سی پی تی: لە 2023دا تورکیا 1548 جار پەلاماری هەرێمی کوردستانی داوە

2 هەفتە لەمەوپێش



زریان فەرەیدوون

رێکخراوێکی ئەمریکی CPT لە هەرێمی کوردستان، داتای ئەو هاوڵاتییانەی کۆکردۆتەوە، کە بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیا و ئێرانەوە گیانیان لەدەستداوە یان برینداربوون و ئەندامێکی رێکخراوەکە دەڵێت، "بۆ قەرەبووکردنەوە داتاکان دەدەنە بەغدا."
ئەمڕۆ چوارشەممە 9/5/2024، کامەران عوسمان، بەرپرسی بەشی مافی مرۆڤ لە رێکخراوەکە لە لێدوانێکدا بە هاوڵاتی رایگەیاند، راپۆرتێکی گشتگیریان سەبارەت بە ژمارەی قوربانیانی پەلامارەکانی تورکیا و ئێران ئامادەکردووە و بە مەبەستی قەرەبوکردنەوەی قوربانییەکان و خێزانەکانیان دەیدەنە بەغدا.

وتیشی، ئەو راپۆرتەی ئامادەیانکردووە زۆر وردە و ژمارەی قوربانیانی بۆردومانەکانی ئێران و تورکیای تێدایە لە ساڵی 1990 وە تا ساڵی 2024 بە ژمارەی ژن، پیاو و منداڵ و بەڵگەنامەی گیانلەدەستدان، وێنە، ناسنامە و راپۆرتی پزیشکی برینداران و چەندین وردەکاری سەبارەت بە شوێن و چۆنییەتی بۆردومانەکانی تێدایە.

بەگوێرەی داتاکانی رێکخراوەکە کە بە هاوڵاتی وتراوە،  بەهۆی بۆردوومانی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وڵاتانی تورکیا و ئێرانەوە، لە ساڵی 1990وە زیاتر لە 850 هاوڵاتی سڤیل  گیانیان لەدەستداوە و کامەران عوسمان گوتی، "زۆرینەی زۆری شەهیدەکان بەهۆی بۆردوومان و هێرشی تورکیاوە بووەو و لە پارێزگای دهۆکیش بوون".

سەبارەت بە قەرەبوکردنەوەی قوربانییەکانی بۆردومانەکان لە عێراقەوە، کامەران عوسمان بە هاوڵاتی وت، " بەپێی یاسای ژمارە دووی ساڵی 2009 دەبێت هەموو هاوڵاتییەکی مەدەنی کە بەهۆی لەشکردکێشی وڵاتانی دراوسێوە شەهید یاخود بریندار دەبن دەبێت قەرەبوو بکرێنەوە و ئێمەش دەمانەوێت ئەو یاسایە جێبەجێبکرێت".

باسی لەوەشکرد، کە لە هەرێمی کوردستانیش یاسای تایبەت هەیە بە قەرەبوکردنەوەی ئەو قوربانیانە و ئامانجی رێکخراوەکە ئەوەیە هاوڵاتییانی کورد و عەرەب کە بەهۆی ئەو هێرشانەوە زیانیان پێدەگات وەک یەک قەرەبوو بکرێنەوە.

بەرپرسی بەشی مافی مرۆڤ لە CPT ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک لەوانەی گیانیان لەدەستداوە، بەهۆی بۆردوومانەکانەوە لە هەرێمی کوردستان وەکو شەهید ژمێردراون و قەرەبووی کەسوکاریان دەکرێتەوە، بەڵام ‌هەموویان یان پارتی بوون یان یەکێتی بوون و ئەو هاوڵاتییانەی سەر بە هیچ لایەنێکی سیاسی نین هیچیان بۆ نەکراوە یان قەرەبوویەکی زۆر کەم کراونەتەوە.

بەشێک لە ئامارەکانی رێکخراوی CPT بۆ ساڵی 2023  و 2024، بەم جۆرەن: لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو 1ی نیسان، تورکیا 358  و ئێرانیش 15 بۆردومان و هێرشیان بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان کردووە.

لەو پەلامارانەدا، 8 هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستان بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە شەهیدبوون کە شەشیان دانیشتوی هەرێمی کوردستانن و دوانیشیان رۆژهەڵاتی کوردستان.

بەکۆی گشتی لە ساڵی 2023، تورکیا بەنزیکەیی 1548 جار پەلاماری خاکی هەرێمی کوردستانی داوە، بەمشێوەیە: 1159 پەلامار بە فڕۆکەی جەنگی، 228 بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، 144 جار تۆپباران، بە هەلیکۆپتەر 12 جار، تەقەکردنی زەمینی 3 جار کراوە و تەقینەوەی مینی تورکی 2 جار تەقیوەتەوە.

کۆی گشتی ئەو پەلامارانەی هێزەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستانیان کردووە لە 2023، بریتییە لە 1548 جار. ژمارەکەش بەم جۆرە بەسەر پارێزگاکاندا دابەشبوون، هەولێر 575، دهۆک 517، سلێمانی 420 و نەینەوا 36 جار پەلامار دراون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار