سێ بارزگانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکران
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی دهۆک دەستگیرکردنی سێ بازرگانی مادەی هۆشبەری راگەیاند و ئاماژەی بەوەشکردووە، دەستیان بەسەر برێک مادەی هۆشبەردا گرتووە.
ئەمڕۆ شەممە، 11ی ئایاری 2024، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای دهۆک رایگەیاند "تیمەکانی ئاسایش لە ئۆپەڕاسیۆنێکدا سێ کەسیان دەستگیر کردووە کە بڕێک مادەی هۆشبەریان لە جۆری (کریستاڵ و هیرۆیین) پێ بووە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، "ئەو سێ تۆمەتبارە بەنیازبوون مادە هۆشبەرەکان بڵاو بکەنەوە، تۆمەتبارەکان بەپێی بڕگەی 26ـی یاسای مادەی هۆشبەرەکان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە".
بەپێی مادەی 26ی یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان کە پەرلەمانی کوردستان دەری کردووە، ئەو کەسانەی بازرگانی بە مادەی هۆشبەرەوە دەکەن، سزاکەیان بە زیندانی هەتا هەتایی دەست پێدەکات، هەروەها پێبژاردنێک کە لە 15 ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە 90 ملیۆن دیناری عێراقیش زیاتر نەبێت. بەکارهێنەری ماددە هۆشبەرەکانیش، بە زیندانیکردن بۆ ماوەی ساڵێک تاوەکو سی ساڵ سزادەدرێت، هەروەها بە پێبژاردنێک کە لە 15 ملیۆن دیناری عێراقی زیاتر نەبێت.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی مادە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستاندا، رێژەی %80ی بەکارهێنەرانی مادە هۆشبەرەکان لە تەمەنی 18 تا 35 ساڵیدان، لە ساڵی 2023دا بەکارهێنەرانی مادە هۆشبەرەکان لە ناو ژناندا بەڕێژەی %10 بەرزبووەتەوە.
