بەرپرسێکی حزبی لە دهۆک: بە زەبر نەبێت زەحمەتە تورکیا ناوچەکانی هەرێمی کوردستان چۆڵ بکات 

3 ڕۆژ لەمەوپێش



هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد

بەرپرسی لقی دهۆکی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان رایدەگەیەنێت، هەبوونی تورکیا لە دەڤەری بادینان مەترسییەکی گەورەیە لەسەر هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوەشدەکات، تورکیا دەوڵەتێکە لەسەر بنەمای داگیرکاری بەردەوامی بە بوونی خۆی دەدات

ئەمڕۆ شەممە 29ی حوزەیرانی 2024، سگڤان ئەرتیسی، بەرپرسی لقی دهۆکی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لەبارەی داگیرکارییەکانی تورکیا لە سنووری قەزای ئامێدی و ناوچەکانی بادینان بە هاوڵاتی راگەیاند، "هەبوونی تورکیا لە دەڤەری بادینان مەترسییەکی گەورەیە لەسەر هەرێمی کوردستان و بە زەبر نەبێت زەحمەتە تورکیا ئەو ناوچانەی هەرێمی کوردستان چۆڵ بکات کە لەئێستادا تێیدان".

ئەو بەرپرسەش پێی وایە، ئەگەر حزبە دەسەڵاتدارەکان بەرژەوەندیی خۆیان لەبەرچاونەگرن و ببنە یەک دەنگ و یەک دەست و بابەتی نەتەوەیی بهێنە پێشەوە، دەتوانن رێگری لەم داگیرکارییەی تورکیا بکەن، بەڵام حزبەکان لەبەر بەرژەوەندیی خۆیان یەکتری تۆمەتبار دەکەن.

وتیشی، "تورکیا لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەوڵەتێکی داگیرکەرە، دەوڵەتێکە لەسەر بنەمای داگیرکاری بەردەوامی بە بوونی خۆی دەدات، هەروەها تورکیا هەر جێگەیەک داگیربکات بە ئاسانی دەستبەرداری نابێت، کولتوور و هونەر و زمانی خۆی دەسەپێنێت بەسەر ئەو ناوچەیەدا".

ماوەی چەند رۆژێکە سوپای تورکیا بەشێوەیەکی فراوان دەستیان بە لەشکرکێشی کردووە لە ناوچەکانی قەزای ئامێدی و سنووری بادینان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر ئەم لەشکرکێشییە بێدەنگی هەڵبژاردووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار