دەستەی گشتی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم راگەیەندراوێکی لە بارەی کێشەی جوتیارانی گوندی پەڵکانە بڵاوکردەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لەبارەی دۆخی گوندی پەڵکانە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات لە دەرهەق ئەو ستەمەی بەرامبەر جووتیاری کورد دەکرێت، بێ دەنگ نەبێت.
ڕۆژی هەینی (10ـی ئایاری 2024) دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە: "بەداخەوە ماوەی دوو ڕۆژە عەرەبی هاوردە بەناڕەوا و دوور لە هەموو بنەمایەکی ئاشتییانە و پێکەوەژیان هاتوونەتە گوندی پەڵکانە و خێمەیان هەڵداوە".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "سوپاش دەرفەتی دروێنە بە جووتیارانی کورد نادات بەری ڕەنج و ماندووبوونی شەش مانگی ڕابردوویان بچنەوە، ئەمە لەکاتێکدا لە پایزی ساڵی ڕابردوو لەسەر ڕەزامەندی قیادەی عەمەلیاتی کەرکووک جووتیارانی کورد وەرزی دانەوێڵەیان دەست پێکرد".
دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکان ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئێمە وەک حکوومەتی هەرێم لە دەستەی ناوچە کوردستانییەکان، بە بەردەوامی لەسەر هێل بووین تا دەستوور و یاسا دوابڕیار بێت و چیتر بە یاسای کۆن گیانی برایەتی تێک نەدرێت و دەرفەت بدرێت دانیشتووانی ناوچەکە درێژە بە ژیانی ئاسایی خۆیان بدەن".
هاوکات دەستەکە ڕوونیکردووەتەوە: "بەداخەوە تا ئێستا گرفتەکان وەک پێویست چارەسەر نەکراون، بۆیە داواکارین لە حکوومەتی عێراق، دەرهەق بەم ستەمەی بەرامبەر جووتیاری کورد دەکرێت بێ دەنگ نەبێت و فراکسیۆنە کوردییەکانیش لەم بارەیەوە پێویستە هەوڵەکانی خۆیان چڕتر بکەنەوە"
دەقی راگەیەندراوەکە:
بەداخەوە ماوی دوو ڕۆژە عەرەبی هاوردە بەناڕەواو دوور لە هەموو بنەمایەکی ئاشتیانەو پێکەوە ژیان هاتوونەتە گوندی پەڵکانەو خێمەیان هەڵداوە، سوپاش دەرفەتی دروێنە بە جوتیارانی کورد نادات بەری ڕەنج و ماندوو بوونی شەش مانگی ڕابردوویان بچنەوە، ئەمە لەکاتێکدا لە پایزی ساڵی ڕابردوو لەسەر ڕەزامەندی قیادەی عەمەلیاتی کەرکوک جوتیارانی کورد وەرزی دانەوێڵەیان دەست پێکرد،ئێمە وەک حکومەتی هەرێم لە دەستەی ناوچە کوردستانیەکان بەبەردەوامی لەسەر هێڵ بووین تا دەستورو یاسا دوابڕیاربێ و چیتر بە یاسای کۆن گیانی برایەتی تێک نەدرێت و دەرفەت بدرێت دانیشتوانی ناوچەکە درێژە بەژیانی ئاسای خۆیان بدەن،بەداخەوە تا بەئێستا ئەگات گرفتەکان وەک پێویست چارەسەر نەکراون بۆیە داواکارین لە حکومەتی عێراقی دەرهەق بەم ستەمەی بەرامبەر جوتیاری کورد ئەکرێت بێ دەنگ نەبێت و فراکسوێنە کوردێکانیش لەم بارەیەوە پێویستە هەوڵەکانی خۆیان چڕتر بکەنەوە، لە هەمان کاتیشدا داواکارین شایستەی دارای پێویست بدرێتە عەرەبەهاوردەکان و بیان گەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان، هەموو لایەک دڵنیا ئەکەین دەستەی ناوچە کوردستانیەکان لە هەوڵەکانی خۆی بەردەوام ئەبێت تا چیتر زوڵم و ستەم لە جوتیاری کورد نەکرێت لە گوندی پەڵکانەو تەواوی ناوچەکانی سەرگەڕان، لەهەمان کاتدا ڕای ئەگەیەنین جێ بەجێ کردنی دەستورو پابەند بوون بە بنەماکانی مادەی ١٤٠ زامنی چارەسەر بوونی تەواوی کێشەکانی ئەو ناوچانەیە.
دەستەی گشتی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم
١٠-٥-٢٠٢٤
