لە کەرکوک سوپای عێراق رێگری دروێنەکردن لە جوتیارانی کورد دەکات

2 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد

لە ناحیەی سەرگەڕان لە سنووری پارێزگای کەرکوک سوپای عێراق رێگری دەکات لەوەی جوتیارانی سنوورەکە بەرهەمەکانیان دروێنە بکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ی نیسانی 2024، محەمەد ئیسماعیل، نوێنەری جوتیارانی ناحیەی سەرگەڕان بە هاوڵاتی راگەیاند، "ئەمڕۆ هێزەکانی سوپای عێراق ئاگاداری پێنج گوندیان لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان کردەوە کە ناتوانن دروێنەی بەرهەمەکانیان بکەن بە بڕیاری فەرماندەی فیرقەی هەشتی سوپای عێراق".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو پێنج گوندە لە دوای ساڵی 2017وە هەموو ساڵێک لە کاتی دروێنە و تۆوکردن ئەو کێشانەمان رووبەڕوو دەبێتەوە، زەوی ئەم گوندانە بەشێکن لە زەوی کەرکوک و کێشەیان لەسەرە، ئەم زەوییانە زەوی کوردە، بەڵام حکومەتی عێراق ناوی کوردەکانی سڕیوەتەوە و بە گرێبەستی کشتوکاڵی دراوە بە عەرەب".

نوێنەری جوتیارانی ناحیەی سەرگەڕان وتی، "ئێمە دەستبەرداری ئەو زەوی و ئەو گوندانە نابین، لەئێستادا تەنها بە هێزی سەربازی ئاگادارکراوینەتەوە کە دروێنە رابگرین".

وتیشی، "بەشێک لە لایەنە پەیوەندیدارەکانمان ئاگادارکردووەتەوە چاوەڕوانی وەڵامین بۆ ئەوەی کێشەکەمان بۆ چارەسەر بکەن، ئەگەر وەڵامیان نەبێت ئێمەش هەڵوێستی خۆمان دەبێت و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن".

ماوەی چەندین ساڵە عەرەبە هاوردەكان و سوپای عێراق هەر جارە و بە بیانوویەك هەڵدەكوتنە سەر گوندەكانی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان بەمەبەستی داگیركردنی زەویوزاری كورد.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار