کێشە بۆ کاسبکارانی مەیدانی ئاژەڵفرۆشانی سلێمانی دروستدەکرێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد

کاسبکارانی مەیدانی ئاژەڵفرۆشانی سلێمانی گردبوونەوەتەوە و ناڕەزایەتی دەردەبڕن لەوەی ئەو شوێنەی کە لەئێستادا کاری لێدەکەن لەلایەن کۆمپانیاکەوە دەکرێتە پرۆژەی نیشتەجێبوون و بەبێ ئەوەی شوێنە نوێیەکان تەواوبووبێت داوادەکرێت مەیدانە کۆنەکە چۆڵ بکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی ئایاری 2024، کاوە لەتیف، کاسبکار لە مەیدانی ئاژەڵفرۆشانی سلێمانی بە هاوڵاتی راگەیاند، "بەبێ ئەوەی ئەو شوێنە نوێیەی کە بۆمان دابینکراوە تەواو بووبێت، ئەو کۆمپانیایەی کە جێبەجێکاری پرۆژەی نیشتەجێبوونە لە مەیدانی ئاژەڵفرۆشانی ئێستای سلێمانی داوامان لێدەکات شوێنەکە چۆڵبکەین و دەستیان بە کارکردن کردووە لە پرۆژەکە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "شەش مانگی دیکە مەیدانە نوێیەکە کارەکانی تەواو دەبێت، هەروەها گرفتێکی دیکەش ئەوەیە زەوییەکان بە نرخی گرانتر دەفرۆشرێت بە ئاژەڵفرۆشان کە نرخی 200 مەتر زەوی 10 ملیۆن دینارە، پێشتر لە مەیدانە کۆنەکە بۆ دۆنمێک زەوی تەنها بە 30 وەرەقە دەفرۆشرا".

ئەو کاسبکارە وتی، "کێشەیەکی دیکە لە مەیدانە نوێیەکە ئەوەیە بیری ئیرتیوازی تێدا نییە، حکومەت بەنیازە ئاو بفرۆشێتەوە بە کاسبکاران ئەمەش ئەرکی ئێمە زیاتر قورستر دەکات".

وتیشی، "لایەنی پەیوەندیدار لە کێشەکان ئاگادارکراونەتەوە، بەڵام هیچ وەڵامان نادرێتەوە و بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکانمان ناکرێت".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار