سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان: وا بڕوات لە داهاتوودا مریشکی زیندوو گراندەبێت

2 هەفتە لەمەوپێش



مەبەست سەعید
هاوڵاتی

سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکانی سلێمانی رایدەگەیێنێت بەشێک لەخاوەن پرۆژەکانی بەرهەم هێنانی مریشکی زندوو ئاگاداریان کردووینەتەوە لە راگرتنی تێکردنەوەی جوچک بۆ ناو هۆڵەکانی بەرهەم هێنانی مریشک، ئەمەش وادەکات لە ئایندەدا مریشکی زیندوو گرانبێت.

نازم عەبدوڵا جاف، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکانی پارێزگای سلێمانی و گەرمیان و ڕاپەڕین رایگەیاند، " ئەگەر بارودۆخ بەو شێوەیە بڕوات تێکردنەوەی جوچک بۆناو هۆڵەکانی پەلەوەر لەلایەن بەشێک لە خاوەن کێڵەگە پەلەوەریەکان رادەگیرێت، ئەوەش بەهۆی ئەو زیانە زۆرەی بەردەوام لێیان دەکەوێت."

راشیگەیاند، "ئێستا نرخی جوچک ٤٠ سەنت و نرخی عەلەفیش گرانبووە. هاوردە کردنی مریشکی بەستوو بەردەوامە و پشتیوانی حکومەت بۆ کەرتی مریشکی زیندوو نییە. تێچوی بەرهەم هێنانی مریشک 2 هەزارو 600 دینارە بەڵام بە 2 هەزارو 100 دینار دەفرۆشرێت."

باسی لەوەشکرد، "بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ساڵانەی ئایبی و گەمبۆرۆ و نیوکاسڵ، ئەمانە ئەو هۆکارانەن کە خاوەن کێڵگەکان والێدەکەن مریشک بەرهەم نەهێنن و گرانبونی مریشکی زیندوو بەدوای خۆیدا دەهێنێت".

سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان داوا دەکات ئەنجومەنی وەزیران بەجیددی لەکۆبوونەوەکانیاندا باسی ئەم کەرتە بکەن و بیکەنە کەرتی نیشتمانی. ئەوەشی خستەڕوو، "لەتواناماندایە مریشکی تەندروست هەناردەی ووڵاتان بکەین بەمەرجێک حکومەتی هەرێم پشتیوانمان بێت و بەجیددی کارمان لەگەڵدا بکات".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار