپەڕی ئێرانی لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسفەهانەوە، موژگان ئێفتخاری، دایکی ژینا ئەمینی لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام نووسی:" مەهێڵن دڵی دایکی تۆماج، وەک دڵی منی پێ بێت.بهێڵن تۆماج بمێنێت و هەناسە بدات بۆ ئەوەی دایکی تۆماج و دایکانی وڵاتەکەم لە هەناسەدان نەکەون. من هێشتا بە هەناسە گەرمەکانی ژیناوە ئەژیم. بهێڵن دایکی تۆماجیش هەناسەی زیندووی کوڕەکەی هەڵبمژێت.

هاوکات ڤێدانت پاتەل، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وێڕای سەرکۆنەکردنی ئەو سزایە کە لە دژی توماج ساڵحی دەرچووە، ڕایگەیاندووە کە ئەمە "نموونەیەکی دیکەی پێشێلکردنی ترسناک و بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن ڕێژیم لە ئێرانەوە."

هەروەها ئەبرام پیلی، جێگری نێردەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" نووسیویەتی "بە توندی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بۆ توماج ساڵحی و سزای پێنج ساڵ زیندانیکردن بۆ سامان یاسین، ڕاپەری کورد لە ئێران سەرکۆنە دەکەین و داوای ئازادکردنی دەستبەجێی هەردوویان دەکەین."

سامان یاسین، گۆرانیبێژی کورد کە پێشتر سزای لەسێدارەدانەکەی هەڵوەشێندرابووە، بە بڕیارێکی دادگای ئینقلابی تاران، بە 5 ساڵ زیندانیکردن لە یەکێک لە شارەکانی پارێزگای کرمان سزا دراوە.

بڕیاری لەسێدارەدانی ئەم هونەرمەندە،  کاردانەوەی لە نێو خەڵکی ئێرانیشدا لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات لێکەوتوەتەوە، عەبدوڵڵا موهتەدی،سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران لە هەژماری تایبەتی خۆی لە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" لە کاردانەوە بە سزاکەی توماج ساڵحی نووسیوێتی "ئەمە سزایەکی باوەڕپێنەکراو و دڕندانە و شەرمەزارکەرە بۆ ڕاپەرێکی گەنج کە بە خێرایی بوو بە دەنگی خەڵک و دەنگی ئازادی. توماج کە جگە لە گۆرانی وتن هیچ چەکێکی نەبووە، ئازارە هاوبەشەکانی هەموومانی هاوار دەکرد و هێمای ئەو بوێری و خۆڕاگریشە کە هەموومان ئاواتەخوازینی."

کەیهان کەلهوڕ، میوزیکژەنی ناودار لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام لە کاردانەوە بە سزای لەسێدارەدانی توماج ساڵحی نووسیویەتی "توماج ساڵحی دەبێت ئازاد بکرێت، بێدەنگی ئێمە بە واتای پشتیوانیکردن لە ستەم و ستەمکارییە".

توماج ساڵحی، ڕاپەری زیندانیکراو لە مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو بە هۆی ڕەخنە گرتن لە حکومەت لە رێگای گۆڕانییەکانییەوە، دوای ساڵێک و 21 رۆژ دەستبەسەرکردنی بە کەفالەت ئازادکرا، بەڵام تەنها 12 ڕۆژ دواتر و دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە تێیدا باسی لە ئەشکەنجەدانی لە زینداندا کردبوو، دەستگیر کرایەوە و لە ئێستادا سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار