بڕیاری دابەشکردنی زەوی مامۆستایان دەگرێتەوە
3 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆكی رێكخراوی یەكێتیی مامۆستایان کوردستان ئاشکرایکردووە، بڕیاری دابەشکردنی زەوی مامۆستایانش دەگرێتەوە و فۆڕمیان بەسەردا دابەشدەکرێت.
ئەمڕۆ شەممە 6ی تەموزی 2024، عەبدولواحید محەمەد، سەرۆكی رێكخراوی یەكێتیی مامۆستایان رایگەیاندووە، "هاوشێوەی فەرمانبەران فۆڕمی دابەشكردنی زەوی بە مامۆستایان دەدرێت و چەند بنەمایەك بۆ پڕكردنەوەی فۆڕمەكان دادەنرێن".
ئاماژەی بەوەکردووە، "بەپێی رێنماییەكانی حكومەت بۆ دابەشكردنی زەوی سەرجەم فەرمانبەران و مامۆستایان وەك یەك و لە كاتدا رابگەیەندرێت و جیاوازی نییە كە چەند بنەمایەك دانراوە لەوانە خێزان، ساڵانی خزمەت و پێشتر سوودمەندنەبووبێت، بەڵام لە بەشێك لە فەرمانگەكاندا پێشتر رێوشوێنەكان دەستپێكراوە لە پەروەردە دەبێت سەرەتا لە وەزارەتەوە ئاراستەی پەروەردەكان بكرێت و دواتر بۆ ناوەندەكانی خوێندن".
ئەوەشی وتوە، "چاوەڕواندەكرێت زانیارییەكان لە رێگای فۆڕمێكەوە بە مامۆستایان پڕبكرێتەوە یاخود ئەپڵیكەیشنێك دابنرێت و زانیارییەكانی تێدا تۆماربكرێت".