یەکێتی: دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هیچ پاساوێکی نییە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی ئایاری 2024 مەکتەبی سیاسی بەسەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە و بەتووندی ئیدانە و سەرزەنشتی هەر هەوڵێکی تاکڕەوانە و دەنگۆی رێککەوتنی لایەنەکان لەسەر دواخستنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان کرد کە بڕیارە لە 10-6-2024 ساز بکرێت.
لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوەکراوە "پشتیوانیی خۆشی بۆ بەردەوامی رێکارەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە پێناو سەرخستنی هەڵبژاردن لە هەمان وادەدا دووپاتکردەوە".
ئەوەشخراوەتەڕوو "کۆبوونەوە هەمووانی لەو پێشهاتە ترسناكە ئاگادارکردەوە كە هەر هەوڵێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن وێڕای ئەوەی پێچەوانەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و رێوشوێنەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنە، دەشبێتە مایەی خەوشێكی گەورە بە تەوێڵی پرۆسەی سیاسیی كوردستانەوە کە سەرەنجام هیچ ئیعتیبارێك بۆ ویستی ئاڵوگۆڕی دیموکراسیانەی دەسەڵات و بۆ ناوبانگی دامەزراوەکانی هەرێمی كوردستان ناهێڵێتەوە و شەرعییەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کە ئێستا خۆی کاربەڕێكەرە، دەخاتە ژێر پرسیاری جدییەوە".
ئەوەش هاتووە "مەکتەبی سیاسی ئەم جۆرە هەوڵانەی دواخستن بە پاشقولگرتن لە ئیستیحقاقی دیموكراسی دەزانێت و هیچ پاساوێكی بۆ نییە تەنیا رەچاوكردنی بەرژەوەندیی تەسكی ئەوانە نەبێت كە خۆیان لە پرۆسەی هەڵبژاردن دەدزنەوە و بەدوای دەرچەیەكی ناڕەوادا دەگەڕێن كە زۆرینەیەكی زۆرەملێ و پێشوەختی مسۆگەرکراویان بۆ دابینبكاتەوە. هەر بۆیە رایدەگەیەنێت هەرگیز بەشێک نابێت لە کەینوبەینی ژێربەژێر و پێشوەختیش هەموو کۆبوونەوەیەک بەمەبەستی دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەکاتەوە".
بڕیارەکانی کۆبوونەوەکەی یەکێتی لە دەباشان:
- بە یاداشتی فەرمی و دیداری راشكاو و جددی دۆستانی پرۆسەی سیاسیی کوردستان، عێراق و کۆمەڵی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەم پەرۆشییە دیموکراسییەی خۆی ئاگادار دەکاتەوە.
- بە کۆدەنگیی نیشتمانیی لەگەڵ هێزە کوردستانییەکانی داکۆكیكار لە پابەندبوون بەوادەی هەڵبژاردن، یەکڕیزی و دیموکراسی پتەوتر دەکات.
- پەنا بۆ سكاڵای یاسایی دەبات و بەگوێرەی دەستووری عیراق و یاسا بەركارەكانی، داكۆكی لەم مافەی میللەتەکەمان دەكات.
