داوا دەکرێت تەمەنى خانەنشینى لە عێراق لە 60 ساڵەوە بەرزبکرێتەوە بۆ 63 ساڵ
6 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
47 ئەندام لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق واژۆیان کردووە بۆئەوەی هەموارکردنەوەی دووەمى یاساى خانەنشینى یەکگرتوو لەعێراق، بە شێوەیەک تەمەنى خانەنشینى لە 60 ساڵەوە بکرێتە 63 ساڵ.
لەناوەرۆکى پرۆژەى هەموارەکەدا خراوەتەڕوو، پێویستە گرنگى بەژیان و ماف و شایستەکانى خانەنشینان بدرێت و کۆمەڵێک ئیمتیازاتى نوێش بۆ خانەنشینان جێگیرکراوە.
بەگوێرەى هەموارى یەکەمى یاساى خانەنشینى یەکگرتوو لەساڵى 2019 تەمەنى خانەنشینى لە 63 ساڵەوە کەمکرایەوە بۆ 60 ساڵ، ئەمەش لەپێناو کردنەوەى دەرگاى دامەزراندنى گەنجان، بەڵام جارێکى دیکە داوادەکرێت تەمەنى خانەنشینى بەرزبکرێتەوە بۆ 63 ساڵ.
کەمترین مووچەى خانەنشینیى شارستانى لەعێراق 420 هەزار دینارە، بەڵام لەهەرێمى کوردستان 220 هەزار دینارە.
هەر لەسەر ئەم پرسە یەکێتى خانەنشینانى هەرێمى کوردستانیش لەچەند رۆژى رابردوودا، چونە بەغداد و داوایانکرد، یاساى خانەنشینیى یەکگرتووى عێراق لەهەرێمى کوردستان جێبەجێبکرێت و شایستە داراییەکانیان هاوتابکرێت.