گۆڕان: کێشەی کورد لە تورکیا کێشەیەکی سیاسییە و پێویستی بە چارەسەرە لەڕێگەی دانوستاندنەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دوای سزادانی ژمارەیەک سەرکردەی سیاسی کورد لە باکوری کوردستان لەلایەن دادگای ئەنقەرەوە بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕاگەیەندراوێکدا هەڵوێستی خۆی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند،کێشەی کورد لە تورکیا بە سزا و زیندانی چارەسەر نابێت.
ڕۆژی پێنجشەممە 17/5/2024 دلێر عەبدولخالق، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکرد کە بە نیگەرانییەوە، لە ئەنجامی (٨٤)هەمین دانیشتنی پرۆسەی دادگاییکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش و ژمارەیەک سەرکردەی سیاسیی باکوری کوردستان و تورکیا دەڕوانن .
دەشڵێت، بەداخەوە توندترین سزای زیندانی، لەلایەن دادگای سزا قورسەکانی ئەنقەرەدا بەسەریاندا سەپاوە.
لە ڕاگەیەندراوەکە ئەو وتەبێژە جەخت لەوە دەکاتەوە کە "بە باوەڕی نەگۆڕی ئێمە، کێشەی کورد لە تورکیا، کێشەیەکی سیاسییە و پێویستی بە چارەسەرە، لەڕێگەی گفتوگۆ و دانوستاندن و دانپێدانان بە مافە ڕەواکانیان".
دەقی راگەیەندراوەکە:
کێشەی کورد لە تورکیا بە سزا و زیندانی چارەسەر نابێت
بە نیگەرانییەوە، لە ئەنجامی (٨٤)هەمین دانیشتنی پرۆسەی دادگاییکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش و ژمارەیەک سەرکردەی سیاسیی باکوری کوردستان و تورکیا دەڕوانین، کە بەداخەوە توندترین سزای زیندانی، لەلایەن دادگای سزا قورسەکانی ئەنقەرەدا بەسەریاندا سەپاوە.
بە باوەڕی نەگۆڕی ئێمە، کێشەی کورد لە تورکیا، کێشەیەکی سیاسییە و پێویستی بە چارەسەرە، لەڕێگەی گفتوگۆ و دانوستاندن و دانپێدانان بە مافە ڕەواکانیان، هەربۆیە سزا و زیندانی و شەڕ و ئۆپەراسیۆن و، گرتنەبەری ڕێگەی سەربازی، هیچ ئەنجامێکی نابێت، جگە لە قوڵترکردنەوەی کێشەکان و درێژەکێشانی دۆخی نائارامی و ناسەقامگیری زیاتر بۆ ناوچەکە.
وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان ١٦ی ٥ی ٢٠٢٤
