لە ئەمریکا بڕوانامەی دکتۆرا درا بە پشیلەیەک
9 مانگ لەمەوپێش
هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ
"بەوپەڕی رازیبوونی فاکەڵتییەکە و بۆردی بڕواپێکراوان، زانکۆی ڤێرمۆنت ستەیت بڕوانامەی دکتۆرا دەداتە ماکس دۆ.. پیرۆزە دکتۆر دۆ". ئەمە لەسەر نامەی دکتۆرای پشیلەیەک نوسراوە کە زانکۆی ڤێرمۆنت ستەیت لە ئەمریکا پێشکێشی کردووە.
ماکس دۆ، پشیلەیەکی ئەمریکییە و لە ویلایەتی ڤێرمۆنتی ئەمریکا دەژی و دانیشتووی زانکۆی ڤێرمۆنتە. رۆژی شەممە، 18ی ئایاری 2024، زانکۆکە بە فەرمی بڕوانامەی دکتۆرای فەخرییان پێبەخشی.
بەرپرسانی زانکۆکە دەڵێن، هۆکاری پێدانی بڕوانامەکە بە ماکس ئەوەیە، سەرخەوکەرێکی بە ئەزموونە و مشکگرێکی بەتوانایە، هەروەها چەندین ساڵە لە زانکۆکە کاردەکات بەبێ دابڕان.
هەرچەندە بڕوانامەی دکتۆراکەی وەرگرتووە، بەڵام ماکس بەشداری لە مەراسیمی ئەمساڵی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆی ڤێرمۆنت ستەیت ناکات. زانکۆکە دەڵێت، بڕیارە بڕوانامەکەی بۆ خاوەنەکەی بنێرن.
خاوەنەکەی ماکس ناوی ئاشڵی دۆیە و لە زانکۆکە کاردەکات، ئەوە پێنج ساڵە بەردەوام لەناو زانکۆکەدا لەگەڵیدایە و دانەبڕاوە لێی.
خوێندکارانی زانکۆی ڤێرمۆنت ستەیت ماکس دەناسن و بەردەوام خواردنی دەدەنێ و لەگەڵ خۆیاندا دەیبەن بەملاولادا؛ وێنەی لەگەڵ دەگرن و هەندێک جاریش لەگەڵ خۆیاندا دەیبەنەوە بۆ ماڵەوە.