سەنتەری میترۆ: ژینگەی ئازادی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان، ژینگەی دەربازبوونە لە سزای تاوان بەرامبەر رۆژنامەنووسان
7 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد
رۆژی 3ی ئایار، رۆژی جیهانیی ئازادیی رۆژنامەگەرییە، ئازادیی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان لەدۆخێکی مەترسییداردایە و وەک رێکخەری سەنتەری میترۆ ئاماژەی پێدەکات، ژینگەی کاری رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان ژینگەی دەربازبوونە لە سزا تاوان بەرامبەر رۆژنامەنووسان، هەروەها سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان دەڵێت "پێشلکارییەکان لە هەولێر و دهۆک زیاترن".
رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان بە هاوڵاتی راگەیاند، "هەموو ساڵێک لە 3ی ئایاردا نەتەوەیەکگرتووەکان و یونسکۆ یادی ئازادی رۆژنامەگەری دەکاتەوە، ئەم یادە رۆژێکە بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی پێشکەوتنی ئازادی رۆژنامەگەری لە هەموو وڵاتێکدا".
ئاماژەی بەوەکرد، "ئێمەش لە هەرێمی کوردستان ئەگەر بێین هەڵسانگاندنێک بۆ ئازادی رۆژنامەگەری بکەین لەچەند خاڵێکدا دەتوانین قسەی لەسەر بکەین، خاڵی یەکەم لەرووی بواری پێشکەوتنی یاساکانەوە، ئێمە یاسای رۆژنامەگەری و یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری و خۆپیشاندانمان هەیە کە ئامانە هەمووی پەیوەستن بە ئازادی رادەربڕین و ئازادی رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان، کەواتە ئێمە لەرووی دەرکردنی یاساوە لە پێشەوەین، بەڵام کە ورد دەبینەوە لە بارودۆخەکە لە جێبەجێکردنی یاساکان ئاستەنگ و بەربەستی زۆر هەیە، واتە یاساکان تەنها دیکۆرە نەک بۆ بەهێزکردنی دیموکراسییەت".
"ژینگەی کاری رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان ژینگەی دەربازبوونە لە سزا و هەموو ئەو تاوانانەی کە بەرامبەر رۆژنامەنووسان کراون، بێگومان ئەمەش دیموکراسییەت و سەروەری یاسا لە هەرێمی کوردستان دەخاتە ژێر لێپرسینەوە"، رەحمان غەریب وادەڵێت.
روونیشیکردەوە، "دەربازبوون لە سزا لە هەرێمی کوردستان دیاردەیەکی بەربڵاوە لەکاتی بەکارهێنانی تووندوتیژی و دەستگیرکردن و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لەلایەن هێزەکانەوە، هەروەها هەموو ئەو تووندوتیژیانەی بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان کراوە لە ساڵانی رابردوو ئەنجامدەرانی بەبێ لێپرسینەوە دەربازیان بووە لە سزا".
رەحمان غەریب ئەوەشی وت، "دەبێت دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان هێندە رازی نەبێت لە بارودۆخی ئازادی رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو بە چاوێکی رەخنەگرانە دۆسیەی مافی مرۆڤ بە گشتی و بابەتی ئازادی رۆژنامەگەری بە تایبەتی هەڵسەنگێنێت و بەچاوێکی رەخنەیی تەماشای بکات و پلانی هەبێت بۆ باشترکردنی ژینگەی کاری رۆژنامەنووسی".
لای خۆشییەوە کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بە هاوڵاتی وت، "بەدەر لەوەی رێکخراوە بیانییەکان قسە لەسەر ئێمە بکەن و هەندێک خەڵک بەبێ ئەوەی لە ژینگەی کوردستان تێبگەن ئێمە خۆمان دەڵێین ئازادی رادەربڕین لەدوای ساڵی 2020 و 2021 لە پاشەکشێدایە و ئەم پاشەکشێیەش حاڵەتێکە پێشبینیکراو بوو".
وتیشی "ئەم پاشەکشێیە پەیوەستە بە ناوچەیەکی جوگرافی دیاریکراو و ژینگەیەکی سیاسی دیاریکراو لە هەرێمی کوردستان، ئەوەی پەیوەستە بە ناوچەی جوگرافیاوە هەولێر و دهۆک بە پلەی یەکەم دێت لە پێشێلکارییەکان بە تایبەت هەولێر کە لە راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هاتبوو لە هەولێر و بەغدا 345 حاڵەتی پێشێلکاری تیادا تۆمارکراوە".
