ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش بۆ پاراستنی جوتیارانی ناوچەی قەرەچوغ دەستیپێکرد
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد
لە ناوچەی قەرەچوغ لە سنووری قەزای مەخمور بە مەبەستی سەلامەتی بەرهەم و گیانی جوتیاران ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی ھاوپەیمانان و دژە تیرۆری عێراق بۆسەر مۆڵگەکانی چەکدارانی داعش دەستیپێکرد.
ئەمڕۆ شەممە، 11ی ئایاری 2024، غازی فەیسەڵ، فەرماندەی سەربازی لە ناوچەی قەرەچوغ لە سنووری قەزای مەخمور بە هاوڵاتی راگەیاند، "لەئێستادا سەرەتای وەرزی دروێنەیە لە ناوچەکانمان و ساڵانە داعشەکانی قەرەچوغ بۆ سەرانە وەرگرتن لەو جوتیارانەی دەستیان پێدەگات دەیانەوێت نزیک ببنەوە و هەڕەشەی سەرانە و دەغڵ سووتاندن دەکەن".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمەش هێزەکانمان دەخەینە حاڵەتی ئامادە باشی و بە پلان لەگەڵ هێزەکانی 70 و کۆماندۆی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لەڕێگەی هاوپەیمانان هەوڵی رێگری لە داعشەکان دەدەین بۆ ئەوەی جوتیاران بە ئازادی وەرزی دروێنە تێپەڕێنن".
غازی فەیسەڵ وتی، "لەسەرداوای ئێمە ئەمڕۆ شەممە هێزەکانی هاوپەیمانان و دژەتیرۆری عێراق لەبەرامبەر هەردوو گوندی عەلیەڕەش و قەڵاتە سۆران لە شەش قۆڵەوە ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامدا و تا ئێستا بەردەوامن".
وتیشی، "ئەم ئۆپەراسیۆنە بۆ سەلامەتی جوتیاران و رێگریکردنە لە پلان و بەرنامەی داعش کە نیازی سەرانە وەرگرتنیان لەهەندێک شوێن هەبوو".