کاروان ئەنوەر جەختی لەوەشکردەوە، "بەراورد بە کابینەکانی دیکە لەم کابینەیەدا ئازادی رادەربڕین پاشەکشێی کردووە، بە تایبەتی دەستگیرکردنی ئەو رۆژنامەنووسان و چالاکوانانەی بادینان کە هەموویان هێنرانە هەولێر دادگایی کران، ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە کەشوهەوا میدیایەکە لە هەرێمی کوردستان نیشانەیەکی پرسیاری گەورەی بکەوێتەسەر".
لەبارەی ئەوەی لەم قۆناغەی ئێستادا چی بکەین، سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان باسی لەوەکرد، "دەبێت ژینگەی سیاسی لەباربێت بۆ ئەوەی ببێت بە زادەی لەدایکبوونی ژینگەیەکی میدیایی گونجاو، هەروەها سەرجەم سێکتەرەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایینی و ئابووری چەندین سێکتەری دیکە لە خاڵێکدا بەیەک دەگەنەوە کە پێی دەوترێت ئازادی بەشێوە گشتییەکەی".
راشیگەیاند، "هەم ئێمەی رۆژنامەنووس، هەم خەڵکی شەقام لەم بارودۆخەی ئێستا رازی نین، چونکە ئێستا رۆژنامەنووسەکان وەک روژنامەنووسەکانی پێشوو کارناکەن، هەروەها جگە لە فشارەکانی دەسەڵات کەناڵ و میدیاکان فشار لەسەر رۆژنامەنووسەکان دروستدەکات و پاداشت و مووچەکەی لەژێر هەڕەشەی لێبڕیندایە، ئەمانەش هۆکارن کە رۆژنامەنووس ببێت بە دیلێک کە نەتوانێت داهێنان بکات".
هەروەها رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوا دەکات دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان کۆتایی بە هێرشەکانیان بهێنن بۆ سەر مافی ئازادی رادەربڕین و ئازادی رۆژنامەگەری، لەوانەش، دەستگیرکردنی هەڕەمەکی، لێدان و دادگاییکردنی نادادپەروەرانەی رۆژنامەنوسان، هەراسانکردن و تۆقاندن و هێرشکردنە سەر رۆژنامەنوسان کاریگەرییەکی ساردی لەسەر مافی ئازادی رادەربڕین و ئازادی رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستاندا هەبووە، زۆرێک لە رۆژنامەنووسان ناچاربوون هەڵبێن، خۆیان بشارنەوە یان بەتەواوی واز لە رۆژنامەگەری بێنن، لەکاتێکدا زۆرێک لە هاوتاکانیان له بەندیخانە ماونەتەوە.
لە راگەیەندراوەکەی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی باس لە دۆسیەکانی هەردوو رۆژنامەنووسی زیندانیکراوی بادینان شێروان شێروانی و قارەمان شوکری کراوە، ئەوەش راگەیەندراوە " دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی عێراق شانازی بەوە دەکەن کە هەرێمی کوردستان چرای ئازادی رۆژنامەگەرییە، بەڵام ئەمە جگە لە بانگەشەیەکی گاڵتەجاڕانە هیچ نییە بە لەبەرچاوگرتنی سەرکوتکردنی ئازادی ۆژنامەگەری و هەراسانکردنیان، تۆقاندن و لێپێچینەوە لە رۆژنامەنووسان، بەتایبەتی ئەوانەی لەسەر پرسی گەندەڵی نووسیویانە و رەخنەیان لە مامەڵەی دەسەڵاتداران گرتووە".
بەپێی ئامارێکی سەنتەری میترۆ، پێشلکارییەکانی بەرامبەر رۆژنامەنووسان لە ساڵی 2022 و 2023دا بەم جۆرەبووە:
- ساڵی 2022: (431)
- ساڵی 2023: (249)
- كەمیكردووە: (182)
- بەرێژەی : (42%)
دەستگیركردنی رۆژنامەنووسان لە ساڵی 2023:
- ساڵی 2022: (64) دەستگیركردن
- ساڵی 2023: (37) دەستگیركردن
- كەمیكردووە: (27) حاڵەت
- بەرێژەی: (42%) كەمیكردووە